دیوانی وەفایی/ئەی غارەتی هۆش و خیرەدم نەرگسی کاڵت
Appearance
| ئەی غارەتی هۆش و خیرەدم نەرگسی کاڵت | ڕۆشنگەری ئاوێنەیی دڵ عەکسی جەماڵت |
| حاشا مەکە قوربان لە کوژاوی خەت و خاڵت | ئیسباتی شەهیدیم ئەوەتا پەنجەیی ئاڵت |
| دەستم کە نەگەییێ بەسە بەو گەردنە خینم | |
| وەک زولفی ڕەش و نەرگسەکەی فیتنەگەری تۆ | سەرمەستم و سەوداسەرم و دەربەدەری تۆ |
| گەر دین بووە گەر دڵ بووە قوربان بە سەری تۆ | ئێستاکە لە سایەی سەری زولف و نەزەری تۆ |
| گەردەنکەچی زوننارم و مەیخانەنشینم | |
| ڕۆژ عاریزی تۆ ئاگری بەردامە هەناوان | شەو پەرچەمی تۆ دووکەڵی ئاویتمە چاوان |
| بەندبەندی دەروونم هەموو سووتاوە لە تاوان | ناڵەم وەکوو نەی دێ لە خەمی حەڵقە و داوان |
| لەو شیوە وەرن گوێ بدەنە شیوەن و شینم | |
| زولفت کە لەسەر عاریزی تۆ خۆش حەرەکاتن | گۆیا سەحەری عید و شەوی قەدر و بەراتن |
| دایم دەگەڕێن تەشنەیی خوێنی شوهەداتن | دوو سەف لە فەڕەنگی لە تەرەف ڕۆمەوە هاتن |
| بردیان بە ئەسیری دڵەکەی زار و حەزینم | |
| وەک کافرێ تینوو بێ بە خوێنی سەری ئیسلام | وەک تورکێ لە دین وەربگەڕێ مەست و مەی ئاشام |
| چاوت بە کەمان مۆرەیی ئەبرۆیی سیەهـ فام | تیرێکی وەها سەختی لە موهرەی جگەری دام |
| تا ڕۆژی حەشر هەر دەتکێ خوێن لە برینم | |
| چ بکەم وەکوو قومری کە نەیێ ئاهـ و فوغانم | پڕخوێنە وەکوو نافە دڵی بەستەزوبانم |
| هەر لەحزە بە نازێکی دەکا غارەتی جانم | ڕادەبرێ بە بای عیشوە، دەڵێ: سەروی ڕەوانم |
| دەنواڕێ بە تای زولفی، دەڵێ ئاهووی چینم | |
| سینەم هەموو سووتاوە لە تاو ئاوری سینا | دیدەم هەموو پڕخوێنە لەبەر چەشمەیی مینا |
| ئەو دەردە وەفایی کە لە چاوی گوڵم هێنا | موشکل کە شیفام بێ بە هەزار بووعەلی سینا |
| جارێکی مەگەر بێ بە دڵی خۆمی ببینم | |