دیوانی جەوهەری/ئوستادی دانا میرزای خۆش ئەخلاق
Appearance
داوا لە وەستا ئەحمەدی ئەڵڵامرادی کە ئاش دروست بکات بۆ قاسم ئاغای جامەرد
| ئوستادی دانا میرزای خۆش ئەخلاق | بە عیلم و سەنعەت مەشهووری ئافاق |
| وەستا ئەحمەدی ئەڵڵامرادی | نێوت ڕۆیشتووە وادی بە وادی |
| ئەتۆ شەخسێکی ڕەند و جەوانمەرد | زەحمەت قەبووڵ کە تاکوو جەوانمەرد |
| تەمامە ئاشێک لە نوێ بینا کەم | بە شیعری کوردی با بۆت تەواوکەم |
| دوو جۆگەی ببێ بە ڕۆژ و نسار | نە مەند و نە خوڕ تەراز و هەموار |
| سەرەنیای تەراز مەند و بە میزان | بە ڕاستە و گۆنیا وەک حەوزی بۆکان |
| دۆڵی دارێ بێ ساف و بێ گرێ | هێندە لەبار بێ دەستی لێ نەدرێ |
| زەمبوورەی گەورە ساف و موددەوەر | کیسەڵ بێ زەحمەت پێیدا بێتە دەر |
| ئاشێک بێ سەخرە ڕێی پێ نەبردبێ | بینای وا عالی هیچکەس نەیکردبێ |
| بەردەئاشەکەی حەو بست و گێر بێ | گرمە و زرمەکەی وەک نەڕڕەشێر بێ |
| گەنم بکا بە ئارد ڕۆژێ سێ تەغار | گرمەگرمی بێ وەک هەوری بەهار |
| چەقەنەی وا بێ لە هاتنی داندا | نەزیری نەبێ لە ڕووی دنیادا |
| ئا لەم تاریفە هیچی کەم نەبێ | خەڵاتت دەکەم ئەگەر ئاوا بێ |
| تەوەرە بستە و پەڕە و تۆپەکەی | ژێر دوزەقە و ئاو، مووروە سەنگەکەی |
| هەمووی ڕێکوپێک، ڕاست و مونەززەم | هیچ نەقسی نەبێ نە زۆر و نەکەم |
| ----- ----- | ----- ----- |
| لە قەولی ئاغاوە من عەرزت دەکەم | حەسەن جەوهەری مەلای دێیەکەم |
1943/6/9