شەهیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو
Appearance
شەهیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو | لەبەر چاوم عەجەب نیل و فوڕاتێ جارییە ئەمشەو |
لە سەردا سەیلی ئەشکم هات و خانەی سەبری ڕووخاندم | مهەندیس عاجیز و حەیرانە لەم میعمارییە ئەمشەو |
ڕەفیقان ئاوی تەدبیرێ وە یا قورسی تەباشیرێ | سەراپا جیسم و جانم ئاگری لێ بارییە ئەمشەو |
لە دووری یووسفی سانی میسالی پیری کەنعانی | مەدینەی میسر و جان و دڵ لە شین و زارییە ئەمشەو |
نەما سەبر و دڵ و جانم جنوون و سینە بوریانم | بە لوقمان ناکرێ دەرمانی ئەم بیمارییە ئەمشەو |
تەبیب و خێش و بێگانە هەموو لەم دەردە حەیرانە | نە دەرمانێ، نە تەدبیرێ، نە کەس هاوارییە ئەمشەو |
خەزانی غەم گەڵاڕێزانی خستە باغچەیی عەیشم | لە بەرگی خوڕڕەمی نەخلی ئوممێدم عارییە ئەمشەو |
خەتابارم مەکەن خزمینە لەم گریان و ناڵینە | جگەر سووتان و دڵ برژانی من ناچارییە ئەمشەو |
کەسێ مەجنوونی لەیلایێ نەبێ لەم حاڵە تێناگا | ئەگەرچی عیللەتی من دوور لە یارم هارییە ئەمشەو |
حەکیما ڕەنگ و ڕوخسارم ئەزانی بۆ چی وا زەردە؟ | بە سەردی مەیلی یارم دڵ لە بورجی نارییە ئەمشەو |
لە شەڕحی شەمسی ڕووت دەرسی بخوێنێ موستەعید فەورەن | مودەڕڕیس، هەم موجەووید، هەم مەجاز و قارییە ئەمشەو |
ئەگەرچی ڕووت و موحتاجم ڕفاندی جەردە تاراجم | بیحەمدیللا دوڕ و مەرجان لە دەورم بارییە ئەمشەو |
بەیانی حیکمەت و ئادابی دەرسی شەرحە شەمسی ڕووی | لەکن عەللامە ئیزهاری بکا فەننارییە ئەمشەو |
گەزافی عەشقی لێدا سابیری با موستەحەقی بێ | بە چنگی شاهبازی عەشقەوە پاسارییە ئەمشەو |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|