Jump to content

دیوانی حەریق/د

From Wikisource
310807دیوانی حەریق — پیتی د1909حەریق

1

[edit]
کە قەتڵی خوێنی من زوڵفی کەچی کرد نییە داخم ئیتر زولفی کە، چی کرد
خەیاڵم کرد لە باغی خاڵی فەرمووی: هەتیو! لاچۆ خەیاڵی خۆت لە چی کرد؟
لە خزمەت ئاسمانی حوسنی ڕووی تۆ سەما کەوتە سەما گەردنکەچی کرد
بە تیری غەمزە جەرگت پارە کردم تەماشای تیری موژگانت کە چی کرد
ئەگەر وەسفت بە ما هذا بشر کەم پەشیمانم دەڵێم وەسفم بە چی کرد؟
خەیاڵاتی شەو و ڕۆژم لە شام و نەهار و زوڵف و ڕووی تۆ بوو هەچی کرد
حەریق سینەی کە پڕ دووخانی خەم بوو لە داغی ئەحمەدی دووخانەچی کرد

2

[edit]
بەو نوورە کە زاهیر بوو لەسەر ڕوویی موحەممەد عالەم هەموو ئاشوفتە بوو وەک موویی موحەممەد
مەخجوول و سەرئەفکەندەیە نەسرین و وەنەوشە بۆ موویی سەمەنبوویی دوو گیسوویی موحەممەد
مەجزووبە هەموو کەس بە ڕمووز و بە ئیشارە مەجبوورە لە دەس ساعید و بازوویی موحەممەد
سەروی چەمەنیش پێی لە گڵ و خاری غەمایە لەرزانە لە حەسرەت قەدی دڵجوویی موحەممەد
لالەش وەکوو من سینەیی پڕ حەسرەت و داخە تا دیویەتی ڕوخسارەیی گوڵبوویی موحەممەد
«بورهانە» لەسەر نەفیی مونافاتی شەو و ڕۆژ موویێ کە پەرێشانە لەسەر ڕوویی موحەممەد
عالەم وەکوو من جەرگی بڕاوە بە نیگاهـ و ڕەمکردن و ئیستادەنی ئاهوویی موحەممەد
ڕۆح و دڵ و دینت هەیە هەرسێکی حەریقی سەرفی کە لەڕێی وەسف و سەناجوویی موحەممەد

3

[edit]
چاوەکەم ئەمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند
گوڵ بە تۆزی پێتەوە لاف و گەزافی لێ دەدا وا شکور سۆزەی نەسیم هات و ئەویشی لێ ستاند
نەشتەری موژگانی تۆ هاتۆتە سەر سەفحەی دڵم هەر خەتێ بوو، غەیری خەتتی سەوزی تۆ، پاکی کڕاند
لەشکری ئاهم لەگەڵ جەیشی حەبەش دەعوا دەکا حیرەتم ماوە کە چۆن ئەو دڵبەرە دڵمی ڕفاند؟
بۆ گوڵی ڕووت ماتەمی پەرچەم دەبینێ بۆیە وا ماهی نەورۆزم بە شیوەن وەک محەڕڕەم خۆی نوواند
تۆ لە ئەووەڵ گۆی وەفات هێنایە نێو مەیدانەوە ئێستە چەوگانی خیلافت پشتی سەد وەعدەی شکاند
تۆخودا قەت غیرەتە بۆ تۆ ئەرێ سەروی ڕەوان گوڵ بەبێ تۆ وا لە باغا خێوەتی خۆی لێ چەقاند؟
با وجوود ئینساف بدەم چاکە، گوڵیش موشتاقتە هەر لە شەوقی تۆیە سەرپۆش و گەریبانی دڕاند
هەرکەسێ مایل بە پیرێکە و تەریقێکی هەیە تۆ بە شوعلەی غەم حەریقی وا وەجاخت هەڵگڕاند