شیعری ئامینە ژنی قانع
Appearance
| خوشکی خۆشەویست، زادەی کوردستان | سپاستان ئەکەم پۆلی چاومەستان |
| لە پاش سپاس و دۆعاخوانیتان | عەرزی ئێحترام مێهرەبانیتان |
| وەسیەت بێ بۆتان، هەرچی من ئەڵێم | بیگرنە گوێتان، با نەشزانن کێم |
| کوڕێ بەخێو کەین بە خوێنی جگەر | ئازاری نەبێ بۆ نەوەی بەشەر |
| بۆ سوودی شەخسی، بۆ مڵکی جیهان | برای وڵاتی نەخاتە زیندان |
| کۆ نەکاتەوە درهەم و دینار | هەڵنەمژێ خوێنی بێتین و هەژار |
| ئەگەر تەبیعەت کردی بە میران | هەژار نەخاتە بێگار و فرمان |
| ئەگەر بۆی ڕێکەوت کردیان بە میر | نەشکێنێ دڵی کۆمەڵی زویر |
| ئەر تەعین کرا و بوو بە مەعاشخۆر | ماڵی هەژاران نەکێشێ بە زۆر |
| نە ئەفەندی بێ، نە کوێخادێ بێ | نە وەک هێندێ کەس چەتری سەرڕێ بێ |
| نەڵێ ئامانجم بەرتیلخواردنە | لێی ئاشکرا بێ: دنیا مردنە |
| کوڕێ بەخێو کەین بە خوێنی جگەر | ئازاری نەبێ بۆ نەوەی بەشەر |
| هیوای شیرینی، هەوڵ و کۆشش بێ | گەر دەوڵەمەن بێ، خاوەن بەخشش بێ |
| ئەگەر هەژار بێ، بە ئیش و فرمان | خزمەتی گەل کا بە دڵ و بە گیان |
| ئەگەر کوێخا بوو، نەڵێ من کوێخام | سەرکاری ناودێ و وەکیلی ئاغام |
| نەکەوێتە سەر ڕەوشتی بۆگەن | خەڵکی دێکەی خۆی نەخاتە ناو بەن |
| دەوڵەمەن نەبێ و خادمی دینار | خۆی دوور خاتەوە لە برای هەژار |
| نە پیاوی ئاغا، نە مەعاشخۆر بێ | دڵسۆزی گەل بێ، سا بە هەر جۆر بێ |
| گیانی شیرینی بۆ سوودی هەموان | بەخت کا لە ڕێی چاکیی نیشتمان |
| ئەوجارە ئەڵێم منیش کوڕدارم | لە ناو بەشانا منیش بەشدارم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|