دیوانی شێخ نووری/شیعر و ژیان

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی شێخ نووری  (1970)  by شێخ نووری شێخ ساڵح
شیعر و ژیان

فەریاد[edit]

ئومێدی زەمانە ئەمەلێکە بەد و بێ سوود مازیت هەموو هەر دەرد و فیراقی ئەلەم ئەفزوود
حاڵیشت وەکوو ڕاحەتی ڕابردوو غەم ئالوود موستەقبەل و ئاخر نەفەست مەقبەری مەسدوود
لەم خلقەتە، مەقسوودی چییە حەزرەتی مەعبوود

«فریاد ازین نوع وجود عدم آلود»

بۆ سەیرێ، مووەقەت، لە نەبوو دێتە دەر ئینسان کوا حشمەت و کوا سەڵتەنەت و تەختی سولەیمان
نەیدیوە کەسێ خۆشی لە دەس گەردووشی دەوران گەهـ خوڕەم و خەندان و گەهێ ماتەم و گریان
بوونیش وەکوو ئیزهاری عەدەم، بۆ نەبوو نابوود

«فریاد ازین نوع وجود عدم آلود»

فریاد ئەمەیە تەرجومەیی حاڵی زمانە هەر لەحزەیە دنیا، ئەلەم و ئاهـ و فیغانە
ڕۆیشتنی ئەم عالەمە، وەک سەیلی ڕەوانە ئەبڕێتەوە هەر پێنج و دوو ڕۆژێکە زەمانە
بۆ مردن و کفن و دفنە، عالەمی مەوجوود

«فریاد ازین نوع وجود عدم آلود»

دنیا چییە ساتێ فەرەح و ساتێ مکەددەر ماهییەتی مەعلوومە لەلای پیاوی منەوەر
عەجز و ئەلەم و گریە و ئەفغانە سەراسەر گەهـ عوشرەت و شادیی و گەهێ مەرگی برادەر
لەم میحنەت و لەم ژین و نەمانە چییە مەقسوود

«فریاد ازین نوع وجود عدم آلود»

نووری بەسە، ببڕێتەوە ئەم چوون و چرایە گەر هاتنە، گەر ڕۆیینە، گەر دەرد و بەڵایە
ببڕێتەوە لەم ئیشە مەدوو، ئیشی خودایە گەر زیللەتە، گەر ڕفعەتە، گەر سەوقی قەزایە
هەرگیز مەڵێ ناشوکریە لای خالیقی مەسجوود

«فریاد ازین نوع وجود عدم آلود»

کوا شیعرەکانم[edit]

سەفەر کەوتە خەیاڵی هەمدەمی ئەیامی هیجرانم بیناغەی سەربەسەر ڕووخا، هەموو ئامالی عیمرانم
لە ئوفقی ئاسمانی دیدە، گووم بوو میهری ڕووی بۆیە سیەهـ بەختانە وەک شەو، تیرەگی ئەڕژێتە دامانم
لە گوڵزاری خەیاڵی ورد و خواشتا، دڵ وەکوو بلبل خەریکی بەستنی هێلانەیە بوو، بۆ گوڵی جوانم
لە پڕ گەردوونی بێ ڕەحم و وەفا، بێ سووچ و بێ تاوان دەسێکی نایە بینی بلبلی زاری غەزەلخوانم
زوبانی شیعری گرتم، شێوەیی ئادابی شێواندم فەساحەت کەوتە ناڵین و بەلاغەت کەوتە گریانم

گریەی خوسران[edit]

بگری! ئەی شاعیری ناتەوان بگری مرد لە ڕۆحی منا هەموو ئامال
«بیخودانه کفن بدوش ملال» ئەگەڕێ سەرسەری پەری خەیاڵ
***
بگری! ئەی ڕۆحی غەمنیشان بگری کە بەکوللی نەما لە شیعری منا
زەڕڕەیە لەفزی ڕێک و پڕ مەعنا وەکوو ئەفسوردە ئاگری سەر سڕی
***
بگری! ئەی چیهرەی خەزان بگری گریەی دڵ بەکوڵ بکا هەیەجان
بتەوێ گریە کەی بە وەقفی خەزان گریەیەکی غەریب و بێ سامان
***
بگری ئەی ناڵە و فوغان بگری گریەیەکی وەها بە جۆش و خرۆش
کە نەمێنێ نەعەقڵ و فەهم و نەهۆش خەرقەیی ماتەمی و ناڵە بەدۆش
***
بگری! ئەی ئەبری بێ ئەمان بگری تۆی چاوانی من بکەی تەمسیل
گریەی چاوی تۆ ئەکەم بە دەلیل وەکوو تۆ خوێنی دڵ ئەکەم بە سەبیل
***
بگری! ئەی شیعری ناتەوان بگری بگری! ئەی ڕۆحی غەمنیشان بگری
بگری! ئەی چیهرەی خەزان بگری بگری! ئەی ناڵە و فوغان بگری
بگری! ئەی ئەبری بێ ئەمان بگری

هەڵکەنن خزمینە بۆم قەبرێ[edit]

هەڵکەنن خزمینە بۆم قەبرێ لە دووری شارەوە بمخەنە ناوی بەکۆڵێ زەحمەت و زینهارەوە
خۆشە تاریکی قەبر، بۆ ڕاحەتی قەلبی زەبوون نامەوێ ڕووناکی دنیا، من بەدەم ئازارەوە
دەس لەمل بەردێکی ئەلحەد کەم لەلای من چاترە لەو دەسی پڕ زێڕە بینێمە دەسی ئەغیارەوە
من لە دایکی خاکم و هەر باوەشی ئەو جێگەمە خۆشە لایلایەی بەبێ دەنگی، بە ئیستیغفارەوە
ڕێ کەوێ بۆت ژینی دنیا خۆشە بێ زووخاوی دڵ ناخورێ هەنگوینی شیرین قەت بە زەهری مارەوە
خۆشە مردن با نەبینم ئیشی لار و نالەبار باری خۆم قورسە، نەناڵێنم بەدەس سەربارەوە

هەموارە غەریبی کوچەیی شارێ بی[edit]

هەموارە غەریبی کوچەیی شارێ بی ماتەم زەدە، زوخاوی جگەر خوارێ بی
شەو تا بە سەحەر، بە دەردەوە ناڵەت بێ چاتر لەوەیە کە یاری ئەغیارێ بی
***
برسی و ڕەش و ڕووت، بە عاجزی و غەمگینی ڕابوێری بەبێ نەوایی و بێ تینی
لەو دەشتە لەبەر هەتاوی سوور، گوڵ چینی مەعقوولترە، نەک ڕووی ڕەقیبێ بینی
***
پشتت لە مەرارەتا، لە ژێر بارا بێ ڕۆحت لە ڕەزالەتا، لە ئازارا بێ
جێی نووستن و ڕاحەتت لەناو نارا بێ نەک پادشەهیت، لە گفتی ئەغیارا بێ
***
ئاوارە و زار و دەربەدەر، ڕیسوا بی بۆ قەترەیە ئاو، لە تینووا خنکاوی
بۆ لوقمەیە نانی جۆ و دۆ داماوی زۆر خۆشە، نەڵێن لەبەر ڕەقیب هەستاوی
***
بەڕوو پووش و پەڵاش و زی بماڵی بە شەو تا وەقتی سبحەینێ بناڵی
بنۆشی دەم بەدەم، زووخاو و تاڵی نەوەک بێگانە بێ و ڕووکەیتە ماڵی

1938/12/19
هەولێر

مەلی ئامال[edit]

لە شاخساری ژیان هەڵفڕی مەلی ئامال لە خۆیەوە نەفڕی، بەردی دەستی نافامێ
لە ئاشیانەیەکی گەرم و گوڕ لەسەر هێلکە هەڵیفڕاند و تەرەی کرد و دایە شەققەی باڵ
فڕی، نیشتەوە، ڕووی کردە چۆڵ و هەردە و یاڵ هەموو جیهانی لەلا بوو بە ڕاوکەری خوێنتاڵ
هێلانە واز و پەرێشان، زەبوون و بێ دەرەتان کەژ و چیا ئەگەڕێ، ناتەوان و سەرگەردان
هێلانەکەی هەموو ڕووخا بە گەردەلوولی خەزان مەجالی هێندە نەدا، هێلکەیەکی هەڵبێنێ
بەنووکی جوانی دەنووک، ئاوودانی بۆ بێنێ بکەونە باڵەفڕێ و سەرچڵی لە خەم ڕەخسان
ئەوانە وا ئەبنە هۆی فڕینی ئامالی یەکێکی بێ دەرەتان و زەبوون و بێدەسەڵات
جەزای ئەمانە حەواڵەی زەمیری ئێوە ئەکەم کە حوکمی بۆ بدەن، ئەی خوێندەوارانی بەرزی وڵات

1958/01/31

هاوزوبانم، زوبانی لاڵی منە[edit]

هاوزوبانم، زوبانی لاڵی منە بێ زوبانیی، زوبانی حاڵی منە
ئێستە پیری شەڕابی کۆنی خەیاڵ خۆشەویستی شەوی ویساڵی منە
لە فەزای ئاسمانی ئەشعارا فکری ورد، ڕۆژی بێ زەوالی منە
بیری ورد و مەعانیی تازە لە سەمای شیعرما، هیلالی منە
ڕوو بە ڕووناکی تەفەکور ئەڕۆم لەفزی ئەشعاری من، زیلالی منە
با حەرامیشی تێبگەن «نووری» شیعرەکانم هەموو، حەڵاڵی منە

ئیلهامێک لە «حسێن دانش»ەوە وەرگیراوە[edit]

لە کاتێکا سەفینەی بیروباوەڕ غەرقی شۆڕش بوو تەمی ئەفسانەی بووتخانە، دونیای عەقڵی پۆشیبوو
شەپۆلی تیژی دەریای فیتنە، گەرمەی هێز و جۆشی بوو ژیانی ئادەمیزاد، تێکەڵاوی بیم و لەرزش بوو
گڕێکی ئاگری هەڵکرد و ناوی نا پەرستشگاهـ بڵێسەی بوو بە نوور و مەشخەڵی ڕێی غافڵ و گومراهـ
***
لە پڕشنگی برووسکە مەشخەڵی ئاتەشکەدەی وەرگرت بەجارێ ئاگری بەردایە پووشی وشکی نافامی
شەوی جەهل و نەزانینی بە پرتەو کردە نوورانی بت و بووتخانە هاتە لەرزە و ڕووی کردە وێرانی
بەجارێ دای بە دەم باوە، بیناغەی پووچی بەدنامی گڕی بەر دایە ژینی بووتکەدە، یەک بارە سووتانی
***
مەهـ و خورشید، ئەدا پڕشنگی ڕووناکی بە ئایینت بەسەر ئافاقی «مادا» پرتەو ئەفشان، نووری ئیمانت
جیهانی سەربەسەر پڕ کرد لە ئەنواری خودا بینت شیعاری باوەڕی گۆڕی، بە جارێ عیلم و عیرفانت
نەوا پەردازە بولبول، بۆ دەمی غونچەی گوڵستانت درەخشانە وەکوو ڕۆژ لاپەڕەی مێژوویی تابانت
***
بە سێ شت دانرا، بنچینەیی ئایین و تەعلیمت بە «فکر» و «قەول» و «کردارە»، هەموو ئەرکانی ئایینت
سەراپا بوو بەساحەی عەدل و داد، مەڵبەند و ئیقلیمت هەموو ئاساری کۆنی فورس و ئێران، زادەیی دینت
سزاوارە لەسەر سەر دانرێ نووسراوی «ئاوێستا»کەت کە ئەو بوو هۆی نەجات و موجیدی عومرانی دونیاکەت

1935/08

شەو[edit]

خۆت بپارێزە لە ئاهی دڵ بریندارانی شەو نەک خودا ناکەردە گیرا بێ، دوعای ناڵانی شەو
یاوەر و یار و ئەنیسم، ئاهـ و ئەشکی حەسرەتە ئافەرین ئەی بارەکەڵڵا، دیدەیی گریانی شەو
ئەشکی حەسرەت، لازمی جەمعی سیەهـ بەختانە هەر شەونمی سوبحە، دەلیلی قەترەیی موژگانی شەو
هەرکە ڕووی تۆی دی، ئیرادەی بەیعەتی کرد ئافتاب توڕەیی موشکینی تازەی کردەوە ئیمانی شەو
خەت ئەگەرچی هێرشی هێناوەتە سەر ڕوومەتت حازرە ئەم ڕۆژە دەرچێ، بۆ شکستی شانی شەو
دڵ ئەبێتە قەترەیێ خوێن و لە دیدەم سەر ئەکا هەرکە ڕابوورێ بەدڵما سوحبەتی جارانی شەو
مونتەهای ئەم زوڵمەتی هیجرانە، ڕۆژی وەسڵ ئەبێ ئاخری نووری شەفەق ئەڕژێ لە هەر دامانی شەو
«نووری» لەم پێچ و خەمی زوڵفە نەجاتت زەحمەتە لای سەختی تەبعان مەحاڵە، ڕوخسەتی میوانی شەو

ژیانی ئادەمیزاد[edit]

لەناو شەپۆلی خەما، سەرنگوون و بێ ئارام بە کێوی سەختی ژیانا، بەپێ و چنگەڕنێ
خەریکی هەڵمەتی سەرکەوتنە بگاتە مەرام لەپڕ نشێوی کڵۆڵیی، بواری لێ ئەتەنێ
بە داوی جەور و خەفەت، تاروپۆی لە ئێش و لە زام
***
زەبوون و ڕێ هەڵە بووی دەشتی چۆڵ و هۆڵی بەڵا شکستە باڵ و شپرزەی پەلاری دەستی قەدەر
نە دەستگیرێ لەلاوە دەسی بداتە پەلی نە هاودەمێ خەفەتی خۆی لەلا بدا بە هەوا
بەلایەکا ئەیەوێ تێپەڕێ، نییە ڕەهبەر
***
لەبەر دەمیشیەوە تاریکە سێبەرێکی وەها هەتاکوو چاو بڕ ئەکا، توند و تاڵ و بیم ئاوەر
ئەدا بەلایەوە، ئەخنێتەوە بە ئیستیهزا هەوڵ ئەدا کە بچێ بیگرێ، بەڵام سێبەر
چلۆن ئەگیرێ، بەهێزی شەلێکی بێ سەر و پا
***
ئەمانە ئەم کەژ و ئەم سێبەر و شەپۆلە، یەکی نموونەیە لە هیوایە و لە ڕێگەیایە بەبار
کە چاوی پێ ئەکەوێ، بۆی ئەچێ بە ئیستیعجال بەڵام هیلاکییە، یەعنی ژیانی نەوعێ بەشەر
بە تەنگەوە نییە، ڕاهاتووە لەگەڵ ئیهمال

هەتاکوو ئەو دەمە، ئەینێنە قەبری تیرە و تار