سەرگوزەشتەی پیرێژنان
Appearance
| پوور تڵێخان بزنێکی بوو | سبەینان بۆ بێرە ئەچوو |
| کیتەڵەی ئەبرد ئەیدۆشی | لە ماڵەوە دایئەپۆشی |
| ڕۆژێک مام ڕێوی دۆزیەوە | سەری لادا بە دزیەوە |
| مڵچە مڵچ شیری هەڵقوڕاند | پوور تڵێخان کلکی پەڕاند |
| ڕێوی ڕایکرد بۆ ناو ڕێویان | لێیان کرد بە چەپڵەڕێزان |
| هەی ڕێوی کلکی بڕاوە | ئێجگاری ئابڕووی تکاوە |
| ڕێوی هاتە لای تڵێخان | لێی پاڕایەوە بە گریان |
| وتی: کلکە قوڵێم وێدە | داپیر وتی: شیرم پێدە |
| ڕێوی وتی: شیرم نییە | داپیر وتی: ئەی بز چییە؟ |
| ڕیوی ڕۆیشت سەری کز کرد | خوازبێنی شیری لە بز کرد |
| وتی: بز شیر وە داپیر دا | داپیر کلکە قوڵێم وێدا |
| بز وتی: با دار گەڵا دا | گوانی بز لە شیر قەڵا دا |
| ئەمجا بز شیر دا بۆ داپیر | کلکە قوڵێت بێتەوە گیر |
| ڕێوی هەڵسا چوو بۆ لای دار | گریا و دەستی کرد بە هاوار |
| دار وتی: با کانی ئاو دا | لقی من سەوز بێ و گەڵا دا |
| ڕێوی ڕووی کردە لای کانی | مشووری بەر ئەویش هانی |
| کانی وتی: کیژ چۆپی کا | ئارەقی خۆی لە کانی کا |
| کانی ئەوسا ئاو بۆ دار دا | دار سەوز بێ و گەڵا بە بار دا |
| گەڵا بۆ بز بێ و بز شیر دا | لە تۆڵەی شیری داپیردا |
| داپیر شیری دی لە جێدا | ئەوسا کلکە قوڵێی وێدا |
| هاواری بۆ لای کیژ هانی | کیژان بێنێت بۆ سەر کانی |
| کیژان کەوشی سووریان نەبوو | پەنایان بردە بەر کەوشدروو |
| کەوشدروو ناردیە لای مامر | هێلکەی بۆ بکات بە قڕەقڕ |
| مامر، دانی لێ داوا کرد | هاواری بۆ بەر جووتیار برد |
| جووتیار دانی دا بە مامر | مامر چێکڵدانی بوو پڕ |
| بە گارەگار هێلکەی بۆ کرد | بۆ وەستای کەوشفرۆشی برد |
| وەستا کەوشی بۆ کیژ دروو | کردیانە پێیان زوو بە زوو |
| چۆپی لەسەر کانی کرا | لە کانی ئاو بۆ دار برا |
| دار گەڵای دا و بز شیری دا | ڕێوی شیری داپیری دا |
| داپیر کلکە قوڵێی دایەوە | بە بنێشتەتاڵ گیرسایەوە |
| ڕێوی چووە ناو ڕێوییان | لێیان کرد بە هەللا کێشان |
| وتی: بۆنی بنێشتەتاڵ دێ | دەریان کرد هاتەوە بۆ دێ |
| دەستێک جلی جوانی دزی | کردیە بەر بە دەعیە و فیزی |
| هاتە ناو ڕێویان زوو بە زوو | وتیان: هەی ئەمەت لە کوێ بوو؟ |
| وتی: لە بن گۆمێکایە | سەد ئەوەندەی دی تێدایە |
| وەرن بچین نیشانتان دەم | وەک من دەریبێنن بە دەم |
| بردنیە سەر گۆمی سەر ئاو | یەکێکیان خۆی خستە بن ئاو |
| بە بڵقەبڵق ئەو دەخنکا | ئەیوت: ئەوا بانگتان ئەکا |
| هەموو خۆیان تێ فڕێدا | بە جارێک خنکان لەوێدا |
| ڕێویش دنیای نەبردە سەر | کردەی بەدی خۆی هاتە بەر |
| ڕاوکەرێکی لێ پەیدا بوو | کوشتی و بازاڕی کۆتا بوو |
| هەرچی وەک ڕێوی فێڵباز بێ | تووش ئەبێ نابێ دەرباز بێ |
| خوا ڕاستە و ڕاستی لا خۆشە | چەوتیی سەرەنجامی بۆشە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|