عەشقی پاک
Appearance
| دەروێشێک مەیلی دنیای نەما بوو | بە یادی خواوە ڕوو لە سەحرا بوو |
| ڕۆژێک بۆ جومعە هاتبووە ناو شار | کچێکی جوانی دی لە ڕاگوزار |
| نیگاهێک هات وەک تیر دای لە جەرگی | گەیاندیە کاتی ئاکامی مەرگی |
| لاڵ و پاڵ لێی کەوت، بێ هۆش، بێ زبان | بەزەییان پیاهات خەڵکی بۆی گریان |
| تومەز ئەو کچە کچی وەزیر بوو | جوان و دلێر و ئاقڵ و ژیر بوو |
| ئەم ئەفسانەیە کەوتە شارەوە | باوکی بە دایکی وت بیشارەوە |
| ژن وتی: ئەمە ئەفسانەی عەشقە | شۆرەتی شێتی مەجنوون سەرمەشقە |
| یا ئەبێ دەروێش لە ناو دەربرێ | ئەو ساتەش خوێنی ناحەق ئەتگرێ |
| چار هەر ئەمەیە کە دەروێش بێنی | بە هەڕە و گوڕە وای بترسێنی |
| کە ڕوو بکاتەوە سەحراکەی جاران | جارێکی تر خۆی نەخاتە مەیدان |
| یا بارێکی وای لێنێ هەڵنەستێ | کە باری قورس بێ ئیتر ئەوەستێ |
| وەزیر دەروێشی بانگ کرد بە خەڵوەت | پێی وت: ژنهێنان ناکرێ بە هیممەت |
| سەد گەوهەری وای دانەی شەوچراغ | بدرەوشێتەوە بە شەو لە ناو باغ |
| لەگەڵ سەد گورزی دانەی مرواری | هەر دانەیەکی بەهای خەرواری |
| ئەمانە بێنە کچت ئەدەمێ | گیرۆدەت ناکەم ساتێک و دەمێ |
| دەروێش کە ئەمەی بیست لە خۆشییا | کەشکۆڵی هەڵگرت ڕووی کردە دەریا |
| بە جۆش و خرۆش، یاهوو یا من هوو | مەلیکەی دەریای هێنایە بەر ڕوو |
| وتی: بەو خوایەی عەشقی خستە سەر | ئێستە دەریاتان لێ ئەکەم بە بەڕ |
| ئەم کەشکۆڵەتان لێ ئەخەمە کار | دەریا وشک ئەکەم نەمێنێ دیار |
| بانگ کە، بە کۆمەڵ گەوهەر دەربێنن | لە گوێ ئەم بەحرە هەڵیڕژێنن |
| مەلیکەی دەریا، جاڕی دا جاڕێ | گەوهەر دەرهێنن هەر یەکەی بارێ |
| ئیتر بە جارێک گەوهەر دەباری | بۆی بوو بە خەرمان دانەی مرواری |
| دەروێش هاتەوە چووە لای وەزیر | وتی: ئەی مەردی بە هۆش و تەدبیر |
| ئەگەر تۆ ئەوسا بتکوشتمایە | ئەبوو تۆش بە زوڵم کەست نەمایە |
| ئێستا خوا ویستی لە پەردەی پەنهان | سڕڕی عەشقی پاک بخاتە مەیدان |
| ئەمرم ڕەوا بوو بەسەر دەریادا | ئیتر لە عەشقی مەجازیم لادا |
| کچ و گەوهەر و مرواری بۆ تۆ | ڕوو بکەمەوە خوا، نەبم ڕەنجەڕۆ |
| چونکە ئەمانە نامێنێ بۆ کەس | هەر مەیلی خوایە باقی و فریادڕەس |
| قودرەتی خوایە، هیممەتی مەردان | دای بە مێروولە حوکمی سلێمان |
| «ئەمانە پەندی پێشوونیانە | کە بە زمانی مەل وتوویانە» |
| «هەرسێ پەندەکە زۆر بەهادارن | لەجێی خۆیانا گەلێک بەکارن» |
| خۆ ئەگەر بێت و خۆشەویستی خوا | دەست کەوێ عاشق تێری پێ ئەخوا |
| مەستی مەیلی خوا زەوقێکی تیایە | ناگاتە پایەی ئەو ئەم دنیایە |
تەمووزی ساڵی ١٩٤٤
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|