فڕی فڕی قەل فڕی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
فڕی فڕی قەل فڕی  (1940) 
by مەلای گەورە
فڕی فڕی قەل فڕی

ئینسان ئەگەر بە گەورەیی ئەحواڵی منداڵی لە یاد بێ قیاس لە ئەحواڵی گەورەیی بکات فەرقێکی زۆر سەیر دەبینێ و ئەگەر بە چاوی دڵ تەماشا کا دەزانێ ئەو فکرەی کە لە ساتی منداڵیدا هەیبوو زۆر پاک و زۆرچاک بوو، ئەمما بە تەربیەی دایک و باوک و کەسوکاری فکری لێ گۆڕا و لێیان تێک دا.

لە یادمە بە منداڵی گەمە (یاری)یەکمان دەکرد «فڕی فڕی قەل فڕی»، چەند منداڵی دەوریان لێک دەدا، یەکێ ناوی چەند باڵندەیەکی دەهێنا، لەگەڵ ناوی باڵندەکە مناڵەکان دەستیان بەرز دەکردەوە و لەو میانەدا ناوی چشتێکی دەهینا کە نەفڕێ، ئەوەی دەستی هەڵبڕیبا تێدەکەوت. ناوی ئەو شتە نەختێک وێچوو بوو لەگەڵ ناوی باڵندەیەکی، بۆیە ئەو منداڵە لێی تێک دەچوو، دەیگوت فڕی فڕی، فڕی فڕی کۆتر فڕی، فڕی فڕی کۆتک فڕی. ئەوەی دەستی بڵند کردبا تێدەکەوت و منداڵەکان تێر پێی پێدەکەنین و گەمەیان پێ دەکرد، فڕی فڕی قازی بازی فڕی، فڕی فڕی قاز فڕی، فڕی فڕی قازی فڕی. دیسان تێدەکەوت، چەپڵەیان بۆ لێ دەدا. قەشمەری (گاڵتە)یان پێ دەکرد. یەعنی ئەو منداڵانە بە فکری فتریی خۆیان جیاوازی و تەمیزێکی باشیان هەبوو چی دەفڕێ و چی نافڕێ، چۆن دەفڕێ و چۆن نافڕێ، بە چی دەفڕێ، بە چاکی دەیانزانی.

لەپاش گەورە بوون و هۆشی قەوم وەرگرتن... دەبینین فەرقێکی زۆر هەیە، بەجارێ ئیش سەرەو بن بووە. ئیمان بە کەرامەت فکری بەتەواوی گۆڕیوە: بەهیممەتی شێخ فڕی فڕی کەر فڕی، دەبێ دەست بەرزکەی. فڕی فڕی شێخ بەخۆی فڕی، دەست بەرزکەی. هەی هاوار... بۆ خاتری خوا... بۆ خاتری پێغەمبەر! چۆن دەست هەڵبڕم؟

ئەو کەرە گوێ درێژە... ئەو شێخە سەر زلەی ورگ پانی مل ئەستوورە چۆن دەفڕێ؟!

هەی ماڵوێران تۆ... ئیمانت نییە، کافری، زەندیقی، لە دین دەرچووی، نازانی شێخ خۆشەویستی خودایە، ئەمە کەرامەتی ئەولیایە. تۆ نەت بیستووە لە مەلایانی موتەبەحیر کەرامەتی ئەولیا حەقە؟ هەرچێکی لە خوا بخوازێ بۆی دەکا، تۆببە بکە دەست هەڵبڕە.

برام لازم نییە ئەوەی خۆشەویستی خودا بێ بفڕێ، فڕین قاعیدەی هەیە... پێغەمبەر، ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عەلی خۆشەویستی خودا بوون و نەفڕین، بەڵان چوێلەکەی دەفڕێ و خۆشەویستی خوداش نییە. کوڕە ماڵڕماو! ئەوە چشتێکی ترە، وەرە ئیمان بێنە، دەنا شێخ غەزەبت لێ دەگرێ، خوداش لێت خۆش نابێ. پێغەمبەریش شەفاعەتت بۆ ناکات.. خولاسە بە سەد دەسیسە و فڕوفێڵ منداڵەکە وەردەگێرن و لە سەر فکری فتری حەقی لادەدەن.

دیسان: فڕی فڕی فرۆکەی (تەیارە)ی ئینگلیزی فڕی، هاتە سەر شاری کۆیە بۆردومانی دەکات.

منداڵە پاکەکە خێرا دەست هەڵدەبڕێ، گەورەکان دەست هەڵنابڕن.

منداڵەکە دەپرسێ: بۆچ دەست هەڵنابڕن؟ دەڵێن: بڕۆ کەرە... چ حەددی هەیە! فڕۆکە چییە.. چۆن دەفڕێ؟ ئەوان کافرن چۆن بە حەوا (ئاسمان) دەکەون؟ خۆ شێخ و ئەولیا نین بفڕن!؟!

منداڵەکە: وەرن بۆ خاتری خودا دەست هەڵبڕن دەنا زەرەر دەکەن.. بەخوا ئەوە هات، گڕڕەی دێ، بۆمبای زۆر پێیە، یەکتان پێدا بدا بەرکەون؛ هەموو پارچە پارچە دەبن.

گەورەکان: بڕۆ منداڵی نەفام.. تەماتە هەڵمان خەڵەتێنی تا تێکەوین و پێمان پێبکەنی!

منداڵەکە: بە خوا مەبەستم ئەوە نییە، بۆ ئێوەمە حەیف دەکەم بفەوتێن...

گەورەیەک: ئەها بەخودا ئەوە هات.. کوڕەکە ڕاست دەکا، تەقەی بۆمبای هات لەبەر قشلەی، تەقی عاردی لەرزاند دەنگێکی زۆر بەهێزی هات، هەر وەختبوو پەردەی گوێم بدڕێتن، ئەمما مەترسن شێخ بە هیممەت ناهێڵێ زیانمان پێ بگات.

منداڵەکە پێکەنی و وتی: باوکم! خۆتان بشارنەوە ئەوە ئیشی شێخومێخ نییە! ئەها، هاا هاا... بنۆڕن! شێخ ئەوا بۆ خۆشی هەڵدێ. تەق بۆمبا تەقی. شێخ هەڵات. ئەوجا فڕی فڕی لە ترسان باڵی گرت. ئەها ئەها ئەوە غاردەدا بۆ کونێکی خۆی بشارێتەوە، ئای ئای ئەوە چووە ناو ئەشکەوتەوە! هاها چووشە بنەبانێ!!!

گەورەکان: ئەی ماڵی وێرانم، خۆ شێخ هەڵات و خۆی شاردەوە!! دەکوو خانەت خەراپ بێ یا شێخ! ئەدی لە زەلزەلەی ڕۆژی قیامەت و لە ساعیقەی ئینشیقاقی سەماوات و لە شەهیق و زەبیری جەهەننەم چۆن نەجاتمان دەدا!؟! داخەکەم پەکوو چۆن عەقڵی لێ گۆڕین بە درۆ و دەلەسە، کوو ماڵی خواردین!!! لە دین و دونیای کردین! بە خودای هەمووی درۆ بوو! هیممەتی پڵاوخواردنی لێ کردین بە هیممەت هیممەت و بەرەکەتی وی تەنها بۆ ماڵی مفتی بوو.. تەق، تەق، تەق... بۆمبا بارینە، جێی قسە نەما. هەڕا کەن، هەڕا کەن، چارەسەرە، ڕۆژی نەفسی نەفسییە، فڕی فڕی شێخ فڕی، مەلا فڕی، ئاغا فڕی، ئەفەندی فڕی، مام حاجی فڕی، سۆفی فڕی، دەروێش فڕی، سەگ فڕی، مریشک فڕی، هەموو فڕین.. چوونە پەنایان.

منداڵەکان: ئەدی وا بفڕن دەنا تێ دەکەون، قوڕ بەسەرتان ئەگەر بە شەو هات، بە ئەلکتریک دونیای ڕووناک کرد، لەسەر بانان، لەناو حەوشان، لە کۆڵانان، هەمووی دیتن، ئەوجا چی دەکەن؟

گەورەکان: تۆخوا ئەمیش دەبی؟ ئەوجا قوڕی کوێ کەین بەسەر خۆمان؟ کێوە بچین؟ کێوە بفڕین؟ دەبی زەوی بکۆڵین و بچینە بن عاردی.

ئاوا فڕۆکە گەڕاوە. چووە کەرکووک الحمدالله یاڕەبی، ئەوجارەش قوتار بووین.

داخەکەم ئەوانی زۆر کەرن دووبارە دەبنەوە کەرەکەی جاران و دەچنە خزمەت شێخ و دەست و پێی ماچ دەکەن و دەڵێن قوربان! لە سایەی هیممەتی تۆوە سڵامەت بووین و زیانمان نەهێنا.

یەکێک لە مریدە هەرە کەر و گەوجەکان دەڵێ: بەخودا بە غەوس، چاوم لێ بوو کە بۆمبا دەهاتنە خوار حەزرەتی شێخ دەستی وەبەر دەگرتن و لە ئێمەی لادەدا، صدق صدق.. امنا امنا هیممەتی شێخ کافییە، زاهرەن خۆی شاردەوە... باتنەن هیممەتی فەرموو... شکور دەرچووین. کوڕە هەر شێخ حیسابە...

منداڵەکە وەختە لە قینان بدڕێ و تەق بکا. ئەو جارەش فڕۆکەی ئینگلیز فڕی لە کەرکووک، لە بەغداد، لە موسڵ، وەک قاز و قوڵینگ لەسەران دێنە خوارێ و ئەوا لە هەموو لایەکەوە هاتن و جێ بە جێ کردیانە ئاگر باران قیامەتە.. عالەم بە لەرزە لەرزەوە دەستیان بە هەڵاتن کرد. هاوار یا غەوس یا غەوس، یا غەوس، شاهی نەقشبەند، ئۆمەرمەندان، خارخاران، پیرەمەگروون، پیرۆتە سووری مەرگی، پیری دابان، نجات، حیفز، هاوار، دەخیل. دیسان بەو چەشنە هەموویان خۆیان بزر کرد و خۆیان شاردەوە. گەلێ مزگەوت و تەکیە بە بەر بۆمبا کەوتن و ڕمان و خراپ بوون. دووبارە کە ڕۆیشتنەوە خەڵکی هاتنەوە دەرێ زۆر ترسان، ئەسەری تەجروبەیان دیت کەمێک هاتنەوە سەر هۆش، تەمایان بوو نەختێ عاقڵ بن. بەڵان کە هێندێکیان چوون بۆ لای شێخ، شێخ نەمابوو. مەلا نەمابوو. هەموویان باڵیان گرتبوو. فڕی بوون. ئەوجا گوتیان بە خودا لێمان گۆڕاوە. هەر شتە قاعیدەی خۆی هەیە ئێمە بە حیکایەتی قاڵیچەی سلێمان پێغەمەبر و باس و خواسی عیفریتیان تێکەوتین. شێخان هەڵیان خەڵەتاندین. فڵان سواری قالیچەی سلێمانی بوو. گوتی بە حەقی سلێمان بمبە فڵانە جێ، دەست بەجێ بردی، عیفریتان قەڵای کچی پادشایان هەڵگرت بە بناغەوە بردیانە ناو حەوت دەریایان و لە جەزیرەدا دایاننا. بەعزێ لە ئەولیایان دیتویانە کە کەعبە لە جێی خۆی نەماوە، چووە بەپیر ڕابیعەی عەدوییە. ئەی ئامان، ڕەببی دەخیل ئەوە چی بوو؟ چۆن وای لێ هات؟ ئەو هات و باتی کەرامەت و حیکایەت بەجارێ ئێمەی گۆڕی. ئەگەر لێگەڕابان هیچ نەبا لەجێی خۆمان دەماین و ئەوەندە بە عاردیدا نەدەچووینە خوارەوە وەک لە حیکایەتیدا دەڵێ: ئەحمەد کەوتە ژێر زەمین پێیان گۆت: دوو بەران دێن ڕۆژی جمعە خۆت هەڵدە سەر بەرانە سپییەکە بە سەر ئەکەوی. ئەگەر بکەویە سەر بەرانە ڕەشەکە لە حەوت تەبەقی زەوی ڕۆدەچیت. قوڕ بەسەر خۆی هەڵدا کەوتە سەر بەرانە ڕەشەکەی و کەوتە بن حەوت تەبەقەی عاردی. چی بکەین تاوانی ئێمە نەبوو.

مەلای چاک لە وەعزیدا دەیفەرموو: فڵانە کەس بەهشتاوی دەچێتە مەککە، دەفڕێ دەچێتە ئاسمان، سدرە المنتهی، بەهەشت، کورسی، عەرش، هەمووش دەگەڕێ. نەمان دەوێرا دەنگ بکەین، کەرامەتی ئەولیا حەقە لە کتێبی عەقیدە نووسراوە وەک موعجیزەی پێغەمبەران دەبێ ئیمانی پێ بێنین.

منداڵ بە منداڵی بە فیترەتی ئیلاهی زۆر زیرەکە. دیارە پرسیار دەکا. دەڵێ: بابە! ئەو بارانە کوو دەبارێ؟ کوا وا دەنک دەنک... تنۆکە تنۆکە دێتە خوارێ؟؟؟

باب: ڕۆڵە ئەوە مەلائیکەت دەچن لە بەحری «رزق مقسوم» ئاوی دەیێنن بە بێژەنگیدا دەکەن، وەک دەنکە گەنم و جۆ لە بێژەنگی دێتە خوارێ، ئەمن لە مەلا وامبیستوە.

منداڵ: ئەدی بابە! بۆچی هەندێ جاران بەڕێژنە دەبارێ، دەنکی گەورەیە، جارجاریش نەرمە نەرمە دەبارێ دەنکی ورد ورد دێتە خوارێ وەک خوناوی ڕەشماڵان؟ بەپێی فەرموودەی تۆ دەبێ بێژەنگ و سەرەد و هێڵەکیان هەبێ!

باب: سەیری ئەم هەتیوە بێژەیە ، ئەوە دەرسی شەیتانییە، بە قسەی مەلایان بڕوا ناکات.

منداڵ: ئەدی بابە گیان! ئەو بروسکە و گرمەی هەورە چییە؟

باب (ئەگەر سوننی بێ) دڵێ: ڕۆڵە! ئەوە مەلائیکەتە بە قەدەر ژەنگەسوورەیەکی (زەردەواڵە) قەمچییەکی ئاگرینی بە دەستەوەیە لە هەوری دەدا و بەسەریدا دەهاڕێنێ. ئەو برووسکە ئاگری قەمچیی ئەوە. ئەو نەڕەیە و دەنگە گەورەیەش هەر هیی ویە.

منداڵ: ئەدی بابە! جار جارە برووسک لە عاردی دەدا ئینسان و حەیوانی دەسووتێنێ. لەو جێیە بۆنی بارووتی لێ دێ و هەندێ جاران لەو جێگایە ئاسن دەدۆزرێتەوە.

باب: ئەی لەو ماڵ خراپە. ئەتۆ چت بەسەر شتی واوەیە؟! وەڵڵا ئەوە شەیتانە سەرم بە فەتەڕات دەدا.

باب (ئەگەر شیعە بێ) دەڵێ: «علي في السحاب صلاة الله و سلام و عليك يا أمير المؤمنين»، موجتەهیدی نەجەفی ئەشرەف و کەربەلای موعەللا وایان فەرمووە.

منداڵ: ئەڵبەت ئەڵبەت وایە بابە، تەواوە.

کوڕی شیعە زوو بڕوا دەکا، ئەمما مناڵی سوننی زرەنگن و بە قسەی پڕوپووچ ناخەڵەتێن ئیللا ئەوانە نەبێ کە وەکوو شیعان ئیمانیان بە ئیمام هەیە. بە شێخان بێ ئەوانیش دەگۆڕێن. دەنا منداڵە سوننی بەتایبەت منداڵی کوردان قەت لە زەکای فتری خەڵقی ناگۆڕێن. لەسەر ئەو بێکەسییە شوکر منداڵی کوردان بە نەوعێ بۆ ئەوجی ئەعلا دەفڕن هەرچی دۆستە حەق وایە کەیفی پێ بێ چونکوو زۆر باش دەخوێنن، عاقیبەت بۆیان باش ئەبێ.. دەچن بۆ بڵندترین پایە.

هیوای من بە بێچوە کوردان ئەوەیە بە قسەی پڕوپووچ نەگۆڕێن، تەماشای خودای بکەن خەلق و ئیجادی ئەو بێننە بەر چاو. قەواعدی فتری تەماشا کەن. خوارق العادة چ نییە.. گوێی نەدەنێ. چی خوا کردبێتی بە عادەت ئەوە باشە. ئەگەر بە عەقڵ تەماشای کەرامەتیان کردبا دەیانزانی فائیدەی چییە، بۆ هەموو شتێ تەشەبوسیان بە کەرامەت نەدەکرد. ئەوە ڕاستە شێخ دەفڕێ بە لۆقی دەچێتە مەککە و نوێژی سبەینێ لە مەککە دەکات. ئیشراق لە مەدینە، ضحی لە قودس نیوەڕۆ لە بەغدا. بۆ هەموو میللەت چ کەڵک دەگرێ؟! سوودی چییە؟ تا ئیمڕۆ حاجی قوڕبەسەر پشتی دەشکا لەسەر حوشتر گەلێکیان بەر دەبوونەوە ئیسک و پرووسکیان ورد دەبوو. چل پەنجا ڕۆژ بە سواری حوشتر حندەر حۆیان دەکرد. تۆک و لۆکیان دەچوو؛ ئایا بۆ میللەت فایدەی چی هەیە کە شێخ فڕی یا نە. چووە مەککە یا نەچووە مەککە. بفڕێ و نەفڕێ... تەماشای لەوحی مەحفوزی کرد ئەوی تیا بوو بۆی کەشف بوو، چ سوودی هەیە؟ بابەگوڕگوڕ ئاگری شاڵاوی هەڵسا، بەغدای ترساند. کە ئاوی نەوتاوی بکا. بە علم و فەن و هەندەسە زەوتیان کرد و تەمایانە ئەو نەوتە بۆ ئەورووپا بەرن، ئێمە خۆمان لە ماڵی خۆماندا بێبەش بووین. کەشفی عیلمیمان نەبوو. ئەو لەناو عەردیدا بوو لێمان بزر بوو. ئەجانب بەدەریان خست. ئێمەش هەر خەریکی لەوح بووین! قەی ناکات لەویش سەرفی نەزەر... ئەم قورئانە لە لوح المحفوظ بۆ پێغەمبەر (ص) هاتە خوارێ، بۆچی ئەم وەلی و شێخانە تەماشای ناکەن؟ تەنانەت کەمیان بە ڕەشخوێنیش دەیزانین.. بە مەعنا هیچ. ئەویش خەراپە نابێ ئەوان کە ئیمانیان هەیە بە قورئان کە کەلامی خوایە بیزانن. فکری موسڵمانان هەر بەولاو بەولادا دەفڕێ. بەڕاستی ڕوو لە ڕێگەی ڕاست ناکەن.

فڕی فڕی... بە فکرم هاتەوە: فڕی فڕی کەری دەجال فڕی، کەری واهروهوپ گوێی ئەوەندە درێژە حەفتا هەزار جوو لەبن سێبەری گوێیدا ڕادەوەستێ. شەقاوی لە مەددی نەزەرە، بە چل ڕۆژ هەموو دونیا دەگەڕێ خسووسەن نەڕەدێوێکی وەک دەجالی سوار بووە.

منداڵەکە: ئاوا کەرامەتی ئەولیایانمان سەلماند. عەبدی خودا عیبادەتی دەکەن با کەرامەتیان هەبێ. ئەی دەجال ئەو چییە؟ ئەویش خۆشەویستی خوایە؟ خودا ئەو هەموو ئیشانەی بۆ دەکا؟؟ فڕی فڕی.. هەموو خەزێنەی دونیایە لە دوای سەری وی وەک زەنگەزوورە، زەردەواڵە، مێشهەنگوین بە هاژە هاژ و گرمەگرم بە ئەمری وی دەفڕن، ئەمە بۆ فڕی؟! فڕی فڕی ئەم چیایە فڕی، ئەو چیایە بە ئەمری ئەو لە ڕەگ و ڕیشە لە عاردی دێنە دەرێ بە حەوا دەکەون. دەفڕن دەفڕن وەک دوو بەران شەڕە قۆچی دەکەن لەمبەر و لەوبەر.. ئەمە بۆ کەس نەبووە. کوو ڕێک دەکەوی؟!!

گەورەکان: برای باوکم ئێمە موسڵمانین بە قەولی مەلایان موسڵمانین. ئەوی ئەوان فەرموویانە بڕوا دەکەین. حەتتا دەفەرموون ڕووبار نان و گۆشتی بە دودا دەڕوا.

منداڵەکە: چی ڕووبار؟ چی نان؟ چی گۆشت؟ بە خوا ئەم قسەیەکی سەیرە. خۆزیا ئەمن لەناو ئێوە گەورە نەبووبام و ئەم تەرزە قسانەم نەبیستبا لە ئێوە. هەرچی مەلا بیڵێ ئێوە دوای قسەی بکەون ئەوە قەت نابێ. ئەمە دیارە مەلا زۆر برسییە. بێنانە. ئاردی لە ماڵا نییە. لەمێژە گۆشتی نەخواردیە. تامەزرۆیە، خەون بە نان و گۆشتەوە دەبینێ «الخیر لنا والشر لاعدائنا».. لام وایە تەفسیری ئەو خەونە ئەویە ئیمڕۆ سبەی کوێخا خێر بۆ خۆی دەکا دوو سێ حەیوان سەردەبڕێ. دەیکا بە کەشکەک و مەلای دەعەوت دەکات. سەلەی پڕ لە نان و تەبەقی پڕ لە چێشتی لەبەر دەمی دادەنێن، مەلا عافیەتی دەکا. لاڕانێکیش دەنێرێتە ماڵی مەلا، مەلاش نەختێ بە کوڵاوی و هەندێکیش بە برژاوی یەک دوو زگی تریشی لێ دەخوا. یا کەسێ بووە وەکوو بسحاق ئەویش حەزی لە تعام بووە ئەمما بوسحاق چاکە، باسی تعامی خۆش خۆش دەکا واقعەن ئەویش حەزی لە قاورمە بوو لەگەڵ ساوەری ڕزی ڕەواندزیان. ئەمە ئەوەندە نان و گۆشتە بۆ تریت خۆرەکانە، ئەوە لە مەلای چاک دوورە، گۆشت و نان و حەز بە درۆی هەڵبەستراو: خەیاڵ و خولیا ی برسییانە دوورە لە پێغەمبەر چونکە پێغەمبەر وەحی لە خوا وەردەگرێ. تەشریعی ئەحکام ئەکا. دوورە لەم نەوعە قسە پڕوپووچانە خسووسەن تەعریف و تەوسیفی کەری دەجال. یاخوا لەعنتی خوا لەو کەسە بێ کە درۆی بە زاری پێغەمبەر هەڵبەست و عالەمی ماڵوێران کرد. کردنی بە کەری نەفامی هیچ نەزان.. برای باوکم! ورنەوە سەر حاڵی منداڵی بەخودا باشترە. فڕی فڕی قەل فڕی. دەست هەڵبڕن. فڕی فڕی قول فڕی. دەست هەڵمەبڕن. مەبەستی لە قول ڕەشەیە و نافڕێ. وە ئیللا سەر و بن دەبن وەک هاروت و ماروت سەرەوژێر هەڵدەواسترێن..

بەڵێ، ئەویش حیکایەتێکی زەمانی پیرییە، موسڵمانان کە گەورە بوون گوێیان و عەقڵیان تەواو دەبێ، ئیمانیان بەقوەت دەبێ. ئەمجا بە هەموو عەجائیب و غەرائیب بڕوا ئەکەن! خۆشناوێک مەتحی کەری خۆشناوێکی تری دەکرد؛ دەیگوت: بەخوا کەری تۆ زۆر دەنگ خۆشە. ئەویش تەشەککوری ئەکرد و دەیوت: ماڵت سەد جار ئاوا بێ. هیچ چاکەم بۆ تۆ نیشە ئاوا هەر لە پیاوەتیی خۆتەوە مەتحی کەرێم ئەکەی. موسڵمانانیش سەدجار ماڵیان ئاوابێ، دەجال هیچ پیاوەتیشی بۆ ئەوان نییە، کەچی مەدحی کەرەکەی دەکەن!!

فێڵێک هەیە لەناو کوردان کۆتر فڕینێکی پێ دەڵێن؛ وا دبێ کچێکی گچکە دەدەنە پیاوێکی زەبەلاح. لێی مارە دەکەن. بۆی دەگەوێزنەوە و کچەکە لێی دەترسێ، هاوار هاوار دەکا بۆی ڕاناوەستێ ئیشی خۆی لەگەڵ بکا. ئاخری کۆترفڕنکێنی پێ دەکا؛ شەو یا ڕۆژە گەمەی لەگەڵ ژنەکەی دەکا ئەڵێ: وەرە کۆترفڕینکێت پێ بکەم.. بۆ خۆت دەفڕی.. دەچیتە دەرەوە. ئەویش پێی خۆش دەبێ.. دەڵێ باشە.. بە پەتێکی دەست و قاچی و پێی دەبستێتەوە و ئیشی خۆی لەگەڵ دەکا. دیارە ئەوی لاقی ببەسترێ چی بە سەر دێت! ئیتر لازمە ئینسان ئاگای لە دەست و لاقی خۆی بێت،، وە ئیللا تێدەکەوێ.

بەڵێ ئەگەر ئەمڕۆ بڵێن عەقڵ لەنێو موسڵمانان فڕی، ڕاستە... گورج دەست هەڵبڕە و ئەگەر بڵێن: علم و زانین لەنێو کوردان فڕی، وایە.. خێرا دەست هەڵێنە، هیچ ڕامەوەستە، نە علم نە عەقڵ نە فکری تەنقید و محاکەمە لەناو موسڵمانان خسووسەن لەناو کوردان (ئەوانی تابعی شێخانن) نەمایە. فڕییە. ڕۆشتیە. لام وایە نایەتەوە مەگەر منداڵانێ کە تازە پێ دەگەن فێڵەکی بکەن، فاقە و داوێکی دابنێنەوە بەڵکوو تەیری علم و عەقڵی پێوە دەبێ و دەیگرنەوە... ئەویش لازمە باوکەکانیان لێیان گەڕێن لەسەر عەقڵی فیتریی گەورە بن، لێیان نەگۆڕن.

This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:

  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).

Public domainPublic domainfalsefalse