دیوانی نالی/ن

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی نالی  (1860)  by نالی
پیتی ن

1[edit]

ڕەقیب و موددەعی فیتنە و عیلاقەی چاوی جادووتن لە گۆشەی گۆشەوارەت نائیبی هارووت و مارووتن
نەباتاتی زەوی وەک مونزەوی هاتوونە دەر، یەعنی: هەموو سەرخۆش و مەست و ڕۆژپەرست و عاشقی ڕووتن
وەرە نێو بەزمی گوڵزاران و گوڵ زاران، تەماشاکە: سەراسەر پێکەنینی گوڵ، لەبالەب غونچە پشکووتن
چ قەسر و دائیرە و تاقێ، تیا تۆ تاقی ئافاقی، نەی و موتریب، مەی و ساقی، گوڵ و بولبول هەموو جووتن
لە شەوقی ڕوویی شەمع و، زوڵفی دوود و، توڕڕەیی مەجمەر سوپەند و، عوود و، پەروانە، بخوور و، غالیە سووتن
حەبیبان هەمدەمی ئاهوو دەنۆشن ڕاحی ڕەیحانی ڕەقیبان هەمدەمی ئاهـ و دەکێشن دووکەڵی تووتن
گەلێ شێر و پوڵەنگ و باز و شاهێنی شەهەنشاهی وەکوو نالی بە دڵ نێچیری ڕاوی چاوی جادووتن

2[edit]

خەندە و دەمی مەحبووبە کە وا زۆر نمەکینن بەس خۆشە ئەگەر خۆ نمەکی زەخم و برینن
غیلمانە، گوتم، خاڵی لەتیفت کە لە سەر دا ئەم قیبلە برۆیانە کە غارتگەری دینن
ئاهوویی حەرەم قیبلەیی ئەبرۆن کە بە دیدە، ئەم شەهد لەبانە کە هەموو شاهیدی چینن،
سیمین بەدەن و، سەرو قەد و، لەنجە تەزەرون کافر نیگەهـ و، ڕەشک، لە بوتخانەیی چینن
دندان گوهەر و، لەب شەکەر و، پەنجە بلوورن نازک بەدەن و، موو کەمەر و، سیم سرینن
زوڵفانی سییەهـ ماری بە ئازاری دڵی زار گاهێ لە یەسارن، بە جەفا، گەهـ لە یەمینن
موژگانی سییەهـ مەستی وەکوو چاوی حەبیبە غارەت کە بکەن، دێن و دەچن ڕۆح بڕفێنن
نالی وەرە لادە لە خەدەنگی موژەیی یار ئەو کافرە مەستانە کە غارەتگەری دینن

3[edit]

ئەم تاقمە مومتازە کە وا خاسسەیی شاهن ئاشووبی دڵی مەملەکەت و قەلبی سوپاهن
سەف سەف کە دەوەستن بە نەزەر خەتتی شوعاعن حەڵقە کە دەبەستن وەکوو خەرمانەیی ماهن
نەرگس نیگەهـ و ساق سەمەن، کورتە بەنەفشەن موو سونبول و، ڕوومەت گوڵ و، هەم لالە کولاهن
گوڵزاری دەر و دەشتن و غیلمانی بەهەشتن ئاهوو سەف و، ئاتەش بە کەف و، تیز نیگاهن
سەحرا بە تەجەللی دەکەنە وادیی ئەیمەن قامەت شەجەر و، مەزهەری ئەڵتافی ئیلاهن
گەهـ تاوس و، گەهـ کەبکن و، گەهـ بۆقەلەموونن گەهـ ئاتەش و، گەهـ شوعلە، گەهێ دوودی سیاهن
لالەن بە بەدەن، ئەتڵەسی ئەخزەر کە لەبەر کەن نەوڕەستە گوڵن، بەستە لەگەڵ دەستە گیاهن
تەنهایی سەمەن بەرگی بەنەوشە کە لەبەر کەن، وەک نووری دڵی موئمین و زوڵماتی گوناهن
بۆ سەیری خەرامیدەنی ئەم سەرو قەدانە، سۆفی لە تەڵەبدان و، هەموو سالیکی ڕاهن
بۆ زوڵف و ڕوخ و ئەبرووی چون زوڵفی سیاتان عالەم وەکوو نالی هەموو با ناڵە و ئاهن
نالی! بە خودا حەیفە دەڕەنجێنی دڵی خۆت ئەم تاقمە مەخسوسە هەموو ساحیبی جاهن

4[edit]

ئەم سەرسەری بازانە کە وا هەمسەری بوومن موشکیل، بگەنە ساعیدی شاهێکی وەکوو من
تا نەشئە نەچێژن لە لەبی کەوسەری ساقی، بێچارە چوزانن کە هەموو مەستی زەقوومن؟!
ڕووناکیی ڕوو شەوقە لە نێو زوڵمەتی موودا وەجهی ئەمەتە دڵ هەموو پەروانەیی موومن
زوڵفم بە نەسەب سیلسیلەیی ڕیفعەت و شانە من دەیخەمە بەر پێ کە حەبەش زادەیی ڕوومن
من سەروی ڕەوانی چەمەنی عالەمی باڵام نالی بە توفەیلی بووەتە سایە لە دوو من

5[edit]

کە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە، قوربان! لەسەر قوبلە دڵم مەشکێنە، قوربان!
وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم حەنایی چی؟ هەموو خۆ خوێنە قوربان!
شەقی کە، غەیری حوببی تۆی تێدا بێ، بە دەستی خۆت دڵم دەربێنە، قوربان!
لە بۆ خەڵقی خەڵات بەخشانی ماچە خەڵاتی من هەموو خۆ جوێنە، قوربان!
فوتووری چاوەکانت نانوێنی بە نالی فیتنە بەس بنوێنە، قوربان!

6[edit]

ڕەفیقان! من ئەوا ڕۆییم لەلاتان لە مەزڵوومان بڵا چۆڵ بێ وڵاتان
بڵا سا شار بە شار و دێ بە دێ بین لە دەس یاران بکەین تەیی وڵاتان
مەڵێن کەڵکی نەبوو، ڕۆیی، جەهەننەم! سەرم قەڵغانە بۆ تیری قەزاتان
سەفەرمان چونکە ڕێی هات و نەهاتە دوعامان بۆ بکەن، ئێوە و خوداتان!
منم سەرکردەتان بۆ لەشکری غەم دەترسم من بڕۆم، بشکێ سوپاتان
شکاری وەحشیان بەس دەستەمۆ کەن نەوەک بەر بێ شکاری خانەزاتان
ئەوەند ئەرجوو دەکا نالی کە جار جار بکەن یادی موحیببی بێ ڕیاتان

7[edit]

لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان
لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەروەکوو شێت بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان
دو چاوی من کە وا کەیلی سوروشکن، دەپێون ئاوی بەحری خوێ بە پێوان
مەکەن لۆمەی پەشێوی دڵ کە ئەمشەو پەشێواوە لەبەر پەرچەم پەشێوان
شەرابی لەعلی ڕوممانی لە نالی حەرامە بێ مەزەی ماچێکی لێوان

8[edit]

خەتات فەرموو کە خۆشە چین و ماچین کە ناچین، لێرە خۆشە چینی ماچین
برۆت هەر چین و پەرچەم چین لەسەر چین ئەمەندە چینە، قوربان، پێم بڵێ چین؟!
شکافێکە کڵافەی نافی زوڵفت دەڕێژێ میسک و عەنبەر لێرە تا چین
لەسەر بەرگی گوڵێکی باغی حوسنت هەزار، گوڵچینی بێبەرگ و نەواچین!
ئەتۆ میهری و مەهڕوویان ستارەن لە خزمەت شەوقی تۆدا شەوچرا چین؟!
هەموو زەڕڕاتی میهری ڕووتە با قین خودامان بۆ بەقایە لێرە لاچین!
بڵێ نالی بە ئەربابی وەفا: بێن هەموو موحتاجی خاک و بێڵ و پاچین

9[edit]

بە جان سەختی و دڵ بەردی، من و تۆ بیعەینی هەروەکوو پۆڵا و بەردین
وەرە با ئاگرێکی وەسڵی خۆمان بخەینە قاوی عومری دوشمنی دین
ڕەقیب و موددەعی وەک پووش و پووشوو بسووتێنین، کە وەک بەرقین، لەبەر قین
مەفەرموو دڵ وەکوو ئاوێنە سافە بەڵێ بەم ئایینە بۆی بووی بە خودبین
وەرە تا عالەمی قەلبت نیشان دەم: کە وا فەقری غینایە، مردنی ژین
تێدا ئوممێد و بیم و گریە و سۆز بەهار و پاییز و زستان و هاوین
لەگەڵ مورغی چەمەن نالی دەناڵێ کە یەعنی عاشق و هەم فەرد و فەردین

10[edit]

ئەهلی تەعدادی مەحاسین نووسیان خاڵ یەک و، زوڵفی دوان، هەردوو سیان
کوفری زوڵفە تار و، ماری ئەرقەمن سفری خاڵە، حەڵقەیی هیندووسیان
زوڵفی جەڕڕاڕی سەفاسەف خستە پێش یەعنی زەنگی لەشکری قیروسیان
ئەم غەزالانە کە نەقشی دیدەمن تەن سپین و چاو و خاڵ و موو سیان
حاکمانی مەحکەمە نامە سیان قەت نەماوە غیرەت و نامووسیان
نەرم و زەرقی خەرقەیی سالووسیان شاهیدی زوورە زوبانی لووسیان
چاوەکەم! مەنواڕە ڕەنگی زاهیری خۆ دەزانی (ڕووسپی) چەند ڕوو سیان
ناوی مەخمووران نەبەی نالی! لەنێو حەلقەیی واعیز، لەوێن جاسووسیان!

11[edit]

دووری لە من خستەوە بێ سەبەبێ یاری من باری خودایا کە تۆ بگری سەبەبکاری من!
مەستی خەیاڵی ئەوە، لەحزە ژمێری شەوە دوژمنی خوێنیی خەوە، دیدەیی بێداری من
دیدە نیگەهبانی یار، تیپی سوروشکم هەزار ناڵەیی دڵ نەی سەوار، ئاهە عەلەمداری من
گریە بە خوڕ دێتە خوار، هەروەکوو عەینی بەهار خۆش بووەتە ئابشار مەدمەعی سەرشاری من
دولبەری عالی دەماغ، هەم قەدەمی سەروی باغ بێتە نەزەرگەی قەراغ دیدەیی جۆباری من
حیکمەتی تۆ مولهەمە، هەم قەدەمت مەرحەمە موستەحەقی مەرهەمە سینەیی ئەفگاری من
شاهیدی عەدلە و وەفا، مەعدەنی سیدقە و سەفا هاتووە دەرمان بکا قەلبی برینداری من
ئەی تەلەفی گفتوگۆ، جامیعی کیزب و درۆ واعیزییە ئیشی تۆ، عاشقییە کاری من
مەشرەبی نالی گەلێ ئابی و ترشە، بەڵێ موعتەریفە خۆی دەڵێ: چا نییە ئەتواری من