سەر لە بەیانی کە لە خەو هەستام
Appearance
سەر لە بەیانی کە لە خەو هەستام | بۆ خۆ ڕێکخستن کوڕێکی وەستام |
ئیتر لەبەردەم باڵا ئاوێنە | ئەکەومە گرمە بگرە و بۆم بێنە |
تاوێک گیرۆدە بە ڕیش تاشینم | دەمێک خەریکی موو هەڵپاچینم |
دوای ئەوە ئەچم سەر و ڕووم ئەشۆم | سەرم دابێنم چیم هەبێ ئەیخۆم |
لەبەر ئاوێنە هێندە بەتینم | ساتێکم ئەوێ بۆ جل گۆڕینم |
ئنجا کە وێنەی خۆم دێتە بەرچاو | ئەڵێم بوومەتە لاوێکی تەواو |
خۆم بە خۆم ئەڵێم وا بووم بە ئینسان | ئەتوانم بچم بۆ گەشتی شاران |
بەڵام پاش نەختێ کە ئەچمە بازاڕ | هەندێ تووش ئەبم لە ئەهلی ناوشار |
هەرچەند بە سوورەت وەک من باڵا نین | بەڵام بەسیرەت دڵسۆز و گیانین |
ڕووخۆش و هێمن زوبانیان شیرین | بۆ فەرمانی خەڵک دەم بە پێکەنین |
هەر ساتەی ئیشێک ئەگرنە ئەستۆ | کە سوودی هەبێ بۆ بێگانە و خۆ |
هێندە لاوچاکن بۆ بێ دەسەڵات | هەوڵ ئەدەن بۆیان بگەنە ئاوات |
کە ئەوانەم دی دڵم دێتە جۆش | ئەچمەوە ماڵێ هەروەکوو سەرخۆش |
لەبەردەم باڵا ئاوێنەی ناوماڵ | ئەکەومە دەریای بێ بنی خەیاڵ |
تێ ئەگەم بەرگی نهێنیم ماوە | وەکوو ئەمەیان جوان ڕێک نەخراوە |
جا بەدڵ ئەڵێم ئەی مینای گوڵگوون | تۆ بۆ من دەرخە ناڕێکیی دەروون |
بزانم ڕاستم یاخۆ چەوێڵم | ناشیرین یاخۆ شیرینی خێڵم |
وەک سەرم بۆنی ئەڕوا بیست هەنگاو | وڵات پەرستیش ئەزانی تەواو |
وەک دەم و چاوم بریقەدارە | پرشنگی زانین لەناویا دیارە |
وەک بە دەم ئێجگار قسەم بەسۆزە | ئامانجەکەشم پاک و پیرۆزە؟ |
وەک دانم سپی لێویشم ئاڵە | مژینی خوێنی کورد لایان تاڵە |
وەک مل هەڵپێچێ سوورە وەک خوێناو | بۆ ڕێی سەربەستیش خۆی ئەخاتە داو |
وەک گوڵی یەخەم جوان و بێ گەردە | دڵیشم وایە یاخۆ پڕ دەردە |
وەک لەپێش ئیشا جگەر خوێنینم | کە چوومە سەرئیش باشی ئەبینم |
بەڵام سەد ئەفسووس هەرچەند ئەڕوانم | ئەوانەی وتم نایدا نیشانم |
خۆزگە مینایەک ئەبوو پاک و ڕوون | نیشانی ئەدام ناڕێکیی دەروون |
تا وەک خەریکی سەر و ساچاخم | کەمێک خەریک بم لەگەڵ دەماخم |
لەبەر ئەو ڕێک خەم کردەی ناشیرین | بەرگێک بپۆشم سەرتاپا ڕەنگین |
ئەوسا ئەمبینی هێندە لاوچاکم | لە کوردستانا کوڕێکی تاکم |
ئیتر ئاوێنەم بۆ ئەبوو بە دووان | ئەو بۆ ئاشکرا ئەم لە بۆ نیهان |
ئەو وەختە زۆر جوان ئەهاتمە بەرچاو | ئەگینا هێشتا ماومە ببمە لاو |
1944/12/03
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|