Jump to content

دیوانی شێخ نووری/چوارێنە

From Wikisource

برا من حەز ل شیرینی جەمالی ئاشکرا ناکەم

[edit]
برا من حەز ل شیرینی جەمالی ئاشکرا ناکەم پڕوپووچە لە لام من بۆ مەزاهیر قەت ڕیا ناکەم
جەمالی نەفسە مەحبووبی حەقیقی گەر تەماشاکەی بەغەیری ئەو، تەمەننای وەسڵی مەحبووبێ لە خوا ناکەم

وا تێ مەگە کە کردەوەیی بەد ئەگەر بکەی

[edit]

«کردەوە چاک بێ یا بەد بێ، دێتەوە ڕێی ئادەمیزاد - شێخ نووری».

وا تێ مەگە کە کردەوەیی بەد ئەگەر بکەی گەردوون لە داستانی زەمان ئەیسڕێتەوە
قەرزێکە کارەکانت لە ئەستۆی زەمانەدا ھەر وەختێ، ھەر زەمانێ ببێ، ئەدرێتەوە

ژن

[edit]
ژن وەک دڵۆپی جیوەیە لەسەر دەست ناجووڵێ بێتو گەر بەری دەستت کراوە بێ
ئەمما کە بێتو دەستت بقوچێنی ڕائەکا با بەینی پەنجەکانت لەحیمی تواوە بێ

پووشی ئەمەلی دوژمنی بۆ خستمە تەندوور

[edit]
پووشی ئەمەلی دوژمنی بۆ خستمە تەندوور ڕۆحی فەرەحی نایە هەزاران دڵی ڕەنجوور
موژدەی زەفەری پێیە، بە دڵخۆشییەوە هات شایستەیە ئەم جەژنە بڵێم نووری عەلانوور

نوورێکە دیدە حەددی بینینی نییە

[edit]
نوورێکە دیدە حەددی بینینی نییە ئاگر لە بەرابەری ئاوا تینی نییە
زەڕڕاتی سیفاتی زاتی پڕ کەون و مەکان نابینرێ بە دیدەیە، کە دووربینی نییە

خۆشە دەرخەن هەروەکوو ئاوێنە عەیبت ڕووبەڕوو

[edit]
خۆشە دەرخەن هەروەکوو ئاوێنە عەیبت ڕووبەڕوو نەک لە پشتی سەرتەوە وەک شانە دەربێنن زبان
پیاوی کامڵ دوژمنیش بێ یەک زبان و یەک دڵە پاش ملە نەک زەهری مار و ڕووبەڕوو شیرین بەیان

یا ڕەبی لە فەیزی مەعریفەت مەهجوورم

[edit]
یا ڕەبی لە فەیزی مەعریفەت مەهجوورم ڕێبواری مەجازم، لە حەقیقەت دوورم
مەر ڕەحمەتی تۆ دەستی بداتە دەستم ساڕێژ بکا زامی دڵەی ڕەنجوورم

ئەی کاتبی حەرفی لەوحی پیشانی من

[edit]
ئەی کاتبی حەرفی لەوحی پیشانی من وەی پەردە گوشای ڕازی نیهانی من
زانیوتە لە نادانی خۆم، نادانم زانیوتە حدوود و حەددی نادانی من

تۆ باعیسی حاڵی حوزن و خورسەنەدی منی

[edit]
تۆ باعیسی حاڵی حوزن و خورسەنەدی منی تۆ عوقدەگوشایی هەر گرێ و بەندی منی
ئەم عەزمە من بەسمە کەوا بەندەیی تۆم ئەم دەوڵەتە من بەسمە خوداوەندی منی

خۆزگەم بەوە، بێ وەجاخە ئەولادی نییە

[edit]
خۆزگەم بەوە، بێ وەجاخە ئەولادی نییە هەرگیز لە زەمانە داد و بێ دادی نییە
هەر ئەو خەفەتەی هەیە وەجاخی کوێرە بێجگە لەمە، داخ و فەریادی نییە

خاڵە بیستم هاتییە هەولێر و نەتپرسی لە کەس

[edit]
خاڵە بیستم هاتییە هەولێر و نەتپرسی لە کەس خۆ لە باخا هەر گوڵە دایم ئەنیسی خاروخەس
چی ئەقەوما گەر بفەرمووی خوشکەزایەکم هەیە بەندی بەندیخانەی هەولێرە وەک «مرغی» قەفەس

دڵ لە شەقڵاوە مەگەر نەختێ حەیاتی بێتە بەر

[edit]
دڵ لە شەقڵاوە مەگەر نەختێ حەیاتی بێتە بەر سەر لە عەنکاوە مەگەر نەختێ خەیاڵی بێتە سەر
وەرنە لەم هەولێرەدا ئەهلی دووەل زەوقم ئەوێ غەیری چەند شەخسێ نەبێ، چی بکەم خودا «أين المفر»

خودا مەمهێڵە بۆ وەخت و زەمانێ

[edit]
خودا مەمهێڵە بۆ وەخت و زەمانێ لەسەر دڵ ببمە بارێکی گرانێ
دەسم بگرە بڕۆم با من نەبینم دەسم بگرێ یەکێ بۆ پەلکە نانێ

1951/06/18
بارزان

خودایا گەر بە دڵما تێپەڕیبێ هەر خەیاڵاتێ

[edit]
خودایا گەر بە دڵما تێپەڕیبێ هەر خەیاڵاتێ لە عەزرەت ئێشی سەخت و کڵپەی دڵمە وا پەشێواوم
بە لوتفی خۆت مەگەر بڕوانییە کرداری ناڕێکم لە سجلی نائومێدی بیسڕی تۆ، کردەوە و ناوم

خوایا بەسیە ئیتر لابەری دەیجووری ئیزمحلال

[edit]
خوایا بەسیە ئیتر لابەری دەیجووری ئیزمحلال تڵووعی پێ بکەی خورشیدی ڕۆژی پاکی ئیستیقلال
لەگەڵ خولیای هیجرەتدا، بەسەر چوو عومری شیرینم دەسا نۆبەی ویساڵە، ئاهـ.. ئەی ئومێدی ئیستیقلال

«شووشە» چ بەششووشە، قەدی شووشە وەکوو شمشاڵ

[edit]
«شووشە» چ بەششووشە، قەدی شووشە وەکوو شمشاڵ چاومەست و دەهەن غونچە و پڕ عیشوە و لێو ئاڵ
«ماری» کە دوو ماری سەری زوڵفی لە ملم دا جووڵایەوە کەوتم بە دەما، بێخود و بێ حاڵ

خەیاڵی دیدەنی تۆ وا لە سەرما

[edit]
خەیاڵی دیدەنی تۆ وا لە سەرما خەریک ماوم لەبەر باران و سەرما
ئەوەندەت بیر ئەکەم وەختێ ئەزانی لە خزمەت دام کە ڕۆژێ هات بە سەرما

بۆیە من ئیشتیراکی ئێوە ئەکەم

[edit]
بۆیە من ئیشتیراکی ئێوە ئەکەم حەز لە ئەخلاقی چاکی ئێوە ئەکەم
. . . . . . . . . . ڕۆح فیدای خاکی پاکی ئێوە ئەکەم