دیوانی حەمدی/ا

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search

1[edit]

دەریایی حوسن و نازی مەوج و حوبابی هێنا یەعنی لە زلف و پەرچەم عوود و ڕووبابی هێنا
وەمزانی بۆ چراخان مەلەک شەهابی هێنا «ساقی لە پەردە دەرهات جامێ شەرابی هێنا
دڵ خیرە ما لە حیرەت ماهـ ئافتابی هێنا»
مەجمووعی سالکی عەشق کاری بە قەبز و بەستە حیکمەت بە تاڵە هەیئەت ئەوهامی بەرز و پەستە
لەم ئەمرەدا ئەرەستۆ بڕوانە چی بە دەستە «تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بە چاوی مەستە
بەختیش موافقی عەشق بۆ من خراپی هێنا»
چ موشتەعیل چ موزلیم ئەجرامی ئەرز و کەیوان جوملە میسالی شەونم مەحوون بە ڕۆژی ڕەخشان
ڕوو گەر نەدەی بەجێ بێ نەک هەر بەمن بە هەموان «یەک زەڕڕە عەکسی پرتەو دەرکەوت و تووری سووتان
ئاوێنە سەخت ڕوو بوو لەو عەکسە تابی هێنا»
ئەم شۆر و سوورە نەکرا ئەزەل لەگەڵ ئەلەستا قەت ناکرێ قیامەت ڕۆژی حەشر کە هەستا
ڕۆحم لە شادییا چوو دڵم لە غەم نەوەستا «یارم لە دەر دەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا
غەمناک و شادمانم ڕەحمەت عەزابی هێنا»
ویستم کە تاجی سەرنێم تاجم لەسەر فڕێ دا سەر بەرزیم ئارەزوو بوو سەرم لە پشتی پێ دا
ئەم جوزئی ئیختیارە جیلوەی بە بەختی کێ دا «بۆ تۆبە سویی مەسجید هاتم بچم لە ڕێدا
بۆ کۆیی مەی فرۆشان قیسمەت شیتابی هێنا»
مردم ئەمەندە کردم نوێژی ڕیا و تەهلیل سووتام ئەمەندە خوێندم ئەسمائی حوببی تەعجیل
ڕامم بەوە پەری ئەو فکری نەکردوە تەعدیل «ڕوو هەر لە من ئەپۆشێ وا حاڵییە کە جبریل
هەر خاسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا»
نەیدی بە چاوی نێرگس نەیبیست بە گوێچکەیی گوڵ ئەم بەزم و نەزمە عومری نووحیشی بۆ بێ بولبول
یاقووت و دوڕڕی حەمدی هەڵڕشت بەبێ تەئەممول «وەی وەی چ مەجلیسێ بوو دوێنێ لە دیدە و دڵ
دڵبەر شەرابی گێڕا سالم کەبابی هێنا»

2[edit]

ناوم نەما لە مۆرا هەر ما لە دەم ڕەقیبا دەم سەگ نەکەوتووە کەس چبکەم لەگەڵ نەسیبا
ئیعلانە ڕەنگ و بۆی یار کردوویە عاشقی زار گوڵبەن بە بێ چرۆ و گوڵ دیارە بە عەندەلیبا
هەرگیز خودا نەبینم دائیم خودا ببینم ئولفەت لەگەڵ ڕەقیبا، کولفەت لەگەڵ حەبیبا
من عاشقی هوما بووم وا بوومە هەمدەمی بووم زەمانە نانەجیبی دانا لە جێ نەجیبا
تا تۆ دەکەی درۆیێ سەد تیری ڕاستت بۆ دێ هەر یەک بە سەد زەرەرتە سەودا لەگەڵ ئەدیبا
کردوویە زوهد و تەقوا، زاهید بە نان و حەلوا ئەم دەورە ئەمڕۆ ئەخوا لەگەڵ ئەهلی سەلیبا
ئەمڕۆ نیگار ئەڵێن دێ قیامەتێ هەڵدەسێ لەم کونجە تۆ بوەستی حەمدی لەگەڵ شەکیبا

3[edit]

تەئسیری کرد هەناسەی سەردم لە دڵ هەوا بەم عالەمە کە سەردی دەبینێ ئەمەند ڕەوا
نەموت بە کەم مەزانە سەنەم ئاهی عاشقان بێ سۆزی من بزانە دەکەی دەردی وا دەوا

4[edit]

چینی سەری زلفت بووەتە فیتنە لە چینا غارەتگرە چاوت لە بیلادی دڵ و دینا
نەبڕایەوە ئەم شینە لە سینە کە دەکا دڵ بەو جیلوەیی ڕوخسارە وەرە بیکە بە سینا
مینا و حەجەرولئەسوەد و زەمزەم حەجی خەڵقە من ماچی دەم و خاڵی لەب و گەردنی مینا
ئیکسیرە مەگەر خوێنی سرشکی شەوی عاشق ئەو بەردە دەکا هەر بە لەعل وا لە سەرینا
ئەو ناوکی موژگانە بە کل بۆیە دەڕێژێ ساڕێژی بکا هەر کەڕەتێ چوو بە برینا
مەعلوومە لەدایک کە دەبن ئەهلی موحیببەت فرمێسکی بە لێشاوە لەگەڵ ئاهی حەزینا
نازم بە جەلال و حیشەمت میسلی سولەیمان وەک دێوە ڕەقیبت کە لە ژێر حوکمی نگینا
جانا مەبەرە هەمدەمی ئینسانی بەد ئەندێش وەحشەت کە دەکەن ئەهلی موحیببەت بە قەرینا
حەمدی بە ئەدەب یادی بکە ناوی نەبەی قەت جاسووسی ئەوە چونکە دڵت وا لە کەمینا

5[edit]

سەودایی سەری زلفە بە دایم لە سەرمدا ئیمکانی نییە قەتعی خەیاڵە لە سەرمدا
ئەو تیرە کە هاویتییە دڵ ڕاستە سەری کرد بنواڕە چ دەردێکی بە بەندی جگەرمدا
ئەو خاڵە ڕەشە تا نەبووە تانەیی چاوم ڕووناکی نەبوو زەڕڕە لە نوقتەی بەسەرمدا
سەد خۆزگە دەهاتیتە تەماشایی ڕەقیبت دوێنێ کە پەتم کرد و لەگەڵ سەگ بەشەڕمدا
دیواری گوڵستان قەفەسی بولبولی زارە ئەو قاپییە جێمە چ حەپس بم چ بەرمدا
وەک هاتنە دنیایی ئەگەر چوونە قیامەت ئێرەش سەقەرە بەس بە سەفەر دەردی سەرمدا
ئەو چاوە ئەسڵ بینە کە فرمێسکی خوێنە دنیا گوهەرێکە لە دەریچەی نەزەرمدا
واعیز کە جەوازی مەییدا باری گرانی هەڵگرت حەقە حەمدی کە کرێ باری زەڕمدا

6[edit]

جانانە بە ئەبرۆ خەبەری ماهی نەویدا سوبحانە چ بەرقێ بوو بە یەک جیلوە بەویدا
زلفی کە بە تەحریکی هەوا ڕوومەتی پۆشی وەمزانی فەلەک ڕەونەقی ڕۆژە بە شەویدا
گەر بێتە خەوم ڕۆحم ئەدەم هەر بە وەنەوزێ سەیری چ ڕەواجێکە بە بازاڕی خەویدا
ئەو چنگە کە شابازی نیگاهی لە دڵی دام کەی باز و هەڵۆت دیوە لەسەر سنگی کەویدا
ئادەم کە بڕی نرخی بەهەشت بۆ چی ڕەقیبت ئەو قاپییە جەننەت بوو وەکوو کەر بە جەویدا
دەورێ بوو ڕەواجی مەی و مەیخانە نەمابوو ئەو چاوە خومارانە بە مەستی بڕەویدا
دڵ لایقی زنجیرە خودا چاکی دەزانێ سەندی کە لە حەمدی بەسەری زلفی ئەویدا

7[edit]

ناڵینە ئێسکی من حەقی ئێوە هەتا ڕزین وەک نەی خودا خودا لە حەشردا جودا جودا
ئەی دڵ خەریکی زات و سیفاتی دەبێ ببی نامەرد نەکەی خرۆش و نیدا یا سەدا سەدا
تۆ هەر خەریکی سەجدە بە، ئەی ڕۆحە پاکەکەم نابی بوەستی تا لەحەشرەدا نەدا نیدا
عەرزی بکەن مەعاسی مەحزم من و ئەویش ئەڵتافی مەحزە دیارە چ حوکمێ بدا بدا

8[edit]

قەت داغی دڵ بە زاهیدی غافڵ نەدا خودا چاوی دڵە بە ئەهلی دڵی بۆ خودا نەدا
من سائیلانە بچمە بەر ئەو قاپیە و ئەویش هەی هەی چ خۆشە بێت و بفەرمووێ خودا بدا
مەنعم مەکەن لە عەشق و وەرن پەل پەلم بکەن جا سەیری عەشقی پەل پەلی من کەن جودا جودا
ڕۆحم نییە لە پاش وەفاتم هەموو سەحەر گەر بانگی بێ نیازی بە گوێی دلبەرانیدا
نازم بە بەرقی غەمزە میسالی برووسکەیە ئافاقی دڵ دەکاتە چراخان بەبێ سەدا
دنیا بە دەستی زۆرەوە هەر وەک عەسایەکە پاڕانەوە و خوا خوایە هەموو ئەسلەحەی گەدا
وەختێ ئەکەم نوێژی سبەینێ کە ڕۆژی ڕووت هەڵبێ قەزایەکە کە ڕەواجی ئەدا ئەدا
من نامەوێ ڕەقیب و ئەبووجەهلی لەعنەتی ناچێتە دڵمەوە فەلەکیش گەر بکا نیدا نیدا
گەردش دەکا لە عالەمی دامەن خوێنی دڵ ڕەنگی دەڕێژی حەمدی بزانە چی ڕوو ئەدا ئەدا

9[edit]

بۆ حاڵی من دیسانەوە شیوەن دەکا هەوا ناچێ کە ئاهی نیوەشەوی کەس ببا هەوا
گەر تێ گەیشتوویی وەکوو غونچە ببەستە دەم وەک گوڵ کە خەندە مەیلتە عەقڵت بکە دەوا
قاتیل بە حاڵی ئاخیرەتی تۆ ئەسەف ئەکا کوشتە کە دەست و پێ بە یەکادا ئەگەر کەوا
زوڵمت کە لێ بکەن لە کنت ئیلتیفاتە گەر زاڵم ڕەزام بە خەڵقی ببینە زوڵم ڕەوا
نەیژەن نەیت فڕێدە دەمێ گوێ لە من بگرە لایق بە بێ نەوایە مەقاماتی بێ نەوا
هەر خاکە چاوی برسیی شێخم کە پڕ بکا ئادەم زەمینی نەبی چییە ببڕێ بەقەد کەوا
بۆ سەربڕین کە دێت و دەمیشم لە دەم دەنێ نازانی عەیبە پێی بڵێ حەمدی نەوا و نەوا

10[edit]

خەیاڵی عەشقی ڕووتە وا لە سەرما بە ڕووتی بۆیە نیمە باکی سەرما
لە سکما لەرزی سەردی تۆیە گەرما بە من ناگا و نەگەیوە باسی گەرما
کە لەیلا کردی مەجنوونی خەڵاتم سەراپا بەرگی ڕووتی کرد بە بەرما
دڵی ئاگر بە ئاهی من دەسووتێ کەچی ناڵەم لە دڵتا بێ ئەسەر ما
دەمێکە دڵ گومە نامەرد بزانن لەلای ئەو شۆخەیە یا دەربەدەر ما
لە بەرماوەی کەبابی یارە ساقی دڵی برژا و مەی دانا لە بەرما
بە پیری یارەوە حەمدی بە پێ چوو بەسەر ناچێ ئەگەر ئەمجا بەسەرما

11[edit]

کە وەک ڕۆژ ئەو هەڵات ئەستێرە ئاسا بووم لە خۆ ئاوا وتی ئەم جیلوەیە چی بوو ئەوە دەردت بخۆ ئاوا
تفەنگ و تیری دڵدۆزم خرۆش و دووکەڵی ئاهە کە ئێمە کونجی وەحدەتمانە مەیدانی شەڕ و داوا
بە قانوونی حەیا ئەلبەت موجازاتی قەڵەم دەدرێ زمانی بۆ بڕین چاکە ئەوی کردی کە شت داوا
ڕیجالی ئێستە وەک منداڵی ساوا ڕق لە شت دەگرن دەڵێن عەسری جەدیدە ناکرێ ئێمە نەبین ساوا
خوداجۆی گەر لەبی جۆ و گەردنی مینایی مەی بگرە کە پەردەی دینی شێخ زوڵمی تیایە ڕوونەکەی ئاوا
کە دنیا ڕووی لە تۆ کرد شەرتە بۆ چی پشت لە من کەی بۆ بە بووکی وا جیهان گەردیدە غەڕڕا حەیفە بێ زاوا
لە دڵما تاجدارە غەم دەڵێی ئەسکەندەرە حەمدی دەبێ حورمەت بگیرێ چوونکە نەیما مەلجەء و مەئوا

12[edit]

غەم و دەردە بە دەورمدا هەتا حوکمی بەسەر دەڕوا ئەجەل مەهمانە غەم غەمبارە یاری بۆ سەفەر دەڕوا
غوڵامی ئەو کەسەم فەرقی نەکا عیززەت لەگەڵ زیللەت تەنەزوول بۆ فەلەک ناکا بە دوونێکی کە هەر دەڕوا
لەپەی جەهلا بە عیززەت چۆتە مل ئیدراکەوە زیللەت لەگەڵ ئەم تەوق و پێوەندە لە دنیا موختەسەر دەڕوا
نیشانەی ئافەتە هەردەم شکۆفەی ئارەزوو پشکووت ئەمەل نەخلی هەمیشە سەوزە ئەمما بێ سەمەر دەڕوا
سەدای قاڕوون و غەزنەی دێ دەڵێ غافڵ مەبن خەڵقە زەمانە خۆشە وەک ئێمە نیهایەت بێ ئەسەر دەڕوا
خەلەف مەحروومە ئەربابی مەعاریف وەختی تەجریدە کەلامی کۆن و کاغەز کەی بە نرخی سیم و زەڕ دەڕوا
عەبەس حاڵم بە مازی کرد ئەگەر بۆ حاڵی ئیستیقبال لە ڕێی ئەو شۆخەدا سەرفی ئەکەم باقی هەدەر دەڕوا
لە بەینا پەردەیێکە مانیعی دیداری ئەو ماهە کە لاچوو پەردە جا شەوکەت لەبەر پێتا بەسەر دەڕوا
مەماتی جا حەیاتە هیجرەتی ئەوسا مولاقاتە بەڵێ عوششاقی ئەو شۆخە لە حەشرا بێ خەتەر دەڕوا
قبوولی کە بە سەگ حەمدی ئەگەر نابێتە عوششاقت کە پابۆسی سەگی تۆیە هەتا شەمس و قەمەر دەڕوا

13[edit]

قەمەر ئەم جازیبەی کەی بوو نواڕی دلبەرم پێما نە شەوقی دیدەنم پێما نە قووەی دەستم و پێ ما
مەقامی یار کە قەسری دڵ نەبێ ئاوێنەیی چاوە مونەووەر تینەتی لەم دەهرە کەی بوو کەی بەبێ جێ ما
سەفەربەر بن کە عالەم هەر کەسێ مرد گەیوەتە مەنزل لەباتی ئەو بکەن شینی ئەوانەی پاشی ئەو جێ ما
وەفا و سەڵتەنەت یەک ناکەوێ بنواڕنە خورشید لە تەختی نیوەڕۆدا فەرموو سایەی بۆ سەری کێ ما
چ یارایانە بنوێنن لە ڕووی جانانەدا خوبان کە خۆر هەڵهات تەماشاکە فەلەک یەک کەوکەبی لێما
سیڕاتی موستەقیمی عەشقە ڕێگەی گوڵشەنی جەننەت کە بولبول ساحێب ئیدراکە موعەتتەل کەی لەسەر ڕێ ما
لەبەر دەردی سەرە حەمدی بەسەر گەردی لەڕێدا کەوت لە بەدبەختی لەسەر ڕێشدا سەری بێ سەندەڵی پێما

14[edit]

منی لایەق بە ڕیسوایی شوکر دیوە لە مەفتوونا وەکوو لەیلا بە مەجنوونی کە قابیل دی لە مەجنوونا
کە عەشقت کەوتە تەنویراتی دڵ عەقڵم لەسەر دەرچوو بەڵێ دووکەڵ بە هەڵگیرسانی کوورە وا لە دەرچوونا
حەکیمانە وەرن بنواڕنە ئەم خەتتی ئەبرۆیە بزانم کەی بوو ئەم حەرفە لە تۆماری فلاتوونا
تەماشای جیلوە کەن دەیدا بە حوسنی خوێنی شیرینی دەڵێی ڕۆحی کەلامی ئەهلی حاڵە وا لە مەزموونا
لە حەسرەت ڕوومەتت ئەوجی دڵم هەر داغی پڕ شەوقە هەر ئەو داغانەیە باقڵ کە ناویشیە بە گەردوونا
سیەهـ بەختی منە زلفی بە جارێ ڕوومەتی پۆشی کە ڕۆژم وا بە ڕەش بەڕەش گیرا قیامەت وا لەبەر بوونا
لە سەد عالی تەبعدا کامیابێکم نەدیوە قەت وەکوو نەمدی کە تەنها نابەکامێکیش لەسەد دوونا
لە بەزمی عالەمم چی خۆم هەمە حەمدی دڵی برژاو لەگەڵ دوو ساغیری دیدەی پڕ ئەشکی خوێنی مەیگوونا

15[edit]

لە ملیا بەختی من ڕەش بوو بەدەورەی خاڵییا ئاڵا لە مل دەستی کە هەڵگرت زلف بەلێوی ئاڵیا ئاڵا
بە عومری خۆی هەر ئەمجارە بە مندا چاوی هەڵهێنا کە مەستانە نیگاهی کەوت بە دیدەی کاڵیا ئاڵا
کە مانگ و ڕۆژ ئەگەینە شەوقی ڕوخساری بە ناچاری لە دەورەی دائیما هەر دوو بە دەورەی ساڵیا ئاڵا
قەزا پەل بەستی شێری نەڕ بکا نەی پارەیێ بەسیە لە ملیا سەیری کەن دەستم لەگەڵ دەسماڵیا ئاڵا
برۆ میزانی دوو چاوی کە ڕاگرت تالیعی من بوو سەری کرد وەک سەری موو چوو بە لای مسقالیا ئاڵا
لە شەکراوم گەلێ پێ خۆشترە قاوەی شەکەرلی من لە دەم تا هاتە دەر شەککەر بەجوێنی تاڵیا ئاڵا
تەماشای شەهسواری ئاسمانی فەخری عالەم کەن کە حەمدی ئەسپەکەی بەدرە بەدەورەی ناڵیا ئاڵا

16[edit]

بە مەنسوور و قەلەندەر قەت ئەبن ئەسکەندەر و دارا بە ناحەق با بکەن خۆیان لە عالەمدا بەسەر دارا
لەسەر شاخی گوڵێ ئەم مەسرەعەی تیکرار ئەخوند بولبول بە خەندەی غونچە قەت نابێ بکەم باوەڕ لەسەر پارا
لە بورجێکی بوخارا جیلوەیی دا میسلی مەهـ شاهێ نەوەک هەر بۆ بوخارا بوو بووە ڕۆژی جیهان ئارا
بەیەک لەمعە لە ئافاقی بە جارێ کردە دەر زوڵمەت لە دڵدا هەر بە ڕابوردن نەمابوو قووەتیش یارا
گەدایی کوچەیی ئولفەت کە نەیبووە قیسمەتی شاهان بە ناچاری لەسەر تەختی جەدەلیانە لە ناو شارا
کە باسی موویەکم پرسی دەمی لێک کردەوە شانە نەسیبی دۆستانم بێ جیهانی عەنبەری سارا
ڕەقیب گەر عەقڵی ببوایە دەکەوتە شوێنی ئەو شۆخە دەگەییە ڕوتبەی ئینسانی لەگەڵ یاران لەبەر غارا
بەبێ لوتفی مەزانن ڕوو لە حەمدی گەر نەکا حەقییە نەزاکەت مانیعە بۆ گوڵ کە تێکەڵ بێ لەگەڵ خارا

17[edit]

کە داغی نا بەسەر دڵما وتی جا خوێنی قەی ناکا دەمی مینایی مەی گیرا لە باخەڵدا بێ قەی ناکا
لە ئافاقی سەخادا حاتەمی تایی ئەگەر بفڕێ بە ساڵێ مەنزیلی ساتێکی ساقی ئێمە تەی ناکا
لەسەر پەنجەت عەبەس گەوهەر ئەدا مەوجی خوێنی دڵ لە دەم تا خۆی نەدا بمری لە لێوی جامی مەی ناکا
بە ئاوی تیرە بارانی تەقیوە چەشمەیی چاوم ئیتر کەشتی ئەمەل حاجەت بە سەیلی لێڵی دەی ناکا
لەگەڵ ئەو قامەتە شیرینە عەرعەر بۆیە کەم عومرە لەگەڵ کوللی هەوایێکا تەمایول میسلی نەی ناکا
لە سەحنی مەیکەدە گەر بانگی مەستی سۆفی یێ ببیەی لە گۆشەی تەکیەدا عەقڵی ببێ قەت بانگی حەی ناکا
دوعای نیوەشەو و ناڵەی سەحەرگا نەبوە تەئسیری بە ئومێدی ویساڵی تۆ ئەمانە حەمدی کەی ناکا

18[edit]

دەبێ ئەهلی بەسەر فەرقی گڵی بەرپێت لە کڵ چی بکا لە ڕووتا غەیری زەم بولبول دەبێ تەعریفی گوڵ چی بکا
کە ئەو سەروە بە نووری مەی لە گوڵشەن کوڵمی داگیرسا کە گوڵ ڕەنگی لە ڕوو نەبڕێ نەسووتێ بۆی چقڵ چی بکا
ئەگەر ئەو شۆخە یەکدەم دەم بە خەندە ڕوو لە گوڵشەن کا لە شەرما غونچە گەر عەودەت نەکاتە بەتنی چڵ چی بکا
وەرە زاهید ببینە مەشعەلی حوسنی جەماڵی یار بە غەیری مەزهەبی ئاتەش پەرستی فەرموو دڵ چی بکا
لە بازاڕی موحیببەت مشتەری لەو ماهە حەیرانن ڕەواجی حەزرەتی یووسف کە کەمتر بێ لە قول چی بکا
لە بەرگی عاریە مەجنوون کە عاری بوو بە لەیلای وت دەبێ ئازادە سەروی گوڵشەنی عەشقت لە جل چی بکا
هەموو عالەم کە سەرگەرمی قەدەح بازی مەین حەمدی لە هاژەی سەیلی فرمێسک و لە گریانی بە کوڵ چی بکا

19[edit]

بپێچە دامەنی موتریب بڵێ من کردم ئەو نەیکا دەخیلە فرسەتە ساقی عیلاجی بوربوت و نەی کا
ئەوی عەقڵی هەیە هەر دەرک و هۆشێکی لەسەردایە فیدای چاوی نیگار و بەچە و پەیمانەیی مەی کا
بەشی شێخ و مەلا ناکەن بەهەشت و کافەیی دنیا لە مەیخانە جەهەننەمدا مەگەر ئەم خەڵقە ئۆخەی کا
مەزاقی کوهکەن باوەڕ مەکە شیرین ببێ شیرین ئەگەر خوێنی دڵی شەیدا لە کاسەی کەللەیی کەی کا
وتوویە دێم و ئەمجا دەیکەمە قوربانی یەک غەمزە خودایا سا بە خێری بێنی ئەم ڕەحمە دەبێ کەی کا
لە بابی فەقرەوە بشگاتە سەر گەنجینەیی قاڕوون فەقیری ئەو فەقیرە فێر نییە وەک حاتەمی تەی کا
تەماشاکردنێکی مەزجی تەبعی حەمدی کرد مەستێ نیگاهی مەست دەبێ تەئسیری ئەعماقی ڕەگ و پەی کا

20[edit]

چ پەروامە کە ئەو وەحشی غەزالە بێ وەفایی کا خەیاڵی نەبووە هەر نیشە لەگەڵ کەس ئاشنایی کا
بە پەڕ بازی وەکوو پەروانە بۆ سووتن نەچم چبکەم بەنووری ئابی مەی کوڵمی کە هەڵگیرسێ و چرایی کا
هەتا ڕۆژی قیامەت ڕێی لە قەسری ناکەوێ قەیسەر لە کووچەی عەشقدا ڕێگەی بدەن شاهێ گەدایی کا
دەبا هەر غەرقی دەریایی ئەسەف بێ کەشتیی عومرم خودا بێ گەر بە مەیلی ناخودا کا و ناخودایی کا
میسالی کەوکەبی ئیقبالی من بێ شەوق ئەبن خوبان لە ئافاقی حوسندا ئەو مەهە گەر خودنومایی کا
هەتا دەستی دەبێ بۆ تەفرە لێی لادەن جەنابی شێخ نوێژی سەر حەسیری بۆریا یا بۆ ڕیایی کا
هەتا داوێنی ئیقبالە ڕەفیقی ئەهلی ئەم عەسرە دڵیش وا تێ دەگەم حەمدی لەوەسڵا ماڵ جیایی کا

21[edit]

بە غەیری داغی دڵ نەقدم هەچی بوو چوو لەبەر پێتا سەرم مابوو بە سەر گەردی ئەویش کەوتووە لەسەر ڕێتا
لە ڕەسمی عاشقی زەحمەتترە مەعشووقەیی یاران کە کەس ساتێ بەسەر نابا وەکوو لەیلا لەگەڵ شێتا
دەترسم ڕاحەتت لێ تێک بدەن ئەڕواحی عوششاقت کە شەو بەو شەوقەوە غافڵ لە گەردش نین بەسەر جێتا
ببینێ هەر کەسێ برژانگ و ئەبرۆ و چاوی مەستی تۆ دەڵێ خوێنڕێژە ئەم مەستە بە ئیستیدلالی هەر سێتا
چ مەخلووق و چ خالیق خۆشیان نایە لە بێ جێیی لە دوو دنیام دەکەی ئەی دڵ بە هاتووچوونی بێ جێتا
بە مشت پێوانەیی دەریایە باسی حوسنی تەنیا مووت کە ناکەم گەر بخوێنم شاهنامە سەد کەڕەت پێتا
بە سەردی مەیلیا نێزیکە حەمدی گەرمی حیددەت بێ کە لەرزێکی لە دنیادا نەدیوە هیچ کەسێ بێ تا

22[edit]

دڵم کون کون بووە لازم دەکا بکرێ کە شەق شەق جا فیدای موژگان و ئەبرۆتم نیگاهی چاوی ئەبڵەق جا
بە یادی تورکی مەستی نازەوە، نازی ڕەقیب خۆشە کە فەڕ و دەوڵەتی باڵی هومامان بۆتە لەقلەق جا
لەسەر ئیحسانی شاهان و کەماڵی تێگەیشتوانا وەرە بنواڕەرە دەستی گەدا و تەوری ئەحمەق جا
قسەی مەنسوور کە دنیای گرت بە حەق کردن بە دارا بوو لەژێر دارا کە کوشتن بێ قیامەت گیرە ناحەق جا
زەمانە سەفحەیی جاهـ و جەلال و قەدری وەرگیرا مودارا کەن بە تەحقیر و بە تەجریم و بە نەستەق جا
بە مەعنا ئیعتیرازت بوو لە کەشفی عاریفان ئەی دڵ لەبەرچی بووی بە جام ئێستە بەبێ مەعنایی موتڵەق جا
بە ئەحواڵی زەمان حەمدی وەها چاکە کە ڕازی بی ئەگەر ڕازی نەبی حازر ببە بۆ نیوە شەو تەق جا

23[edit]

وەکوو ڕۆژێ لە مەغریب یەخخە دابدڕێت و سەر دەرخا قیامەت هەڵدەسێ وەک سوبحی مەحشەر سینە گەر دەرخا
نیشانی دام سەبا عیلمی پەرێشانی لەسەر پەرچەم موعەللیم چۆن کە شەرحێکی موتەووەل موختەسەر دەرخا
حیسابی چوونە جەننەت زەحمەتە عالەم لە دڵ دەرکەن مەگەر ئەو شۆخە گوڵزاری جەمالی سەربەسەر دەرخا
مەڵێن لالە شەهیدی عەشقە دڵ پڕداغی هیجرانە دەبا بێ نەوعی من داغی دڵ و خوێنی جگەر دەرخا
هەزاران مردە زیندەی خەندەیێکی یارە با دنیا وەکوو مریەم مەسیحایێ لەیەک یاقووتی تەڕ دەرخا
لە بوستانی جیهانا گەر نەخیلێ ئیددیعا جۆیە لەگەڵ باڵایی تۆ لیمۆیی شیرینی بە بەر دەرخا
هەتا سوبحی قیامەت نێرگس و غونچە چرۆ ناکەن لە گوڵشەندا کە یار سوبحێ دەم و گۆشەی بەسەر دەرخا
لە دەریایی وجوودا نەیدی وەک تۆ گەوهەرێ غەوواس مەگەر میسلت لە دەریایی عەددەم دەستی قەدەر دەرخا
مەحاڵە موشکافی حەمدی بێتە مەوقیعی بینین مەگەر یار وەک میانی خۆی بە تەعریفی کەمەر دەرخا

24[edit]

سوراحی چاوی فنجانی بە قوم قوم شەو کە هەڵهێنا سەفی ساغیرکەشان وەستان بە لەهجەی قامەتی مینا
لە سەدمەی شەوقی ساقی و نووری بادە پرتەوێ هەستا کە مووسا دی بە شەوقی مەیکەدە سووتا گڵی سینا

25[edit]

وەک خەڕەک چەرخی فەلەک دایم خەریکە با ئەدا دوو کڵافەی میهر و ماهی خاوی بای دوولا ئەدا
وا سەری بازاڕی کۆنی گرتووە وەک مشتەری چاکی ناسیوە بە دنیا تا قەد و هەودا ئەدا

26[edit]

تێر دەبێ برسی خەیاڵی گەر لە قورسی مانگ بدا لازمە ئەمجا کە مانگ گیرا هەموو کەس بانگ بدا
میسلی کوڕ مردوو کە بۆ مانگی بکەن بانگ و سەڵا ڕۆژ بگیرێ ڕەنگە ئەم قەومە فەلەک هەر قانگ بدا

27[edit]

کەس لە فرسەت ناگەڕێ کێ ئینتیزاری هەل ئەکا خەڵقی مەجبوورە لەگەڵ ئەم سایقانە هەڵ ئەکا
حاجەت و دەوڵەت جەلال و نەگبەتە ئەم عالەم خانە خانە پاش و پێش وەک داشیدامە هەڵ ئەکا

28[edit]

تۆ لە ئەرزای بۆ لە ئێمە لووتی خۆت کردە سەما مەعریفەت بنوێنە باوی چەشم بەندی وا نەما
تۆ لەباتی خودنومایی دەرخە ڕەنگێکی غەریب تا ببی لەم عەسرەدا میسلی حەنا ئەنگوشت نوما

29[edit]

میسلی عەبدوڵڵا عیبادەت خەڵقی بۆ یەزدان ئەکا چونکە بۆ بوون و نەبوونی کوللی شت فرمان ئەکا
خەڵقی باوەڕیان بە فەخری ئەنبیا بێ شک هەیە چونکە مەحبووبی خودایە و خەلعەتی قورئان ئەکا
بۆ ئەوامیر بۆ نەواهی جوزء و کول قووەت هەموو جیلوەیی خوایە ئەویش لوتف و قەهر ئیحسان ئەکا
قەت مەبن غافڵ لە دەرگاهی جەلالی کیبریا لوتفی زۆرە ساڵی تەئریخی وەفات «غوفران ئەکا»

30[edit]

جوێنی تاڵی یار لە زەوقا مەززەیی شیرین ئەدا کۆهکەن کەی ئەم قەرارە بۆ قسەی شیرین ئەدا
جیلوەبازی ئەمشەوەی بۆ کوشتنی نەفسی منە خۆر ئەمەندە شوعلە بۆ گوم کردنی پەروین ئەدا
من بە دنیا ناگەم و دینیش لە دەستم دەرچووە هەر بە ئومێدی ویساڵی دلبەرم تەسکین ئەدا
زەمزەمەی ئەم نیوەڕۆیە سوبحی مەحشەر نیسبەتە یارە تەرتیباتی کوشتن بۆ منی مسکین ئەدا
تۆ دەزانی لەم خەلادا تەقڵەدانی با چییە مل شکاوە دەم لە باسی پەرچەمی موشکین ئەدا
چاوی من ئێوە بە ساغی دادەنێن کوێری زەلیل تەجرەبەی خاکی دەریکا قووەیی بینین ئەدا
دوژمنی ڕێگەی محەببەت جانفیدایە میسلی دۆست کوفری زلفە موو بە موو بۆ من کە شەرحی دین ئەدا
حازری نوێژی شەهیدی عەشقی تۆن فەوجی مەلەک بۆ موبارەک بادی مەنزل ڕێ بە مەئموورین ئەدا
کوشتنی حەمدی بەجێیە تۆ ئەگەر عاجز نەبی بۆ شەهادەت عەرز و حاڵی بۆ جلی خوێنین ئەدا

31[edit]

دڕک و دەستت گەر هەیە حازر بە دەستت گوڵ درا تۆ لە گوڵشەندا بزانە گوڵ بە غەیری چڵ درا
قوم قومی خوێنی دڵ و برژانی قرچ قرچی جگەر سفرەیی عەیشێکە خاسە هەر بە ئەهلی دڵ درا
سازە ناسازێ بە بەزم و نایە ناناڵێ بە دڵ ڕۆژی ڕەقسینە کە ڕەغبەت هەر بە پاو و پل درا
چاوی بینا هەر سیەهـ بەختی بەسە بۆ ڕشتنی هەر بە چاوی کاڵی خودبینە کە تۆزێ کل درا
کولفەتی ئەمڕۆی وجودی دیبێ گەر ڕۆحی بەشەر شێتە بەم تەوقە چ عەقڵێ بوو کە ئەووەل مل درا
باری ڕاستی قەت لە موویێکا نەدی شانەی فەقیر هەر کەسێ دڵ چاکە دایم هەر بەشی موشکیل درا
عومری وەک عەیشی بە دایم کورتە حەمدی عاشقان پێنج و دوو ڕۆژێ بە هەر دوو حیسسەیی بولبول درا

32[edit]

بۆ خەت و خاڵی ملی شیرین کە وەک کەو ڕێژرا هەر ئەزەل خوێنی دڵی فەرهاد و خوسرەو ڕێژرا
بۆ بەیەک چڵ نێرگسی سەحرایی ئولفەت قەیسی شێت بەو کلی نازە کە چاوی مەستی لەیلا ڕێژرا
مەنزەرەی گوڵزارە وەک من کوڵخەنیش بێ مەسکەنی ئەو گوڵە عەکسی لە چاوی هەر کەسێکا نێژرا
ئەرزی ئەقدەس گەر لە دنیادا ببێ مەیخانەیە قودسییە وەک خۆم ئەوانەی لەو مەقامە نێژرا
گەر بە نیسبەت کردەوە بدرێ جەزای خوێنی ڕەقیب من دەخۆم و هەر بە خوێی چێشتی دەزانم چێژرا
ئینقیرازی موددەعی ڕەندان نیشانەی هارییە تۆزی خۆڵی مردووە حەققی بەسەریا بێژرا
گوڵ لە بەرگی سەوزی خویدا نازک و شیرینترە بۆیە فکری نازکی حەمدی بە کوردی بێژرا

33[edit]

خۆزگە بەو ڕۆژە لە دەرگاکەت بە شەق دڵ دەرکرا فەزڵی ئەربابی حەمییەت بۆ بەسەر خەڵقا درا
سەد کەڕەت گەر دەرکراوم لازمە هەر بێمەوە تا دەسووتێ هەر دەبێ پەروانە بێتە بەر چرا
مەسئەلەی شامی فیراقم لێ مەپرسن تو خودا مەنجەنیقێ بوو لە دنیادا کە بۆ من داخرا
حاڵی عاشق نیک و بەد تابیع بە مەیلی دلبەرە تەپڵی بەد ناوی لە عالەمدا بە ئێمە لێ درا
وەک محەک سەنگی فەلاکەت تەجرەبەی عالەم دەکا کەڵکی بۆ کەس نەبووە باب و قەوم و ئەولاد و برا
عەقل و جاهم دا بە شێت و حاڵەتی ئاوارەیی جائیزە شەرعەن لە وەختی جیننەتا بەیع و شیرا
کوشتنی ئەهلی موحیببەت وەک جلووسی شاهییە ئەم چراخانە لە گەردوون بۆ من ئەمشەو هەڵکرا
ڕەهبەری ئینسانی بەدبەخت دائیما هەر ڕەهزەنە بۆ خەبەرداری دزانە دەنگی زەنگی من زڕا
هەر وەکوو ئەم شیعرە ڕەنگینە سەوادی سەفحەیە بۆ موتاڵای حەمدی یە زلفت لەسەر ڕوومەت نرا

34[edit]

خۆزگە دەمزانی بەسەرمانا زەمان بۆ ناز ئەکا زەربی ئادابی قەواعید بۆ بە ئەمری شاز ئەکا
تێ نەگەیوە ئێمە دەیزانین موسەببیب هەر ئەوە حوشترە قەززاز مریشکە هێلکە هەر وەک قاز ئەکا
شینەشاهۆیە لە ئەوجی کەهکەشانا وەک شەهێن بۆ شکاری قورسی مانگ و جورمی خۆر پەرواز ئەکا
کۆترەباریکە قەلەباچکەش کە گاڵتەی پێ ئەکرد وا بە پەڕبازی خەریکە مەغلەتەی شەهباز ئەکا
ساقی کوێر و کاسە کەل بادە نسیبی شێت و شەل موتریبی ناسازە تاری عەیشی مەجلیس ساز ئەکا
جاهیل و کەمفام ئەگاتە مەجلیسی وەسڵی نیگار ماچی سەر کوڵمی لەتیفی هەر بەجووتە و گاز ئەکا
کەر لە کوێ کەوتووە لە کوێ کوندە دڕاوە سەیری کەن ئاشەوان دانی نییە بەرداشەکەی بیراز ئەکا
ئیبنی مریەم ڕادەکێشێ سفرەیی خاسی بەهەشت وەک حەوارییون یەهودی ئیددیعای ئیعجاز ئەکا
ژاڵە گوڵباغی دەکا پیر سۆزە شەمعی بەزمی عەیش کوللەیە پەروانە فیسقە بولبولی ئاواز ئەکا
ئەهلی هیممەت حەقیە تەعنە گەر بدا ئەمڕۆ لە ڕۆژ بۆ هەڵێ لەم عەسرەدا ئەو نوورە پای ئەنداز ئەکا
تەبعی حەمدی دەستگاهێکە بە پێوانەی غەزەل بۆ بەری هەم عەسرەکانی ئەلبیسەی مومتاز ئەکا

35[edit]

سێبەرت ئەم عەسرە داریدا بە ڕۆحی عەرعەرا سەجدەیی شوکری کە پێ برد کەوت بەسەر تەوقی سەرا
خۆر لە تابی شەوقی مەهڕوخساری من کوللی شەوێ چاوی هەڵنایە لە بەرتا وا لە جێگەی سێبەرا
بادەنۆشانی سەبووکەش سەهلە گەر هیممەت بکەن هەر لە دوردی جامی مەی قوڕ دەن بە چاوی کەوسەرا
خاکسارێکی وەکوو من چۆن دەگاتە قاپی یێ بۆ جەلال و شەوکەتە حەلقەی لە گوێچکەی قەیسەرا
شەخسی ساحێب نیعمەتە مەعرووزی فیتنەی ڕۆزگار باغەبان ناچێ بەگژ دار و درەختی بێ بەرا
بێ تەئەممول زەحمەتە دۆزینەوەی ڕێگەی نەجات ناخودا ئەم مەسرەعەی نووسی لە گێژی لەنگەرا
ئاگرێکی کردەوە حوسنت لە سەحرای ئولفەتا بۆ حەسوودان ڕەنگە دۆزەخ بێ لە ڕۆژی مەحشەرا
حوکمی شەست تیری هەیە بۆ دڵ نیگاهی چاوی مەست تیر بە شوێن تیرا دەکا نەشتەر بە شوێنی نەشتەرا
من هەزار دەفعە بڵێم زەحمەت یەکێ باوەڕ دەکا ڕۆژە وەک ئەڵماسی پڕڵانتە لە پەنجەی ئەختەرا
حەمدی سەودایی چلۆنی وا لە ژێر سەردا سەرت ناوی ئەو شۆخە دەنووسێ شەو لە خشتی ژێر سەرا

36[edit]

هەر نەبوومایە بە دەردی عەشقی یاری موبتەلا جا دەبووم قیروسیا ڕۆژێ دووچاری سەد بەڵا
زاهید و من بانگی ئەمشەومان کە یەک کەوت سەیرێ بوو من فیغانی ئەلویساڵم، ئەو تەلاشی ئەسسەلا
وا دەزانم هاتووە ئەو وەعدە بێت و بمکوژێ هەر وەکوو سەگ ئەم ڕەقیبە بۆیە کەوتە حەلوەلا
بەس بڕێژە خوێنی ناحەق ئەی ڕەقیب لەم بەردەرە کۆیی یارە قەت بووە بکرێتە دەشتی کەربەلا
ئەی ڕەقیب بۆ چاری دەردم ئیحتیاجم کەوتە تۆ ئێستە هەر گاور ئەنووسێ نوشتە بۆ شێخ و مەلا
قەت لە باسی عەشقەوە حەمدی لە دڵ تەعنە مەدە ڕۆحە ئەم تەوقەی لە مل کرد ڕۆژەکەی قالوبەلا

37[edit]

نەقدی داغی زۆرە دڵ کەوتۆوەتە سەودایی فەنا خۆ عەشق تەنها لەبەر لالە دوکانی دانەنا
دڵ لە داغت ئەی سەنەم وەک لالە بۆتە جامی خوێن خوێنی من ئەنگوشت نوما بێ چاکە یا ڕەنگی حەنا
عەیشی عاشق پایەدارە هیجر و وەسڵی بۆ نییە یەک هەوایە ئەو بینایەی ڕەنگی ڕێژا بێ بەنا
گوڵشەنی حوسنی بە تەحریکی ڕەقیب پۆشی کە یار کافرم بۆ چی وتم قاپی بەهەشتم لێ ژەنا
پێت بڵێم قازی شەریعەت موستەحەققی داری حەد هەر ڕەقیبە گەر لە دنیادا ببێ توخمی زەنا
با لە ئاگردا بسووتێن ڕوو لە دەریا قەت مەکەن هەر سەمەندەر مەردە نابا قەت بە نامەردان پەنا
حەمدی مەستی چاوی مەستی یارە باسی ئەو دەکا ئیشی مەجنوونە کە چاوی مەستی لەیلا کا سەنا

38[edit]

ئینقیلابی دەهرە نەعنا بوو بە پنگە و گوڵ گیا پۆست نشینی ئەولیایە پۆست کەند و ئەشقیا
سەبحەیی سەد دانە فیشەکدانە سیواکە تفەنگ فکری دز زیکرە و تەقەی قاتیل سەدایی ئەتقیا
قاتیل و ڕەهزەن بە تەعلیماتەوە شەو دێنە دەر وەک بچن بۆ جومعە حاجی و سۆفیی و شێخ جیا جیا
ماڵی دنیا کاول و ئاوا قیامەت بۆیە بوو خەرگەلە کەوتوونە دەعوای تێگەیینی ئەزکیا
وا کرا ئیعلانی حوڕڕییەت بە ناوی شەرعەوە هەرچی نەکرابوو کرا هەرچی کە نەشیا بوو شیا
موعجیزێ بوو ئاگری زەردەشت ئەگەر پەیدا نەبێ گەر بسووتێم من دەخوێنم فاتیحە بۆ ئەنبیا
بۆ لە برسا مردنە حازر بوون ئەهلی شەرەف چونکە نیعمەت ئێستەکێ دەدرێ بە میقداری ڕیا
وەختە ئەهلی دۆزەخ و جەننەت لە یەک جیا ببنەوە وەک زەبانی وایە هەر کەس لێرە بەم حاڵە ژیا
خۆ لە دنیادا ئەوا حەمدی جەزای هەر فیتنەیە موستەحەققە دڵ لە زیندانا کە حەپسە بێ زیا