فێڵبازیی ڕێوی
Appearance
| ڕێوییەک گەڕۆڵ لە برسا کەوتوو | لەبەر گەڕۆڵی لە کونا خەوتوو |
| پیر و بێ تووک و دیان شاش و چەوت | گاگا لە بن بەرد گاگا لە ئەشکەوت |
| لە ترسی تانجی بە زگی برسی | ئەیخۆند بە خۆیا آية الكرسي |
| لەتاو برسێتی ڕووی کردە دێیێ | بەڵکوو پەیدا کا شتێ لە جێیێ |
| گەیشت بە پۆلێ مریشکی زۆر چاخ | هەموو هێلکەکەر هەموو بە دەماخ |
| کە مریشکی دی بەشادی و خەندان | کلکی بەرزۆ کرد دەمی داچەقان |
| زانی بەجارێ گشتی ناگیرێ | بۆخۆی سازانی فێڵ و تەگبیرێ |
| ڕوویکردە مریشک وتی ئەلسەلام | عليكم بالخير ئەی گرۆی ئیسلام |
| چۆنە تەهلیلە و نوێژ و ڕەفتارتان؟ | چۆنە زیکر و فکر سوبح و ئێوارتان |
| من شێخی ئیرشاد خاوەن ئیمانم | سەردەسەی جەمیع مەشایەخانم |
| بێن تۆبە بکەن دنیا فانییە | بۆ هیچکەس تا سەر بە بەقا نییە |
| دەسنوێژ بشۆرن نییەت دابەسن | قەتار بپێکن، هەموو ڕاوەسن |
| چاو بنووقێنن بێ قسە و کەلام | هەموو نوێژ بکەن بۆ خوای عەللام |
| ئەگەر تەپەیێ یا فڕەی باڵێ | هاتە گوێچکەتان بەهەر ئەحواڵێ |
| چاو هەڵمەبڕن ئامان سەد ئامان | ئەوە مەلەکە دێت لە ئاسمان |
| بەئەمری ڕێوی دەسنوێژیان شۆری | قەتاریان پێکا دڵیان نەگۆڕی |
| ڕێوی کەزانی نێچیری ڕێک بوو | بۆ گرتن مریشک کەوتە هاتووچوو |
| یەکێکی گرتن خەیلی بە دەوان | کە فڕەی باڵی هاتە گوێی ئەوان |
| وتیان سەد دەخیل خۆتان بکەن مات | ڕێوی ڕاستی کرد وا مەلەکێ هات |
| دەخیلە هەرگیز یەکتر مەدوێنن | ڕوو لە قیبلە کەن دۆعا بخوێنن |
| ڕێوی دەمی برد یەکێ تری گرت | ملی هەڵکێشا زوو بەدەس و برد |
| دووبارە وتیان سەدەقتە یا پیر | ئێمە هەموومان تۆمان هەی دەسگیر |
| یەک یەک و دوو دوو تەواوی کردن | زۆر بێڕەحمانە لە ناوی بردن |
| ئاخری خوای مریشک، حەقیان ئەسێنێ | بێچوە شێرێکی بۆ ئەگەیەنێ |
| ئێسک و پرووسکی ئەهاڕێتە یەک | بێ تەقەی تفەنگ بێ سیلاح و چەک |
| بێ شک هەرکەسێ کە مەزڵووم خۆرە | بۆ ئاخری ئاوا ئەڕوا بەم جۆرە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|