دیوانی حەمدی/ش

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دیوانی حەمدی  (1936)  by حەمدی
پیتی ش

1[edit]

ئەگەر جەننەت بە مەیلی تاقە شێخێکی خودا کا بەش خودا شوکرە هەموو جەننەت بکا بۆ خۆی بە تەنها بەش
لە بەحری مەعنیا هەروەک سەدەف دیوانی ئەهلی دڵ لەبا لەب پڕ لە لەعل و گەوهەرە و یاقووتی ئاڵ و گەش
لە یەک بەد تینەت ئالوودە دەبێ داوێنی دنیایێ خەلەل ناگا بە ڕەنگی لەعل ئەگەر بخرێتە بەحری غەش
بەڵایە سەیری باڵای ئەو نەخیلە سەیری پێ چاکە بەشی زیندان و زنجیرە لە عومری خۆی بووە سەر کەش
حەواسی من نیساری چاو و ئەبرۆ هەر دوو زلفت بێ ئەگەر بکرێ حیسابی نیسبەتی ئەم پێنجە بۆ هەر شەش
لە پشکۆی کوڵمی ئەو شۆخە دیارە ئاورنگ دەتکێ ئیترحەمدی لەگەڵ ئاوا مەڵێن یەک ناکەوێ ئاتەش

2[edit]

دوو ڕەقیبی بوو کە عاشق خوێنی کەوتۆتە بەلاش ئەو سەگ و گورگە خودایا قەت نەبەن هەڵمەت بەلاش
ئەی شەهیدان ئابڕووی ئەهلی محەببەت با نەچێ لەم مەسافی عەشقەدا بمرن بسووتێن بێ تەلاش
وا بەسەر تەختی هەواوە وەک سولەیمان عاشقت تاجدارە هەر کەسێ سووتا وەکوو پووش و پەڵاش
ئەی سەنەم ئاوێنەیی ڕوومەت نیشانی خۆر مەدە نەک بەجارێ گڕ لە گەردوون بەر بدا عەکسی جەلاش
کۆنە مۆدەی بەخت و تالیع وەختی سەعی و کۆششە باوی شەبقە و لاپچینە ون بووە تەپلە و کەڵاش
لاڵ و کەڕ بێ حەمدی هەر کەس نای و عوودی دەس کەوێ گەر لە دەنگی خوتبە گوێ بگری لە بانگی ئەسسەلاش

3[edit]

ئۆخەی ئۆخەی چەندە یارم نازەنینە شۆخ و خۆش وەک کڕیدارە بەخەندە وا بەغەمزە خۆفرۆش
ئەم شەکر گوفتارە وەک تووتی منی خستە قسە نوخشە بێ ئەمجا لە غونچە موژدە بێ بولبول لە تۆش
ئەو گوڵە دەموت کە بێ داوێنی ئەگرم وەک دڕک نەم دەزانی ئەو کە بێ نابێ بمینێ ئەقڵ و هۆش
دڵ پر و خاڵی دەرونن عاشقانت میسلی نەی گەر ڕەقیب دەمیان لە دەم نێ جا مەگەر بێنە خەرۆش
تۆ کە پڕ مەغزە برا کاسەی سەرت دەست هەڵگرە نۆبەیانە با پڕی کەن کاسە خاڵی کەللە بۆش
من کە مەی خوارەم لەگەڵ شێخ وادەمان ڕۆژی حەشر نۆشی گیانی بێ بنۆشێ خوێنی جەرگی بادە نۆش
ئەو دەمە دەرکەوت و رۆژئاوا دەزانی بۆ چی بوو عەیبی بوو کێشای بەسەریا شەو وەکوو سەرپۆشی پۆش
حەمدییا ئەمڕۆکە عالەم گوێ قوڵاغی ناڵەتن دەس بە دەمتا بگرە تۆ دنیایە نابی قەت خەمۆش

4[edit]

خۆشە سەر شانم بە باری زەحمەتی دنیا بێ ڕێش تا قیامەت نەک بە باری میننەتی نامەرد و خوێش
دەستی حاجەت ئاشنای گیرفانی مومسیک بوو وتی وەک هێلانە زەردەواڵە لیرە لیرەی نۆشی نێش
تیغی بڕڕانی زەمانە هەر زمانە موختەسەر گەر زمان بێڵی زەمانە جەرگی کێ دێنێتە ئێش
کەی بە ئیستیعدادە لوقمەی چەور و شیرینی جیهان خۆ هوما ئێسکی نەمینێ هەر دەگاتە باڵی مێش
ڕۆژی پێنج دەفعە موئەززین بانگ ئەکا تەرفیع ئەکەی بۆ منارەی بەرزە دنیا ڕاستیی نەگریتە پێش
بۆتە دەستوورولعەمەل ئەم قافیانە بۆ جیهان ڕێش و خوێش و نێش و ئێش و مێش پێشی کێشە کێش
ڕام ئەکێشن نەفس و دڵ بۆ کۆیی یار و مەیکەدە ناعیلاجی و زوعفە حەمدی کردە یەک بۆ کێشەکێش

5[edit]

مەی بە زیو و زەڕ وتم بۆ چی ئەدەی ئەی مەی فرۆش مەی کە خالیس نووری دەرکە ڕۆحی عەقڵە و گۆش و هۆش
پێی وتم ئەم عەقڵە کۆنە تۆ لەسەر دەرکە خەڵقی خۆ ئەڵێن عەللامەیە گەر کاسە پڕ بێ و کەللە بۆش