دیوانی نالی/ی

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی نالی  (1860)  by نالی
پیتی ی

1[edit]

ئەی خەستەیی چاوت هەموو ئاهوویی تەتاری! وەی بەستەیی زوڵفت هەموو شێرانی شکاری!
خەندەت بووەتە باعیسی گریانی دەمادەم بەرقە سەبەبی بارشی بارانی بەهاری
سەهمی نیگەهت خستمی، هەستامەوە ڕاکەم ئەگریجە و زوڵفت بە جەفا هاتنە یاری
وای فەرموو کە ماچت نەدەمێ ڕووڕەشی تۆ بم ئەم ساڵە بەجێدێ ئەسەری وەعدەیی پاری
مەغشووشی زەڕە، عاجزی زیو، دەرهەمی دیرهەم بۆچ تێکچووە سۆفی کەرەبۆز بۆ غەمی باری؟!
هەر یارێ کە ماڵان گەڕ و بێگانەیە نالی کەندوومە ددانی تەمەعی بۆس و کەناری

2[edit]

ساقی! وەرە، مەیخانەیی دڵ کۆنە ڕەحیقی گەر مایلی تەوفی حەرەم و بەیتی عەتیقی!
یەک ڕەنگم و بێڕەنگم و ڕەنگین بە هەموو ڕەنگ بەم ڕەنگە دەبێ ڕەنگ ڕژیی عیشقی حەقیقی
مرواریی ئەشکم وەکوو یاقووتی، ڕەوانە ساقی! بدە لەو لەعلە شەرابێکی عەقیقی...
دائیم لە حەزەردا سەفەری بە، لە وەتەندا غوربەت کەش و عاجز بە، ئەگەر ئەهلی تەریقی
خەڵقی کە هەموو کۆدەکن و بەستە زوبانن، با بێن و لە نالی ببیەن شیعری سەلیقی

3[edit]

ئەی قەلعەیی ماهم کە دەڵێی ئەوجی بورووجی! وەی قوللەیی دووری کە دەڵێی قامەتی عووجی!
وەک قافی زەمین قابیلی ئیکمال و تەرەققی... وەک بورجی سەما لایقی ئیقبال و عورووجی!
ئەی ئاهووی نادیدە بە تەئسیری مەهیبی یا گەوهەری ئەسدافی و یاقووتی دورووجی
بۆ مەجلیس و یاریی سەبەبی شەوق و سیراجی بۆ ڕاو و سواریی عەلەمی زین و سورووجی
سەد حەیفی لە بۆ کەعبەیی حوسنت کە بەسەریا نەججاشیی خەت هاتووە نێزیکە خورووجی
هەرچەندە دەکەن قەتعی سەرت، دێیەوە ئەی خەت وەک (هیندووی سەححاری مەجووسی) چ لەجووجی!
تەلوینی ڕەقیبت چ بەیان کەم بە (مەقامات)؟! مەشهوورە حیکایاتی (ئەبوو زەیدی سورووجی)!
مەعلوومە لەوێ ڕاز و خوتووری دڵی نالی إِذْ حَلَّ بقَلْبي، وَ بِاَسْرَارِهِ نوجِی

4[edit]

بنواڕە نەوبەهار و فوتووحاتی گوڵشەنی گوڵ زاری کردەوە، لە دەمی، غونچە پێکەنی
لەم پارچەڵۆکە هەورە بە قەد ڕووی هەموو زەمین بەم ڕایەڵە قەدیفەیی سەوزی عەجەب تەنی
بورجی درەختی سەوز و بولەندی وەک ئاسمان پێوە شگۆفە هەروەکوو نەجمن بە ڕۆشنی
بەزمی هوزارە، قەل فڕی ئەغیارە، دەوری گوڵ سۆفی! بڕۆ، مەبە بە دڕک، تۆ لە ئێمە نی...
هەر دارە بەرگ و، هەر گوڵە ڕەنگێ خەڵاتیە هەر جوودی نەوبەهارە کە عالەم دەکا غەنی
دیسان لە بگرە بەردەیی گوڵچین و باغەبان بولبول کەناری گرت و دڵی غونچە ڕاچنی
خارایی سەوز و شینی لەبەر کردووە جەبەل دامێنی وەردی سوورە کە دەستم بە دامەنی!
وادی بووە بە وادیی پڕ نووری تووری نار نەعلەین لە پێ فڕێ بدە نالی بە ئەیمەنی

5[edit]

قەدری من چەندە لەلای دەوڵەتی دنیایی دەنی، قەدری ئەو کەمتر و، هەردوو لە غەمی یەکدی غەنی
تاغی و باغی و، باغی گوڵ و نەیرەنگ و فەنی شاد و شادابە بە گوڵ ئاتەشی و نارەوەنی
هێندە دڵخۆشە لەبەر سەبزی و دار و دەوەنی، کە دەڕەقسێ وەکوو شاخ و فەنەن و نەستەرەنی
لە خەزان بێخەبەرە بەرگی بەهار و چەمەنی بێبەقایی گوڵ و سەرو و سەمەن و یاسەمەنی
فەلەکی میهر مەهی، وەقتە تەواو بێ زەمەنی کەوکەبەی ئەنجومی و دائیرەیی ئەنجومەنی
خوانی ئەلوانی زەمین و سەفی سینی و سەحەنی تەشت و تاس و تەبەق و لەنگەر و شەمع و لەگەنی
من وەکوو ڕەعدم و تۆ وەک گوڵ و سەبزەی دیمەنی من دەگریێم و دەناڵێنم و تۆ پێدەکەنی
ئەی دەراتوو لە دوو مەجرایی دوو میزابی مەبال مەبە بادی وەکوو خەرزیهـ بەهەوای کیبر و مەنی
تەنی ڕازی بە خەشین پۆشیی وەک شێر و شوتور بێنیازە لە برێشم تەنی و پیلەتەنی
گوتم ئەی قیبلە قوزە! بۆ چی بە تەحریری حەریر ڕاغیبی لیبسی عەجەم، تاریکی بەرگی یەمەنی؟
گوتی تاجی عەرەب و، ئالی عەبا فەرموویان: عەیبە تەن پەروەری و نەرمی و نازک بەدەنی
ئێمە مەردین و هەموو شێری خەشینپۆشی مەساف کرمی قەز هەرچی تەنی، بۆ تەنی نیسوانی تەنی
قەز، برێشم، کە حەرامە لە ڕەجول، نەک نیسوان سوننەتی شەرعە، ئەگەر تابیعی ئەهلی سونەنی
تەرکی ئارایشی تەن نەقدی ڕەواجی عەرەبە تۆ عەجەم، مەردی موزەخرەف تەنی و قەڵبەزەنی
میللەتی کورد و عەرەب هەردویەکە تەفرەقە بوون لە جەفا و میحەنی موڵکی سەبا و یەمەنی
وەکوو ئەو کرمە لەنێو قوببەیی ئەبریشمدا عاقیبەت موردەیی یەئسی عەمەل و بێکەفەنی
چونکە نالی! لەسەر ئەم ئەرزە غەریبی وەتەنی هەستە باری مەدەنی بە، مەدەنی بە، مە دەنی

6[edit]

بێ جوێ بوونەوەیێ، زەخم و برین و ئەسەرێ، تیری و موژگانی درێژت لە جگەر تێدەپەڕێ...
سۆفیی خەڵوە نشین بۆ نەزەرێکی گوڵی ڕووت ڕەنگە وەک نەرگسی تەڕ چاوی سپی بێت و دەرێ
زوڵفی دوو تایی ترازوو مەسەلی دڵکێشت، ڕۆح دەکێشن بە دوو سەر، ئەم بە سەرێ، ئەو بە سەرێ!
من لە ئیحرامی ئەدەبدام و، ئەتۆش سەیدی حەرەم موددەعی، هەروەکوو سەگ، بۆ چی بە ئێمە دەوەڕێ؟!
یادی چاوی بە فوتوورت لە دەرووندا مەرەزە غەمی زوڵفی بە خەمت بوو لە دڵمدا بە گرێ
وەکوو پەروانە بە شەو هێندە بە موشتاقی دێم، بە چرای کوڵمتەوە، ڕەنگە عەسەس لێم بگەڕێ
لە جگەرگۆشەیی شیعرم مەدە مەعنایی خراپ بێخەتا کەس نییە ڕازی کە لە ئەولادی درێ...
ڕاستی جەوهەرییە تیغی زوبانی نالی نەرم و توند، ئاوی گەلووگیرە، قسەی پێ دەبڕێ...

7[edit]

گەر بازی نەزەر بازی، لەم دەست و نیگارەت چی! بۆ یاری و دەسبازی، لەم ڕاو و دیارەت چی!
گەردن کەچی زوڵفی بووی، سا دڵ مەدە بەر موژگان وا خۆت لە تەناف داوە، ئیتر لە قەنارەت چی!
ئەو چاوە کە هەڵدێنی، سەد عەربەدە دەنوێنی هەر ڕۆحە کە بستێنی، لەم غەمزە دوبارەت چی!
گەنجینەیی نێو سینە، ڕەنگینە بە سەد کینە ئەی لەککەیی ئایینە، یا ڕەببی بە غارەت چی!
موژدەی قەدەمی سەر بوو، دڵ هات و لە ڕێدا چوو جان ماوە لە بۆ وەسڵی، بدرێ بە بەشارەت چی؟!
وا خوانی کەناری من بۆ نوقڵی دەم و ماچە ئەی لووتەخۆری تەکیە، سا تۆ لە کەنارەت چی!
بۆچ مایلی تەنهایی؟ سەودایێکە خۆڕایی... ئەی مەردومی بینایی، لەم کولبەیی تارەت چی!
نالی خۆشە نەومیدی، دڵ بەستە مەبە ئیدی گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی!

8[edit]

بَرِقَ الْبَصَر لەبەر بەرق تەلەئلوئی لەئالی خَسَفَ الْقَمَر لە ئیشراق قیامەتی جەمالی
نییە دیدەیی چ مەردوم، نییە مەردومی چ دیدە لە فرووغی خەددی فاریغ، لە خەیاڵی خاڵی خاڵی
سەری هەردوو کوڵمی داخۆ گوڵی نەوبەهارە، یا خۆ تەرەفی نەهارە، زوڵفی زُلَفٌ مِنَ اللَّيالي؟!
یەمی دیدە پڕ لە مەرجان، وەکوو یەشمی ئابدارە شەبەیە شەبیهی زوڵفی سیاهی وەک زوخاڵی
بە مەلاحەتی تەکەللوم هەموو زەمزەم و مەلیحی بە فەساحەت و تەبەسسوم هەموو کەوسەر و زولالی
نەزەرم پڕە لە نووری شەو و ڕۆژی تەلعەتی تۆ کە بە ڕوو شوعاعی شەمسی، بە برۆ خەمی هیلالی
ڕوخی تۆ گوڵێکە سەد وەک هوزاری عاشق، ئەمما لە هەموو چەمەن دیارە بە ئوسوولی ناڵە نالی

9[edit]

موساوی وەک یەک و لوولن لە هەردوو لاوە زولفەینی نموونەی عەکسی حەرفی «میم» و «نوون» و «واو»ە زولفەینی
بە داوە، کرژ و خاوە، یەعنی ئاڵۆزاوە زولفەینی دوو تاوە، دوو سیان و شێوەکەی شێواوە زولفەینی
پەرێشان و شکستە و سەرنیگوون داماوە زولفەینی تومەز بادی سەبای چین و خەتای لێ داوە زولفەینی
لە جێی پاوانە و گەردنلغی داناوە زولفەینی کە وەک ئەژدەر لە پێ و گەردنی ئاڵاوە زولفەینی
دو جادوو ماری مەغزی ئادەمی خواری قەرار داوە لەسەر شانی، وەکوو زەححاک و، ناوی ناوە زولفەینی
بە توڕڕە وەک پەڕی تاوس، بە گەردەن ئاهووە، یەعنی لەسەر ئاهوویی گەردەن هەردوو حەڵقەی داوە زولفەینی
بە زاهیر زوڵمەت و دوودە، بە باتین نوور و، نارێکی لە عوود و عەنبەر و میشکی خەتای بەرداوە زولفەینی
شکەنجی تاری پڕ میشکی تەتار و تارە، ئەمما ئەو دوتا و، هەر تایە بارێکی لە عەنبەر ناوە زولفەینی
وەکوو دوودی سیاهە ئاهی نالی و، ئەم، ڕەقیبانە لەسەر تا پێ لە بەرگی مەرگ و ماتەم ناوە زولفەینی

10[edit]

نەفەس بگرە لە هاتوچوویی خۆڕایی هەتا ماوی کە ئەم بایە هەتا ئێستا کە هەر عومری بە با داوی
حەیاتت نەقدی تەحسیلی بەقا و ڕیبحی ڕیزوانە ئەتۆ دەیکەی بە مایەی دەخڵ و خەرج و کەسبی بەدناوی
عەجەب ماوم لە جەرگت، ئەی دڵەی غافڵ، کە موددێکە لەسەر ئەم ئاگرەم داناوی، هێشتا هەر نەبرژاوی
مەسەل دنیا ژن و، چەرخیش خەڕەک، دەم دەم بە دووخی غەم ڕەگی تاری وجوودت با دەدا، هێشتاکو هەر خاوی
زەمانە چەرخ و، چەرخی ئاسمانیشی، فەلەک فیلکە سەری ڕشتەی وجوودی چەندە باداوی و هەر ماوی
مەگەر مەیخانەیە دنیا کە وا کاسی لەبەر کەئسی! بە نەغمەی عوودی سووتاوی، بە نەشئەی تاسی تاساوی!
ئەمێستەیش، گەرچی عەیش و عوشرەتت هەر تاڵ و تاڵاوە بە مەرگی تۆ، لە پاشانیش دەخۆی تاڵاوی تاڵاوی
هەوای سەیری بەڕ و بەحر ئاگری بەرداوەتە عومرت کە تۆزێ مونعەقید خاکی، دڵۆپێ مونجەمید ئاوی!
کە خاکی، خاکی دامەن بە، وەگەر نە، تۆزی بەربادی کە ئاوی، ئاوی گەوهەر بە، وەگەر نە، بڵقی سەرئاوی
هەتا شەققەی فەلەک نەبووە بە کافووری کفن، هەستە کە ئەمشەو فرسەتە، هێشتا فەلەک ماوی، ئەتۆش ماوی
نەواڵەی تۆبە دەربێنە، هەتا تەن نەبووەتە سفرە پیاڵەی شیشە بشکێنە، هەتا وەک کووپە نەشکاوی
بە میعراجی سولووکی سالیکاندا تا نەچی ڕۆژێ، لەناو جەهلی مورەککەبدا دەمێنی هەر وەکوو ماوی
گەدا ئینسان و دنیا غوربەتە مِنْ حَیثُ لا تَشْعُرْ بە هیممەت تالیبی چشتێکی نازانی بڵێی ناوی
شتێکە بی شەبیهـ و جینس و فەسڵ و کەشف و تەقریرە موبەڕڕایە لە تەقریر و حەدیسی حادیس و ڕاوی
نەزانینت لەبەر عیجزە، نەوەک جەهلە، کە ئەم چشتە قەدیمە نایەتە تەقریری قەولی حاکی و ڕاوی
لە قورئاندا بە ما أُخْفی لَهُمْ مەکتووم و مەختوومە بەیان نابێ بە تەفسیری دوسەد (کەششاف) و (بەیزاوی)
موبەییەن بوو لە قورئاندا بە نووری قُرَّةُ الأَعْینْ نە وازیح بوو بە (کەششاف) و، نە ڕۆشن بوو بە (بەیزاوی)
کە جێگەت بۆ عیبادەت بێ، چ فەوقانی، چ تەحتانی کە حوببت بۆ سیادەت بێ، چ بەرزنجی، چ باراوی
مەکە دەعوایی پاکیی نەسەب بۆ جیفەیی دونیا کە سەیید بی، چ بەرزنجی، چ پیریایی، چ باراوی
وەرە ئەم نیکتەیە من پێت بڵێم نالی ئەگەر فەرزن هەموو دنیات ببێ، هێشتاکو هەر حەیران و داماوی

11[edit]

وەرە ساقی! بە شین و نەدب و واوەی ئەوا فەرشی حەیاتی خۆم دەکەم تەی
دەزانی خۆ دەچینە جێی غەریبان بە مەرگی خۆت ئەگەر چاوان سیا کەی!
گلە ناکەم ئەوەندەی دەنکە جۆیێ ئەگەر کەللەی سەریشم پڕ لە کا کەی
هەموو وەقتم دوعایە: داخۆ کەی بێ بە تیرێکم شەهیدی کەربەلا کەی؟!
چ خۆشە من وەکوو تازی بنووڕم ئەتۆش هەر وەک غەزالەی بەڕ هەڕا کەی!
بە حەسرەت عومری من یەکبارە فەوتا مەگەر عومرێ دوبارەم پێ عەتا کەی
گوتت: نالی! ئەتۆ بمرە ئەمن دێم خودا کەی بێ، خودا کەی بێ، خودا کەی!

12[edit]

گوڵ کە یاغی و دەم دڕاو بوو، کەوتە لاف و ڕەنگ و بۆی باغەبان گوێی گرت و، وا هێنای بە دەستی بەستە بۆی
ڕەنگی زەرد و سووری خەوف و خەجڵەتی، ئاوی حەیای وا تکاو، ئەرجوو دەکەن عەفوی بکا وەک عەبدی خۆی
چونکە بێنی بێوەفایی و ناز و شۆخی لێ دەهات، ناردییە بازاڕی ڕیسوایی کە بیدا شوست و شۆی
دەست بە دەست چوو تا گەیشتە دەستی عەتتاری سەفیهـ نایە سەر نار و عەزابی ڕۆحی دا و سفت و سۆی
چونکە مەنشووری گوڵەندامی بە ناوی خۆی دەوێ یار، ئەگەر لەو باغییانە کەس بمێنێ، عارە بۆی
مەهـ بە شەو هەڵدێ، پەنا دەگرێت و دەنوێتن بە ڕۆژ دا بگاتە سیڕڕی پەچچەی پەرچەم و وەسفی برۆی
گەر بڵێم: شەمسی، دەڵێ: ئەو خۆش ڕووە بێپەردەیە وەر بڵێم: سەروی، دەڵێ: ئەو ئەحمەقە کوا گفتوگۆی!
دیدە و دڵ هەردوو وا جۆبار و جۆیای قەددی تۆن سەروی دڵجۆی عەرعەر و، دڵجۆی نەمامی دیدەجۆی
چونکە باوکی ڕۆمی و دایکی حەبەش بوو، ما بە بەین ڕۆژ و شەو، کافوور و میسکی، ڕوو گەنم، خاڵ دەنکە جۆی
من گوتم: سەروی قەدت مەوزوونە، ئەو تەبعەم هەیە ئەو گوتی: نالی بە میزابی کینایەتمان دەشۆی