شێری کورد
Appearance
بەخێر بێیتەوە سەر هەردوو چاوان تاقە قارەمان | ئەی تێکۆشەر و ئازا و بەجەرگ، شێری کوردستان |
دڵم بەڕەوڕووی پیریەتی ئەڕۆی، بێزار بوو لە خۆی | بە زوڵم و زۆری چینی زۆرداران شکا پەلوپۆی |
بەڵام کە کاتێ مژدەیان دامێ وەکوو پەیامێ | بە هاتنەوەت دڵم گەشاوە چەشنی ئیلهامێ |
ئیلهامێک دڵم جوان بکاتەوە هەر لەو کاتەوە | مژدەیان هێنا بۆ کوردەواری تۆ گەڕایتەوە |
گەڕانەوەکەت کاری کردە دڵ وەکوو بۆنی گوڵ | دڵی مەست کردم وەک بولبول مەست کا لەسەر پۆپەی چڵ |
بە هەستی بۆنی ئەو گوڵە جوانە خێرا شێتانە | دەست کا بە سۆزی ئاوازی شادی لەو سەر چڵانە |
هەروەها دڵم کەوتە گۆرانی شێوەی سۆرانی | یان لەپڕ ئەیکرد بە سیاچەمانە یان بادینانی |
ئیتر لە تاوا خۆ نەیئەزانی بەبێ پەنهانی | کام شێوەی کوردی بکات بە ئاواز بە شادمانی |
ئەویش لە خۆشیی هاتنەوەی تۆ هەموو خەم و سۆ | لە دڵی هەموو کوردان چووە دەر چونکە تا ئەمڕۆ |
خەفەتی زۆرمان هەر دووریی تۆ بوو دڵمان پڕ سۆ بوو | وا ئەو پەژارەی کورد و کوردستان وەک کا بەبا چوو |
ئێستاکە جەژنە، جەژنی گەلی کورد، نەوەی مادی کورد | جەژنی ئەوانەی قوربانییان دا و هەر خەباتیان کرد |
بۆ گەیشتنە ڕۆژی ئازادی بە نامورادی | زۆر گەنج و پیر و مناڵ و ساوا لە نەوەی مادی |
لە ڕێی خەباتا خوێناویان ڕێژا، ئازاریان چێژا | هەرگیز نەبەزان، قەت کۆڵیان نەدا، دارێکیان نێژا |
ناویان نا داری ئازادی، ڕوا، بە خوێن ئاو درا | ئەوەن بەتین بوو بە تەوری زۆردار قەت نەئەبڕا |
گوڵی ئەو دارە بۆ کورد ئاوات بوو، دیاریی خەبات بوو | تۆزە بۆنێکی بۆ ئازادیخواهـ وەکوو خەڵات بوو |
لە مانگی تەمووز، ڕۆژی چواردەمین تیشکێکی بەتین | گوڵەکەی پشکوان، ئاوات هاتە دی، نەما گریە و شین |
هەموو سەربەست و ئازادین ئێستا، ژێردەستی نەما | لاشەی زۆرداران هەر بە دەستی گەل وردوخاش کرا |
سەدای ئازادیی گەلی شادمان گەییە کەشکەشان | ترس و خۆف نەما، ماف بە ئاشکرا خۆی ئەدا پیشان |
تۆش وێڵی دەستی مام ئیستعمار بووی یا هیی زۆردار بووی | ئێمەت بەجێهێشت دوور کەوتیتەوە چونکە ناچار بووی |
بەڵام بەهۆی جەژنە شادییە کە ئازادییە | ئیمپریالیست و زۆردار تۆپێنران سەرفرازییە |
تۆی قارەمانیش هەر بەو هۆیەوە بەو بۆنەیەوە | ڕۆژی ئازادی بە تیشکی سووری وەک پشکۆیەوە |
پەخشان بوو بەسەر ڕووی نیشتمانا، بەسەر جیهانا | گەڕایتەوە بۆ خاکی نیشتمان ئەی شێری دانا |
بەم گەڕانەوەت بەهار هاتەوە بە ئاواتەوە | نیشتمان وەک بووک خۆی ڕازاندەوە لە ئەو ساتەوە |
گەلی عەبدولکەریمی ئازادی تێکۆشەر وەکوو شێری نەڕ | گەلی عێراقی خستە بەهەشتێک، بەهەشتی هونەر |
هونەری سەربەستی، ئازادیی ژیان، کامی دڵ و گیان | فەوتانی زوڵم و ڕزگارکردنی گەل و نیشتمان |
هەر بەو هۆیەوە لە وڵاتەوە دوور نەمایتەوە | بەخێر بێیتەوە گەورەی خۆشەویست وا گەڕایتەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|