دەستنوێژ
Appearance
| دەستنوێژ: | |
| وەک ڕێوی شل بووم لە پێچ و دەورە | خزاومە حەوشی مزگەوتی گەورە |
| وامزانی خاڵی لە ماسوایە | گۆشەی عیبادەت جێی ئینزوایە |
| نەمزانی بانی دووهەوا تێدا | «من كل فج عميق» لەوێدا |
| بۆ ئەو کەسانەی دڵیان وریایە | نووری کاک ئەحمەد زۆر ئاشکرایە |
| لە حەوز بەرەوخوار تا بڵێی خوارە | گەر باوەڕ ناکەی وەرە بنواڕە |
| حەوزە گەورەکەی کە دەڵێن پاکە | پڕیە لە قەوزە هەروەک شیاکە |
| حەوز نییە خەزنەی چڵم و بەڵغەمە | هەر بەڵغەمێکی سەلکە شەڵغەمە |
| ئەبارێت چڵم و بەڵغەم وەک تەرزە | باقڵم ئاخ و تف لە لایان فەرزە |
| ئەدەبخانەکە و حەوزی تێکەوتن | پڕیانە لە ئاو هێندە بێ بەختن |
| لە حەوزی حەوشە قنگ هەڵدەبڕن | شڵپەشڵپ پەردەی حەیا ئەدڕن |
| چڵم و بەڵغەم و گووی تیا بشۆرە | کە قولەتین بوو «ماءاً طهوره» |
| وا دەستنوێژ شتن تەواو بوو ئینجا نۆرەی بانگدانە: | |
| وا دەستنوێژ شۆررا، گۆیمان لە بانگە | بۆڕەبۆڕێک دێ، وەک بۆڕەی مانگا |
| مەلا سەعیدە وا سەڵا ئەکا | ڕۆحی بیلالمان بۆ ئیحیا ئەکا |
| دوور لە بانگەکە، ئەمەم هاتە بیر | «أنكر الاصوات لصوت الحمير» |
| دەک خوایە بانگدەر! قۆڕەت لێکەوێ | کە هەڵساین، بۆڕەت بڕابێ شەوێ |
| من بۆڕەی ئەمەم لا گران نایە | خەلک ئەڵێن زەوقی مەملەکەت وایە |
| کەس نییە بڵی: موسوڵمانینە | بانگی موحەممەد ڕەونەقی دینە |
| بۆچی دەنگخۆشێک نییە بانگ بدات | هەر لێرەم دیوە بانگ بە قۆنتەرات |
| خۆ کەسێک بێت و لەوێ بانگ بدا | لێی ڕائەپەڕێ و جوێنی پێ ئەدا |
| درەنگ بێ و وادەی بانگیش تێپەڕێ | با بێ وادەش بێ ئەبێ بزەڕێ |
| خەڵک لێی ئەترسێ، هارە «والسلام» | مڵۆزمێکە بۆ بانگی ئیسلام |
| نازانم خوا بۆچ بۆڕەی نابڕێ | یاخود پێغەمبەر بۆچ تێی ناخوڕێ |
| لەزەتی بانگی ئیسلامی نەهێشت | هەرچی گوێی لێ بوو مزگەوتی جێ هێشت |
| بەو دەنگە قۆڕە سەڵای نیوەڕۆ | هیچ فەرقی نییە لەگەڵ باوکەڕۆ |
| ئەگەر اللهدێر بەو ڕەنگە بکرێ | باراش لە ئاشی گەرمیان ئەبڕێ |
| نوێژ: | |
| بانگمان تەواو کرد، جەماعەت بەسترا | بۆ ئیمامەتی کوێرێک پێش خرا |
| بیست مەلای چاوساغ لەوێ وەستاوە | ئیمام کوێر نەبێ نوێژ ناتەواوە |
| هەر ماڵی خوایە شێواوە، بێ خێو | مەشهورە فیکە بە برای بێ لێو |
| توخوا لێی گەڕێ لە ئیمانی کورد | هەر بۆ ئەوەیە بڵێن نوێژمان کرد |
| ئاخ ئەم خۆزگەیەی من ئەهاتە دی | شەڕە گۆچانی کوێرانتان ئەدی |
| سا دایکت ئەگێم تەقەم بۆ بکە | ئەگەر نامەرد نیت مەڕۆ ڕا مەکە |
| تەقەی کرد گۆچان وەک تیر ئەفڕێ | ناوجەرگی کوێرەی بەرامبەر ئەبڕێ |
| هەندێکیان وەک ئاش ئەسووڕێنەوە | بە دووسەد چاوساغ لێک ناکرێنەوە |
| هەرچی نوێژ ئەکات لەوبەر هەیوانە | سوجدە ئەباتە بەر ئەو قەبرانە |
| لە شێخ ئەترسێت، لە خوا قەیناکا | لەبەر شێخ نەبێت هیچ نوێژێک ناکا |
| قەیناکە قەبری شێخی سەرکارە | سوجدە بۆ شێخە زاتەن لەم شارە |
| لە جەردەییشدا نوێژیان تەرک ناکەن | بۆ هەژار کوشتن پف لە دۆ ناکەن |
| چاولێکەرییە نوێژکردنی کورد | هەر بۆ ئەوەیە بڵێن نوێژمان کرد |
| ژن و شێخ لە خوا پێشترە بۆ سوێند | ئیتر بەسیەتی تەواومان تێ چێند |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|