شەوێ لە شەوان لە نیوەی شەوا
Appearance
دەردی بولبولێکی بێچارە و ئاخری عومری | |
شەوێ لە شەوان لە نیوەی شەوا | چاو و دڵ و گیان هەر سێ لە خەوا |
چاوم هەڵبڕی کە دیم بولبولێ | ئەیناڵان لە بێوەفایی گوڵێ |
لە دەنگی ناڵەی ڕاپەڕیم لە خەو | نەمزانی ڕۆژ بوو وەیا نیوە شەو |
ئەیلاوانەوە بە دڵێکی غەمناک | ناڵەی دەروونی گەییشتە ئەفلاک |
جارجار بە خەندە جارجار بە گریان | وەک باوکمردە بەدڵ ئەیناڵان |
خۆم نەگرت هەستام چووم بە لایەوە | سەلامێکم کرد جوابی دایەوە |
لێم پرسی بولبول چی وا ڕووی داوە | شین و گرینت وا هێند بەتاوە |
بزانم چییە بانگ و هاوارە | بە تیری زەهری کێ بریندارە |
جوابی دامەوە بە قوڵپی گریان | چیم بەسەر هاتووە لە جەوری دەوران |
گوێم لێ ڕابگرە لە وەعزی زەمان | لەدەس زەمانی بێ ئەمن و ئەمان |
شەو و ڕۆژ لەتاو عەشقی ڕوویی گوڵ | ئەسووڕامەوە لەم چڵ بۆ ئەو چڵ |
وەقتی غرووری تافی جوانی | لەسەر پەل ئەمخوێند بە کامەرانی |
بە دەوری گوڵا ئەخولامەوە | وەکوو پەروانە ئەسووڕامەوە |
وەخت بەهار بوو گوڵ و گوڵزار بوو | شاخ و داخ و دەشت گشت لالەزار بوو |
غونچە نەکراوە منیش ساڵەوەخت | ئەسووڕامەوە بە وەخت و بێ وەخت |
لە عەشقی غونچەی گوڵی نەوبەهار | نەغمەی داودیم هێنابووە کار |
سەرخۆشی بادەی ڕۆژی ئەلەست بووم | لە عەشقی ڕووی گوڵ دایم سەرمەست بووم |
نەمزانی خوا نەگبەتی بێنێ | سوار لەسەر زین زوو ئەگلێنێ |
ئاخری بەهار لە گەرمی هاوین | ڕووم کردە چیای قەندیل و بازین |
ڕامبوارد هەتاکوو وەختی پاییز | هاتمەوە بۆ لای یارەکەی ئازیز |
کە دیم لە گوڵم ئەسەر نەماوە | وەک وێرانەماڵ هەمووی ڕووخاوە |
ئەو گوڵەی کە دیم ئەووەڵی بەهار | لە گەرمی هاوین بۆتە خەس و خار |
پەشێوە ڕووی گوڵ وەک من شێواوە | بەرگ و لق و پۆپ گشت پەرش و بڵاوە |
ڕووی سووری شەفەق وەقتی بەیانیان | گۆڕاوە هەر وەک زەردەی ئێواران |
ئەو بەرگەی هەر وەک تارا پۆشی بوو | لە جەوری پاییز هەمووی وەری بوو |
بەدڵ بەتەمای دەم لەسەر دەم بووم | لەجێی دەم لە دەم دوچاری غەم بووم |
ئەمە بوو خۆشی ژیان و ژینم | سەبەب ئەوەیە ناڵە و حەزینم |
جواب بۆ گوڵ | |
بولبولی جوانم هیچ خەفەت مەخۆ | لە بەدبەختی خۆت مەبە ڕەنجەڕۆ |
منیش عاشقی گوڵەندامێ بووم | دووچاری چاوی ئەبلەفامێ بووم |
ئارامم نەبوو ساتێ بەبێ ئەو | دەور و خولم بوو بە ڕۆژ و بە شەو |
کە زانی قووەی جارانم نەما | تاقەتی بەزمی جارانم نەما |
ڕووی لێ وەرگێرام بەبێ بەهانە | ئەوەیە عەهد و وەفای ئەمانە |
دەرچوو لە دەستم یارەکەی گیانیم | پیری شکاندی پشتی جوانیم |
لە دەستی پیری بووم زار و زەبوون | قامەت خەمیدە وەکوو حەرفی نوون |
ئێستەیش ڕۆڕۆمەن هەموو بەیانی | ئای بۆ جوانی ئای بۆ جوانی |
بێزارن لە من ئێستاکە یاران | بوومە نیشانەی تانەی بەد کاران |
کە وا بوو بولبول هەردوو هاودەردین | هەردووکمان وەک یەک هەناسەسەردین |
هەردوو سەر بنێین بە ژێرخاکەوە | بە دڵی پڕ جەور و بە غەمناکەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|