شەهیدان
Appearance
| گوێ لە من کە بۆت بڵێم ئەی کوردی مەرد | وەقعەیی دڵسۆز، تا بتکاتە بەرد |
| تۆ گەلت مەزڵووم و سەرگەردان بووە | نیشتمانت سەر بەسەر وێران بووە |
| ساوە وو لاوت، لە زانین بەش بڕاو | پیر و قەیرەت غەم خۆر و مەزڵووم بوو |
| نیشتمان وێران و میللەت دەربەدەر | هیچ نەما بوو، بۆ پیاوت خێر و فەڕ |
| شێخ سەعیدی گەورە شێخی پالۆ بوو | ئاگەداری سەرشێواوی و حاڵی بوو |
| مەردی زۆر زانا وو گەورە هیممەتی | بەحری مەند بوو عیلم و فەزڵ و هەیبەتی |
| شەست مەلای وای پێگەیاند وەک سیبەوەیهـ | پیری ناسراو بوو لە گورجی تاکو تەیهـ |
| سەد هەزارانی مریدانی هەبوو | بۆ ئەمانە پێ خۆر و، نانی هەبوو |
| غیرەتی میللەت لە دڵیا هاتە جۆش | عەشرەت و خزم و کەسی کەوتە خرۆش |
| ناوی خوای هێنا وو دەستی کردە شەڕ | شاری کوردانی وەدەست خست، بەرەبەر |
| لەشکری تورکان لەشەڕ هەشتا هەزار | سەر سنووری دەورەدا، بۆ چل هەزار |
| شەڕ هەتا سێ مانگ و دە ڕۆژ بوو تەواو | کوردەکان لای پردی پالۆ، بوون بڵاو |
| هێندە عەشرەت غایەنی کرد، بۆیە وا | مەحوو بەرباد و پەرێشان بوون ئەوا |
| شێخ کە زانی ئیشەکەی کەڵکی نەما | لەشکری دەوری کە جێمابێ کەمە |
| خۆی بەشەرتێکی وەها تەسلیم کرد | هیچ کەسێ مەسئوول نەبێ گەوران و ورد |
| بۆ دیاربەکر بردییان و کوشتیان | دار و سێپا دانرا، خنکانیان |
| ئەو شەهیدی گەورەیە ساڵی لە شەست | تێپەڕی بوو کەوتە گوڵزاری بەهەشت |
| بێ قەرار و قەول و، بێ شەرتن هەموو | تورکەکان سەردارەکانیان گرت هەموو |
| شێخ عەبدولقادری غەوسی دووەم | باسی کوژرانی ئەویشت بۆ بکەم |
| عارفی بیللاهێ بوو مەردێکی تەقی | پیری فانی زاهیر و باتن نەقی |
| جێنشینی شێخ عوبەیدوڵڵاهـ بوو | خۆشەویست و ڕۆڵەیی دڵخواهـ بوو |
| غەوسی بەغدا پشتییەو باپیرییە | الحسن ابن البطوش جددییە |
| نوتفەیی پاکی ڕەئیسولئەنبییا | ڕوتبەیی خۆشی ڕەئیسولئەولییا |
| بردیانە ژێری سێ پا بەستیان | لەعنەتوڵڵاهی لەوانەی کوشتیان |
| شێخ زادە نور موحەممەد ڕۆڵەشی | هەروەها کوژران بەسێ پا بوو بەشی |
| مەشهەدی ئەو ڕۆژە هەر وەک کەربەلا | خوا بەتورکانا ببارێنێ بەڵا |
| عیلم و فەننی بوو ئەرەستۆیی جیهان | عەزم و ئازایی وەکو شێری ژیان |
| باوک و کوڕ هەردوو بەیەکجا کوشترا | تف لە تورکان بێ، لە تەئریخ نووسرا |
| میر ئەڵا خالید بەگیش سەردار بوو | پێش ئەوی بوو، ڕەهبەری بێدار بوو |
| ئەو سەرۆکی عەشرەتی جەبران بوو | ئەو مەداری ئیفتیخار و شان بوو |
| پێگەیشتووی مەکتەبی عەشرەت بوو ئەو | پڕ دڵی بۆ گەل غەم و میحنەت بوو ئەو |
| ژن برایی شێخ سەعیدی گەورە بوو | بۆ بڵندیی گەل لە کەشف و دەورە بوو |
| چوو بووە ئەرزڕۆم لە کاتی گرتیان | مەرحەمەتیان لانەبوو زوو کوشتیان |
| هەر کە ئەویان کوشت و، کورد پشتی شکا | تێپەڕی ئەوجارە ئاشتبوون و تکا |
| بێ وەفان دەستیان شکێ چۆن کوشتیان | لەو شەڕی ڕووس و یۆنان چیی کرد بۆ وان |
| ناردراوی گەورەیی بەتلیسییان | ڕۆحی کورد یووسف ضیا بەگ، نەوجوان |
| ئیددیعای حەقق و بەشی کوردی ئەکرد | هێندە هەوڵی دا، هەتا لەم ڕێیە مرد |
| دەچووە کۆمەڵگاهی گەورەی تورکەکان | مەسئەلەی کوردی ئەدایە چاویان |
| گرتیان و کوشتیانیش بێ ئەمان | ڕۆژی وا دێ ئەژنەوی تورکان نەمان |
| سەرگەلەی کوردان بوو دقتۆر فوئاد | بۆ پەرێشانیی گەلی ئەیکردە داد |
| ئەو نەخۆشانی بەبێ مز چاک ئەکرد | ڕۆح و ماڵی سەرفی ڕێگەی گەل ئەکرد |
| ناوی دەرچوو بوو لەنێو کوردوستان | داخ داری کردەوەی بوون تورکەکان |
| وەعز و ئیرشادی ئەکرد بۆ میللەتی | بۆ وەتەن بۆ ئاخ و داخ و حەسرەتی |
| ڕۆژی ڕەش ئەویانیش هەڵواسی لە شار | دیاربەکر ماتەمگە بوو، گریان و زار |
| شێخ عەبدوڵڵاه، شێخی مەلەکان | غەمخۆری بوون ئەهلی ئەرز و ئاسمان |
| عالیم و عاقڵ بوو، داناو و زەکی | بۆ گەل و دینیشی حازر بوو چەکی |
| گەورەیی تەکیە و خەلیفان و مورید | ئەو بوزورگەشیان بەسێپا کرد شەهید |
| شێخ شەریفی نامداری شەهسوار | ڕۆژ و شەو بۆدین و گەل ئەیکرد هەوار |
| خاوەنی گەنج و خەزینە و ماڵ بوو | خۆی بەنووستنی سەر حەسیر خۆشحاڵ بوو |
| دۆشەگ و قاڵی بوو دانشتگەی میوان | خزمەتی یەک بوو لە دەرهەق شاهـ و شوان |
| بەرگی بەرخۆی کۆنەو و پێناوی بوو | بەخششی زۆر بوو لە دنیا ناوی بوو |
| خزمەتی زۆرە لە دەرهەق میللەتی | چوونە سەر سێپا بوو ئاخر میحنەتی |
| ئەی شەهیدی موحتەرەم، ئەی نامدار | تاکو ڕۆژی حەشرە ناوت پایەدار |
| باسی مەقسودانی بابا بەگ بکەین | زامی جەرگی میللەتی پڕ خوێ بکەین |
| ڕوکنی کوردستانی ژوور و بوو ئەوی | دەردی گەل نەیهێشتبوو خۆراک و خەوی |
| هێندە تێکۆشی، هەتا لەم ڕێیە چوو | دوا نەفەسدانی لەسەر سێدارە بوو |
| یاوەرێکی میر ئاڵا بوو، نەوجوان | لای نەبوو عەلی ڕەزا بەگ ماڵ و گیان |
| گەهـ وتەی بۆ کاری، بۆ جووڵانی گەل | دەینووسی گاهێ بەچاپ و، گەهـ بەپەل |
| گەهـ لە مەیدانی شەڕا جەنگی ئەکرد | دوژمنی ترسان لەسەر سێدارە مرد |
| لاوی نەو جاهی نەوەی قۆچ زادە بوو | خانەدان و دیتەو و بەگزادە بوو |
| داخەکەم ساڵح بەگی هانیش چوو | زۆر فیداکار و حەمییەت مەند بوو |
| ڕەهبەر و سەرکردەو و شەڕ کردە بوو | پیاوی تەدبیر و وتە و گۆ بردە بوو |
| ئەو دواڕۆژی دەزانی وەک سەطیح | ئاخری گوم بوو لەبەر چاو وەک مەسیح |
| خەڵکی هانی مستەفا بەگ شێروەش | هیچ نەمابوو ئەو بەتەنگی گیان و لەش |
| کار بەدەست و گەورەیی کوردان بوو | سایەدار و موئمینی یەزدان بوو |
| دین و میللەت بوو دەماودەم گفتوگۆی | تا وەکو خنکا لەسەر سێپایە خۆی |
| لاوی گەل، خیزانی زادە بەتلیسی | بەگ، کەمال فەوزی بەبێ ترس ئەینووسی |
| خاوەنی چاپ و غەزاتەی کورد بوو | شاعیر و نووسەر بەڕاستی مەرد بوو |
| هێندە نووسی تاکو ڕۆژێ گرتیان | دەست و پایان بەست، بەسێپا کوشتیان |
| چوتی زادە بوو کەمالەددین بەگ | پیاوێ دیاری بوو لە خەرپووت وەک مەلیک |
| حەق پەرست بوو و حەقیقەت بین بوو | هۆش و بیر و کاری بوو، تێبین بوو |
| دەردی میللەت ئاخری کاری لێکرد | ڕێی لەسەر سێدارە بۆ فیردەوس برد |
| حاجی ئەخنی بەگ دیاربەکری بوو ئەو | بێ مز ئەوقاتی فەقیری گەل بوو ئەو |
| غەدر ئەکا دیتی لە کوردان مەحکەمە | ڕۆڵە کوژراوش بێ، کوردی موجریمە |
| هێندە تیکۆشی، نیفاقی لانەبرد | ئاخری تێچوو لەسەر سێدارە مرد |
| بۆ شەهیدان بێجگە جەننەت جێ نییە | یەک لەوان خالید بەگی حەسەنانییە |
| عەشقی میللەت ئیختیاری سەند بوو | خۆی فیدای نیشتمانی پاکی کرد بوو |
| هیممەتی وەک ئەلبرووزی کێوی قاف | دەنگی ئازایی چوو بوو قاف تا بەقاف |
| عەشرەتی هەستان و خستە کارەوە | بۆ گەلی دوایی بووە سێدارەوە |
| حاجی مووسازادە عیززەت بەگ ئەویش | دەستی کردە وەعز و ئیرشاد و بەئیش |
| گەرچی دەیزانی دوایی تێ ئەچێ | خان و مان و ماڵ و موڵکی تێک ئەچێ |
| غیرەتی نەیهێشت لە جێی خۆی دانیشێ | لای نەبوو ترسی کە دوژمن بیکوژێ |
| دانرا بۆ کوشتنی دار و پەتی | بابژی میللەت لەسەر سێپا وتی |
| یەک لە گەورەی پالۆ عەبدوڵڵاهـ بەگ | پیاوەتیی دەنگی چوو بوو تاکو فەلەک |
| کوردێ ئازاری بدیتایە لە تورک | دەچووە لای پاسی بکا وەک شوان لە گورگ |
| سایەیێ بوو بۆ پەرێشانانی گەل | نان بدە بۆ کەفتە وو پیران و شەل |
| سەبر و ئارامی نەما بوو، کەوتە شەڕ | تا لەبەر سێپا وتی؛ بۆ گەل بێ سەر |
| شاعیر و میللی و گەلی خەڵکی سعرد | ئومروئولقەیس دوای ئەوی هێشووی ئەکرد |
| ناوی مەلا عەبدولڕەحمانی زەکی | هەر لە کارا بوو قەڵەمدان و چەکی |
| ڕۆژ و شەو دەینووسی وو هەوڵی ئەدا | بۆ کەسی خۆی کرد لەسەر سێپا فیدا |
| طاش کەسانلی شێخ ئیبراهیمی چاک | بۆ بڵندیی دینی کەوتە ژێری خاک |
| دیتی تورکان هەوڵ ئەدەن دین لابەرن | شەرع و قورئانش لە ناوا هەڵگرن |
| سەبر و ئارامی نەما خۆی دایە کوشت | زوو لە سەر سێدارە ڕۆیی بۆ بەهەشت |
| شێخ ئیبراهیم ئەفەندیی شێخی جان | دای لە ڕێگەی دین و میللەت ماڵ و گیان |
| دین کە هەڵگیرا وتی سەر بۆ چییە | ماڵ و منداڵ و ژیانمان بۆ چییە |
| جاڕی ڕادابوو بەسەر تورکا جیهاد | تا لەسەر سێپا بەجەننەت بوو بوو شاد |
| یەک لە سەرکردەی شەهیدانی وەتەن | ئەلحەسەن زولکیفل بوو، پۆشیی کەفەن |
| تێگەیی ئەمڕۆ دەمی مللییەتە | چوونە ژێر باری کەسی دی میحنەتە |
| دەستی دایە پێنجتیر و کەوتە کار | ڕانەوەستا تاکو خنکانیان بەدار |
| شێخ بەهائەددین برایی شێخ سەعید | ئەو بوزرگەش بوو ئەلەم ڕێیە شەهید |
| دیتی تورکان زوڵمیان زۆرە لە کورد | چەن هەزار کەسیان پەرێشان کرد و مرد |
| ئەمری کردە قەومی کوردان بۆ جیهاد | هەر چییەکمانش بەسەر دێ باد باد |
| ڕانەوەستا تا لە شەڕدا پێوە بوو | گرتیان ڕۆحی لە سێپا لێوە بوو |
| والیی دارە هانی بوو فەقێ حەسەن | جەرگی میللەت بۆ ئەوی بۆتە سەرەن |
| بەخشش و ئەنعامی تورکانی نەویست | سەر بڵندی و گەورەیی کوردانی ویست |
| کەوتە ڕیزی نامدارانی وڵات | جەننەتی بوو بۆ مزی سێپا خەڵات |
| یووسف ئاغا ئەهلی غیرەت بوو ئەویش | با فیدای گەل بێ وتی ماڵ و سەریش |
| هاتە مەیدان پڕ لە چەک وەک شێری نەڕ | دوژمنی دەشکان دەماودەم بەڕ بەڕ |
| ڕۆژێ کەوتە دەستی دوژمن بێ خەبەر | بەستیانە دار و سێپا پەت لەسەر |
| بۆت بڵێم مەمی هەڵۆیە چۆن نەما | کەوتە بەر سونگی لەش و گیانی نەما |
| مەردی مەیدان سەرجەلەی شێران بوو | بۆ شێواویی گەل دڵی وێران بوو |
| هەر بەخەنجەر ڕانییە سەر دوژمنی | دەوریان دا کوشتیان قەومی دەنی |
| بۆ فەقێ ئەحمەد ئەوا سینەم سووتا | جەرگ و ناوم وا لە داخی لەت لەتە |
| خاوەنی تەدبیر و هۆش و بیر بوو | بۆ شکانی دوژمنی شێر گیر بوو |
| هیچ لە مەیدانی شەڕا کۆڵی نەدا | تاکو کوژرا هەوڵی دا مۆڵەی نەدا |
| شێخ زیائەددین ئەفەندیی پالەوی | مورشید و سەرداری کوردان بوو ئەوی |
| دیتی باوەڕیان بەقورئانا نەما | تورکەکان مەیلیان لەگەڵ دینا نەما |
| هەرچی ماڵی بوو لە شەڕدا خەرجی کرد | ڕووحشی دانا لەسەر سێدارە مرد |
| بۆ ڕەئیسی عەشرەتی زەرگانە غەم | چەن حەمییەت مەند بوو ئاغا کەرەم |
| عەشرەتی هەڵسان و خۆشی کەوتە پێش | هیچ نەترسا دەربەدەر بێ خزم و خوێش |
| وا شەڕی کرد عەشرەتی دوایی بڕا | خۆی لە مەیدانا بەگوللە لێ درا |
| قەهرەمانی گەل محەممەد ناو خەتۆ | بۆت بڵێم گوێ بگرە کردەی ئەو ئەتۆ |
| شێری غوڕەم مەردی جەنگ و مەعرەکە | بتدیایە وات دەدی غەرقی چەکە |
| دەستەیێ پیاوی لەگەڵ بوو کەوتە شەڕ | تا شەهیدیان کرد بەگوللە بێ مەفەڕ |
| نەوجوانی شۆخ و شیرین شێخ عەلی | ئەو برازای شێخ پالۆیی وەلی |
| لاوی نەوجا بوو لە دڵیا عەشقی بوو | عەشقی میللەت ڕۆژ و شەو سەرمەشقی بوو |
| خۆی نەگرت تاکو بەگژ تورکانە چوو | تا لە مەیدانا شەهیدی گوللە بوو |
| شێخی نەقشی، شێخ شەمسەددینی پاک | ڕووحی ڕۆیی بۆ بەهەشت، جیسمی لە خاک |
| هەر کە دیتی تورکەکان دینیان نەهێشت | سەبر و ئارامی نەماو و دانەنیشت |
| ئەو لەبەر دینی جیهادی تورکی کرد | بەستیانە دارەوە ئیمانی برد |
| یەک لە مامۆستای قوتابیی مەکتەبان | ناوی ئەحمەد فەخری بەگ بوو نەوجوان |
| مورشیدی لاوانی کوردانی شیمال | جەننەتی بۆ خۆی بەخوێنی کرد حەلال |
| بۆ نەجاتی گەل چووە نێو مەعرەکە | کوشتیان ڕۆژێ لە مەیدان ئەو بەگە |
| موفتیی لیجە مەلا عەبدولحەمید | ڕۆڵەشی وەک خۆی مەلا، ناوی سەعید |
| باوک و کوڕ، بۆ دین و گەل هەوڵیان ئەدا | ئەمری لادینی درا گوێیان نەدا |
| چون حەمییەت مەند بوون تورکیان نەویست | هەر چەنێ ترسانران هیچیان نەبیست |
| هەردوویان هاوردە دیاربەکری خەراب | بێ خەتا هەڵواسران دڵ بوو کەباب |
| شێخ جەلالەددین ئەفەندی، شێخی جان | بۆت بڵێم ئەو سەروەرە چۆن بوو نیهان |
| دیتی تورکان بەرە بەرە قانوون ئەکەن | بۆ نەمانی دین، چەند و چوون ئەکەن |
| بیریان وایە زووانی کورد نەبێ | بێجگە تورکی هیچ گفتوگۆ نەبێ |
| ئەو لەبەر دین و گەلی بوو کەوتە جەنگ | تا لەسەر سێدارە ڕووحی کەوتە تەنگ |
| شێخ ئەیووبی چیای ڕەش گەورە بوو | هەر چییێکم وت لەمەوپێش لەو هەبوو |
| عیلم و فەنن و دین و دنیاشی هەبوو | هیچ لە شەڕ کۆڵی نەدا تا پێوە بوو |
| قەدری ئەفەندی لە مەعدەن والی بوو | جەننەتی بوو بوو، لە دنیاش ناوی بوو |
| سەر گەلەی کوردان ناوی زولفیقار | چۆن شەهیدیان کرد بەسێپاو و بەدار |
| سەر قوماندانانی لیجە حەققی بەگ | ڕووحیان برد بۆ بەهشت جەمعی مەلەک |
| چۆن سەرۆکێ بوو مەمەد شوکری گەلی | ڕووح و ماڵی دا لە ڕێی دین و گەلی |
| جان فیدا قادر بەگی سینانییە | جێی لە فیردەوسە لە دنیایا نییە |
| لیجەیین کەهیەن حەسەن ئەحمەد بزان | بۆ بڵندیی کورد، دایان ماڵ و گیان |
| گەورەیی لیجەن حەسەن ئاغا عەزیز | خەرجیان کرد بۆ وەتەن گیانی عەزیز |
| شێخ ئیسماعیل شێخی نەقشی بوو | بۆ فەقیران نان و خوان و بەخشی بوو |
| خۆی و برای عەبدوللەتیفی نامدار | پیاوەتیی لای خاس و عام بوو ئاشکار |
| دیتیان نامێنێ تەکیە و خانەقا | واعیز و مورشید، مەلا، کاری شەقە |
| ئەمریان دایە مورید و سۆفییان | شەڕ بکەن بۆ دەفعی دوژمن گشتییان |
| تۆپ و بۆمبا وو تفەنگ نەیهێشت مورید | خۆشیان دوایی بەسێپا بوون شەهید |
| سەرجەلەی خێڵی گڕاوی لە زکی ناو | خۆی و خزمانی لە شەڕدا کەوتنە ناو |
| کۆشش و ڕەنجی ئەدا بۆ میللەتی | داکو ڕزگار بێ نەمێنێ ئەزیەتی |
| خۆی و خزمانی لە گێژەنگەی شەڕا | هەر بەسونگیی دوژمنی دوایان بڕا |
| حاجی خالید بەگ، چ زاتێ بوو بزان | مێشکی پڕ هۆش بوو، دڵ ئاوەدان |
| ڕۆڵەشی مەلا محەممەد بوو، ئەمین | غەمخۆری کورد بوون، نەفەس کێش و حەزین |
| کۆمەڵی کوردیان ئەبەست گوفتیان ئەدا | هەردوو کوژران، کردەوە دادی نەدا |
| شێخ قاسم، شێخی مەلەکان بوو | شادی قەسری جەننەتی عەدنان بوو |
| ڕاستی وو حەققی دەویست، شەرعی دەویست | پیسی وو لادینی وو فەحشی نەویست |
| ئەمری دایە کوردەکان چەک پڕ بکەن | ڕۆژ و شەو هیچ ڕانەوەستن شەڕ بکەن |
| هەر شەڕی کرد تاکو ڕۆژێ بەسترا | بۆ ژیانی دین و میللەت کوشترا |
| شێخ مووسا زادە وریا شێخ عەلی | هەوڵی دا قایم بێ دینی، تەمبەڵی |
| دیتی گەل کاری پەرێشان و کزە | دوژمنی تاڵان کەر و، خائین، دزە |
| ڕاحەتو خۆراکی هەڵگیرا هەتا | کەوتە شەڕ کوژرا بەدەس قەومی چەتە |
| بەحری بەگ، جبرانی یوزباشی بوو، ئەو | پیاوی کارا بوو، مەڵێ ناشی بوو، ئەو |
| کوردەکان زانییان پەناهێکیان نەما | دین و نامووسیان ئەدەن ئینجا بەبا |
| وەک پڵنگی بێشە هەڵمەتیان برد | ڕانەوەستا تاکو لێیان دا وو مرد |
| قەهرەمان بوو تاهیر ئاغای نامدار | لەشکری کوردانی کرد، پیادە و سوار |
| کەوتە سەر دوژمن، بەڕوویان هەڵگژا | گوللە وو بۆمباو و دانەی بۆ ڕژا |
| ڕای نەکرد تا کەوتە دەستی دوژمنی | کوشتیان، ئاوارە بوو ماڵ و ژنی |
| وا نەبوو خوێنخوارەکان هەر پیاو کوژن | چەن کەسانێکیانش هەڵواسی لە ژن |
| یەک لەوان دۆتەی نەوەی زەرکان بوو | ناوی شوهرەت، خانمی زەرکان بوو |
| گەرچی ژنبوو، غیرەتی پیاوی هەبوو | کردەوەی چاکی ئەکرد، ناوی هەبوو |
| گرتیان و بێ خەتا خنکانیان | هیچ نەیانگوت حورمەیە، فەوتانیان |
| خانمی دی ناوی بێزار دەملی بوو | شۆخ و شیرین و قەشەنگ و خەمملی بوو |
| تێگەیی نامووسی کوردان لا ئەچێ | شەرم و سەرپۆشی حەیا وا لا ئەچێ |
| وازی هێنا بوو لە ڕووحی، کەوتە کار | کەوتە دووی دوژمن، بەشەڕ کردن بەغار |
| هەر کە لە شکریان شکا، ئەو کەوتە دەس | دا لەسەر سێدارە بۆ دوایی نەفەس |
| خانمی دی ناوی کوردی جەبری بوو | ڕۆژی تەنگانە و موسیبەت سەبری بوو |
| دیتی کوردان خاو و خێزانیان برا | مورشید و گەورە سەرۆکیان سەر بڕا |
| دەستی کردە خزمەتی لەشکر بەچێشت | زاد و ئازووخەی لە ماڵی خۆی نەهێشت |
| غیرەتی هێنا بەسەر لاوان و پیر | تا ملی بوو بەپەتی سێدارە گیر |
| خانمی دیش ناوی ئەو کۆتاییە | پێگەیشتووی خێڵی مەقسوودانییە |
| دیتی کوژرا عەشرەت و خزم و کەسی | پڕ دڵی غەم بوو، سەری پەنجەی گەزی |
| زانی چارەی سەر نەماوە، بێجگە جەنگ | دەست و پێی هەڵکرد لە مەیدانا قەشەنگ |
| هێندە جووڵا تاکو تووشی بوو ئەجەل | کەوتە سێپا، جەننەتی بۆ بوو بەدەل |
| باسی کوژرانی شەهیدان بوو تەواو | بۆت بڵێم سەرکردەکانی بوون بڵاو |
| گەورەیی گشتیانە شێخ عەبدولڕەحیم | ئەو برایی شێخی پالۆی جێی نەعیم |
| ئیمڕۆ بۆ تۆڵەی شەهیدی ئەعزەمی | وا لە کارایە چەک و نامە و دەمی |
| شێخ تاهیرش برایانە بزان | گورج و ئازایی وەکو شێری ژیان |
| زۆر زەبەر دەستە حەمۆ فاروویی شێر | دوژمنی دەشکان هەمیشە سەر بەژێر |
| گەر بزانی چۆنە یاد و کردەوەی | بۆ موەففەق بوونی کوردان ڕێ ئەبەی |
| خۆ سەلیم بەگ شوهرەتی زۆری هەیە | ناسراوە کردەوەی جۆری هەیە |
| ئەم برای خالید بەگی جەبرانییە | جێی نەفەوتاوە، مەڵێ وەک ئەو نییە |
| حوسێنی سپکان لە شەڕدا وەک هەڵۆ | بێتە تەدبیر و وتەش پیاوی بەخۆ |
| گەورە زۆر ماون، نەما ناویان لەبیر | وا لە مەیدانی شەڕن، نابن ئەسیر |
| دووشەوی پێچوو، ئەم هەڵبەستەم کە وت | عیللەت و دەردم هەبوو، جوانم نەوت |
| ئەی ئەسیری خوێندەواری کورد ئەمەی | زوو ڕەوان کا بۆ شەهیدان فاتیحەی |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|