سەربازی (II)
Appearance
سەر لە بۆ سەربازی چاکە نەک لەبۆ چەتفەی گران | دڵ لە بۆ خەمخۆری چاکە نەک لەبۆ میهری کچان |
چاو ئەگەر فرمێسکی خوێنین دانەڕێژێ بۆ وڵات | دەک بە کوێری هەر بمێنێ تاوەکوو ئاخر زەمان |
دەم ئەگەر هاواری هۆزی خۆی نەکا پڕ بێ لە قوڕ | سینە وەک کۆتر نەناڵێ، پڕ بێ لە ژان |
بۆیە شانم پێ ئەوێ، باری خەمم بۆ هەڵگرێ | یا زمانم بۆیە چاکە، ببڕێ وەک تێغی دەبان |
بۆ جلیت بازی قسە و مەیدانی فێڵ و دەس بڕین | شەهسوارێکم بە چەشنی ڕوستەمی مازەندەران |
بێتە سەر باری کەرەم یەک دانە جۆ نادەم بە کەس | خۆم بە جۆیێ ئەیفرۆشم، ئاو و خاکی نیشتمان |
من بە دەم میللەت پەرەستم، خزمەتی کوردان ئەکەم | خوێنی بابیشم ئەڕێژم بۆ تەماعی یەک قەران |
ئافەرینم بارەکەڵڵا ئیشی خۆمە چاو و ڕاو | دوو دڵ و سێ دولبەر و چوار مامەڵە و پێنج شەش زمان |
تاوێ گاندیم بۆ وەتەن تەرکی هەموو خۆراک ئەکەم | تاوێ شێخی خانەقام و تاوێ جەردەی سەر ملان |
تاوێ ئەمبینی ئەفەندیم، عەتر و سابوونم هەیە | لەحزەیێ سەیرم ئەکەی شێخ و مەلا و ڕیشێکی پان |
هەر شەوێ پارەم ببێ تەقلیدی سەد خەییام ئەکەم | هەر سەعاتێ مەی نەبوو، بەرماڵ و شانە و تەیلەسان |
تاوێ کوردم، ڕانک و چۆغە و مێزەر و پەستەک لە بەر | گاهێ شەپقە، گەهـ قەلەنسوو، گاهێ خوودەی سەر گران |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|