دیوانی نالی/ا

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی نالی  (1860)  by نالی
پیتی ا

1[edit]

ڕیشەکەی پان و درێژە، بۆ ڕیا خزمەت دەکا زاهیرە هەرکەس بە توول و عەرزی ڕیشیدا ڕیا
گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی، بولبول فڕی یەعنی عاشق لازمە دوور بێ لە یاری بێوەفا
عاشقی سونعی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم: چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا
سەرگرانە قافڵە سالاری ڕێی چین و خەتا چونکە باری عەنبەر و میسکە لە زولفەینی دوو تا!
حەڵقە حەڵقە زوڵفی سەر قوببەی هەیاسەی کەوتووە مەحرەمی سیڕڕە، بەڵێ گەنجووری گەنجە ئەژدەها
سۆفیی مەستووری ڕووت و موفلیسی خستە تەمەع سەیری خاڵی بێحیساب و ماچی لەعلی بێ بەها
زاهیر و باتین، لەسەر لەوحی حەقیقەت یا مەجاز ئاشنای سیڕڕی قەڵەم بێ، غەیری نالی کەس نەما

2[edit]

ڕوخم ڕەنگینی ڕەنگی ڕوومەتی ڕەنگینتە، بازا! قەدی سەروم کەمانینی قەدی شیرینتە، بازا!
غەریب و بێکەس و زار و فەقیری خانەدانی تۆ جگەر سووتاو و ماڵوێرانی زوڵفی چینتە، بازا!
معاذ اللّە کە ڕەحمێکت بە حاڵی زاری مندا بێ کە ئاخر بەندەیی خاکی دەری پێشینتە، بازا!
ئەگەر خوێنم دەڕێژی تۆ، ئەوە تێغ و ئەمیش گەردن ئەگەر بنیادی پەیمان، دەستی من دامێنتە، بازا!
لە چاوانم هەتاکەی قەترە قەترە خوێن دەکەی ئەی دۆست! کوا ئەم عەهد و پەیمان و وەفا کابینتە، بازا
بە نالی باوەڕت نایێ، خەیاڵت بێت و بیبینێ کە چۆن مەشغووڵی نەغمەی گۆشەیی ناڵینتە، بازا!

3[edit]

جەنانی وەک جینان کردم بە ماوا (حەبیبە)ی ماڵیاوا ماڵی ئاوا!
حەڵاڵی بێنیکاحی حووری عینم بەجووتێ نازیری شەرع و فەتاوا
زەفافەتگاهی پەردەی ئاڵی چاوم، موبارەک حەجلە بێ بۆ بووک و زاوا
سیداقی ڕوونما و، وەسڵی شاهید لەگەڵ شاییکەران بێدەنگ و داوا
ویسالی بێ کەم و کەیفی حوزووری لە نالی گەر دەپرسی، یەعنی ئاوا

4[edit]

یا بدرُ علوّا و ضیاءً و کمالا فالغصنُ معَ الأَصلِ اِلی فَرعِک مالا
تا سونبولی زوڵفت لە نیهالی قەدت ئاڵا من دوودی هەناسەم گەیییە عالەمی باڵا
ما عادَلَک البانُ، و لا اللینةُ لینا اذ عَدَّلَک الباریءُ حسنا و جمالا
من گریە، ئەتۆ خەندە بە یەکدی دەفرۆشین من لەعلی بەدەخشان و، ئەتۆ لوئلوئی لالا
بادِرْ، وَ أغِر کوکبةَ البدر بدارا قد فقتَ سَنا الشارقِ، لا ذُقتَ زوالا
توڕڕەت وەکوو تۆماری شکستەو، سەری کوڵمت بۆ نووری سەوادم بووەتە شەمعی موتاڵا
ئەو چاوە غەزالە فەتەراتی سەر و ماڵە ئەو نەرگسە کاڵە نە منی هێشت و نە کاڵا
حوققەی فەلەکولئەتلەس و ئەستوونەیی زێڕین بێ بیکە بە تارای سەر و ترکەی خەز و واڵا
دنیا بە فیدای قەددی بکە، دامەنی بگرە طوبی لِمَن اختارَ عَلَی المالِ مآلا!
نالی بە ئومێدی زەفەری تەوقی تەلیسمت ماری سڕی زولفت لەسەر و گەردنی ئاڵا

5[edit]

حیرەت زەدە وا دیدە وەکوو حەلقەیی دەر ما بێمایە نییە عاشیقی بێچارە، بفرما!
بێ، سەروی ڕەوانم! کە لەبەر ئەشکی ڕەوانم خەرقە بووەتە غەرقە، کەوا سەوزە لە بەرما
ئەی واعیزی بارید چییە هەروەک هەرەسی کێو بەو وەزعە کە بایە هەموو، هاتوویی بە سەرما؟!
بۆ هەرکەسێ مەبزوولە تەریقێکی ئەمانەت هەر عاشقی بێچارە لە ڕێی خەوف و خەتەر ما
دیدەم هەموو شۆراوە بە شۆراوی سوروشکم لەم لەوحە نیگارینە نە عەین و نە ئەسەر ما
وا زەن مەبە ڕوخسارەیی تۆ غائیبە قوربان بنواڕە چلۆن نەقشە لەنێو دیدەیی تەڕما
یا توربەتێ، یا غوربەتێ با ڕێ بشکێنین هەر مونتەزیرە نالی ئەگەر مرد و ئەگەر ما

6[edit]

پەچەیی پەرچەمی و، پرچی سیا هەر دەڵێی مانگە شەوە کوڵمی تیا
لادە دەسرۆکەیی هەوری لە جەبین دەرکەوێ شەمس و قەمەر، نوور و زیا
لێوی تۆ ئاوی بەقا، من خزرم فەیزی تۆ ڕەحمەت و، من سەوزە گیا
فەرشی کەففی بەری پێتە نەرگس سەری داخستووە وەک چاوی حەیا
مەمخەرە هاوییەیی هەولی فیراق دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا
«گێل» ئەگەر تورکی، تَعال ئەر عەرەبی «بێ» ئەگەر کوردی، ئەگەر فورسی بیا!
سەری فەرهادم و، دەندووکی قوڵنگ دەستی مەجنوونم و، دامێنی چیا
خاتری زاهیدی خاڵی، خاڵی نییە، ئەڵبەتە، لە بێنێکی ڕیا
دوور لە تۆ ئیدی مەپرسە، قوربان حاڵی نالی کە نە مرد و نە ژیا!

7[edit]

ئەحوەلی تەفرەقە نەزەر تەقوییەتی سەبەب دەکا عاریفی وەحدەت ئاشنا لەم قسەیە ئەدەب دەکا
بەندە ئەزەل بە خەتتی خۆی قابیلی قیسمەتی بووە ئێستە بە ئیقتیزای عەمەل جێگەیی خۆی تەڵەب دەکا
داری ئیراک و داری هیند هەردوو کە عوودە ئیسمیان هەمدەمی سوننەتە ئەوەم مەیلی ئەبوولەهەب دەکا
سەهم و نەسیبی ئەسڵییە، بەحسی گیاهـ و گڵ نییە تووتنە خەرجی سووتنە، موودنە ماچی لەب دەکا
لەومەی زەمان دەکەی کە بۆچ خواریی ڕاستی دەوێ؟! غافڵی دەستی ڕاستی خۆت خزمەتی دەستی چەپ دەکا
توتیی تۆ لە حیرسی دڵ داوی تەمەع دەکاتە مل بولبولی من لە عەشقی گوڵ تەغنیە و تەرەب دەکا
نالی حەریفی کەس نییە، ئیلف و ئەلیفی کەس نییە بەیتی ڕەدیفی کەس نییە، هەرزە نویسە، گەپ دەکا

8[edit]

ئەی جیلوەدەری حوسن و جڵەوکێشی تەماشا! سەرڕشتەیی دین بێ مەدەدی تۆ نییە، حاشا
فەییازی ڕیازی گوڵ و میهر و مل و لەعلی ئەی شەوقی ڕوخ و زەوقی لەبت زائیقە بەخشا
زەڕڕاتی عوکووسی کەششی میهری جەلالن وا دێن و دەچن سەرزەدە سوڵتان و شەهەنشا
جان بەر لەبی بۆسەی لەبتە عاشقی زارت فَالبائِسُ یسْتَوهِبُ مِن فیک مَعاشا
بەو ڕەحمەتە عامەت کە دەکا سەنگی سییەهـ زەڕ لەم قەلبە کە وەک بەردە، ڕەشە، رُشَّ رَشاشا
لا حولَ و لا طولَ و لا قوّةَ إِلاّ بِاللّهِ، لَه القُدرةُ، و الکائنُ ماشا
نالی نییەتی سیحری بەیان، حیکمەتی شیعرە ئەمما نییەتی قووەتی دڵ، قودرەتی ئینشا

9[edit]

ئەستێرە هەموو مەحوە لەنێو نووری قەمەردا، یا شەمسی جەمالت شەوی گێڕاوە بە فەردا؟
خاکی بەری پێت هەم گڵ و هەم گوڵ بە سوروشکم وەقتی غەم و شادی ئەوە کردوومە بەسەردا
تەلبیسی نییە ئەو کەسە دێوانەیی ڕووتە بێچارە نەما غەیری حەیاتێکی لە بەردا!
ڕەنگی نییە ڕوخسارەیی ڕەنگین و لەتیفی ڕۆشن بووە ئەم نوکتە سەباتی لە بەسەردا
هەرچەندە کە ئینسانە لە بەرچاوی من و تۆ، مومکین نییە ئەم لوتفە لە ئینسان و بەشەردا
ئیسباتی خەت و خاڵە، بە سەد شوشتن و گریان ناچێتەوە ئەم نوقتە لەنێو دیدەیی تەڕدا
شەوقی کە نەبێ باسیرە، مەئیووسە لە دیتن هەر شەوقی ئەوە قووەتی دینی بە نەزەر دا
ئالوودە نەبێ دا، بە زەبوون گیریی خوێنم بۆ کوشتنی من دامەنی پاکی لە کەمەر دا
نالی خەبەری بێ ئەسەری غائیبە، ئەمما ناڵێکی حەزین دێ لە موناجاتی سەحەردا

10[edit]

تا تایی سەری توڕڕەیی پڕ پێچشی با دا، هەر تایەکی بارێکی گوڵ و نافە بە با دا
گوڵ هاتەدەرێ، لافی لە حوسنی بوتی ما دا لەرزیی قەدی بەرزی، لە ڕقا زوڵفی کە با دا
شەو چەپکەنی نەیلۆفەڕی و جیلوەیی ڕەقسی شەرمندە دەکا زوهرەیی زەهرا لە سەمادا
خۆش سوبح دەمێکە کە بە خەندە دەنوێنێ بەس زەڕڕەیی خۆرشید لە زەڕڕێکی سوهادا
دەم دەم کە دەکا زاری پڕ ئازاری بە غونچە بۆ دەعوەتی ماچی لەبە گۆیا دەمی نادا
سَهمُ أَلْفِ الْقَدِ فَقد صادَ فؤادی صادٌ هو مِن عینه، قَد صادَ فسادا
بۆ ماچی دەمی ڕەنگە لە عیشوەی خەمی ئەبرۆی جۆیایی بەقا خۆی لە دەمی تێغی فەنا دا
نالی کە غوڵامی مەدەدی زوڵف و برۆتە شاهێکە لە بن سایەی باڵی دوو هومادا

11[edit]

تەبەسسوم دەردەخا حوققەی دەم و جەوهەر لەنێو ئەودا بەڵێ مسقاڵە زەڕڕە زاهیرە جیلوەی لە پڕتەودا
بە پارێک نامەوێ دەرمان، لە نەشئەی چاوییە عیللەت بە پوولێک ناکڕم عەنبەر، لەگەڵ زوڵفی ئەوە سەودا
ڕەقیبی جوفتەلی، نابێتە نەخچیرت، کە خەر کوڕڕە ئەلیفی چایرە دائیم لە قەشقەی کەردڕ و جەودا
سیلاحی پەرچەمی پڕ خەم ئەگەر تارە و ئەگەر مارە برۆ و غەمزەی کەوان و تیر ئەگەر هەودا و ئەگەر مەودا
لە ئەشکەنجەی شکەنجی زوڵفی ئەو بێ وەعدە مورغی دڵ دەناڵێنێ وەکوو بولبول لە سوبحی کازیبی شەودا
بە تیرێ دوو نیشانە چا نییە ئەی ڕۆحەکەم! شیرین بە غەمزەی، تاقە یەک تیری لە فەرهاد و لە خوسرەو دا
وەها مەستی تەماشای چاوتە نالی کە نازانێ بە بێداری دەبینێ، یا لە نەشئەی مەستی و خەودا!

12[edit]

جۆشش و تابە لەنێو دیدەیی گریانمدا چ تەنوورێکە لە تەندوورەیی تۆفانمدا
شەبەهی زۆڵفی شەبەهـ گۆنەیە، ڕووگەردانی بەسەری ئەو کە بە سەودا سەر و سامانم دا
شەرەر و تابش و بارش لە دەمی ڕەعدی بەهار ئەسەری سۆزشی گریانە لە ئەفغانمدا
تۆ کە حۆریت، وەرە نێو جەننەتی دیدەم چ دەکەی لەم دڵەی پڕ شەرەر و سینەیی سۆزانمدا؟!
قیمەتی ماچی دوسەد کیسەیی ساغە و، نیمە غەیری یەک کیسەیی سەد پارە لە گیرفانمدا
شیرەیی جانە وتم یا مەیە؟ چا بوو فەرمووی عەکسی لەعلی لەبی مەرجانە لە فنجانمدا
بەحسی سیڕڕی دەهەنی نوقتە بە نوقتە بگەڕێی سەری موویێ نییە بێ نوکتە لە دیوانمدا
نالی، ئەو نوقتە کە وا بوو بە نیشانەی چاوی من لە سەفحەی ڕوخی ئەو دولبەرە نیشانم دا

13[edit]

گەر بێیە دەرێ، سەروی ڕەوانی لە ئیرەمدا وەر نەییە دەرێ، ئاهووی چینی لە حەرەمدا
عیشقت لە دڵ و دیدەیی پڕ ئەشک و ئەلەمدا گونجایش و تەسکینی نییە، زۆرە لە کەمدا
لافی دەمی تۆ، غونچە لە دەمیا بوو، بە عەمدەن با خوستی بڕی، خستی، کە مستێکی لە دەمدا
دڵ موزمەحیلی دەردە وەکوو دیدە لە نمدا حەیران و پەرێشانە وەکوو قەترە لە یەمدا
نالی مەسەلی حاڵی لە ئەشکەنجەیی غەمدا وەک ناڵە لە نەیدا، وەکوو نالە لە قەڵەمدا

14[edit]

بولبولی تەبعم ئەوا دیسان سەناخوانی دەکا نوکتە سەنجی و، بەزلەگۆیی و، عەنبەرئەفشانی دەکا
هەرکەسێ ئیزهاری دانایی بکات و، مەقسەدی خودپەسەندی بێ، یەقین ئیزهاری نادانی دەکا
خەرقەپۆشێ کەی دەپۆشێ جەوهەری زاتی ئەمن؟ بیتە نێو، جیلوەی، بە زوشتی خۆی بە عوریانی دەکا
زابیتەی تەبعم سوارە، ئیددیعای شاهی هەیە موحتەشەم دیوانە، داوای تەختی خاقانی دەکا
شاهیدی فیکرم کە بێتە جیلوەگاهی دولبەری شاهی خوسرەو ڕۆحی شیرینی بە قوربانی دەکا
نووکی خامەی من کە بێتە مەعنائارایی کەمال خەت بە خەت ئیزهاری نەقشی سوورەتی مانی دەکا
ئیستیتاعە و قووەتی تەبعم، بە کوردی و فارسی عارەبی، ئیزهاری چالاکی و چەسپانی دەکا
خاترێکی شۆخ و خۆش و بێغەم و جەمعم هەبوو ئێستە بۆ زوڵفی کەسێ مەشقی پەرێشانی دەکا!
هودهودی دڵ حەبسی بەلقیسی سەبای دیوە، یەقین خۆی کە دامێنگیری شاهی ئاسەفی سانی دەکا
ئەو کەسە تەحدیسی نیعمەت بێ موراد و مەتلەبی میسلی نالی ئیمتیسالی ئەمری یەزدانی دەکا

15[edit]

تەبعی شەککەرباری من، کوردی ئەگەر ئینشا دەکا، ئیمتیحانی خۆیە مەقسوودی، لە عەمدەن وا دەکا
یا لە مەیدانی فەساحەتدا بە میسلی شەهسەوار بێتەئەممول بەو هەموو نەوعە زوبانی ڕادەکا
کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە خۆکردییە هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا
بێتە حوجرەم، پارچە پارچەی موسوەدەم بکڕێ بە ڕۆح، هەرکەسێ کووتاڵ و پارچەی بێبەدەڵ سەودا دەکا
شیعری خەڵقی کەی دەگاتە شیعری من بۆ نازکی کەی لە دیققەتدا پەتک دەعوا لەگەڵ هەودا دەکا

16[edit]

پێم دەڵێن: مەحبووبە خێل و قیچە، مەیلی شەڕ دەکا خێل و قیچە، یا ترازووی نازی نەختی سەر دەکا؟!
خێل و قیچە، یا بە غەمزە بۆ نیشانەی دڵ بە چاو مەیلی ڕاست هاوێتنی موژگانی دڵ پەیکەر دەکا؟!
چاوی هەم ڕەنگی گوڵی، مەستی شەو و ڕۆژن مەدام یەک لە نەشگوفتەی بەنەفشە، یەک لە نەیلۆفەڕ دەکا
عەکسی چاوی تۆ لە چاویدا بە خواری تێدەگەی کەچ نەزەر کەی فەرقی خوار و ژوور و، خێر و شەڕ دەکا؟!
هەر کەسێ نوقسانی ڕووی باوێتە سەر ڕووی ئاینە شاهیدی هەرچەندە رأی العینە، کێ باوەڕ دەکا؟!
کاتبی خێر و شەڕی عوششاقە، بۆ وەسڵ و فیراق، لوتف و قەهری هەر بە جارێ سەیری دوو دەفتەر دەکا
نالی ئەو وەحشی غەزالە کەس ئەبەر داوی نەکەوت چونکە شاهێنی دوو چاوی تیژە، دائیم سەر دەکا

17[edit]

چاوەکەت ئاگر لە سینەی عاشقی مسکین دەکا مەستە، مەیلی چەن کەبابێکی دڵی خوێنین دەکا
تالیبی لێوین و ئەڵقەی زوڵفمان نیشان دەدا ڕاڕەوی میسرین و ئەو، ڕوومان لە موڵکی چین دەکا
تا موعەییەن بێ کە زۆرن دەسگری و دەسکوژی فەرقی سەر، پەنجەی بە خوێناوی حەنا ڕەنگین دەکا
بێقسەی غونچەی دەمت کاتی تەبەسسوم ڕووبەڕوو هەتکی شوعلەی بەرق و نەزمی دائیرەی پەروین دەکا
تیری موژگانت لە سینەمدا دەچێ بۆ پیری دڵ هێندە کەچ ئایینە قەسدی خانەدانی دین دەکا
گوڵ بە دەم بادی سەباوە پێکەنی یەعنی وەرە تۆ لە وەسڵم بۆ بەرە، ئەو بۆیە بولبول شین دەکا
چاوی من بەحری موحیتی تۆیە بۆ دەفعی گەزەند لێت موعەییەن بێ کە نالی گوڵ بە دڵ پەرژین دەکا