سەرداری زومرەی فەلاکەت کێشان
Appearance
پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بۆ «مەحموود جەودەت» وتووە. مەحموود جەودەت یەکێک بووە لەو کوردپەروەرانەی کە لە شاری بەغدادا ژیاوە. برای ڕەشید جەودەت و حەمید جەودەتە، لە سەرای کۆنی بەغدادا وەزارەتی مالیە - ڕوستەم حەیدەری کوشتووە لەسەر مافێکی تایبەتی خۆی. لەبەر ئەوە لە ساڵی ١٩٣٧دا کراوە بە سێدارەدا. پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی بۆ ئەو کارەساتە وتووە:
| سەرداری زومرەی فەلاکەت کێشان | فەرمانی مەلەک دەروون پڕ ئێشان |
| بادەی غەمخوردەی مەرگی ناکامان | برینی ناسۆر جەرگی پڕ زامان |
| پەردەی دڵ بە ئێش مەودای غەم پارە | دەرد لە بانی دەرد دڵەی ئاوارە |
| وەختی لافاوی چاوم وەک باران | تەمی ئەبەستە سەر ڕووی ستاران |
| هەناسەی سیام لە بۆکڕووزدا | بەردی دا بە ڕۆح بردالعجوزدا |
| دەرامەتیەکەی ئازیزم دەرکەوت | بارانی گریەی یارانم بەرکەوت |
| خۆ من دەمێک بوو چاوم ئەفڕی | فرمێسکی خوێنم لە چاو ئەسڕی |
| خاترم چەند ڕۆژ خەستەی خەمان بوو | چاوانی سەرم وەک چاوان وا بوو |
| ئەمجا واوەیلا و چەمەرەم بەرز بوو | ژیانم شێوا، شینم لا فەرز بوو |
| چرای ڕووناکیم لێ کوژایەوە | دەرگای ژیانم داخرایەوە |
| شای شادیم شکا ڕووی کردە فرار | بەیداغی شادیم هاتە نیوەی دار |
| بێپەروا ناڵام بە لاوانەوە | کەوتمە شێوەنی ناو لاوانەوە |
| ئەم چەند شیعرانەی ئەخوێند بە گریان | دڵی دڵبەردی ئەکرد بە بریان |
| ناکامی ئەیام کامەرانیم ڕۆ | بەر نەخواردووی غەم زیندەگانیم ڕۆ |
| فدای وەتەن و دڵسۆزی میللەت | نموونەی سەخا و ئازایی و غیرەت |
| سەر و ماڵی خۆی بۆ ئێمە دانا | بە بەدنمەکی نەمانوت: دانا |
| ئۆف ئاگری لە ناو جەرگا ئەگڕێ | زوبانم سووتا و قسەم بۆ ناکرێ |
| نازانم پیشەی مەردی تەواو کەم | بە یادی چارەی جەرگی سووتاو کەم |
| وا من تای تاری شیعرم بڕاوە | شەوی تارم هات نۆرەم تەواوە |
| دەردی مەرگمە ڕۆینم دیارە | تۆخوا سا ڕەشۆڵ! نۆرەی قەتارە |
| هەی ڕۆڕۆیەک بکە، بلاوێنەوە | سەنگی سەختی دڵ بتاوێنەوە |
| سەرسامی ماتەم زمانی بەستووم | پەکی زایەڵەی مەرسیەی خستووم |
| لام ئاشکرایە کە ئیتر ئەمرم | ئاگر بەربۆتە تۆماری شیعرم |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|