دیوانی حەریق/ڕ
Appearance
1
[edit]عیشقت کە حەقیقی بێ تالیب مەبە ئیللا کوڕ | هەم حەزرەتی لەولا کوڕ، هەم یۆسفی والا کوڕ |
ئەو نوورە کە مەنشەء بوو، بۆ عاشقی مەبدەء بوو | تێفکرە لە ئەو نوورە مەعلووم و هووەیدا کوڕ |
عیشقێ کە بەقووەت بێ ماییل بە مرووەت بێ | نەمدیوە کە تالیب بێ ئیللا کە تەڵەب کا کوڕ |
عیشقێ کە بە غەوغا بوو وەک عیشقی زولەیخا بوو | سەرگەشتە و ڕیسوا بوو بۆ یۆسفی والا کوڕ |
شیرین کە شەکەرڕێز بوو، بۆ کێ بوو دڵ ئاوێز بوو | بۆ خوسرەوی پەروێز بوو، فەرهادی هەواخوا کوڕ |
کچ ماییلی واڵایە وەک دامی بەڵا وایە | کوڕ وەک کوڕی شا وایە بێ خەوف و موحابا کوڕ |
کچ تەبعی کەچ و ناقیس، کوڕ تەبعی تەڕ و خالیس | هەم سوحبەت و هەم جالیس خۆش مەنزەر و سیما کوڕ |
کچ زوڵفی پەرێشانە، کوڕ پەرچەمی ئەفشانە | کاکۆڵی بە جەمعییەت هەم شانی کچە، یا کوڕ |
کچ ساحیبی لەرزانە، کوڕ مەردە لە مەیدانە | کوڕ هەم دەمی ئینسانە، خۆش مەشرەب و گۆیا کوڕ |
هەرکەس بە تەبیعەت بێ، ئەربابی مرووەت بێ | لەم نوقتە تەماشا کە، خانم کچ و ئاغا کوڕ |
قامەت کە وەکوو نەی بێ، کێ دیویە لەگەڵ بەی بێ | ئەم نیسبەتی ئەخلاقە دەرحەق بە کچە، یا کوڕ |
سەد حەیفێ کە تۆ «ناڵی» بەم پیرییە منداڵی | بەم تەرزە لە عیشق ئەدوێی، زیبا کچ و دیبا کوڕ |
موویێ کە لە ڕووی کوڕ بێ، ڕێحانەیی نێو باغە | سەدجەرگی لە بۆ داغە، ساحێب خەت و ئێنشا کوڕ |
بۆ خەڵوەتی تەنیایی فیلواقیعە کچ چاکە | ئەمما کە لە عیشق بدوێی، ئەدنا کچ و ئەعلا کوڕ |
بۆ خەڵوەتی تەنیا کچ بۆ بەزمی تەماشا کوڕ | بۆ فاسقی ڕیسوا کچ، بۆ ئاشقی سەودا کوڕ |
کچ وەختێ شکا سەددی، نامێنێ چ سەرحەددی | نەقسی نییەتی عەددی، مەحفوز و موبەڕڕا کوڕ |
لەم تەبعی کەچە لادە، عومرت هەموو بەربادە | خۆی ساقیی وچاوبادە، مەزبوت و موهەییا کوڕ |
ئەم عیشقە مەجازاتە، ئەنجامی موجازاتە | غەوواسی حەقیقەت بە، دوڕدانەیی دەریا کوڕ |
هەر عیشقێ حەقیقی بێ، وەک عیشقی حەریقی بێ | مەیلی بە دەقیقی بێ، بۆ مەعریفەتولڵا، کوڕ |