دیوانی نالی/ۆ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی نالی  (1860)  by نالی
پیتی ۆ

1[edit]

زوڵفت کە لەسەر ڕوو بە خەم و تابشە ئەمڕۆ، دوودی سیەهی عوودە لەسەر عاریزی پشکۆ
دەستم کە بە سەد وەعدە لە سەد جێگە شکاوە، جەبری نییە ئەم کەسرە هەتا نەیخەیە ئەستۆ
خاڵت چییە؟ دانەی گەنمی جەننەتی ڕووتە چاوت چییە؟ فیتنەی حەرەمی قیبلەیی ئەبرۆ
شەو بۆیی سەری سونبولی زوڵفت لە سەری دام ئێستەش سەرەکەم مەستە لەبەر نەشئەیی شەوبۆ!
نەمبیستووە هەرگیز لە دەمت بێنی وەفایێ هەرچەندە سەراپا گوڵی، ئەمما گوڵی هێرۆ
قوربان وەرە تا ئەم غەزەلە تازە لەبەرکەین عیزز و شەرەفی نالی بە تەشریفی قەدی تۆ

2[edit]

دەروونم پڕ کەباب و دەردە بێ تۆ دڵم گەرمە و هەناسەم سەردە بێ تۆ
خەریکی شەش دەری هات و نەهاتم خەلاسیم قەت نییە لەم نەردە بێ تۆ
لیباسم ماتەمە، شینە، لە شیندام سوروشکم سوورە، ڕەنگم زەردە بێ تۆ
عەزیزم! دڵ ڕەقە و، خۆم فەرد و تەنهام دەترسم بمکوژێ ئەم دەردە بێ تۆ
بە بێ دیداری تۆ خۆ لاڵە نالی عەجەب هەستاوە ئەم چەن فەردە بێ تۆ!

3[edit]

نەمردم من ئەگەر ئەم جارە بێ تۆ نەچم، شەرت بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ
دەروونم خاڵییە، وەک نەی دەناڵێ هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ!
بیناییم کوێرە، هەڵنایێ بە ڕووی کەس موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ
هەموو ئەعزایی ناڵینم دەناڵێ سەراپام میسلی مۆسیقارە بێ تۆ
قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکەت شەرابم عەینی ژەهری مارە بێ تۆ
لەکن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من لەکن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ
لەکن من با وجوودی ناس و ئەجناس کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ
هەتا تۆم ئاشنا بووی، ئاشنام بوون ئەمێستا موو بە مووم ئەغیارە بێ تۆ
هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ
لە حەسرەت سەروی قەددت چاوی نالی دوو جۆگە، بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ