دیوانی شێخ نووری/بە یادی ڕابردوو

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی شێخ نووری  (1970)  by شێخ نووری شێخ ساڵح
بە یادی ڕابردوو

ئاوڕێک بۆ دواوە[edit]

ئەی «ژیان»، ئەی ئەمەلی تائیفەی پیر و جوان! ئەی بەبێ تۆ، شەوی دەیجوورە هەموو ڕۆژی ژیان
هیچ مەوەستە لە دەسا تا دەگەیە «زەردیاوا» ئەم دوو سێ شیعرە بەدیاری بەرە خزمەتی «گۆران»
بڵێ: ئەی نازری ئەو دیمەنە جوانەی قەرەداغ دوور لە دەرد و لە پەژارە، لە خەم و میحنەت و ئاخ!
باوکم ئەو وەختە ئەدیبێ بوو لە ڕێزەی ئودەبا مەلەوانێکی بەقودرەت بوو لە دەریای ئەدەبا
ئەو دەمە شیعری دەوت، هۆش و شعوورێکی هەبوو سەر و دڵخۆش و ڕەحەت، کەیف و سروورێکی هەبوو
ئێستە کۆماوەتەوە پشتی بەسەر جەدوەلدا قسمەتی خۆی ئەمە بوو، هەر لە دەمی ئەوەلدا
ڕۆژ و شەو فیکری بە نووسینی حیساباتەوەیە شەو و ڕۆژ زیکری بە تەسدیدی ئەماناتەوەیە
شیعری بیکری بووەتە تەسفییەی تەسلیفات وێرد و زیکری بووە بە تەحشیەی تەحویلات
جەدوەلی مولحەق و تەسوییەی ناو ئازاری بووەتە قافیە و میسرەعی مەعنیداری

لە هەولێر بە لەتیفە[edit]

دەری مەیخانە بەسراوە، دڵی پیرانی گیراوە تەڕەب وا قوڕ بەسەر خۆیا ئەکات و جەرگی سووتاوە
لە قەلبی شووشەدا عارەق نەما، یەکدەفعە خوێناوە سوراحی دیدەیی وا کوێر ئەبێ بۆت هێندە گریاوە
ئەوەندە چاوەڕێی تۆن کۆمەڵی مەوجوودی مەیخانە ملی مینا شکا هێند ئاوڕی لێ داوە بەو لاوە
دڵی پڕیە لە خەم پیری موغان، قامەت خەم و خەمبار لە پای کوپەی خوما، بێ چارە سەرتاپای لە خوم ناوە
بە ئەترافی ئەویشا زائیرانی سەحنی مەیخانە یەکێ شەیدا و شێواوە، یەکێ مەبهووت و داماوە
لە تەپڵی سەر ئەدەن، هاوار ئەکەن بەم جەژنە ئازادە سەمای سافی ئەم مەیخانەیە، بۆ ڕۆژی گیراوە؟
هەوێنی شیری شێرانی تەڕەب، ئەی ماکی دڵخۆشی لە دووری تۆیە «نووری» گۆشەگیر و مات و داماوە
وەرە ئەم جەژنە تۆزێ خەم بە با دەین پێکەوە توخدا غەریبان چی بکەن، گەر غەم نەدەن نەختێ بە دەم باوە

1938
هەولێر

بۆ بێکەس[edit]

جەژنی نەورۆز بوو لە گردی یارە کۆ بووبوونەوە ئەهلی ئەم شارە
لە ژن و لە پیاو، لە شێخ و ئاغا لە کاربەدەستی میری کەس نەما
کە نەهاتبێ بۆ ئەم نەورۆزە بۆ زەماوەند و جەژنە پیرۆزە
لە سەفارەتا زانای ئیستیعمار مێجەر ئەدمۆنسی، یەکەم موستەشار
بە توورەکەی مل، پڕ لە فێڵەوە بەدرۆ و ئیشی چەوت و چوێڵەوە
ئەویش لە پڕ هات خۆی کرد بەناوا هەر چاوێکی کرد بە چوار لە تاوا
من بەبیری خۆم زەینم وا بۆی چوو بۆ ناوەرۆکی نەورۆز هاتبوو
تێبگا مەبەس لە نەورۆز چییە بێ ناوئاخنە و جەژنی پەتییە
یا پڕە لە شت، ئەم هەمانەیە ڕوو لە سەردەشت ە و مەبەس بانە یە
بێکەس
بێکەس ئەناسن چەند فیداکار بوو بۆ نیشتمانی، کە چەند بەکار بوو
بۆ سەعادەتی قەومی کورد بێکەس سەرشۆڕی و بەزین لای عەیب و عار بوو
بێکەس لە ڕێگای بەرزی میللەتا ملی بکرایە بەدار و پەتا
لای وابوو ڕوتبەی شاهەنشاهییە ڕێی وەتەن نەبێ، ڕێی گومراهییە
بەندیخانە لای کۆشکی وەزیر بوو گۆرانی و بەستەی زڕەی زنجیر بوو
بەتەنگ ئازار و ئێشەوە نەبوو لای بێکەس مەعنای وەتەن ئەمە بوو
سەر، بەرز بوونەوەی بۆ سێدارە و پەت ئەو سەربەرزییە دەس کەس نە ئەکەوت
ئەمە ئایینی پاکی بێکەس بوو هەر بەرزی وەتەن لای ئەو مەبەس بوو
سەرنجم دا دان جیڕ ئەکاتەوە لە داخی «ئەدمۆنس» پیش ئەخواتەوە
لە پڕ هەڵسایە سەرپێ ئازانە ڕووی کردە «ئەدمۆنس» وتی مەردانە
پەنجەی کێشایە ناو هەردوو چاوی وتی لە دەس تۆ من بۆ کوێ بڕۆم
«بیست و حەو ساڵە من ڕەنجبەری تۆم بەنان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم کەچی ئێستاکە هەر من ڕەنجەڕۆم
گوناهم چ بوو، بەم دەردەت بردم بەناحەق بۆچی وا سووکت کردم»
ئەم هەڵەبەستەی خۆی، جوان بۆ خوێندەوە «ئەدمۆنس» هەروەها تاس ئەیبردەوە
ئێستەش تا ماوم ئەم دەنگە خۆشە لە پەردەی گوێما ئەزرنگێتەوە
کوردیش ئەمێنێ و ئەم شیعرە جوانەی بە فاتیحاوە ئەخوێنێتەوە

1958/12/11

لە ستایشی متەسەڕیفی سولەیمانی «ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ»[edit]

شەوێ لە ماڵەوە دانیشتبووم بە حەیرانی لە چەرخ و ئەختەر ئەفکریم و وەزعی یەزدانی
شەوێکی پڕ لە سروور و شەوێکی پڕ بەرەکەت شەوێکی پڕ لە زیا و شەوێکی نوورانی
شەوێ بوو، مانگەشەوێکی عەجەب تریفە تریف دوو سەد بەیان و دەمی سوبح ئەکەم بە قوربانی
گەهێ خەیاڵی ویساڵی جەمالی یارم ئەکرد گەهێ ئومێدی ئەمەم بوو، کە بێ بە میوانی
لە پڕ نیگای وەتەن، میسلی خۆر تڵووعی کرد لە پاڵی پەرچەمی لادا لە سوبحی پیشانی
بەهایی موڵکی یەمەن، لەعلی لێوی جان بەخشی خەرابی چین و خووتەن، زوڵفی عەنبەر ئەفشانی
سەرێ نەبوو کە نەبێ پڕ خوماری ساغری ئەو دڵێ نەبوو کە نەبێ مەستی چاوی فەتتانی
هەزار ڕۆستەمی داستان، زەبوونی توڕڕەیی ئەو هەزار بێژەن، ئەسیری چەهی زەنەخدانی
نەفەس بە ئاخەوە، خوێناوی تیغی نازی برۆی جگەر بەداخەوە، کوژراوی تیری موژگانی
کە هات بە نازەوە، فەرمووی خەریکی چیت «نووری»؟ سەبەب چییە کە لە من مودەتێکە پەنهانی؟
بە ئاهـ و ناڵەوە پێم وت: ئەوەندە ئاشفتەم میسالی پەرچەمی ئێوەم لەبەر پەرێشانی
دووبارە هاتە قسە، موشفیقانە پێی فەرمووم مەگەر فراز و نشیبی زەمانە نازانی؟
گەهێ لە ئەسفەلی سوفلا ئەبێ بەنی ئادەم گەهێ لە عالەمی باڵایە، شەخسی ئینسانی
یەکێ خوماری مەی و بەزمی عیزەت و ئیقبال یەکێ زەبوونی غەمی زیللەتە و پەرێشانی
بە خۆشی و غەمی ئەم ئاسیابە تەفرە مەخۆ کە هەروەها بووە ئەوزاع و چەرخ و دەورانی
قەڵەم بەدەستەوە بگرە، بنووسە مەدحی کەسێ کە فەوقی گونبەدی کێوانە، سەتحی ئەیوانی
خەجستەفەڕ، متەسەڕڕیف، جەنابی «ئەحمەد بەگ» کە کەحلی دیدەیی عیرفانە، گەردی دامانی
لە فەیزی هیمەتی ئەو زاتە، هێندە مونتەزەمە میسالی لۆندەرەیە مەرکەزی سلێمانی
هەزار «کیسرا» و «جەم»، مەستی بەزمی مەعدەلەتی هەزار «مەعەن» و «حەتەم» ڕیزەخواری سەرخوانی
ئەگەر مەساعیی میعماری ئەو نەدەبوو وڵاتی ئێمە هەموو، ڕووی ئەکردە وێرانی
زەمین هەتاکوو بمێنێ قەرار و ئارامی فەلەک هەتاکو بمێنێ گەڕان و سووڕانی
لە جەمعی مەیمەنەتا بێ، بەبێ خسووف و کسووف مەهی تەجەللی و خورشیدە، شەوکەت و شانی

بۆ زاری کرمانجی[edit]

سەبا؟ ئەم دیارییەم بۆ خاکپای «زاری کرمانجە» لە «نووری» نا، لە مۆری توحفە، بۆ خزمەت سلێمانە
«ڕواندز» بەختیارە، قابیلە فەخری وڵاتێ بێ کە چونکە مەرکەزی نەشری فیوزی عیلم و عیرفانە
جەریدەی «زاری کرمانجی» ڕەفیقی «ژیان»ە بۆ میللەت کەسێ زاری نەبێ، بێ زارە، ئیشی زار و گریانە
لە دەستی خوێندەوارانا، ئەگەرچی ئەمڕۆ بێ قەدری سبەینێ هەر ستوونێکت وەسییەت خوانی عومرانە
بە ئەنگوستی تەجەسوس، ڕووپەڕەی زەرد هەڵگەڕاوی تۆ ئەپشکنرێ کە چونکە مەرکەزی ئەسراری کوردانە
وەکوو میرئاتی زەی ئیدراکی، بۆ مازی و ئیستیقبال مەعانیی جوملەکانت کەنزی لایوفنای عیرفانە
ئەمینداری خەفایای حەیاتی حازرەی ئەمڕۆی سبەینێ یەک بەیەک ئەیدەیتەوە بەو نەوجوانانە
بەهێز و قووەتی خۆت بانگ ئەدەی بۆ نوێژی سبحەینێ چریکەی تۆیە وا گوێم لێیە دێ، لەو شاخ و داخانە
ئەڵێ ئیتر شەوی غەفڵەت نەما، ڕۆژی سەعادەت هات کە عومرێکە هەموو ئانێکی، دەرسی زلل و خوسرانە

1926/10/25

بۆ عەلی کەمال[edit]

نامەکەت گەیییە دەست فەخری هەموو ئەهلی وڵات بوو بە شانامەیی هەر مەجلیس و بەزم و حەفلات
وا ئەبێ هیمەتی مەردانە و شێوەی حەتەمی دەک ئیلاهی نەڕزێ قەت لە گڵا دەستی سەخات
ڕێک بەقەد سەرتە، کڵاوی کەرەم و ئەفسەری جوود خشت بەقەد قامەت و باڵاتە، کەوایی حەسەنات
بەحری بەخشایشی ئێوە نییە ڕۆژێ کە نەکا کەرەمی حاتەمی تایی، بە سورابی وەهەمات
ڕوتبە و مەنسەبە، خوا لایقی شانی دیوی بە فەقیران حەسەنات و بە غەریبان خەدەمات
ئەمە بۆ تۆ بەسە، بۆ بەرزی خولقت بە دەوام وردی ڕۆژ و شەوی ئەم عالەمەیە وەسف و سەنات
ڕەبی مەحروومی نەکا خوا بەدەوامی ژینت کۆمەڵی بێ دەسەڵاتانی وڵاتت لە بەرات

1943/01/21

گلەیی[edit]

دێتە بیرت ئەو دەمەی تۆ ڕووت لە ڕووی پەیمانە بوو من دڵ و خوێنی دڵم بۆ تۆ مەی و مەیخانە بوو
دێتە بیرت هەر بە تەنیا تۆ لە پەردەی سینەما سینەما بووی و لەوێدا غەیری تۆ سیما نەبوو
دێتە بیرت کارەبای ڕووی حوسنی خولقی تۆ لە کوێ شوعلە ئەفزا بوایە «نووری» زوو لەوێ پەروانە بوو
دێتە بیرت کۆمەڵی جاران و شەوگارانی زوو گفتوگۆی مەجلیس، هەموو هەر ڕاستی، مەستانە بوو
دڵ لە باغی سینەدا بۆ تۆ لە ڕیشەی جەرگ و دڵ ڕۆژ و شەو هەوڵی چنین و بەستنی هێلانە بوو
شارەزای ڕێ بوو، ئەکەوتە بەردەمت دڵ دێ بە دێ شاری بێ میهر و وەفایی، ئەو حەلە وێرانە بوو
چی بەسەرهات ئەو زەمانەی ڕاستی و عەهد و وەفا لای ڕەفیق و ئاشنایان، شێوەیی پیاوانە بوو
چۆن موبەدەل بوو بە سەفرای تاڵی ئێش و دەردی دڵ ئەو شەرابەی شەمعی جەمعی ئاشنا و بێگانە بوو
تێگەیشتم بۆ نەماوە، شێوەیی میهر و وەفا تاکوو ڕۆژی یەک دڵیی ئاوا نەبوو، ئاوا نەبوو
بۆ شتێ چاکە «معاذ الله» بکەومە سەر زبان ئەو خەیاڵاتەی کە من ئەمکرد، هەموو ئەفسانە بوو
زووم ئەزانی من کە قەت ناکەومەوە بیری یەکێ واسیتەی بیرکەوتنەوەم بۆ نەقڵی ئەم بارزانە بوو
ئەو شەوەت بیرە لە بەزمی وەسڵی یارا دوو بە دوو تا بەیانی، هەر بەیانی ڕازی دڵدارانە بوو
ئێستە تۆ بوویتە وەزیر و من مدیرێکی فەقیر شەرتی ئینساف و مروەت، وا بزانم وا نەبوو

1951/08/20
زێبار

بۆ دۆستێکی قەدیمی[edit]

بەرم بۆ کێ سکاڵای دڵ لە دەس تۆ مەگەر هەر بیبەمە لای دلبەری خۆم
بڵێم ئیتر بەسی بێ، بێ وەفایی بڵێ جارێ لە کوێیە کەمتەری خۆم
فەلەک خستوومییە چاڵێکی واوە کە دەس ناداتە دەستم ڕەهبەری خۆم
ئەڵێی دایم لە دووم هەڵهاتووە ڕۆژ لە پێ کەوتم، نەگەیمە سێبەری خۆم
لەبەر تانەی ئەم و ئەو نادیارم وەکوو ئەخگەر لەبەر خاکستەری خۆم
نیازی من لە ئێوە یەک نیگاهە کە بەڵکو زوو بکەم، چارەسەری خۆم
لزووم ناکا بە شەرح و بەستی ئەحواڵ کە ڕەمزێ کافییە بۆ داوەری خۆم
ئەگەر لوتفت لە حەق من هەروەها بێ ئەبێ لەم شارە من دەرکەم سەری خۆم

1941/12/10

دیاری ژیان[edit]

ئەمشەو بە یادی تۆوە نەنووستم هەتا بەیان لێم هاتە گفتوگۆ، قەڵەمی تیژی دوو زبان
مەستانە دەستی کردە هەرا و گریە و فیغان فرمێسکی وەک ڕەهێڵەی باران بە نەوبەهار
ئەڕژایە خوارێ، چاو یەک و فرمێسک بڵێ هەزار هاوار و شیوەنی گەیییە، عەرشی کردگار
دەستم گەیاندە ناو قەدی، هێنامە پێشەوە پێم وت بە نەرمی و بەدڵێکی بە ئێشەوە
ئەم ناڵە ناڵ و ئاهـ و ئەنینەت لەبەر چییە؟ ئەم پرمە پرمی زاری و شینەت لەبەر چییە؟
فەرمووی لە داخی تۆیە هەموو ناڵە ناڵی من ئەم ماتییە کە ئەم دەمە کردووتە ئیختیار
خستییە پەناوە، عەقڵ و شعوور و کەمالی من ئەتلێمەوە بەداخەوە، بێ هۆش و بێ قەرار
پێم وت، کە ئەی ڕەفیقی تەفەکور، ئەنیسی ڕۆح هەمڕازی ڕۆژ و مونسی شەو، مەحرەمی خەیاڵ
گەر تۆ نەبی، بە کێ ئەگەیی داستانی نووح چۆن بەرز ئەبوو، شیعاری ئەدەب، فەلسەفە و کەمال
کێ گوێی لە ناڵەی دڵی زار و زەبوون ئەبوو؟ چۆن ڕۆڵەیی شیعر، ئەچووە باوەشی ژیان؟
کێ گوێی لە کردەوەی فەلەکی واژەگوون ئەبوو؟ گەر تۆ نەبی و نەنووسی لە چەپگەردیی زەمان
مەگری و بنووسە دەرد و سکاڵای دڵی حەزین بیدە بەبای شەماڵ، بە پەلە، دەم بەپێکەنین
بیبا و بچێتە باوەشی دایکی ژیانەوە لای لایە چاک ئەزانێ، بەسۆزی بەیانەوە
ژیرت ئەکاتەوە، خەوی خێرت لە چاو ئەخا ئەخنێتەوە بەیانی، وەکوو گوڵ بە نەوبەهار
دەم پڕ لە شیعری جوانی، وەکوو دوڕی ئابدار ئەمجا شەرم مەکە و بڵێ، ئەی پیری نەوجەوان
«شێخ نووری» ڕۆحی لاتە، مەڵێ وا لە غوربەتا فریای عەزابی کەوتووە یادت، لە میحنەتا
هەرچەند فەلەک نەشیدی بە زۆر پێ بڕیمەوە عەرزت ئەکا بە تورکی، بە یادی قەدیمەوە
«إربیلدە بن سنی دوشنور یاد إیدرایکن قارشمدە بر شعاری شعر هیکلی ادب
دورمقدە درس شعر ویرر حسیاتمە بر انجذابی حس ایلە پر ذوق و افتخار
دیکلر سکوت ایلە، بنی غرقی تفکرات ایلر، ویرر سری ابدیت حیاتمە»

بۆ متەسەڕیفی کەرکووک[edit]

ن. ناوی جەرگم هێند برینی پێوەیە وا سیل ئەکا و. وا خەریکە خەم شعوور و عەقڵەکەم تەبدیل ئەکا
ر. ڕۆح لە دەرچوونایە بۆ وەسڵی زولەیخای لوتفەکەت ی. یووسفی ئاوارەکەت وا مەیلی عیزرائیل ئەکا
ب. بەرد ئەبارێنی بەسەرما یەک لەسەر یەک چەرخی دوون و. وەک سیاپۆشان، وجوودم ماتەمێ تەمسیل ئەکا
خ. خەم وەها خوێنی دڵی هێناوەتە سەر دیدەکەم ز. زیللەت و ئاهـ و فیغانم، شیوەنێ تەشکیل ئەکا
م. مردنم لا چاترە لەم ژینە، گەردوونی دەنی ت. تووڕەیە دایم لە جەمعی عوشرەتم تەنزیل ئەکا
ج. جەوری ئەم غەددارە ڕەببی ڕوونەکاتە دوشمنم ن. نەختە ئاوێکی لە ڕێدا، لێ بە بەحری نیل ئەکا
إ ئانێ بێشەی شێر ئەکاتە لانەی ڕێوی غەریب ب. بەینێ ئەیبینی کە سەرگەڕ گەڕ بە لاشەی فیل ئەکا
ت. تا بەکەی تاڵاوی، ئەم زەهرەت بچێژم ڕۆژ و شەو ا. ئێش و ئازارت، هەتاکەی کەیف و خۆشیم دیل ئەکا
ڕ. ڕوو لە کوێ کەم گێژەڵووکە و گەردەلوولی نەگبەتی ز. زیندەگی و خۆشیم بە سەد مەرگ و خەفەت تەبدیل ئەکا
و. وس بە ئیتر بەسیە، هاوار و بەیانی دەردی دڵ ی. یاری خۆت مەعنای سکاڵاکەت بە حەق تەئویل ئەکا
ت. تێدەفکرم، دێتە گوێم دەنگێ بە ئەسپایی ئەڵێت: ح. حامییەکی خۆت هەیە ئەو حاڵی تۆ تەعدیل ئەکا
و. واز لەم و لەو بێنە، هەر بۆ ئەو بەرە شەکوای دڵت ی. یاری پێشووی خۆتە، لوتفی خۆی بەتۆ تەشمیل ئەکا
ل. لەم قسانە لادە، نۆبەی ئیحتراماتە و سەلام ا. ئاشنایان با نەڵێن هەر بۆ حەجی خۆی تیل ئەکا
ک. کاکی خۆمە زۆر سەلامی لێ دەکەم، سەدیقمە ا. ئەو موئەشیرمە ئەزانم ئیشی من تەعجیل ئەکا
ئەوەلی حەرفی هەموو میسرەع ئەگەر کۆ ببنەوە میسرەعێکە قەسد و ناوی شاعیرێ تەسجیل ئەکا
خۆت ئەزانی موخلیسە، بۆیە بەبێ پەروا ئەڵێت: ........................

1948/08/07
تەق تەق