دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی/پیتی ب

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی  (1891)  by شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی
پیتی ب

1[edit]

بۆ نەسووتێ جگەر و بۆ چی نەبێ دڵ بە کەباب بۆ چی نەڕوا لە تەنم ڕۆحی ڕەوان میسلی شەهاب
بۆ لە سەرچاوەیی چاو هەڵنەقوڵێ ڕەشحەیی خوێن بۆچ لە فەووارەیی موژگان نەتکێ قەترەیی ئاب
بۆ لە بەر ناڵەی نەبێ حەڵقەیی حەڵقم بە سروود بۆچ لە بەر گریە نەبێ چەشمەیی چەشمم بە سەراب
موئنیسی ڕۆژ و شەوم باعیسی ئارامی دڵم ڕۆیی و من لە غەمی کەوتمە نێو بەحری عەزاب
بە وقووعی سەفەری قادری وەستا خدرم خانەیی عەیشمی تاڵ کرد فەلەکی خانەخەراب
چەنگ و نەی لێ مەدە موتریب کە لەبەر فیرقەتی ئەو ڕەنەکی ڕۆحە لە گوێم نەغمەیی ئاوازی ڕەباب
ساغەری مەی مەدە ساقی! کە لە بەر دوورییی ئەو تاڵە وەک ژەهری هەلاهیل لە مەزاقم مەیی ناب
کاری کردن نەبوو ئەم کارە کە گەردوونی دەنی کردی، ڕووی ڕەش بێ وەکو بەختی من و پەڕڕی غوراب
ئەی ڕەزا! ڕەنگە لە بەر فیرقەتی ئەو موئنیسە تۆ قەت نەبی خاڵی وەکوو کوورە لە سۆزی تەب و تاب

2[edit]

دەمکوژێ حوکمە دەزانم بە خودا دەردی حەبیب وەرە سا بەشقی خوا دەس لە یەقەم بەردە تەبیب
وەرە دەستێ بخەمە گەردنی بللوورینت تا وەکوو سفرە لە داغا بدڕێ ورگی ڕەقیب
تالعم نەحسە دەترسم کە بە ئازاری فیراق بمرم و ڕۆژێ نەبێ دەوڵەتی وەسڵم بە نەسیب
چاوی فەتتانی تۆ ئەو ساحیرە جادووگەرەیە کە بە یەک عیشوە ئەدا عابیدی سەد ساڵە فەریب
تا لە تۆ دوورە دڵی غەمزەدە ئەی ڕاحەتی جان مەشریق و مەغریبە مابەینی لەگەڵ سەبر و شەکیب
بێ فەراز نابێ نەشیب، ئەم قسە تەحقیقە وەلێ من لە ڕێی عەشقی تۆ نەمدی بە خودا غەیری نەشیب
قەیدی زوڵفە لە سەر و سەفحەیی ڕووت سابیتە، یا تینەت و تیبە کە مەمزووجە لەگەڵ زینەت و زیب
شێخ دەگۆڕێتەوە گەر چاوی بە زوڵفت بکەوێ خەرقە و سەبحە بە زوننار و چەلیپا و سەلیب
تاقەتی تاق بووە بێچارە لەژێر باری فیراق بکە ڕەحمێ بە ڕەزا، چاکە تەڕەححوم بە غەریب