دیوانی حەمدی/ژ

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
309716دیوانی حەمدی — پیتی ژ1936حەمدی

1[edit]

جوملە ئەجرامی سەماوی چاکر و سوڵتانە ڕۆژ باعیسی بوونی گیاهـ و کافەیی حەیوانە ڕۆژ
جیلوەگاهی نوورە هەر کەس تێکەڵی دنیا نەبێ خۆ لەبەر شێتی نییە تەنها لەسەر کێوانە ڕۆژ
زلفەکانی با لەسەر ڕوو لابدا بۆ تەجرەبە با بزانم ئەمشەویش ئاخۆ دەڵێن پەنهانە ڕۆژ
من لە پێ کەوتم لە دووی ئەو ماهە جا نۆبەی ئەوە کائیناتی پشکنیوە وێڵ و سەرگەردانە ڕۆژ
ئەم کسووفە توولی کێشا ئەی فەلەک فێڵێ نەکەی وا لە کوێتایە دەخیلە وەختی زوو بەردانە ڕۆژ
تا بە قەد زەڕڕەم بمێنێ شەرتە مەیلی هەر نەکەم دابنیشێ گەر لە جێگەی حەزرەتی جانانە ڕۆژ
شەمعی ڕووتی دیوە بۆیە ئاگری تێ بەربووە مەیلی سووتانی هەیە باقڵ وەکوو پەروانە ڕۆژ
زلف و خاڵت بێتە داو و دانە ئەمجا تێدەگەی خۆی دەخاتە داوەوە بۆ خاتری ئەو دانە ڕۆژ
یەک کەڕەت چاوی خوماری دڵبەری دیوە مەگەر مەست و مەدهۆشە خەریکی کەوتن و هەڵسانە ڕۆژ
گەر بە ئومێدی ویساڵی شامی زلفی تۆ نەبێ سەر لەکەل دەرنایەنێ هەر نایەوێ ئەو مانە ڕۆژ
ڕۆشناییم من بە چاوی خۆم نەدی ڕۆژی فیراق هەر شەوێکی ڕووتە خەڵقی بۆ ئەڵێن تابانە ڕۆژ
هێندە شەوقی دیدەنی نووری جەمالی تۆم هەبوو نەم ئەدی گەر هەڵبهاتایە لەسەر ئەم شانە ڕۆژ
من کە مەخمووری نیگاهی دیدەکانی مەستی تۆم لێوی لێ نادەم پڕیکا گەر لە مەی پەیمانە ڕۆژ
خۆزگە خوا ڕەحمی ئەنایە دڵت و تەشریفت دەهات هەڵئەهات هەر ئەو سەعاتە بەم شەوی هیجرانە ڕۆژ
هەر شەوی نەوعێ ئەدا زینەت بە ئەوجی ئاسمان ماهی من هەر تێدەفکرم ڕۆژەکەی ڕۆژانە ڕۆژ
با عیلاجی مەتڵەعێکی تر بکەم تا تێبگەن مونکیری ئەهلی مەحەببەت شەو یەکێکە دوانە ڕۆژ

2[edit]

سەر لە جێگەی پێ دەنێ کوللی سەحەر مەستانە ڕۆژ بۆ زیارەت دێتە کەعبە ئەو دڵە ئەو جانە ڕۆژ
کەعبە چی کاشانەیێکە سەر لە پایەی عەرش ئەدا حەیفە بیکەی گەر بە نیمەی خشتی ئەو ئەیوانە ڕۆژ
ئەو شەوی میعراجە فەخری ئەنبیا دەعوەت کرا تاقە نانێ بوو خرایە سەر دەمی ئەو خوانە ڕۆژ
شانی ڕاگرت ئەو دڵ و جانە کە پێی نایە سەری دەستیکەوت ئەم شەوکەتە ئەم عیززەتە ئەم شانە ڕۆژ
دووپەلی ناڵی بوراقی ئەو شەوە لێکەوتبوو من دەڵێم مانگە یەکێکیان و ئەوی تریانە ڕۆژ
ئەو شەوە ئەو ئیحتیرامە تا حەشر نابێتەوە گەر دەگیرێ بیکەنە قوربانی ئەم قوربانە ڕۆژ
ئەو شەوە فەرقی لەگەڵ ڕۆژا دەزانی چەندەیە هەر وەهای دانێ کە چۆڕێ شیرە شەو قەترانە ڕۆژ
وەختی خاسی وەسڵی مەحبووبی جەنابی کیبریا هەر شەوێ بێ بۆی دەبێتە عاشق و دێوانە ڕۆژ
ئەم حیسابە حەمدی قووڵە قەت سەری لێ دەردەکەی عەقڵی پێ نەشکاوە هێشتا بەم هەموو عینوانە ڕۆژ

3[edit]

سەتری ئەحواڵی قەبیحی پێدەکا کاکم بە نوێژ دامەنی دەس ناکەوێ میسلی وەلەززالین درێژ
فەرقی ناکا شەربەتی مردن لەگەڵ ئاوی حەیات چونکە بێ زەوقە فەقیرە زاهیدی سەهبا نەچێژ
سەڵتەنەت هەر مەستییە ڕاستە قسەی پیری موغان سڕڕی مەستوورە سەراپەردەی خەیاڵە بەنگی گێژ
ساقییە خوێن ڕێژە یاران خوێنە دەینۆشن مودام مەجلیسی ئەم عەسرە خۆشە هەر بنۆشە هەر بڕێژ
کەس نەبوو ڕێگە نیشانی خزری بێ چارە بدا ئاوی دەسنوێژی حەیاتە باغەوانی تاک نێژ
نووری عیرفانە نیهایەت جورعەیی شیشەی شەراب دوردەکەی چەندانی وەک من کردە نوکتەی ساف بێژ
حەمدی مننەت باری جیلوەی ئافتابی بادەیە هەر کون و قوژبن لە بەیتیدایە بۆتە زەڕڕەبێژ

4[edit]

قەلبی خوێناوی مەحاڵە دابپۆشێ خوێن بڕێژ دامەنی ڕۆژ و کە نەگرێ وەک عەبا ڕۆژی درێژ
سەتری عەورەت گەر نەکا ئینسان لە حەیوان کەمترە چی هەیە فکری شەقاوەت دابپۆشێ غەیری نوێژ