دیوانی جەوهەری/ە
Appearance
1
[edit]بە زریاندا نامە دەنووسێ بۆ سەعید خانی ئەدهەمی باغچە لە ئۆردووی نەڵێنی فەقێ ئیسیان
| زریانەشێتە سەری من فیدای شنەشنت | قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەمجارە وا وەرە |
| کاڵان دەپێ کە بۆ نەڵێنی فەقێ ئیسییان | ئۆردوو لەوێیە خێوەتە، خەرگایە چادرە |
| جەمعن لەوێ هەموو عێلاتی موکریان | ئەو دەشتە پڕ لە نۆکەر و ئاغا و بەگلەرە |
| بیستوومە چۆڵە ڕێگەش بڕێک بێ زەخیرە | برسیت نەبێ هەتا دەتوانی تۆشە هەڵگرە |
| تۆراغ و قەند و چایی ئەوەند تا دەگەییە وێ | نان و کولێرەچەورە و پەنیر و کەرەش بەرە |
| ڕێگەش بڕێک بە ترسە نەوەک تووشی کێشە بی | خەنجەر وە بەر چەقێنە و دەمانچە و تفەنگ بەرە |
| ئەو دەستە پاکەتە بنێ گیرفانی باخەڵت | دەسرێکی تێوە پێچە و زۆر جوانی هەڵگرە |
| نووسیومە بۆ حوزووری سەعید خانی ئەدهەمی | ڕان و ڕکێفی جوانە، تیغی دەبانە موجەوهەرە |
| تەعریف ناکرێ بە قەڵەم چۆن تەواو دەبێ | میرزایە، سواری چاکە، ڕەشیدە، دلاوەرە |
| ئەووەڵ بڕۆ هەتا وەکوو نزیک خێوەتان | کانییەکی لێیە ئاوی وەکوو ئاوی کەوسەرە |
| دەوری گوڵۆکە پاکی هەڵاڵە و وەنەوشەیە | گیاخاوە، سوێسنە، مەندێیە، شەستپەڕە |
| دانیشە دەست و دەم و چاوی خۆت بشۆ | خاوێن لە تۆزی ڕێگە و دەستنوێژێ هەڵگرە |
| ئەمجارە هەستە نەختێ لەسەر گردی خێوەتان | ڕاوێستە تاکوو سەعاتێ سەبر گرە |
| چاوت بگێڕە تاکوو دێنە دەرێ نۆکەر و غوڵام | جانگیر و مستەفا و عەلی بانگ کە ئەو سەرە |
| دەست تێکگرن، قەدرێ هەڵپەڕن بڵێ بڵێ | تۆخودا عەلی بە یادی ڕەسووڵ چاکی هەڵگرە |
| تێکڕا بڕۆنە خوارێ بە لینگدان و پێکەنین | تا دەچنە بەردەمی ئەو گەورەچادرە |
| ئەووەڵ بچۆرە خێوەتی سەرتیپی شاریکەند | قوببەی هەموو لە زێڕە پەراوێزی مەخمەرە |
| مەزن و ڕەئیسی عێڵ و خەوانینی موکرییە | سەر تا قەدەم لە عەقڵ و شەجاعەت موسەووەرە |
| ڕاوەستە هەندێ لەبەر دەرکی خێوەتا | ئێزنێ بخوازە، زۆر بە ئەدەب پەردە لابەرە |
| دوای سەلام، زۆر دوعای خێر و ئیشتیاق | بۆ عەرزی ئەم نیازە ئیجازێکی وەرگرە |
| عەرزیان کە، بێت و عەرزی نیازم قەبووڵ بکەن | مەمنوونی لوتفی ئێوە دەبم تاکوو مەحشەرە |
| ئەمجارە کاکە سەعیدم بۆ بنێرنەوە | بۆ هاتنەوەی هەمیشە دوو چاوم لەبەر دەرە |
2
[edit]| بەفری هیجرت قوللەیی کێوی دڵی وا گرتووم | مەر شەماڵی وەسڵی تۆ ئەم بەفرە بتوێنێتەوە |
| ئاوری دووریت وەها جەرگ و دڵی سووتاندووم | مەر هەناسەی وەسڵی تۆ ئەم ئاورە بکوژێنێتەوە |
3
[edit]نامە بۆ ئەوڕەحمان بەگی تیکانتەپە کە بە زۆر بردوویانە بۆ بۆکان بیکەن بە ڕەئیسی سەندووقی ئینتیخابات
| تەشەککور واجبە بەهبەهـ کە جێی فەخر و موباهاتە | دەڵێن شاهم لە بۆکانە ڕەئیسی ئینتیخاباتە |
| بەبێ دەستووری ئەو زاتە ڕەئی -- بدەی نابێ | لە قانوونی حەقدا جزات سزاواتە |
| ئەگەر دەورەی عەداڵەت بێ، ڕەئیس قەت پیاوی کەر نابێ | هەموو شت بۆتە کەربازاڕ و مەجلیسیش خورافاتە |
4
[edit]نامە بۆ ئەو مامۆستایانە کە وتوویانە تەڵاقی سۆفی ساڵە کەوتووە. (سۆفی ساڵە لەگەڵ ژنەکەی لێیان دەبێ بە شەڕ و دەڵێت سێ تەڵاقەت کەوێ لەسەر دوو تڕ و نیوێک.)
| دوای سەلام و دەست ماچ کردنی مامۆستاکان | |
| دوو تڕ بە هەر حاڵ نیوتڕ مەحاڵە | دوو تڕ و نیو تڕ بە ڕیشی ساڵە |
5
[edit]بۆ چوار مەئمووری ئیدارەی سجیلی ئەودەمی بۆکان: دەبیر، تەوحیدی، مفتی زادە و جاوید
| دەبیرم هەر دە بیرە وەک زمانم زیکری تەوحیدە | دڵم مەشغووڵی مفتی زادەیە و موخلیسی جاویدە |
6
[edit]| دەمێکە ڕۆژ و شەو کارم دەمادەم زارییە و شینە | سەر و بەرگم لە هیجرانی وەتەن سەرتابەپێ شینە |
| نەخۆشن میللەتی ئێران، تەبیبی دەوڵەتیش ناشی | نەتیجەی ئینتزاریش بۆ خوەشی میللەت نەخۆشینە |
| هەموو یاران لە بێکاری دەکەن تیکراری بێعاری | وەلێ تیکرار و کاری من هەمووی یاسینە یا شینە |
| شەڕاب و شاهید و شەمعم لە شەودا شوعلەیی ئاهە | شهوودم عادیلە شیعرم کە ئاخریان هەموو شینە |
| دەجۆشم هەر وەکوو قازان دەڕێژم ئەشکی وەک باران | نەماوە جۆشش و کۆشش شەوی من بۆیە جۆشینە |
| هەتا جۆشش نەکا بەحری ئیرادە و عەزمی مەردانە | لەلام بێحاسڵە ئەم قیل و قالە، وەختی کۆشینە |
| دەپۆشن چارشەوی عار و دەنۆشن جامی بێعاریی | ئەتۆ مەردی لەبۆ پۆشاکی تۆ پۆشینی پووشینە |
| لە ئەشکی هەروەکوو یاقووت پیاڵەی چاو لەبالەب بوو | شەو و ڕۆژ کار و باری جەوهەری لەم بادەنۆشینە |
7
[edit]شینی شێخ عەبدولقادری نەهری و هاوڕێکانی
| ڕەفێقان با بکەین شیوەن کە وەختی هیجری یارانە | پیاڵە و شووشە بشکێنین کە شادی ڕووی لە شێوانە |
| بیساتی عەیش و خۆشی هەڵگرن، نۆرەی غەم و دەردە | هەموو لایە سیاپۆش بن کە تازیەی پیری مەیخانە |
| بڵێن ساقی لەباتی مەی پیاڵێک پڕ لە خەم بێنێ | بڵێن موتریب دەف و نەی لابەرێ جا وەختی ئەفغانە |
| حەریفان، تاکوو ئێستە بەزم و ڕەزم و چەپڵەڕێزان بوو | ئەوێستا وەختی قوڕپێوان و نۆبەی شین و گریانە |
| لە هەر لایێ کە دەتدی مەجڵیسی ئاوازەخانی بوو | لە هەر کۆشکێ دەبینی ئێستە واوەیلا و لەخۆدانە |
| دریغا پشتی ئیسلامێ بەجارێ تێک شکا حەیفێ | کە شای دنیا و دین یەخسیری دەستی زوڵمی تورکانە |
| شەهی شەمزین و غەوسی سانی و هانی و گەیلانی | ڕەواجی دینی ئەحمەد بوو چرای ئێران و توورانە |
| لەپاش حەفتاد و چەند ساڵێ لە دیاربەکرێ بە دەست تورکان | لەگەڵ جەمعێ لە سادات و مەشایخ بوونە نیشانە |
| یەزید و کەربەلا ئەوڕۆ کەماڵ پاشا و دیاربەکرە | کە ئەو سەید و مەلایەی کرد بە ناحەق تیرەبارانە |
| دڵم بۆ شێخ محەممەد پڕ لە زووخاوە مەکەن مەنعم | کە دوو جۆگە لە خوێن جاری بکەم لەو هەر دوو چاوانە |
| کەسێ بوو عالم و عابید، نەجیب و عاقڵ و کامیل | دەبێ هەر خاک بە سەردا کەم لەپاش ئەو شێخە نۆجوانە |
| لەپاش ساداتی نەهری مردنم زۆر خۆشترە لە ژیان | لەدوای ئەو خانەقا چۆڵە دەبا کوێر بم لە چاوانە |
| بناغەی دینی ئیسلامێ سەروبن بوو و تێک ڕووخا | لە بەر یەک هاتەدەر حەیفێ بە تۆپی زوڵمی ترکانە |
| ڕەفێقی ئیبنی مولجەم یاری شومرە گەورەیی ترکان | کە قەتڵ و عامی کردن بێ خەتا ئەو پیاوەچاکانە |
| کە ئەو شێخ و مەلا و ساداتەیان هێنانە پێی ئێعدام | لە پێی سێدارە ڕاوەستان و فەرموویان بە کوردانە |
| تەماشای گەردن و دار و تەنافی ئێمە کەن بەڵکوو | لەدوای ئێعدامی ئێمە تۆڵە بستێنن لە ترکانە |
| لە ڕێی دینی موحەممەد سەربڕێن زۆر فەخرە بۆ ئیسلام | لە مردن قەت مەترسن کوشتنی وا ڕەسمی پیاوانە |
| لە سەر ڕێی دین و شەرعی موستەفا قەت لامەچن کوردان | کەلاموڵڵا قەبووڵ کەن چاکە نە قانوونی ترکانە |
| ئەوەی ترکان بە سەر ئیسلامیان هێنا بە هیچ دەورێ | نەماندی غەیری حەججاج و یەزید و شمری شەیتانە |
8
[edit]بۆ حاجی سەید عەبدوڵڵا کە دیاری ناردبوو بۆ جەوهەری
| مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ | دەگەڵ من زۆر بە لوتف و ئیلتیفاتە |
| بە جوببە و مێزەرە و کەوڵی بوخارا | سەراپا جەوهەری غەرقی خەڵاتە |
| لەوان چاکتر کەلاموڵڵا و دەلاییل | کە خوێندنیان بە حەق مایەی نەجاتە |
| لەبۆ من سەربڵندیی و ئیفتیخارە | لەنێو بێگانە و ئەهلی وڵاتە |
| ئەوەی دۆستن دەڵێن زۆر زۆر موبارەک | حەسوودیش زۆر خەفە و غەمبار و ماتە |
| چ دەربەستم حەسوود با هەر بنووزێ | قسەی حاسید لەلای من بێ مەناتە |
| ئەگەر سەد پیر و ئوفتادە و زەعیفم | لە سایەی شێخەوە بەختم لە هاتە |
| حەسەن عەهدێکە بەستوویە لەگەڵ تۆ | هەتا مردن لەسەر عەهد و وەفاتە |
| ئەمن پیر بووم و عومرم زۆر نەماوە | ئەتۆ خۆش بی سەر و قەلبم فیداتە |
| ئەگەر بمرم لەسەر دنیاش نەمێنم | بە دیدارت قەسەم ڕۆحم لە لاتە |
9
[edit]بۆ سەعیدخانی ئەدهەمی باغچە
| نووکی قەڵەمی جەوهەری بڕوانە چ تیژە | بۆ ک... نی موخالیف زە... ەرە تیری قەزایە |
10
[edit]پەسنی پێغەمبەر
| ئەسمائی شەریفی شەڕەفی عەڕشی بەرینە | مومتازە لە خەڵک، ئەحمەدە، مەحموودە ئەمینە |
| تەشبیهی قەدی ڕێک و دلارایی بە چی بکەم | هەر چی کە بڵێم چاترە باڵاتری نینە |
| یا ڕەب مەکە ئەم سینەمە خاڵی لە خەیاڵی | بێ قیمەتە ئەنگوشتەری خاڵیی لە نگینە |
| مسەلمانی سولەیمانە دەبێ عوممەری چی بێ | فاڕووقێکە ملبادەری شەیتانی لەعینە |
| --- حەبەش خادیمی دەرگاهی بیلالی | کەمتر خەدەمی خادیمەکانی شەهی چینە |
| شەرحی دەرەجەی گەورەییی یارانی چ نادەم | جەووادە، خودادادە، ئەدەب زادە، مەکینە |
| مێعراجی بە یەک دەم لە شەوی تار و سیادا | سووڕهێنەری سەر بۆ بەشەری واقعبینە |
| هەر تا دەگەمە خزمەتی، بێ وەقفە براکەم | بەم مەرهەمە ساڕێژی کەم ئەم هەموە برینە |
| خاکی دەری ئارامی دڵە دائیمە جێی بێ | بێبەش نەبێ بەڵکوو لە عەتای ئەم شەهی چینە |
| بەم شەوقەوە عەزمی سەفەری مڵکی سەبا کە | قەسدی سەفەری وا بەری عەزمێکی مەتینە |
| سۆزێکی لە دڵدایە، دڵاوایە، بڵێسەی | پڕشنگەکە لەو نووری درەخشانی مەدینە |
| شەوقی ئەوە تۆشەی سەفەری جەوهەری هەردەم | ئەو شەوقە حەیاتی منی غەمبار و حەزینە |