فەسڵی پایز
Appearance
| ئەی وەتەن پاییز بەخێر بێ، چونکە ئێستا باومە | گەرم و ساردی فەسڵەکەت عەینەن دڵەی شێواومە |
| باڕەشت ئاهی دەروون و هەورت هەر وەک چاومە | نمنمی باران ئەبارێ وەک تکەی زووخاومە |
| شاخ و داخی تۆ نموونەی جەرگی هەڵقرچاومە | |
| گێژەڵووکەی سەر ملانت وەک هەناسەی پڕگرین | تەم لە سەر کوێستانەکانت دووکەڵی قەلبی حەزین |
| ساردی ئەشکەوت و موغارت وەک دەروونی پڕبرین | پووشی وشکی دەشتەکانت بەندی جەرگی ئاگرین |
| بەرگەڕێزانی درەختت عومرەکەی فەوتاومە | |
| ئەی وەتەن با پێکەوە هەڵکەینە سەر گریان و زار | تۆ لەبۆ گەنجانی لادێ و من لەبۆ لاوانی شار |
| تۆ لە داخی هەڵپەڕین و من لە داخی عوود و تار | ئەشکی خوێنین دابڕێژین هەروەکوو هەوری بەهار |
| گەر حەیام بێ خوێنی جەرگم شەربەت و شەکراومە | |
| ئەی وەتەن کوا نەعرەتە و نرکە و گوڕەی شێرانەکەت | کوانێ قانوون و نیزام و دەبدەبەی بابانەکەت |
| بۆچی ون بوو عیلم و عەقڵ و سەنعەت و عیرفانەکەت | جاهل و مادوونی خەڵکن سەربەسەر خێزانەکەت |
| ئەی وەتەن سا گوێ گرە لەم شیوەنە لێشاومە | |
| ئەی وەتەن هێندێ بەناوی تۆیەوە جاسووسی تام | ئەی وەتەن بەعزێ لە داخی تۆیە بوو بە پەندی عام |
| فیکری خۆمت بۆ بەیان کەم موختەسەر ئاخرکەلام | شەرتە تا تۆ بی حەرام بێ زیارەتی «بيت الحرام» |
| شارەزوور جێی سەعی و مەروە و سەفا و پڕتاومە | |
| ئەی وەتەن خۆ من بەناحەق سەرکز و ئاوارە نیم | ڕۆڵەکەی خۆتم بە پاکی، دوژمن و خوێنخوارە نیم |
| من کە ڕۆلەی کوردستانم وەحشی و پەتیارە نیم | وا مەزانە کەوتە ڕۆژی خۆی، وەها بێکارە نیم |
| سەیری مەغزی دوژمنت کە تێکەلی خوێناومە | |
| هۆزی کورد یاخوا نەمێنم بۆ هەناسەی سەردتان | بۆ خەم و ئاهی دەروون و بۆ دڵەی پڕدەردتان |
| بۆ لچی وشک و بەبار و ڕەنگ و ڕوومای زەردتان | دوور لە خۆی بێشوێنە مەجنوون هەر لە شاخ و هەردتان |
| شیوەنم سەرمەشقە کوردە بۆ وەتەن کێشاومە | |
| ئەی وەتەن تۆ مەملەکەت بووی کەی وەها وێرانە بووی؟ | کەی ئەسیر و ژێرچەپۆکی دوژمن و بێگانە بووی! |
| بەینی بەینەڵڵا وەتەن هەر تا کە بووی مەردانە بووی! | عەسری پێشوو بێشەڵانی کۆمەڵی شێرانە بووی |
| من کە ناڕۆم خۆشی عەسری ئاردەڵانت داومە | |
| ئەی وەتەن ناوبردنت بۆ من یەقین شێتانەیە | شێرەکەت بۆ پارە ئیمرۆ خادمی بێگانەیە |
| من کە بێپارەم دووسەد کۆشش بکەم ئەفسانەیە | ئەی وەتەن خەڵقی ئەڵین پێم «قانعی» دێوانەیە |
| ئەی خوا چی بکەم لەبۆ ئەم میللەتە فەوتاومە | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|