شیعری کچەکانی قانع
Appearance
| ئێمە کە کچین، دولبەری دڵداری جیهانین | خونچەی چەمەنی باخی گوڵی کوردانین |
| ئەستێرە لە ڕووی ئێمە، چلۆن خەجڵەتی نابێ | ڕۆشنتر و پڕ نوور، وەکوو مانگی جوانین |
| وەسڵی حەرەمی ئێمە، لە بۆ خادمی کوردە | بۆ بێ هونەری خاکی وەتەن نەسسی حەرامین |
| بێ قیمەتە لای ئێمە، یەقین بەرگی چویتلی | عاشق بە هونەر، مەستی غەزەب، تێغی دەبانین |
| شەق لەو کوڕە وا دەس بە خەنە و مەیلی حەمامە | قوربانی کوڕی سەرکەشی کوردانی زەمانین |
| وەختێ بە سەفا سەف ئەبەسین ڕۆژی سەیاحەت | مایل بە کوڕی کوردی وەکوو شێری ژیانین |
| ئەم دەرپێ لە پێمانە، لە پێی بێ هونەری خاک ئەم ئیشە لە سەرمانە لە سەر بەددڵ و ناپاک | |
| *** | |
| ئێمە کە کچین، قوڕبەسەر و مات و حەزینین | بۆ بێ کەسیی ئەم خاکە، جگەر زام و برینین |
| ئەی کۆمەڵی گەنجانی موسەمما بە منەوەر | بۆ مەرگی وەتەن، ئێمە هەموو ئەلبیسە شینین |
| چۆن ئێوە هەموو، بێ خەم و بێ بیری وڵاتن | ئێمە بە غەزەب، دڵ بە خەم و دیدە گرینین |
| سەد کاشکێ لە جێی ئێوە، سەفی ئێمە بوایە | ئەتدی! کە چلۆن حازری مەیدانی یەقینین |
| داخمان ئەوەیە ئێمە ژن و ئێوە پیاون | ئێوە بە هونەر مەستی مەی و ئێمە مەتینین |
| هەر ڕۆژێ کە ئێوە بە ئەمەل سەیر و سەفا کەن | ئێمە هەموو بۆ ئێوە خەریک زاری و شینین |
| ئەم دەرپێ لە پێمانە، لە پێی بێ هونەری خاک ئەم ئیشە لە سەرمانە لە سەر بەددڵ و ناپاک | |
| *** | |
| ئێمە کە کچین هەر بە کچی عاجز و پیرین | داماو و سەراسیمە و بێ شەوق و ئەسیرین |
| قانع بە هەموو تەبعی غەزەل خوانیی خۆیۆ | شاهیدە کە وا ئێمە هەموو مات و زویرین |
| ئەفسووسە کە ئێوە کوڕی مەیدانی نزاعن | زۆر یازووخە بۆ ئێمە، خەریک نان و هەویرین |
| شێر دەرچێ لە غابات، خوای نێر و خوای مێ | لاکن، ئەمە زۆر عەیبە کە بێ پشت و زەهیرین |
| دوێنێ کچێ ئەیوت، بە کچانی وەتەنی کورد: | ئیعلانە ئەیا هەر چی کە پیرین و سەغیرین |
| ئەم دەرپێ لە پێمانە، لە پێی بێ هونەری خاک ئەم ئیشە لە سەرمانە لە سەر بەددڵ و ناپاک | |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|