دیوانی گۆران/بۆ زاخاوی مێشک

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی گۆران  (1962)  by گۆران
بۆ زاخاوی مێشک

بۆ زاخاوی مێشک[edit]

مامۆستا گۆران کە لە ژمارە ١١٢٢ی ١٩٥٢/١١/٠٦ وەوە سەرپەرشتیی ڕۆژنامەی «ژین»ی گرتە دەست، وەک ڕۆژنامەنووسێکی لێهاتووی خاوەن بیروباوەڕ کەوتە کار بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدانی. لەگەڵ دەرەتانی تەسکی ڕۆژنامەکەشدا گەلێ گۆڕانی دیاری بەسەردا هێنا. یەکێ لەو کارانەی بەم مەبەستە کردنی، کردنەوەی گۆشەی «بۆ زاخاوی مێشک» بوو کە جۆرە مەتەڵێکی بە شیعر لە هەر ژمارەیەکدا بڵاو ئەکردەوە و لە ژماری پاشەوەشدا هەڵ هێنانەکەی ئەخستە ڕوو. زۆربەی ئەو مەتەڵانەی بڵاوی ئەکردنەوە ناوەڕۆکێکی سیاسییان هەبوو، لەگەڵ مەبەستی خستنەکاری بیردا هۆشیارکردنەوەی خوێنەرەکانیشی لە بارەی سیاسییەوە مەبەست بوو. لە سەرەتادا مامۆستا گۆران خۆی ئەم مەتەڵانەی دائەنا، بەڵام پاشان وردەوردە خوێندەوارانیش کەوتنە بەشداریکردن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆربەی مەتەڵەکان هەر هیی مامۆستا گۆران بوون. هەر مەتەڵێک لە ژینی سەردەمی مامۆستا گۆراندا بڵاو کرابێتەوە و ناوی کەسی لە بنەوە نەبێ، هیی خودی مامۆستا گۆرانە.
ئێمە کە لەم بەرگەی تێکڕای بەرهەمی گۆراندا ئەم مەتەڵە شیعرییانەی بڵاو ئەکەینەوە، بەتامین لە بەرگی دووەمیشدا کارە هونەری و ئەدەبییە پەخشانەکانی تری بڵاو بکەینەوە کە وەختی خۆی لە ژیندا بڵاوی کردوونەتەوە. م. م. ک.

ژوورێکی زل وەک مزگەوت ئەچنە ناوی شەش و حەوت
کۆڵانی تەنگ ئەبڕن تا جێی خۆیان ئەگرن
جێی دانیشتنی گیاندار تاریکە و نەخشی دیوار
ئەژی لەبەر ڕووناکی ئای خوایە چەن بێ باکی!

ئەوەندەی چنگێ لۆکەی نەرم و شل[edit]

ئەوەندەی چنگێ لۆکەی نەرم و شل بە ناو ئاسمانی شینا ئەدا خول
مووروولەی چاوی پڕ لە نیگای نەرم ئەگێڕێ بۆ جێی هێلانەیەک گەرم!
بۆ جێیەک ئارام، ئاسایش، شادی، سێبەر بن تیایا بۆ سەر ئازادی!
لەوێ بە دوو پێی سووری وەک شیلان سەوزاییی چیمەن بشێلێ جوان جوان
ئاقیقی دەنووک بەرێ بۆ چینە: بێ ترس، بێ دوشمن، بێ ڕق و کینە!
ئەم مەلە جوانەی لە شەڕ بێزارە هەرکەس بیناسێ زیرەکە، دیارە

بیستم سنووقی تەختە[edit]

بیستم سنووقی تەختە ئەیوت: سیحر ئەمەتە!
ڕێم بدە و گوێم بۆ شل کە «پەح» لە دەنگی بولبول کە!
بە هەزار دەنگ و زمان ئەڵێم، ئەخوێنم جوان جوان!

پیرۆزە، نیازگای ورد و درشتە[edit]

پیرۆزە، نیازگای ورد و درشتە تیایا بە کام ئەگات پەری و فریشتە
چاوی دایک و باوک و نەنک و باپیران: لە دەرگای چەقیوە، سەرپاکی ژیران
هیوایان وەهایە کە لەو دەروازە دەرئەچێ بەیداخی ژیانی تازە
ئەو کۆشکە هەڵبێنن ئەی لاوی وڵات لە پەنای سێبەریا ئەگەنە ئاوات

ماری درێژ و باریک[edit]

ماری درێژ و باریک سەری لە کونی تاریک
دەرئەهێنێ و بە زمان هێڵ ئەخاتە ڕووی مەیدان
ڕووی مەیدانی بەفرینە هێڵ یان سوورە، یان شینە!
هەر هێڵێ تەماشاکەی چیی کێڵابێت تێی ئەگەی!
ئەم ماری سک پڕ ئاوە ئاخ ئەتزانی چیی ناوە!

تیغی تیژی بەبڕشتە[edit]

تیغی تیژی بەبڕشتە حوکمی سەری تۆی بە مشتە
لە بەر چاوت بە هەزاران زەرد و ڕەش و سپیی ئینسان
ئەداتە بەر داسی درەو تاوێ بە ڕۆژ، تاوێ بە شەو!
سزای پاکۆی ئەم گشت لەشە: لە کیسەی خۆت پارەی بەشە

دوو مەقتەعە مەتەڵەکەم[edit]

دوو مەقتەعە مەتەڵەکەم دووەم ئەخوا بڕوا یەکەم
ناو و سیفەت لێکیان داوە وشەی مەتەڵیان لێ زاوە
لامان باو بوو جاری جاران دوایی باوی کەوتە شاران

سێ پیتە مەتەڵی ئەم جارەی ژینت[edit]

سێ پیتە مەتەڵی ئەم جارەی ژینت بیزانی ژین ئەکا زۆر ئافەرینت
یەکەمیان وەکوو مێرد لایەکە لە ژن دووەمیان لە «جێ»دا ئەکشێ بەرەو بن
سێیەمیان بەرودوای قووتی ئینسانە بێ هەرسێ ئەم کۆشکەی لەشمان وێرانە

مەیکێشە با کەم نەکا[edit]

مەیکێشە با کەم نەکا زۆرە لە ناوی یەکا
جووتی پاڵ کەوتووی ناو تاق بیست دانەیە لە عێراق

حەوتە مەتەڵم ژمارەی پیتی[edit]

حەوتە مەتەڵم ژمارەی پیتی مژینی مانگای خەڵقە نەریتی
پیتی سێ و پێنجی لەگەڵ شەشەمی بۆتە هۆ لێمان داپچڕێ دەمی
حەوت و شەش و دوو لەگەڵ سێ بەڕیز شتێک نین چووبی بەلایا هەرگیز!
زیاندارە وەک پێنج و شەش و حەوت دەریالووشێکە بۆ چاڵاوی نەوت
گوێچکەی تاق کەوتووی وەک هیی کەر درێژ، کلکی کوت و مت مارێکی ژارڕێژ
چییە ئەم دەعبا دڕندە و پیسە؟ پێنج بوایە پیتی ئەتوت ئیبلیسە!

وەک کەر لەسەر چوار پێ وەستاو[edit]

وەک کەر لەسەر چوار پێ وەستاو هەیەتی ڕوو، هەیەتی چاو!
پشتی پانە و باری سووکە، دەعبایەکی لەش بێ تووکە!
چی بێ ناوی ئەم دەعبایە کە نزیکی کورسیی شایە!

وشەی مەتەڵ پێنجە پیتی[edit]

وشەی مەتەڵ پێنجە پیتی هەڵیبێنی زرنگ و زیتی!
لە یەک و دووی لەسەر دوانی لە سێ تا پێنج تۆ بی، جوانی!
بێ دوو، وشە، شای چێشتانە بێ سێ گەورەی ناو خێزانە
باتا واتا مەتەڵ زان بە خاوەندی قۆندەرەی جوان بە

لە «هەمان ژوور»دا بۆ دوا وەرگەڕام[edit]

لە «هەمان ژوور»دا بۆ دوا وەرگەڕام کە گەیشتمە بەر «ژین»یان پێشان دام
سرنجم ورد دا لە پیتی هەشتەم دیم دەنگی لای کورد دەرناچێ لە دەم
بۆ کردنەوەی تەلیسمی مەتەڵ حەوت بەسە، هەشتت با نەبێ لەگەڵ

مەتەڵەکەمان چوار پیتی ساغە[edit]

مەتەڵەکەمان چوار پیتی ساغە: دروست کراوە لەسەر بناغە
لە یەک تاکوو سێ ئاوریشم دڕە یاخۆ شوێنێکی لە وڵاغ پڕە،
یەک و دوان و چوار زوڵفی نازدارە یەک و چوار خراپ هەر شەرمەزارە
هەیەتی گشت شت سیان و دوان و چوار بیزانە و بڵێم بژیت هەزار جار!

دیم لە گۆیەکی زەردی سوورباوا[edit]

دیم لە گۆیەکی زەردی سوورباوا دە پانزە ژووری هێلکە لە ناوا
لە ژووری سێ سووچ دەریای شەربەتاو لە هێلکەی وەک زیخ بووبوو بە گۆماو
دەریالووش بە کێرد ورگی گۆی دڕی ژوور ژوور شەکراوی لە دەریا بڕی
هێلکەی فڕێ دا و گۆی پان کردەوە گۆی هونەری خۆی ئاوا بردەوە

شارێکی گەورە هاوناوی گۆمە[edit]

شارێکی گەورە هاوناوی گۆمە سەر سنوور کەوتووی عەجەم و ڕۆمە
سێ پیتەی وشەی لە پێوە بۆ سەر چیت بوێ لەدەم پێی دێنیتەدەر
ناونجیی لاخەی پیتی یەک و دوو لێت نادیارە وەک ناوی مردوو
بەڵام چەواشە بڕوانی بۆیان ژمارەی مانگن بۆ ژنی دوو گیان

مەتەڵ حەوت پیتە «نووسین بە کوردی»[edit]

مەتەڵ حەوت پیتە «نووسین بە کوردی» گەر هەڵیبێنی ئەڵێم زۆر وردی
پیتی یەکەم و دووەم لەگەڵ سێ بەو سەرەوانێ ئەم سەر ئەبەستێ
پیتی سێ و شەشی لەگەڵ یەکەم بێت لای بایی لووتکەی «کاژاو» ئەکێڵێت
بەڵام حەوت و دوو شەش و یەک هەر چوار زێڕێکە لێمان ئەدزێ ئیستیعمار

مەتەڵی ئەمجارە لە نۆ پیت پێک هات[edit]

مەتەڵی ئەمجارە لە نۆ پیت پێک هات: مایەی پێش کەوتنە بۆ گەل و وڵات،
سێیەم و چوارەمی، یەکەمیش لەسەر لە هیچ کوێ نابینرێ لە خانوو بەدەر
یەکەم و دووەم و شەشەم بە ڕیزە میوەیەک پێک دێنن میوەی پاییزە
پیتی پێنج و حەوت و هەشت و نۆ ئاسان ئەبێ بە شارێکی سنووری ئێران

ناپاکێکی پێنج پیتییە[edit]

ناپاکێکی پێنج پیتییە زیانداری نەریتییە
سیان و دوو و یەک وەک ڕووی ڕەشە بە برژاندن ئێجگار چەشە
لەگەڵ دەرکەوت «چوار، پێنج» ئەڵێن بە یەکتر و بەو ئەدەن جوێن
بەو کێردەی خۆی دای سێ و دوو و چوار ورگی ئەدڕن وەک گورگی هار
لە «یەک، دوو، چوار» هەڵی ئەدروون ئەڵێن تۆپی شێری مەلعوون

مەتەڵ نۆ پیتە و کورتەباڵایە[edit]

مەتەڵ نۆ پیتە و کورتەباڵایە یەک و سێ و چواری ناپاکیی تیایە
وەک پێنج و شەش و هەشت بە وەزەن بوو لە پێنج تا حەوتی لەسەر شەڕ بەن بوو
ئێستا کە ماڵی فیتنەی وێرانە سێ و شەش و حەوتی ڕوو لە بڕانە

پێنجە ژمارەی پیتگەلی مەتەڵ[edit]

پێنجە ژمارەی پیتگەلی مەتەڵ بێ سێ شیرەکەی ئەکەنە مەنجەڵ
یەک و دوو خڕە و یەک و دوان و سێ بە شیش ئەبرژێ و ئەیخوا گشت کەسێ
لە دوو هەتا پێنج پشووی پاش کارە سێ و چوار لەگەڵ دوو ئەبینێ دیارە!
ئەوەندە سووک و ئاسانە مەتەڵ یاریی پێ ئەکا شوانی لای ئاژەڵ

لە چوار پیت دێتە بەرهەم[edit]

لە چوار پیت دێتە بەرهەم ئەی برا ئەم مەتەڵەم:
بە یەکەم و سێ و چواری دیل کەری زۆر گیانداری
جگە لە یەک، دوو، سێ، چوار شادیی تۆ و خەمی باڵدار!

مەتەڵەکەم چل پێی هەیە[edit]

مەتەڵەکەم چل پێی هەیە هەر پێیەکی یەک ڕێی هەیە
ڕێگای باریک ئەگرێ و ئەڕوا هەتا لەوپەڕ سەر هەڵئەدا
ناو ڕێگا هێند بۆنی خۆشە تیغی سەرتاش بۆی پەرۆشە
زیرەک بەو بزانە چییە ئەم مەتەڵە چوار پیتییە؟

مەتەڵەکەم پیتی چوارە[edit]

مەتەڵەکەم پیتی چوارە بێ قاچە و کلک و پەڕ دارە
ئەڕوا بێ پێ، ئەخوا بێ دان هەوا بمژێ گورج ئەدا گیان
بۆ هەژاری گوێ ئاو گۆشتە پارەی باشی پێ ئەدا پۆشتە
گەر بتەوێ مەتەڵ ڕاو کەی ئەبێ خۆت نوقمی قوڕاوکەی

مەتەڵم پێنج پیتی ڕێکە[edit]

مەتەڵم پێنج پیتی ڕێکە خۆش ویستراوی گشت کەسێکە
پیتی سیان و چوار و دوانی وەک سەدەف وایە ئێسقانی
بەڵام دوانی و چواری و پێنجەم لە چوارپەلی ئەسپم ئەدەم
یەکەم پیت و دووەم پیتی هەر لە بوێژە بریتی

مەتەڵی حەوت پیت شاعیری مەزن[edit]

مەتەڵی حەوت پیت شاعیری مەزن بولبولی کورد بوو بۆ شیرین خوێندن
ئاوازەی چەشنی هیی یەک، دوو، چوار بوو مەعنای ڕەنگینی ورد وەک یەک و دوو
یەک و دوو و چوار و پێنجیشی لەسەر پیشەی بوو لەسەر ڕووی دەریای هونەر
بە شیلەی جووڵەی چوار و حەوت و شەش بە کوردزمانان شەکری ئەدا بەش
بدۆزیتەوە کێیە مەتەڵم ئەڵێی هەر بژی یاری لەگەڵم

مەتەڵ شەش پیتی کوردی و ئاسانە[edit]

مەتەڵ شەش پیتی کوردی و ئاسانە حەقێکە لەسەر خوێندەوارانە
سێ یەک و دوان و پێنجەم و شەشەم بۆ «ژین» ئەبێتە نرخی هەفتانە
چنۆک ڕائەکا بۆ سێ، دوو، پێنج، شەش پێی بڵێم هی ساڵ بکە ڕەوانە
بڵێم هی شەش مانگ، ئەڵێ: سێ، پێنج، چوار با بێتە خەوت نیوەی ساڵانە
ئەگەر بۆ پارە هەڵکوتمە سەرت، ئەبینی مەتەڵ لەسەر زمانە!

حەوت پیتە مەتەڵ شاخ لێڕواوە[edit]

حەوت پیتە مەتەڵ شاخ لێڕواوە پەنجەگەزیوە و فرمێسک بە چاوە
لەیەک تاکوو پێنج بێ چوار ئەیڕێسن ئەیکەن بە بەڕە و بەرماڵ پیرێژن
پێنج و شەش و سێ بۆ چێشتی هەژار لە ڕەش، لە سپی دێتە ناو بازار
ئەگەر حەوت و شەش لەگەڵ سێ و چوار بێ ڕەنگە بۆ ناوی مەتەڵ لەبار بێ!

کفرە مەتەڵ، لام وایە[edit]

کفرە مەتەڵ، لام وایە لای هەندێک ناوی خوایە
خوایەک کە لە ڕووی ئەرزا وەکیلیەتی سەرمایە
خاوەن سەرمایەی ناپاک ئاشووب ئەخاتە کایە
بۆ سوودی خۆی، بۆ شادیی دڵی ئەو خوای بەدخوایە!
بە ئیملای کوردی مەتەڵ تەنیا لە چوار پیتایە!

یەکەم شاعیرمان هەر بە ناو بیستراو[edit]

یەکەم شاعیرمان هەر بە ناو بیستراو حەوت پیتی کوردی بۆی ئەبێ بە ناو
یەک و پێنج داری گەورەی شیرین بەر لە یەک هەتا چوار تابووت دێتەدەر
یەکەم و حەوتەم لەگەڵ شەش و دوو گشت کەس هی چەوری ئەکا ئارەزوو
زۆردار خستووینیە گێرەو کەشمەکەش لەشی ڕووت کردووین لە یەک پێنج و شەش
ئەگەر شاعیری دێرینی گەلت ناسی، هەر بژی قەڵەم و پەلت

هۆی حەسانەوەی سەرە[edit]

هۆی حەسانەوەی سەرە لەگەڵ سەر سوار و کەرە
بەڵام کەر هەر لە ژێرە هێندە بێ خێر و بێرە
ئەو نەبێ کورد بییەوێ هەم ژێر، هەم سەر ئەکەوێ
زیرەکیی خۆت بنوێنە ئەم مەتەڵە هەڵبێنە

وێنەی مەتەڵم لە نۆ پیت پێکهات[edit]

وێنەی مەتەڵم لە نۆ پیت پێکهات شیعری چۆتە ناو گۆرانیی وڵات
نەخوێندەوار بوو، بەڵام داستانی خوێندەوارانیش نرخیان ئەزانی
لە یەک تاکوو سێ لە ڕواو دەردێ لە یەک هەتا چوار سەری پێ ئەشکێ
لە شەش تاکوو هەشت پێنجیشی لەسەر چل زمان ئەدا لە زوڵفی دولبەر
سیان و دوو لەگەڵ شەش و پێنج، یەک، حەوت لەم شارەی ئێمەی بڕیوە سرەوت
مەتەڵ هەڵبێنی و بزانی کێیە ناوت بە زیرەک دانێن بەجێیە

مەتەڵی بەدکار لە حەوت پیت پێک دێ[edit]

مەتەڵی بەدکار لە حەوت پیت پێک دێ ناژی وەک ئەسپێ خوێنی خەڵک نەمژێ
یەک و دوو دەستە، پێنج و شەش و حەوت باوەشێن ئەکرێ هاوینان کە خەوت
پێنج و شەش، سێ و حەوت لە ئاوریشم ئەدڕێ لە خەرمان حەوت، سێ، یەکی پێ ئەبڕێ
پێنج و چوار و سێی ڕەنج ئەبا وەک با وەک پێنج و دوو سێ و یەک لەسەر ئەدا
ئەگەر هەڵبێنی مەتەڵی ناساز نزات بۆ ئەکەم ببی سەرفەراز

مەتەڵ بڕبڕەی پشتی وڵاتە[edit]

مەتەڵ بڕبڕەی پشتی وڵاتە سەربەرزە گەرچی پەڕپووت و لاتە
لە شەش پیت پێک دێ و شەش هەتا چواری لەناو ڕەنگانا ڕەنگێکە دیاری
شەش و دوان و یەک دەنگی لێوە دێ سیان و دوان و چوار دەعبای تیا ئەنوێ
یەک و چوار لەگەڵ دووەم و پێنجەم ئاوێکە لە ژار تاڵترە بە دەم
یەک تا چوار بێ سێ دەمە و هەنگوینی هەنگوینێک بە گوێ ئەدا شیرینی
بزانی مەتەڵ کام چیای بەرزە هەزار «نامەخوا»ت لەسەر ژین فەرزە

مەتەڵ شوێنەزای شاعیرێکە زل[edit]

مەتەڵ شوێنەزای شاعیرێکە زل شاعیر خۆی گڵی ناو ئەبا بە کل
لە حەوت پیت پێک دێ و دووی دووبارەیە هەموو قۆناغێک دوور لەم شارەیە
لەیەک تا سیانی وەک پێنجە تا حەوت چوارەم سەرزلی خاوەن کلکی چەوت
پیتی یەکەم و دووهەم و حەوتەم کوتانی باو بوو بەڵام ئێستا کەم
پێنج و دوان و چوار زوڵفی نازدارە سیان و دوان و شەش لە دوور دیارە
وەڵام هەڵبێنی دەرئەخەی ژیری مەتەڵ زانێکی بەهۆش و بیری

چوار پیت وەک یەک تاق و جووت[edit]

چوار پیت وەک یەک تاق و جووت قەڵای باو باپیری زووت
دەورەیان دا کڵاوسوور قەڵایان کردیت خاپوور
ئەم مەتەڵە بزانی وەستای بەیت و داستانی

پەنجە بەرە بەی هەڵگرە[edit]

پەنجە بەرە بەی هەڵگرە لە خانوودا ڕوو لە دەرە
ئەوەی ئەیکا بە ڕەنجی شان هاودووکانی ئاسنگەرە
ئەگەر زانیت مەتەڵ چییە «نامەخوا»کەت لەسەر سەرە

لە نۆ پیت پێکهات مەتەڵی ئەشکەوت[edit]

لە نۆ پیت پێکهات مەتەڵی ئەشکەوت کاتی زوو ئینسان لەناویا ئەخەوت
ئێستاش ئێسقانی کەللە سەری کۆن تیا پێشان ئەدا ئینسان ئەژیا چۆن!
بە بێ ناونیشان هەڵیدێنێ کورد سرنج لە مەعنای ئەم شیعرە با ورد:
سەد دەستە پیاوی ئازا و خێزان دار بۆ یادیان کردیان تا سەر بە هەوار

مەتەڵێکە سەر لێ تێکدەر[edit]

مەتەڵێکە سەر لێ تێکدەر کێواوکێو دەشت ئەداتە بەر
دوو جار بێت و ناوی بەری باوکی مناڵ هەڵئەدا سەر

بە هێڵەک ئارد ئەبێژن[edit]

بە هێڵەک ئارد ئەبێژن شتێکی لێ ئەڕێژن
سەری پێیە و پێی سەرە بە پێنج پیت ناوی بەرە
پێنج پیتی ئیملای کوردی ئەگەر زوو زانیت وردی

شوێنەزای پیری شیعری گۆرانی[edit]

شوێنەزای پیری شیعری گۆرانی لە حەوت پیت پێک دێ وشەی دوولانی
لە یەک تاکوو سێ بارانی شەستە یەک و پێنج و شەش ڕێی ڕوانین بەستە
مناڵ حەز ئەکا لە سێ، دوو، شەش، حەوت کێ کردی شەش، دوو لەگەڵ یەک هەڵکەوت
بە بێ چوار، شەش، حەوت مەتەڵ هەڵبێنی «ژین» پێی لێ ئەنێ هونەر ئەنوێنی

مەتەڵی شەش پیت لە دەشتی بەپیت[edit]

مەتەڵی شەش پیت لە دەشتی بەپیت گردە و منارەی ڕاوەستاوی قیت
پیتی یەک و دوو و سێیەم و شەشەم ڕووی کردە نزمی ناو ئەبرێ بە تەم
چوارەم و پێنجەم سێی بچێتە سەر تا نەکرێتەوە دەنگ نایەتە دەر
یەکەم و پێنجەم لەگەڵ شەش و سێ گوڵە و لە دێم و لە بەراو ئەڕوێ
کە چوویتە شاری دێرینی مەتەڵ لە گەنم پڕ کە گیرفان و باخەڵ

مەتەڵ بۆ کوردێک بە شەش پیت پێک دێ[edit]

مەتەڵ بۆ کوردێک بە شەش پیت پێک دێ چوار و پێنج و یەک بەهار زۆر ئەبێ
چوار و دوان و شەش بکێڵە بەهار پاییز مێوژت ئەبێ شەش، پێنج، چوار
لە سەرتە یەک و دوان و شەش و چوار گشت سێ و دوو و چوار و شەشێکی بەهار

وەرە دروست کەین لە نۆ پیت مەتەڵ[edit]

وەرە دروست کەین لە نۆ پیت مەتەڵ داخ بەرینە سک خوای شەڕی چەپەڵ
ئەگەر لەباتیی پیتی پێنج و چوار واوێک وەربگری لە کۆتری نازدار
ئەمجا پیتەکان پاش و پێشتر خەی دوایی بە وردی لە گشت سرنج دەی
ئەبێتە بەهەشت، بەهەشتی نیاز چۆلەکەی بۆتە مەلی «خۆش ئاواز»

حەوت پیتە ئەمجارە، نەگریسە مەتەڵم[edit]

حەوت پیتە ئەمجارە، نەگریسە مەتەڵم لە دەستی زۆری چەشت ڕۆژی خۆی کۆمەڵم
لە یەکەم تا شەشەم خشۆکی ژاردارە حەوت و شەش لەگەڵ دوو کراسی ڕەشمارە
حەوت و چوار لەگەڵ دوو بڵندە و سیان و چوار دەستەیە و یەک، شەش، پێنج هاوارە لە ئازار
هەرکەسێ تینوێتی بۆ نەورۆز بنوێنێ بێ گومان هەوڵ ئەدا مەتەڵم هەڵبێنێ

مەتەڵم پیتی حەوتە و ئاسانە[edit]

مەتەڵم پیتی حەوتە و ئاسانە گەشە و بۆن خۆشە و بە ڕەنگ زۆر جوانە
یەک و دوان و سێ سەرجەمی زۆری پێنج و شەش و حەوت مەڵبەندی زۆری
یەک و چوار و دوو لەگەڵ سێیەمین ئەدرێ، بە شانا چەرمێکە پەشمین
حەوت و شەش و سێ لەسەر کوڵمی ئاڵ وەک داخی پەڕەی گوڵ دێتە خەیاڵ
بزانە چییە مەتەڵی بەهار با ئافەرینت بکەن هەزار جار

مەتەڵەکەم شەش پیتییە[edit]

مەتەڵەکەم شەش پیتییە ئاواتەخوازی برسییە
بەڵام زیخی وەک یەک و سێ یەک، دوو، چوار، پێنجیش ئەیناسێ
وەک بەردی یەک، شەش، سێ ڕەقە دان لە ترسی گازی لەقە
بەڵام ڕەق بێ یان ئاسان بێ زوو بۆت هەڵدێ مەبەست نان بێ

لە یەک تا سێ ساڵی پێشوو[edit]

لە یەک تا سێ ساڵی پێشوو لە حەوت تا نۆ حاڵی پێشوو
یەک، دوو، سێ، پێنجی لەسەر بێ ورگی خاوەن تەماع ئەدڕێ
لە شەش بۆ چوارەم باڵدارە بێ هەشتەم پیت پەلامارە
جێگایەکە ئەم مەتەڵە لای ئێمە پڕ لە تەمەڵە
لە زۆر جێگای ئەم دنیایە دڵسۆزانی گەلی تیایە
بە ژمارە هەشتە پیتی هەڵیبێنی زرنگ و زیتی

لە شەش پیتەکەی جووتی پێش و پاش[edit]

لە شەش پیتەکەی جووتی پێش و پاش قسەی مناڵن بۆ شت جوان بێ و باش
لە سێوە بۆ پێنج کزی و بێدەنگی یەک تا سێ زستان مایەی دڵتەنگی
هەرکەس لە یەکەم تا چواری زۆر بێ دەزگا و دووکانی یاخوا هەر مۆر بێ
تا ئێستا نرخی ئێجگار گرانە تاوانیش دیارە هیی شارەوانە
بزانی مەتەڵ سەوزەی ڕووسوورە ئەڵێی لە وزەی کڕین ئای دوورە!

مەتەڵ لە چوار پیت پێک دێ[edit]

مەتەڵ لە چوار پیت پێک دێ دووکەڵ ئەکا و ئەسووتێ
یەک، دووی شیرین وەک هەنگوین یەک، دوو چوار مایەی پژمین
بۆمان ئەبووە هۆی سامان سەربەست بوایە بازارمان
هونەری خۆت بنوێنە ئەم مەتەڵەش هەڵبێنە

مەتەڵی حەوت پیت زەنگیی کڵاوسەوز[edit]

مەتەڵی حەوت پیت زەنگیی کڵاوسەوز ئاو ناخوا بەرپێی تا نەکەن بە حەوز
مل هەڵواسراوی بن لقی بەرزە پاش ئیعدام پێنج، چوار، سێ و حەوتی فەرزە
یەک، دووی تۆز ئەکا، یەک، دوو، چوار لای ژوور چوار و پێنج، سێ و یەک سەرۆکێکی دوور
ئەمیش هەر بەری ڕەنجی جووتیارە کێ ئەیکا و کێی تر بۆی ئەخوا؟ دیارە!

حەوت پیتییە مەتەڵی خۆش[edit]

حەوت پیتییە مەتەڵی خۆش چەرخ و فەلەک دێنێتە جۆش
لە یەک تا چوار ڕۆژی شادی سک تێری و گەردن ئازادی
لە سێ تا حەوت بابەتی ژن سێ و چوار نیوەی کۆمەڵی من
لە چوار تا شەش زادی خوایە چوار، پێنج هەروەک شەش، حەوت وایە
سێ و پێنج و شەش هۆی هاوارە سرنج بدەی مەتەڵ دیارە

مەتەڵەکەم پێنج پیتە[edit]

مەتەڵەکەم پێنج پیتە لە ئاردایە و بێ پیتە
پاش و پێشی وەک یەکە سێ پیتی دواییی یەکە
ئەم مەتەڵە هەڵبێنی دیارە هونەر ئەنوێنی