Jump to content

دیوانی حەریق/ە

From Wikisource
310837دیوانی حەریق — پیتی ە1909حەریق

1

[edit]
عیلاجی دەردی بێ دەرمانی من هەر لوتفی جانانە بەڵێ ئەو خۆی حەکیمە لوتفەکەی دەرمانی دەردانە
مەلوول و زار و بیمارم بەسەد عیللەت گرفتارم خودا ڕەحمێ بە حاڵم کە کە عەیشم عەینی نوقسانە
عەجاییب مەجمەری سینەم بە سۆز و تابش و تابە وەکوو قومری دەناڵێنێ دڵەی مەحزوون و دیوانە
لەلای خۆم تەبعی عالیم بوو، لەلای خۆم فکری «نالیم» بوو ئەمێستا شیعری بێ مەعنان دەڵێی وەک جیسمی بێ جانە
لەلام بێ ساقیی سادە کە پێی بێ ساغەری بادە کە گۆشەی چاوەکەی بادا دڵم دێنێتە جۆلانە
کوانێ موتریبی خۆشگۆ، کوانێ ساقیی دڵجۆ بەبێ نەی نەزمەکەم سستە، بەبێ مەی دڵ کە حەیرانە
دەناڵێنم وەکوو بولبول لە داغی بێ وەفایی گوڵ ڕەوانە نەزمی وەک دوڵدوڵ وەلێ خاترپەرێشانە
بە مەجمووعی وەرە ساقی بنیشین پێکەوە ساتێ دڵی زارم پەرێشانە وەکوو زوڵفت کە پەخشانە
وەکوو شیعری لەف و نەشرت هەموو شیعرم موشەووەش بوون هەتا بێم و دووسێ شیعرێ بڵێم بۆ ئەم جەنابانە
دڵا تاکەی بە بێهۆشی دەنۆشی مەی بە خامۆشی لە گۆشەی غەم هەڵستە وەختی سەیرانی خەیابانە
عەجایب مەدرەسەی ئێمە بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگە ئیلاهی بەرقەراری کەی تۆ ئەم بەزمی فەقێیانە
جەنابی زاتی مەولانا فەریدی دەهرە ماشەڵڵا وەحیدی عەسرە لەم عەسرە بعەینە عەینی نوعمانە
لە هەیئەتدا، لە حیکمەتدا، لە ئادابی تەریقەتدا لە ئەحکامی شەریعەتدا، لە مەنتیقدا دوڕئەفشانە
جەنابی ئەم زهووری بوو، زەهاوی ناویشی ون بوو نەزیر و شیبهی مەعدوومە میسالی غەیرە ئیمکانە
زبانی من کلیلە بۆ کلیلی بابی ئەم مەدحە ئەگەرچی فیلمەسەل فەتتاحی بابی عیلم و عیرفانە
حەریقی شیعرەکانی تۆ هەموو وەک مورغی بێ باڵن لە عیشقا باڵییان سووتا بە میسلی باڵی پەروانە

2

[edit]
چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە
وا وەعیدی بەفری زستانی فیراقت کەوتە دڵ مەر بە بای وەعدەی ویساڵت کێوی دڵ ڕەش بێتەوە
میروەحەی زولفت لە دەوری ئاتەشی ڕووت بێ، چلۆن ئاگری عیشقت بە ئاوی چاوی من دەکووژێتەوە؟
سوچی زولفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت ئاگری وەسڵی شەم و پەروانە شەو دەگڕێتەوە
خەتت و مۆری زولف و خاڵت حوججەتی موڵکی دڵە نەقشی ئەو مۆرە بە ئاوی خوڕخوڕە ناچێتەوە
دڵ لە ترسی چاوەکەت ڕووی کردە مێحرابی برۆت ئێستە بیستوومە لە چینی زولف جێی نابێتەوە
کێوی هیجرت خستە سەرشانی دڵم پێی خستووە تا نەگا دەستی بە زولفت زەحمەتە هەستێتەوە
سەدکەڕەت خستمتە گێژ و مەهلەکەی بەحری فیراق ئاخری موژگانی قوللابت دەرم دێنێتەوە
مەزرەعەی میهر و محەببەت توخمی وەسڵی شین نەکرد گوڵ بە شادی دادەچێنم خاری غەم دەڕوێتەوە
خۆت دەزانی موددەتێکە گەردی پاماڵی جەفام کەی وەکوو نەقشی قەدەم سەردێنمە ژێر پێتەوە
دڵ ئەوا کەوتۆتە زیندانی غەمت قوربانتم تایەکی زولفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە
تۆ خودا تاکەی لە تاریکی شەوی هیجرانی تۆ دەستەوئەژنۆ دابنیشم، ڕەببی کەی ڕۆژ بێتەوە
بێ ئیشارەی حیکمەتولعەینی شیفات نایێ شیفام خۆت دەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە
فکری من چونکە دەقیقە عاشقی قەددی ئەوە موو لە موو گیراوە چبکەم لێک جوێ نابێتەوە
زەخمی دڵ بێ مەرهەمی وەسڵی بەناسۆڕ کەوتووە ئەی حەریق باسی مەکە تۆخوا بڵا نەکولێتەوە

3

[edit]
بەنی ئادەم خوا وای کردووە ڕۆژێکی تا ماوە سەراسەر عومری سەرفی سەرف و نەحوی زەرفی «تاماوە»
مەداری توولی ئوممێدم خەیاڵی گەردن و زوڵفە بەڵێ سەوداسەری عاشق لەسەر هەودایەکی خاوە
بەسانی پەرچەمی ئاشوفتە سەرگەردان و ژولیدە بە میسلی زوڵفی سونبوول دڵ هەمیشە حاڵی شێواوە
هەوای نافەی غەزالەی ڕێی خوتەن تووشی خەتای کردم بە یادی میشکی زولفی ڕووم لە «چینی» پەرچەمی ناوە
چراغی عومری عاشق بای فەنای هیجرانی لێ هەڵبوو لە فانووسی «ئەدەب»دا حیفزی کە یەک دوو نەفەس ماوە
دەمێکە چاوەڕێی سورمەی غوباری مەقدەمی یارم لە کۆی خووبانەوە ئەمڕۆ نەسیم تۆزێکی هێناوە
کتێبی عیشقی مەجنوون ئایەتی ڕوخساری لەیلایە لە سووڕەی یۆسفا دەرسی جنوونی ئێمە نووسراوە
سەرم کاسی شەڕابی سوحبەتی کاسەی دڵی غەیرە لە دەردی دوردی ئەم جامە پەنام بۆ ساقی هێناوە
کەسێ فیترەت بڵند بێ بۆ ڕەواجی سککەیی دینی خەراجی میسری قەلبی خۆی بە حوسنی «یۆسفی» داوە
لەسەر سەودای قوماری شاهی خووبان «پیری بورهانی» بە چەوگانی ئیرادەت گۆی سەرم بۆ بازی داناوە
نمای ڕۆح و حەیاتی من بە جیلوەی ساقییە باقی نەوەک وەک سپڵە بۆ سفرە لەدووی نان، چاوی پڕئاوە
بە قوربانت بم ئەی پیری خەراباتی جیهان ئاباد بەشاهید بە کە وا ڕۆحم لە ڕەهنی قوربی تۆ ناوە
شەهی موڵکی یەقین شاهەنشەهی دین پیری باتەمکین ڕەئیسی ئەولییا ڕەحمێ هەتا دڵ ڕێی نەبەسراوە
لە دارولحوزنی میحنەت ناجییە وەک پیری کەنعانی بە بۆی پیراهەنی یۆسف کەسێ چاوی هەڵێناوە
حوزووری تۆ بەهەشت، ئادەم دڵ و ئەهلی حەسەد شەیتان بە بۆی دانەی تەمەع کێشاویە ناو داوی دونیاوە
شەڕابی سوحبەتت ئیکسیری خاکی مەعدەنی ڕووحە لە کارخانەی سەعادەت لوقمەیی لوقمانی هێناوە
عەدوو با هەروەکوو عەقرەب بە کلکی نێشی خۆی دانێ شوکر تۆزێ حەیای بوو وا بە چاویا دیارە دایناوە
هەتا گوێی پێوە بوو مونکیر لە زەلکاوی حەسادەتدا هەزارێ کلکی بگرێ کەڵکی ناگرێ تازە خنکاوە
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی تۆ حەریق ئەمشەو چرای شۆقی بە کبریتی تەبیعەت خوەش هەڵایساوە

4

[edit]
چۆن بەسەرکەم زەرفی ئەو قەومە دڵم بەسوێ نەیە جامی عەیشی ئەکل و شوربی پاکییان بەسوێنەیە
خۆی لە قوڕ نێ هەرکەسێ ئەمڕۆ لەنێو قوڕدا نەبێ دەس لە خۆی بەردا کەسێ بەردی زەلامی پێ نەیە

5

[edit]
کاغەزی وا زۆر دەهاتن زوو لە هەورامانەوە وەک گەڵاتاڵوو هەموومان خستە ئاگردانەوە
دوێنێ دەتکوت یۆسفی سەدیقی میسری دین ئەوە ئەمڕۆ باتداوە، چ عەیبێکی هەیە بادانەوە؟

6

[edit]
بە پشکێ ڕازییە قازی لەهەر ماڵێ کەدوو، پشکە لە ماڵی خۆی لەبۆ خەڵکی هەمیشە حیسسە دووپشکە
بەڵێ «مونعیم» دەبێ وابێ خودا کا ماڵی ئاوا بێ نەوەک خەڵکی کە ماڵیان زەهری مار و نێشی دووپشکە

7

[edit]
خەیاڵت مونحەسیر بوو ئەی دڵەی غافڵ لە دنیایە نەدامەت بوو نەتیجەی ئاخری ئەم شۆر و غەوغایە
ئەوا لازم بوو سەرخۆشی، لە تۆ ئەی دڵ کە سەرخۆشی بە بادەی غافڵی بێهۆشی دەردت قەت شیفای نایە
عەجەب بۆت بۆتە زستان زەمهەریری باری عیسیانت کە شک نابەی چ سەرمایە، دەڵێی وەی وەی چ سەرمایە
بە دەستی دێوی نەفسم دڵ وەکوو مورغی بێ پەڕ، وایە وەکوو پەروانە بۆ شەمعی تەلەسمی ئەو، بێ پەروایە
کە تفڵی عیشقی بێ مەشقم لەنێو بازاڕی سەودایە بە ئەو سەودایە سەرخۆشە دەڵێ کارم لە سەودایە
هەتا شەیتان مودەببیر بێ، موئەددیب نەفسی زاڵم بێ عەجەب کەوتۆتە دەست زاڵم ئومورت عەینی زوڵمایە
خودا ڕەببی نەجاتم دەی لە دەس ئەم دێوی بێڕەحمە کە وا وەک دوژمنی خوێنی بەدایم لێم بەداوایە
خەیاڵاتت هەموو پەشمە وەکوو ڕیس و گوریس وایە هەچی دەیکەی دەڵێن هەی هەی فڵانی چەندە ڕیسوایە
کە خاڵی بێ دڵی عاشق لە بادەی حوببی مەعشوقی بەخۆڕاییت نەوێ چاکە وەکوو شیشەی شکاو وایە
مەبە تالب بە زوڵفەینی بە میسلی شکڵی لا وایە ئەگەر لەولایە خۆت لادەی لەلام تەحقیقە ئەولایە
لە قاپی ئاستانەی موڕشیدی ئەڕشەد «عەلی عالی» لەوێ ڕووحت فیدا کە تۆ نەجاتت هەر لەوێ دایە
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی ئەو کە موشتاقم بە تەسویری حەریقم هێندە سۆزی ئەو لە دڵدایە

8

[edit]
لە قەیدی زەید و عەمرا نیم و دڵ پابەستەیی تۆیە لە هەروەختێ ڕەها بێ پێ دەزانم ڕەستەیی تۆیە
دەبێتە ئیفتیرا و بوختان ئەگەر نیسبەت وەغەیری دەم بە هاژەی زولفەکەت زانیم کە مارانگەستەیی تۆیە
سەراسەر ڕەخنەیی چاوم نیشانەی تیری موژگانە لەلای خۆی چەشمەسار و سەبزەیی نەوڕەستەیی تۆیە
حوبابی ئەشکی حەسرەت بۆتە فینجانی سەر و سینەم لەجێی دەستەگوڵی لێدەن دەڵێن گوڵدەستەیی تۆیە
گڵێ بێنی بەسەرما کەی، گوڵێ بێنی بەسەرما کەی غەم وشادی سەراپا هەرچی بێ وابەستەیی تۆیە
دڵم شیشەی شەڕابی ڕووتە سرکەی غەیری گەر تێکەم گوڵاویش بە گڵاوبێ، شیشە چون بەربەستەیی تۆیە
شکەستەی دەستبەستە چاوەکەم جەبری لەلای تۆیە مەڵێ کەسرە بە شانم چون شکەستە و بەستەیی تۆیە
تەنافی زولفەکەت لادە، خەیابانی خەیاڵم ڕاست بە باڵای سەروی مەوزوون و قەدی بەرجەستەیی تۆیە
ئەتیببا جەببییان مەسمووم و دانەی حەبییان پووچە ئەوە مەغزێکە بێ ئەمر و دەهانی بەستەیی تۆیە
بە ئوممێدی دەوا بۆ لەززەتی دەردی، دڵم دەردێ دەزانم چون گوسەستەی تۆ هەموو پەیوەستەیی تۆیە
ئەگەر دەردت نەبایە نیسبەتت چۆن دەبوە دەرمانم کە هەرکەس دێ دەڵێ قوربان حەریقی خەستەیی تۆیە

9

[edit]
لە ئادەم تا بە خاتەم جوملە عالەم پڕ سەدا و سەیتە بە عیشقی حەزرەتی لەولاک ئەوی زیندوو نەبێ مەیتە
تەتیممەی هەرسەلات و خاتیمەی حەمد و تەحییەی حەق سەنا بۆ ئال و بەیتە، باقی هەر ئەفسانە و بەیتە
لەپاش سیغەی تەرازی و ئایەتی تەتهیری سەحب و ئال بە قوربان مەدحییان نایە بە جوملە زەیتە و کەیتە
کە تۆش لەو نەسلەیی جەددت ڕەزا بێ شێر بە گوێ دەگری وەکوو ڕێوی زەلیلی گورگی نەفسم، سا، لەبۆ کەیتە؟
لە خۆت و جەددی خۆت و نەسڵی پاکت چاوەڕێی لوتفم لەڕێی حەقدا موعینم بن لە غەوغای ڕۆژی یالەیتە
بە شاهید بن سەگی قافڵەی تەریقی ئال و ئەسحابم هەمیشە گوێ قولاغی بانگی هەیهەیم و سەدای هەیتە
بە ئیستیمداد و لوتفی بابەشێخ و هیممەتی کاکی گڕوگاڵێ دەکەم تابڵێن لە چاو کوێر و شەلان پەیتە
کەسێ «ساڵح»بێ بۆ زیکر و دوعاگۆییت بەبێ چاوی هەزار چاوساغی وا دێنێ بە چاو زیندوو بە دڵ مەیتە
لەبۆ تەشریفی ڕێی میعراجی جەددت بوو، نیدای هاتیف تعال یا حبیب اللە تمن ما تمنیت
دەری ڕەحمەت گوشاد و بابی تۆبە و ڕێی ڕەجا واسیع دەسا تۆش هیممەتێ کە جەعفەری تۆ ڕوکنی ئەو بەیتە

10

[edit]
هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە دوور لە باڵاکەت سەرینی نائومێدیم نایەوە
بولبولێکی خۆشنەوا بووم بۆ نەوای دەوری گوڵت کێ وەکوو هودهود حیکایاتی سەبای گێرایەوە
بۆ پیاڵەی مەیلی لەیلا قەلبی مەجنوون قابیلە شۆڕشی شیرین لە ناڵەی کۆهکەن فامایەوە
حەیفێ هێندەت دەربەدەر کرد دڵ ئیقلیمی ویسال شیری منداڵیت بە زەهری هیجر پێ هێنایەوە
بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕووت شین دەکەم خاکی کۆی ئیشقت بە بێژنگی سەرم بێژایەوە
کەوتە سەر خەرمانی عومرم ئاگری تولی ئەمەل سەد کەڕەت بارانی وەعزی لێدرا نەکوژایەوە
شیری ئەبرۆ، تیری موژگان، تاق و جووت دەنوێنێ پێم تا بزانم ڕووحی شیرینت چلۆن کێشایەوە
جێی نەزەر بوو حاشییەی زوڵفت لەسەر ئایاتی ڕووت زۆر موتاڵام کرد وەکوو دەور و تەسەلسول مایەوە
تاقی میحرابی برۆت جێی نازە بۆ ئەهلی نییاز سۆفی وەیزانی کەچە هێند کەر بوو خۆی گێڕایەوە
شەمعی خووبان پڕتەوێکی شەمسی ڕووی تۆی لێ کەوت هێند حەیا و شەرمی بە خۆیدا هات بەجارێ توایەوە
گوڵبژێرێکی زەریفم کرد لەنێو باغی خەیاڵ خۆزگە مەردێکی «ڕەشید» بۆ «شێخی» بخوێندایەوە

11

[edit]
لە سینەی چاکی خۆت وەک شانە خەتتی مووبەموو بێنە نەڵێن تا غەیبەتە باسی جەماڵی ڕووبەڕوو بێنە
جزووبەندی کتێبی عومر و شیرازەی سەحیفەی دڵ بە ڕیشتەی ئولفەتی جانانە گەر ئازای دەزوو بێنە
تەهاڕەتیان بە خوێنی جەرگە مەردانی ڕەهی مەقسوود هەتا قەترێک لە چاوتا ماوە تۆش ئاوی ووزوو بێنە
نەوەک مەیخانە خاڵی بێ هەتا پیری موغان ماوە سەرم قوربانت ئەی ساقی گەلێ تینووم سەبوو بێنە
کتێبی ئولفەتی جام و شەرابی جەرگی نامەردان دەخیلت بم وەرە موتریب ڕوبابت زووبەزوو بێنە
دەهانی شیشە بەستە، سوحبەتی نائەهلە لەم بەزمە موغەننی تۆ نەوای ناکەت لەناو پەردەی گەروو بێنە
دەڵێن بەردی ئەجەل میناشکێنە و تەفرەقە خێزە حەریقی تۆش ئەگەر شێت نی دەسا بارێ کەدوو بێنە

12

[edit]
موعتادیی فەلەک دایمە هەر جەور و جەفایە خۆ خاسسە لەگەڵ ئەهلی زەکایان بێ وەفایە
یاڕەببی ڕەقیب تووشی بەڵا و دەرد و غەمێ بێ بەو دەردە بناڵێنێ هەتا ڕۆژی جەزایە
بەو ڕیشەوە ئێستا کە ڕەئیسێکە لەلای خۆی تەزکیری کە تەزویرە، لەسەر دامی خەتایە
بۆ ماچی دەمی ساڵێکە سۆفی لە ڕەهندا ئیمانی بەخت کرد و شوکر ماچی نەدایە
زاهید مەکە مەنعم کە دەکەم وەسفی گوڵی خۆم گوڵغونچەیی من لاییقە موشتەق لە سەنایە
هەرچەندە بە سین تفڵی، شوکر عاقڵی قوربان تێی هەڵدە بە شەق ئەو کەرە هەر عەینی بەڵایە
هەر شوکری خودا بێنە بەجێ تۆ کە حەریقی ئامالی ڕەقیبت کە هەموو جەور و جەفایە

13

[edit]
خۆفم لە خودا چونکە لەبەر غەیری خودایە ئەمنم بە درۆ، سووڕەتی وەک خەوف و ڕەجایە
پاڵی ڕەحەتی داوەتەوە نەفسی خەسیسم یا ئەمنی غەنا، یا ئەسەری یەئس و هەوایە
گەر تالبی بۆ یۆسفی خۆت نەفسی عەجووزە زوو بێنە، دەزوو بێنە دەڵێن ئەهلی وەفایە
ئینکاری سیرایەت مەکە ئەی مونکیری موفلیس بێ سەیری قەمەر کە چ بەشەوق و بەزییایە
مونکیربەمەسەل شەبپەڕە، بێ نووری هیدایەت خۆی تالبی زوڵمەت بوو خودا نووری نەدایە
هەر مەزبەلە، هەر مەشعەلە، جێی پڕتەوی «شەمسە» یەک جێگەیی فوزلە، یەکێ جێگەی فووزەلایە
تێفکرە لە ئەجزایی عەناسیر بە تەبیعەت یەک ماییلی مەرکەز، یەکێ ماییل بە هەوایە
بارانی بەڕەحمەت لە تەڕەف مەبدەئی فەییاز قەترێ ئەسەری سونبول و یەک چقڵ و گییایە
نوقسان لە تەڕەف قابیلە، نەک فاعیلی کامیل ئەم قەولی منە ڕەئیی جەمیعی حوکەمایە
بورهانە لەسەر جەهلی عەدوو «شەمسی» حەقیقەت تالیع بووە، ئەو ئەحمەقە جۆیایی چرایە
چاوی بە تەمەع پڕ بووە، قەلبی بە حەسادەت وەک تەبعی بەهایم ڕەحەتی هەر لە شەوایە
هیندوو نییە ئایینی لە ئاوێنە تەعندا ئاوێنە چ سووچی هەیە ئەو ڕوویی سییایە؟
پەروانەیی هەر جەمعێ نەبی چاکە حەریقی خۆت بێنەرە نێو زومڕەیی ئەم شەمسی هودایە

14

[edit]
موژدە بێ بۆ بولبولی دڵ گوڵ لە باغان هاتەوە قومری عومری خۆی سەرف کا سەروی بۆستان هاتەوە
شاسواری عەرسەیی مەیدانی مەردان هاتەوە دڵبەری جانان لە خزمەت جانی جانان هاتەوە
پیری ڕەوشەندڵ وەکوو خورشیدی تابان هاتەوە ناییبی عوسمانی سانی خۆش بە سامان هاتەوە
وا موعەتتەر بوو دەماغی ئەهلی نیسبەت هەر دەڵێی نیسبەتی پیراهەنی یۆسف بە کەنعان هاتەوە
بۆ ئیفادە و نەشری فەیز و لوتف و بۆ ئیڕشادی دین وا لە قەسری عاریفان یەنبوعی عیرفان هاتەوە
غونچە سەرپۆشی لە ڕوو لادا بە عەزمی دیدەنی بولبولی تەبعی منیش بۆیە غەزەلخوان هاتەوە
سەرخۆشی کەئسول کەرەم سەرمەستی سەهبایی قیدەم باشکوە و باحەشەم، مەجزووبی ڕەحمان هاتەوە
موددەتێ بوو ئەم هەوارە بێ سەدا و هاوار بوو تا بە جەزبەی حق بەسانی نەی بە ئەفغان هاتەوە
خاتری موخلیس بە دیدارت وەکوو تەبعی حەریق غونچەیی مەقسوودی پشکووت و بە خەندان هاتەوە

15

[edit]
دەر چوونی گەلێ موشکیلە، دەرچوونی قەریبە ڕۆحم دڵەکەم ماوە بە تەنیا، وەرە بیبە
قوربانی ویسالت بم ئەوا کوشتمی هیجرت خۆت واریس و حەقدارمی قاتڵ کە ڕەقیبە
خۆت دیوتە لەنێو میسری مەلاحەت چ غەریبی سا، ڕەحمێ بەحاڵی دڵەکەم، کە، کە غەریبە
هەر دووکەڵی زولف و ڕوخی نارت سەبەبە، وا ئەشکم کە پەیاپەی دێ دەروونم بە لەهیبە
ڕەببی بە خەدەنگی غەمی دووری دڵی کون بێ هەرکەس لە نیگاهت کە بە ئارام و شەکیبە
وا زەن مەبە گیانسەخت و سەمەرگم کە نەمردم ئوممێدی ویسالت وەکوو لوقمانی تەبیبە
تابووری موژەت چەندە بە تەرتیب و نیزامە بۆ سەف شکەنی دڵ چ سوپاهێکی مەهیبە
وا لەشکری ئاهم چووە سەر کافری زوڵفت گەر شاهی ڕوخت لێ بگەڕێ سەیری عەجیبە
بۆ موشکی خەتا چوو بەخەتا کەوتە ئەنێوچین لەو بۆنەوە هەر زوڵمەتە شامی بە نەسیبە
قوربانی وجوود و ئومەنای شاهی ڕوخت بم هەریێکە لەجێی خۆی چ ئەمیرێکی ئەمینە
تەسکینی دڵت هاتووە ئۆخەی کە حەریقی یارت کە بە خوێنی جگەرت کەففی خەزیبە