شەوێ لە هەگبەلی ئەتە
Appearance
| شەوێ مانگەشەوی چواردە، دەمەدەمی نیسان | بەهاری تازە کە زستانی خستە ناو «نەیسان» |
| لە هەر دڵێکەوە جۆشێک بە بانگی دەنگخۆشی | لە لالەزارەوە شەونم، شەرابی مەی نۆشی |
| خەریکی جونبوش و زاخاوی ژەنگی زستان بوون | کچ و کوڕ و ژن و مێرد، پێکەوە لە سەیران بوون |
| منیش لە خوارەوە چووبوومە گوێ لەبی دەریا | بە دەردی خۆمەوە گیرۆدە، بێکەس و تەنیا |
| لە پاڵ داری سنەوبەر کە داری «چام» ە ئەوێ | ئەوەی نەخۆش بێ هەوای دارچامی پێ ئەکەوێ |
| لە ئەستەموڵ، لە هەگبەلی ئەتە، بە بێدەنگی | خزامە بن دەستی جوانان بە لاپلەوسەنگی |
| لە پێشەوە جووتێکی باڵا عەڕعەڕ و لاولاو | کە تیشکی کوڵمی ئەوان مانگی خستبووە ناو ئاو |
| بە یەکدڵی تەکیان دابووە یەکتر بە سەوداوە | بە خۆشەویستیەکی پاک و بێگەرد و ساواوە |
| بە میهرەبانی «پەری شۆخ شەو» کە لەژوور سەریان | بە تیشکی خۆی جلی زەڕبەفتی کردبووە بەریان |
| بە سۆزەوە کوڕە پرسی لە هامسەری گیانی | کە ڕۆژ هەڵدێ و ون ئەبێ، کامیان خۆشە ئەیزانی؟ |
| کچە وتی: کە بە ڕووی تۆوە ڕۆژ هەڵێ خۆشە | بە مەستی چاوتەوە دڵ نەشئەدارە، سەرخۆشە |
| بەڵام کاتێک لەپێش چاو نەبی و دوور بی لە لام | بینایی لێڵە! لە زەردەدایە ڕۆژی هیوام |
| بەو خۆشەویستیەوە، کوڕ دەستی کردە ملی یار | سڕی لە ئاوێنەی ڕووی بە لێوی ژەنگی غوبار |
| وتی: کە تۆ ئەمە بی، کێ «گەواهـ» ی عەشقم بێ | هەتا بژیم نەیەڵم عەشقی تۆم لە لا کەم بێ |
| کچە وتی: ئەوە ئەستێرەی تازەیە هەڵات | بە کوردی ناوی گەلاوێژە، شەوقی بۆ وڵات |
| وەرە بە پاکی ئەو سوێند بخۆین کەوا یەکدڵ بین | لە خزمەتی وەتەنا هەوڵ بدەین هەتاکو دەژین |
| لە «ژین» ەوە ئەمە شاباشی ڕێی «گەلاوێژ»ە | لە پایەی ئەدەبا نوکتەبێژ و هەم گوڵڕێژە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|