دیوانی گۆران/شیعری گەپ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی گۆران  (1962)  by گۆران
شیعری گەپ

عەرز و حاڵ[edit]

بنووسە بۆ پاشای مەزنی «بەغا» نیشانەی دڵسۆزیی بێگەردی ئاغا:
دوو لۆری دیاریمان ئەوا خستە ڕێ هیوایە بەڵێنی خۆی بێنێتە جێ!
ڕاسپێرێت کە لێرە جەنابی مدیر لە نایب دانانا بمخاتەوە بیر،
نەهێڵێ ڕووڕەش بم وەک جاری پێشوو کە درام بۆ ئاغای ئامۆزام بە شوو!
دیاریی من لە دیاریی ئەو چەورترە بەرتیلم لە هیی ئەو جێگاگرترە
ڕاستە ئەو ناو بە ناو، لە باڵوێزخانە سەرئەدا و وەرئەگرێ یەک دوو مانگانە...
ئەمەیە کە فەڕی خستۆتە بەختی، پاشاکان ناچار بوون بگرن حورمەتی!
خۆ منیش دووراودوور هەر فەرمانبەرم، بۆ باڵوێزخانەکان خەفاوە سەرم،
بە دوو چاوی تیژ و جووتێ گوێچکەی سووک هەمیشە هەڵپەمە و خزمەتی بچووک
پێشکەشی بارەگای بەرزیان ئەکەم، ڕاپۆرتی دەنگوباس مانگ بە مانگ ئەدەم!
هەر ئەوەم تاوانە کە لە شار دوورم تا تۆزی دەرگایان زەرد کا ڕووی سوورم،
وەک ئاغای ئامۆزام، وەکوو پاشا خۆی کە کۆشک و کارخانە و بانق لواوە بۆی!
دە ڕێم بەن، یەک دوو ساڵ منیش بێمە شار دەستی قرپ بنێمە خەرمانی دینار!
چیم وەرگرت لە میری، لە باڵوێزخانە، چیم دزی لە ڕووتەی ئەم نیشتمانە
دوا فلسی بهاومە بنی ئاوی حەوز: لەسەر جێی شەوی سوور، لەسەر مێزی سەوز...
بزانن ئەو حەلە من یا ئامۆزا: قەڵانتر ئەنوێنین گەردنی ڕەزا؟!
بزانن من یا ئەو، لە حەق پارلەمان ئەبینە هۆی لوتفی باڵوێزخانەکان:
بە دەنگدان، مۆرکردن، هەڵبڕینی دەست، هەر پاشا بنوێنێ گۆشەی چاوی مەست!
بزانن من یا ئەو، کەڵکی کۆمپانی باش ئەگرین بە خەستیی بەستەزمانی؟
بزانن من یا ئەو، وەکوو کەڕ و لاڵ بەرامبەر بە تانە و توانجی تاڵ تاڵ،
کونی گوێ بە لۆکەی بێعاریی ئەگرین، «نەء» ناڵێین بە میری هەرگیز تا ئەمرین؟
بزانن من یا ئەو، بماندەنێ تێغ، بۆ پاکۆی سەری گەل نامانبێ درێغ؟
***
ئەی پاشای خاوەندی کۆشک و کادیلاک! بۆ باڵوێزخانەکان بە دڵسۆزیی پاک
سوێن ئەخۆم کە بوومە نوێنەری کورد تێکۆشم ملی کورد چاکتر بکەم ورد!
ئیتر چاوەڕوانم جەنابی مدیر، ڕاسپێری، ئەمجارە دەرنەچم لە بیر!

1954
سلێمانی

دەنگی مردوو[edit]

لیستەی هەڵبژاردن، لە زۆر شوێن، ژمارەیەکی نەک کەم، ناوی مردووی لەگۆڕا ڕزیوی تیا بوو... ئاگاداربوون لەم ناوانە بوو بە هۆی دانانی ئەم هەڵبەستە.

نوێنەری هەڵبژاردەم! هەرچەن مردووی یەک دوو سەدەم
بەپێی لیستەی میری و موختار وەک تووتی هاتوومە گوفتار،
خۆت و هاوڕێت هەڵئەبژێرم بۆ پارلەمانتان ئەنێرم...
مادام منم هەڵبژێرتان، هۆی مانگانە و خێر و بێرتان،
ئێوەش نوێنەری چا بن کوت و مت چەشنی خۆم وا بن!
ناڵێم: مەخۆن، چش لە خواردن، چش لە ورگیش پەتی کردن
بەڵام، زینهار، پارلەمانتان بێتە چەشنی گۆڕستانتان!
بەرد بێتە گۆ، ئێوە وس بن، دوورن لە یەک: مردوو و وتن!
دوایی مەبزوون، بە موو چییە؟ جووڵان بەڵگەی ژیاوییە!
لە ڕووناکی بەرچاو ڕەش کەن، گوێتان لە بیستن بێبەش کەن،
ئاسۆتان تەنگ بێ وەک گۆڕم، هیچ مەگۆڕن، وەک ناگۆڕم!
تا دنیا کۆن بێ هەر وەک خۆی، هەوای تازە هەڵنەکا بۆی!
دەزگاتان وەک ئێسک ڕزیو بێ، وڵاتتان گڵکۆی تەپیو بێ،
ڕۆزی و ڕزقی بە سەر زیندووی زیاتر نەبێ لە هی مردووی...
دوایی: ڕاستیی بێ زمانیم، دەرئەخا کوردی نەزانیم،
لەبەر ئەوە: کورد نیم، نەکەن دەمتان لە حەق بۆ کورد بدەن!
بەرگم ناوێ، هەرزانیی جل بۆ گەل هەرگیز نەگرنە مل!
بەڵام کفنی زۆر داواکەن، گۆڕستان پۆشتە و ئاوا کەن!
بۆ تابووت و بۆ تاتەشۆر وەستای هونەر تەرخان کەن زۆر!
تەڵقین خوێندن ئیجباری بێ! گۆڕ هەڵکەندن میعماری بێ!
حەڵوای سێ ڕۆژگانە لێنان بە کچ فێر کەن، نەک چێشت و نان!
بەڵام، ئەی هەڵبژاردەی من! دەست نەدەنە دەستی دوشمن!
هەرچەن کۆن و کۆن پەرستم، لە ناپاکی کردن پەستم
پێم شەرمە وڵات بفرۆشن، یان بۆ دەزگای شەڕ تێکۆشن!
چونکە نوێنەری منن، لایەنگری ڕێی مردنن،
وا ئەزانن هەڵبژاردەن بۆ ئەوەی میللەت بە قڕ دەن!
دڵنیا بن کە دەستخەڕۆن، لە ئەنجاما هەر ڕەنجەڕۆن!
ڕۆژێک ئەبێ گۆڕبەگۆڕ بن خواش خۆش نەبێ لێتان وەک من
منیش کردەی نوێنەرم، خراپەکەی دێتە بەرم،
ئەبینم ڕۆژێک لە ڕۆژان: دنیا بوو بە ئاگرباران!
بۆمبا گۆڕی هەڵتەکانم با بردی گەردی ئێسقانم!!
ئەوسا وەک زیندوو تێ ئەگەم: چ شوومێک بوو هەڵبژاردەم؟!

1954
سلێمانی

جاسووس...[edit]

بێ خشپە و زیان دار ئەکشێم چەشنی مار:
بە پێچ و بە پەنا بێ هەرا و بێ زەنا
ئەگەڕێم، ئەگەڕێم تا تووشی نێچیر دێم!
نێچیری هەژارم بێ خەبەر لە کارم
وەستاوە بێگومان لە ماری بێ ئامان!
ئەوەندە ئەزانێ شەقەیەک دێ و دانێ
لە زامی ئەچەقێ ژان وەک تۆپ ئەتەقێ
نێچیری گلاوم ئەبینم بە چاوم
چۆن ئەکا تەپاوتل لە عەزرەت ژان و گل
بەڵام من بێ هەستم، ئیتر چۆن دەربەستم؟
ژان چییە و زیان چی؟ بەزەیی و ویجدان چی؟
ئەوەندە ئەزانم: دوژمنی ئینسانم
درەنگ، زوو، ڕۆژێک دێ: کام ئینسان، لە کام جێ؟
قۆندەرەی بمگاتێ، حەقی خۆم ئەداتێ!

1954
سلێمانی

چەقەڵ[edit]

ئەلوورێنێ...
چەقەڵی پیر ئەلوورێنێ...
بڵێسەی دوو چرای چاوی
بەرەو ئاوایی ئەکشێنێ:
لەناو تاریکاییی شەوا،
کاتێک چاوان وان لە خەوا
کاتێک سەران لەسەر سەرین
بۆ خەو ئەژین! بۆ خەو ئەژین!
چەقەڵ! چەقەڵ! چەقەڵی پیر!
بە لوورە لوور
هاتووی لە دوور،
لەکام کەتنا کول ئەکەی بیر؟
دانت لە گۆشت مریشک جیڕە،
یان کەڵەشێر...؟
یان خەریکی ئەکەی زیڕە
بۆ کولێنی پڕ خێر و بێر؟
یان قەپۆز ئامادەی قەپی
بۆ قۆزتنەوەی کۆتری سپی؟
چەقەڵی پیر! چەقەڵی گەڕ!
بیری پووچی ناو مێشکی لەڕ
لە سەر دەرکە،
خۆت بەس کەر کە!
وا خەریکە: شەبەق ئەدا،
کەڵەشێر بانگی حەق ئەدا،
خاوەن کولێن، وریا و بێدار،
باڵی هەڵماڵیوە بۆ کار،
کۆتر ئەفڕێ و مژدەی ئاشتی
جاڕ ئەدا بە درێژیی گەشتی!
ئیتر چەقەڵ!
تاک یان کۆمەڵ:
شۆڕ کەنەوە کلک بۆ ناوگەڵ،
بکشێنەوە بەرەو شەخەڵ،
بڕۆن، خوای شەیتانتان لەگەڵ!

1954
سلێمانی

سەگوەڕ[edit]

بۆ ئەوانەی خۆیشیان ئەزانن کە لە ناحەق ئەگەفن!

توولەی دەرگای ئاغایان گشت کلکی نایە سەر نەڕەی پشت!
سەری کێشا، دی: بنی ئاو توولەی تیایە، سەرداکێشاو!
گوێچکەی قوت کرد... گوێچکەی قوت بوو. کە بۆی مڕان... بۆی مڕان زوو
حەپ، حەپ... حەپ، حەپ... حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
- بتنێمە ژێر بە گاز، بە قەپ؟ - بتنێمە ژێر بە گاز، بە قەپ؟
- حەپ، حەپ... حەپ، حەپ... - حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
- توولەی بن ئاو، سەگی خوێڕی! وات لێ هات لە من بوەڕی؟
- توولەی سەر ئاو، سەگی خوێڕی! وات لێ هات لە من بوەڕی؟
- حەپ، حەپ... حەپ، حەپ... - حەپ، حەپ... حەپ، حەپ...
توولەی دەرگای ئاغایان گشت وەک کەڵەشێر کلک لەسەر پشت
ئەوەن وەڕی... ئەوەن وەڕی تا لە کاسە، چاو دەرپەڕی...
***
منیش هەندێ کەس، پاش ملە لێم کەوتوونە تەقەی زلە
بەڵام، من وەک حەوزێکی مەنگ هەرگیز لێیان نایەمە دەنگ!
با بۆ خۆیان هەر بگەفن؛ هەر خۆیان هەردوو تەرەفن!

1954
سلێمانی

ماکارتی[edit]

سەناتۆر ماکارتی، کۆنەپەرستی گەیاندیە ڕادەی کتێب سووتاندن. جارێکیان لە شاڵاوێکیا کە بردی ژمارەی چەند سەدێک کتێبی وەک پیری مشکان داپاچی...

پیرە مشکی دێرینەیە ماکارتی، عەقڵی شڕ، پینە پینەیە ماکارتی،
چەوری لێسی مەکینەیە ماکارتی، دەرگای کونی گەنجینەیە ماکارتی،
لە بیری نوێ بە کینەیە ماکارتی، کتێب لای ئەو پەڵپینەیە ماکارتی،
ئینسانی مشک: ماکارتی! مشکی بێ کلک: ماکارتی!
مشکی دوو قاچ: ماکارتی! کتێب داپاچ: ماکارتی!
مشکی چەپەڵ: ماکارتی! میکرۆب لەگەڵ: ماکارتی!
ماکارتی... هۆ ماکارتی! هۆی شەرمی ئەمریکاتی!

ڕازی... ناڕازی[edit]

ڕازی... ناڕازی...
عەلی حیجازی
«ئەبازی و بازی
بە ڕیشی قازی!»
ئەی ساڵح جەبر
پڵنگ بی و بەبر
نەتماوە زەبر
بەس بگرە سەبر
ڕاکە بۆ قەبر
 
ئینگلیزە هەردوو
بە ئینسان کردوو
گەر دار، گەر پەردوو
لەعنەتی کورد و
عەرەب لە هەردوو
 
ڕازی... ناڕازی...
عەلی حیجازی
ئەبازی و بازی
بە ڕیشی قازی
ئەم عیراقە
دوڕگەی واق واقە!
سەری ساباقە،
بنی وڕاقە!
هەم جێی نیفاقە،
هەم بێ تفاقە!
پایەی وەک فاقە!
بۆ واقە واقە!
کام گەورەی تاقە
کەری دوو لاقە!

دانە دانە[edit]

دانە دانە نووری! دانە دانە
مام سام چاوەڕێی پەیمانە
مام سام ئەڵێ بە جۆن پۆڵ
بە جەمال و نووریی زۆڵ
هەردووکمان ئەکەنە کۆڵ
ئەمانبەن بۆ چیاوچۆڵ
بۆ شەڕ لێ ئەدەین دەهۆڵ
جەمال لای کالیسیکە
وەک گا ئەگلێنێ تیکە
ئەوەن کەرە بە فیکە
چین ئەخاتە زریکە
فیکەکەی بای ئالیکە
ئەم وڵاتە بەپیتە
هۆی شوومیی و نەگبەتیتە
هەی کرمی قوڕەلیتە!
هەی کرمی قوڕەلیتە!