دیوانی نالی/ت

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی نالی  (1860)  by نالی
پیتی ت

1[edit]

ماتەم، وەکوو زوڵفەینی سییەهـ، گرتی سەراپات پۆشی لە ڕوخت تەعبییەیی بەیدەق و شامات
تاقانە یەتیمی خەلەفی ئاخری نیسان! تۆ خۆش بی، سەدەف بوو بە فیدات، دوور بی لە ئافات
بۆ فەوتی سەدەف حەیفە بڕێژی دورەری ئەشک زایع مەکە دوڕ دانە بە غارات و خەسارات
دیدەت وەکوو گوڵ سوورە، پڕی شەبنمی ئەشکە؟ یا لالەیی پڕ ژاڵەیە دوو نەرگسی شەهلات؟
بۆ گریەیی تۆ ڕەنگە منیش هێندە بگریێم گەوهەر بڕژێنین بە بوڵندیی قەد و باڵات
لاکین ئەمە دونیایە، گەهێ سوورە، گەهێ شین لا یسألُ مَن عاشَ، وَ مَنْ مات، وَ مَنْ فات؟!
بەس گریە بکە بۆ پدەر و بابی حیجابت بێبابیی تۆ مووریسە بۆ وەسڵ و مولاقات!
بێبابیی تۆ بۆ من و تۆ بابی فوتووحە بێبابیی تۆ خواستەیی من بوو بە ئاوات
بێبابی مورادی من و تۆ بوو بە تەمەننا بێبابی دوعایی من و تۆ بوو بە موناجات
ئەو بابە کە فەتح و زەفەری قەلعەیە قەلعی با قەلعی بکا زەلزەلەیی هازیمی لەززات
ئەو پیری خەرەف، ئافەتی مەردی و سەفا بوو تۆ شۆخ و جوان، دوور بی لە ئافات و خەرافات
ئەو فەوت و وەفاتە سەبەبی عەهد و وەفاتە چوو ساعیقەیی بەردی عەجووز و، گوڵ و مل هات
گوڵ تاجی لەسەر نا و، چەمەن مەخمەڵی پۆشی هات موژدە کە خەلعەت گەیییە بەر بە موباهات
هات زەمزەمەیی بولبول و ئاوازەیی قومری هات بادی سەبا، دێن و دەچن عەرعەر و بانات
نەجم و شەجەر و نەرگس و ئەنواری شکۆفە جیلوەی چەمەنن، یەعنی زەمین بوو بە سەماوات
ماوەردە لەسەر خەرمەنی گوڵ عەترفشانە، یا ئاوی حەیاتە: عەرەقی وردی موحەییات؟!
گوڵشەن وەکوو بەزمێکە کە ئاحادی هوزاری بۆ تاقە گوڵێکی گەیییە ڕوتبەیی میئات
تۆ باقییەیی ساقییەیی سەحنی چەمەن بە مەیدان هەموو مەی دانە بە کاسات و بە تاسات
نالی یەک و ئەو کەس کە تەمامی غەزەلی بیست مەعلوومی بووە زۆر و کەمیی خاریقی عادات

2[edit]

چاوت لە برۆ یەعنی لەژێر تاقی نەزارەت بێپەردە عەیان دێتە تەکەللوم بە ئیشارەت
شایستەیی شان، لایقی مل توڕڕەیی تۆیە نەک توڕڕەیی شاهەنشەهی و تەوقی وەزارەت
سەر خاتیمەیی حوسنی عیادەت کە نەهاتی بارێ بگەرە فاتیحە و دەئبی زیارەت!
کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت لەو تەختە کە وا ساحیبی مۆرن بە سەدارەت؟
دەسرۆکەیی هەوریی چ حیجابێکە کە تێیدا شمسُ فلک الحُسنِ أنارَتْ فَتَوارتْ!
هەرچەندە گوناهی دەمەکەت بارە لەسەر لێو حەددی چییە نالی کە بڵێ ماچە کەفارەت؟!

3[edit]

مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرمووت دەخیلت بم کە خانەی سەبرەکەم سووت
لە ڕووت و قووتی وەک من ڕووت مەپۆشە کە وەسڵی تۆیە قووتی عاشقی ڕووت
موژەت قوللابییە هەم تیر و هەم شیر برۆت میحرابییە هەم تاق و هەم جووت
لە سندووقی پڕی سینەم بترسە کە ئاگر بەر بداتە تەخت و تابووت
لەبەر خەندەی لەبی لەعلی ئەتۆ بوو کە وا شەککەر دەباری، گوڵ دەپشکووت
دەکەی نەخچیری سەد دڵ هەر بە تیرێ ئیلاهی هەر بمێنێ دەست و بازووت!
چ شیرینە خوتووتی دەوری لێوت بەڵێ مەعلوومە خۆشە خەتتی یاقووت
هە نالی! بەڵکوو بیکێشی بە ناڵین بناڵە، دامەنیشە مات و مەبهووت

4[edit]

مووی سپی کردم بە شوشتن ئاوی عەینی شۆرە شەت شۆرە شەت یەعنی کە تێدا خود بە خود قەل بوو بە بەت
هەڵگڕا، وەک مۆمی کافووری بە شەودا، موو بە مووم دا سیاهی ڕوو بخوێنم نوقتە نوقتە، خەت بە خەت
من دەڵێم شەو بوو بە ڕۆژ، نەفسم دەڵێ ڕۆژ بوو بە شەو ئەو موسیبە، چونکە چاوی پێ سپی بوو، من غەڵەت
ڕەوغەنی دیدەم ڕژایە سەر کیتابی خەتتی خۆم چاو لە ئێشی ئەو سپی، نووریش بەسەر ئەودا سەقەت
سەرد و گەرمی ئاهەکەم سەوزەی گیای کردم بە پووش پاییزی، ڕوو بوو بە بوردی سوور و زەردی موختەلەت
وەجهەکەم ئیسمی بەیاز، ئەمما وەرەق زەرد و سیاهـ با موخەتتەت بێ بە کافووری کەشیدەی خۆش نەمەت
چونکە لەوحی ڕووسییەهـ ڕووزەردی بێتەزیینییە خوێنی چاوم جەدوەلی بێ، قەترەکانیشی نوقەت
نەقشی دوو موویی بە دوو ڕوویی دەبێتە عەیبی شەیب ئاینەی ڕوو پاکییە، ڕووناکییە نوور و شەمەت
یا گەدایێکە غەنی، یا پادشاهێکە فەقیر لەم دووە خاڵی نییە نالی لە ڕووی حەددی وەسەت

5[edit]

ئەی سەروی بوڵەند قەدد و، برۆ تاق و، مەمک جووت! کێ دەستی دەگاتە بەی و ناری نەگەیشتووت؟!
دەم هەمدەمی غونچێکە نەپشکووتووە هێشتا با کەشفی نەکرد بەرگی عەترپۆشی گوڵی ڕووت
گریانی من و خەندەیی تۆ ئێستە دەشوبهێ بەو مەوسیمی بارانە کە وا خونچە دەپشکووت
خڵخاڵی قەدم، وەک خەمی زولفەینی سەراپات، پشتانی قەدت بێت و فیدای بازنی بازووت
خاڵی نییە نالی دڵەکەت ساتێ لە هیجران تا تاری وجوودت نەپسێنێ مەلەکولمووت