دیوانی بێخود/م
Appearance
1
[edit]لە کونجی خەڵوەتی غەمدا کە مەشغووڵی ڕیازاتم | شەو و ڕۆژ حەسری فیکری پەرچەم و ڕووی تۆیە ئەوقاتم |
بڵێسەی دۆزەخی عەشقت منی ئاوارە کرد، وەرنێ | بە خۆڕایی نییە ئەی جەننەتی عیرفانی تۆ لاتم |
ئەگەر بۆ خزمەتت کاغەز نەنووسم چاوەکەم، حەقمە | لەبەر بێ چاوییە، دوور بێ لە تۆ، گەر بێ موبالاتم |
ئەگەر بێ باوەڕی بڕوانە ئاوێنەی دڵی خۆشت | کە قوربانی دڵی ئاوێنە و حوسنی تەماشاتم |
لە دیوانی چەمەنزاری مەحەببەت هەر وەکوو قومری | بەڵاگەردانی سەروی میسرەعی مەوزوونی باڵاتم |
لەبۆ میحرابی ئەبرۆی تۆیە گەر مەجبووری مزگەوتم | لە نەشئەی چاوی مەستی تۆیە مەفتوونی خەراباتم |
ئەگەر فیلم لەبەر دەست ئەسپی تۆدا، فەرزە بەیدەق بم | وەگەر شاهم لە عەرسەی عیشقی تۆدا بێ ڕوخت ماتم |
لە بەزمی حوسنی خۆتا تۆ خودا جارجارە یادم کە | کە من پەروانەکەی ڕوخساری شەمعی مەجلیساراتم |
بە شێخ نووری بفەرموو چاوەکانت ماچ ئەکا بێخود | بە یادی خانەیی خەمماری ئەو مەستانە وا هاتم |
2
[edit]دەسا ئەی «میرزا مەهدی»ی زەمان، ئەی «کاشی»ی نادر | کە بۆ نادیدە خەتتاتێکی چەشنی ئێوە داماوم |
لە کێلی قەبرەکەی تەئریخی کۆچی کاکە «ئیبراهیم» | بنووسن: شێخ برایم ڕۆ بە خوێناوی گەشی چاوم |
3
[edit]بِحَمْدِ الله دڵی دەریایە خادم | خەیاڵی گەوهەری یەکتایە خادم |
لە دوڕجی نەزم و نەسری لەفزی ئەودا | مەعانی لوئلوئی لالایە خادم |
لە عەرسەی شاترنجی ئیعتیقادا | لەسەر ئەسپی سەداقەت شایە خادم |
لە لوجنەی ئینتیخابی حوسنی خوڵقا | وەکوو نائیب ڕەئیس ئەعزایە خادم |
لە سایەی وەسفی باڵا نەونەمامان | کەلامی تا بڵێی باڵایە خادم |
عەزیزان بۆ قوماشی یووسفی عیشق | خەریدارێکی بێ پەروایە خادم |
لە دیوانی بەهەشتی قەت مەپرسن | کە یەک میسراعی سەد تووبایە خادم |
لە خومخانەی دوکانا وەختی نووسین | سیاهی مەی قوتوو مینایە خادم |
ئەگەر مەهدی لە عەسری نادرا بوو | بەڵێ لەم عەسرەشا میرزایە خادم |
بە «خێ» خێی خەتتی مەشقی اِبن مُقلە | بە «ئەلف» ئەلفی هەزار ئیملایە خادم |
نەوەک هەر دالی دالی دیققەتە و بەس | ٤٠یشی میمی سەد مەعنایە خادم |
مەڵێ «کۆیی» نەژادە و بەس بفەرموو | کە خەڵقی جَنّتُ المَأويیە خادم |
لەلای من بۆ تەواوی دڵنەخۆشان | مەقامی عەینی موستەشفایە خادم |
بە نووری شەمسی دین گەر مونعەکیس بوو | لە سایەی شیعری مەولانایە خادم |
چە مەولانا جلال الدّینی ڕۆمی | کە ڕۆژی مەحزە ئەو حیربایە خادم |
لە عیلمی باخەوانی مەسنەویدا | ڕیازی مەعنەوی ئارایە خادم |
لە زەهری ماری غەیبەت چۆن ئەترسێ | کە تریاکی حوزووری لایە خادم |
خودا حەز کا لەگەڵ جیرانی پاکی | لە زومڕەی بەرزی اَهلُ اللهیە خادم |
دەوامی بێ بە قەد عومری کوڕی خۆی | هەتا شیعری لە دنیا دایە خادم |
4
[edit]دیدەکەم لەو ڕۆژەوە من ئاشناتم، ڕۆحەکەم | ئاشنایێکی بە گیان و دڵ فیداتم، ڕۆحەکەم |
پەڕتەوی ڕووی تۆم کە دی لەو ساوە وەک روحُ البَيان | هەر خەریکی سەیری سوورەی والضُّحىتم، ڕۆحەکەم |
تا لە چاوی مورشیدی تۆ بەیعەتم وەرگرتووە | ڕۆژ و شەو مەجزووبی حەوشی خانەقاتم ڕۆحەکەم |
دڵ ئەگەر مەفتوونی دانەی خاڵەکەی سەرگۆنەتە | خۆم ئەسیری پەرچەمی داوی بەڵاتم ڕۆحەکەم |
تۆ کە لۆرتی حوسنی ئەمڕۆ، فەرزە من بێ بەش نەکەی | موستەحەققی ڕووت و موحتاجی زەکاتم، ڕۆحەکەم |
من بە قووتی وەسڵی ئێوارە و سبەینێی تۆ ئەژیم | تۆ خودا تۆش نەیبڕی مووچە و بەراتم، ڕۆحەکەم |
شەو ئەزانی بۆ چی هەر دەور و خولی ڕووی تۆ ئەدەم!؟ | تا بزانی من کە پەروانەی چراتم، ڕۆحەکەم |
بشمرم خاکم لەپاش سەد ساڵ ئەڵێ وەک سامی نووح | ئەی مەسیحا چاوەڕێی یەک مەرحەباتم ڕۆحەکەم |
تووشی تیغی نازی تۆ بووم تازە توخوا لێم گەڕێ | با شەهادەت بێ بە ئەسبابی نەجاتم، ڕۆحەکەم |
جائیزەی ئەم شیعرە نازدارانە بێخود عەرز ئەکا... | کافییە بەم نەوعە لوتفت بۆ خەڵاتم، ڕۆحەکەم |
5
[edit]بە دەشتی پڕ جنوونی ئاخەوە مەجنوونی شەیدا خۆم | بە شاخی بێستوونی داخەوە فەرهادی ڕیسوا خۆم |
لە بازاڕی دڵا سووتا هەموو سەرمایەیی خۆشیم | لە یانەی دەست و پێ بەسراوییا بێ سوود و سەودا خۆم |
لە حەوتخوانی تەلیسمی سەخڵەتی و زیندانی ماتەمدا | گەهێ کاووسی بێ تاوان و گاهێ بیژەن ئاسا خۆم |
منم هەر دوو دەسم لێ بوونە تیغی تیژی سەرهەنگان | بەدەس ئەسکەندەری گەردوونەوە بێچارە دارا خۆم |
لەبەر بای پێچەوانەی غەم لە هیچ لا ناگرم ئۆقرە | لە عەردی وشکی دووری جاویدانا مەوجی دەریا خۆم |
لە ساحەی پڕ لە تۆز و گێژەڵووکەی دڵ شکستیدا | بەدەم بای ئاهەوە هاوشانی دڕک و داڵی سارا خۆم |
سەر و شانی دڵم پڕ بوو لە تاج و شیر و ڕوتبەی غەم | لە مشکۆی پایتەختی نامورادیدا شەهەنشا خۆم |
گەهێ سەرگەشتەیی مەلحە و قەراج و نەینەوا و پیر مەم | گەهێ ئاوارەیی هەولێر و ڕێی کەرکووک و بەغدا خۆم |
لە کەنعانی فیراق و جانگودازیدا وەکوو یەعقووب | لە میسری ئیشتیاق و عیشقبازیدا زوڵەیخا خۆم |
هیلاکی بازەکەی ئەوجی عەبابەیلێی وەکوو بەغدا | پەشێوی شاهەکەی ئەحمەد بڕندەی وەک بوخارا خۆم |
گەهێ دڵ چاکی تێغی زیهنی شێخ عبد الکریم، گاهێ... | جگەر چاو پڕ لە ئاوی ڕۆژی عیلمی کاکە بابا خۆم |
هەڵەستم، دائەنیشم وێنەیانم هەر لەبەر چاوە | موریدێک و خەریکی ڕابیتەی دوو پیری دانا خۆم |
بەهەشتی نیشتمانم بێ ئەوان لا ئاگری سوورە | لە شادی گیتییا دۆزەخنشینی شینی عوقبا خۆم |
لە هیچ لا بێ بەها نابێ سەدەف پەروەردەیی ئیخلاس | لە بەحری بێ پەیی میهر و وەفادا دوڕڕی یەکتا خۆم |
بە دەم دەننووکی چەرخی چنگ بە خوێنی دەردەوە بێخود | لە چۆڵی گەرمیانی بێنەواییدا حوبارا خۆم |
6
[edit]بڵا فرمێسکی خوێنین بۆ نەڕێژێ بیلبیلەی چاوم | بە حەرفی ناڵە بۆ نەپژێ زمانی لاڵ و گیراوم |
نەمامی عەیشەکەم نێژرا، خەفەت گۆپکە و چرۆی دەر کرد | سەراپا تەرزی غەم ئاڵایە گیانی هەڵکڕووزاوم |
دەسا ئەی میرزا مەهدیی زەمان، ئەی کاشیی نادر | کە بۆ نادیدە خەتتاتێکی چەشنی ئێوە داماوم |
لە کێلی قەبرەکەی تەئریخی کۆچی کاکە «ئیبراهیم» | بنووسن: «شێخ برایم ڕۆ» بە خوێناوی گەشی چاوم |
7
[edit]وەک خاڵی گۆنە هێندە خەتابار و ڕووڕەشم | وەک پەرچەمی بە شانە نەکردوو، موشەووەشم |
گەهـ سینەچاکی غەمزەیی خووبانی بێوەفام | گاهێ کەتانی پەڕتەوی ڕوخساری مەهوەشم |
وا سارد و گەرمی زوهد و گوناهم کە تێئەگەم | مەحروومی ئاوی کەوسەر و مەحکوومی ئاتەشم |
من چۆن نما ئەکەم کە وەکوو گیسکەکەی هەیاس | هاوشانی گورگی دێو و سەگی نەفسی سەرکەشم |
ئەی ناخودایی بەحری کەرەم وەختی ڕەحمە پێم | کەشتی هەموو شکاوم و دەریا لە باوەشم |
من سائیلی شەفاعەت و تۆ ساحیبی مەقام | لەو خوانی نیعمەتەت بدە سا لوقمەیێ بەشم |
من دەردەداری دەردی مەعاسیم و تۆ تەبیب | دەردم دەوا کە تۆ بی خودا داوەشا لەشم |
تا شاد نەبم بە مەرحەمەتی کیمیایی تۆ | بوونی بە زەڕ مەحاڵە مسی قەڵبی، پڕ غەشم |
هەرچەند ئەکەم خەیاڵی نەسیمی شەفاعەتت | وەک غونچەیی کراوە سەراپا وەها گەشم |
شایی تکایی تۆیە، منیش بۆیە وا بە شەوق | سازندەیێکی شایەر و عەبدێکی چاوەشم |
بێخود بە کردەوە و قسە، خاکم بەسەر، وەهام | هەر وەک دەم و جنێوی بوتان نیشم و هەشم |
8
[edit]موشکی خوتەنە پەرچەمی خۆشبوویی برایم | ڕەشکی سەمەنە ڕوومەتی مینوویی برایم |
لەعلی یەمەنە لێوی سوخەنگوویی برایم | «دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم |
سەروی چەمەنە قامەتی دلجوویی برایم» | |
زاهید نە، منی عاشق ئەسیرم بە نیگاهی | مورشید وەرەگێڕێ لە ئیمان چاوی سیاهی |
کاری من و مانی نییە قەت سوورەتی ماهی | «نەخشینە بە نووکی قەڵەمی سونعی ئیلاهی |
دنیا ئەگرێ قووەتی بازوویی برایم» | |
لەوساوە کە بیماری ئەوم دیوە بە دووربین | خەڵکینە مەپرسن لە منی خەستە و مسکین |
هەرچەندە دڵم چاکە بە تیری «بلە نەخشین» | «فیکرم هەموو ڕەنگینە لە فەیزی دڵی خوونین |
ئەی من بە فیدای خەنجەری ئەبروویی برایم» | |
ئەو شۆخە کە چەفیەی لە سەر و گەردنی ئاڵان | ڕیشەی دڵی عوششاقی بە ڕیشووی ڕەشی پچڕان |
کوڵمی کە بەدەر خست و جیهانی هەموو شێوان | «ئەستێرەیی ڕوخساری دڵی عالەمی سووتان |
بورهانی مونەججیم بوو مەگەر ڕوویی برایم» | |
وەک مورغی قەفەس بۆ چی نەکەم زار و نەفیرێ | حەیرانم ئەمیستاکە وەکوو بمخەنە بیرێ |
نەم بیستووە قەت ڕاوکەر هەتا ئێستە بگیرێ | «بیستوومە بە دام و بە شکار ئاسک ئەگیرێ |
ئینسان ئەگرێ دیدەیی ئاهوویی برایم» | |
گەرچی منی دێوانە بە دڵ مات و حەزینم | لەم بادیە سەییادسیفەت گۆشەنشینم |
بۆ گرتنی ئەو ئاسکە دایم لە کەمینم | «ئەو نیعمەتە پڕ لەززەتە ڕۆژێ کە ببینم |
دەستی من لەسەر گەردەن و ئەبروویی برایم» | |
ئەو ڕۆژە کە وا دای لە دڵم تیری موحەببەت | گرتی بە مەسەل ئایینە تەسویری موحەببەت |
چونکە بووە دێوانە بە زەنجیری موحەببەت | «بەدبەختییە ئازادی لە زەنجیری موحەببەت |
بەم ڕەنگەیە تای سیلسیلەیی موویی برایم» | |
ئەو ڕۆژە کە ئەو ڕەهزەنە پشتی لە وەفا بوو | کاروانی دڵ و دین و ئیمان ڕووی لە فەنا بوو |
قوربان وەکوو بێخود مەبە دوچاری بەڵا بوو | «زێوەر بە حەزەر بە ئەمە ئاشووبە بەڵا بوو |
ئیمان ئەدزێ قووەتی بازوویی برایم» |
9
[edit]عومرێکە سیەهـ ڕۆژ و پەرێشانی کوەیتم | ئاشوفتە وەکوو توڕڕەیی خووبانی کوەیتم |
عومرێکە کە ڕۆژم بە مەسەل وەک شەوەزەنگە | حەسرەتزەدەیی شامی غەریبانی کوەیتم |
عومرێکە لە زیندانی جنوونا کە وەکوو شێت | پابەندی غەزاڵانی ئەسیرانی کوەیتم |
عومرێکە لە کونجی قەفەزی فیرقەتی گوڵدا | وەک بولبولی دڵخەستە غەزەلخوانی کوەیتم |
عومرێکە لەدووی مەحمەلی لەیلا وەکوو مەجنوون | خۆم لێرە و دڵ وێڵی بیابانی کوەیتم |
عومرێکە لەبۆ کوشتنی دەججاڵی حەسوودان | هەر مونتەزیری عیسییی دەورانی کوەیتم |
عومرێکە دەناڵم بە غەمی تۆوە لە کەرکووک | دایم وەکوو نەی سینە پڕئەفغانی کوەیتم |
پێویستە وەکوو قومریی ئاوارە لە گوڵشەن | سەرگەشتە دڵی سەروی خەرامانی کوەیتم |
پەروانەسیفەت موزتەریبم کوللی شەو، ئاخۆ... | کەی پەڕتەو ئەدا شەمعی شەبوستانی کوەیتم؟ |
کەی بێ کە لە ئاسۆی عەرەبوستانەوە ڕۆژێ... | هەڵبێ گوڵی خورشیدی درەخشانی کوەیتم؟ |
وا تێ مەگە دوورم لە تۆ ئەی ساحیبی خاتەم | هەر «هودهود»ەکەی بەزمی سولەیمانی کوەیتم |
خەڵکینە لەبەر گەوهەری تاجی سەری کوردە | قوربانی موحیتی عەرەبوستانی کوەیتم |
هەرچەندە لە زیندانی فیراقام وەکوو بیژەن | بیللا بە تەمای ڕۆستەمی دەستانی کوەیتم |
عاجز مەبە بێخود کە ئیشەڵڵا وەکوو یەعقووب | نەزدیکە ویساڵی مەهی کەنعانی کوەیتم |
10
[edit]ئەمجا لە عوود و ڕوود و نەی و مەی شەراب ئەدووم | یەعنی لە غەیری ساقی و موتریب خراپ ئەدووم |
لەوساوە عاشقم بە برۆ و ڕوویی دڵبەران | دایم لە مانگی یەکشەوە و ئافتاب ئەدووم |
11
[edit]بێخود لە ڕووی نیازەوە، ئەی نازەنین ئەڵێ: | جارجار بە چاوی لوتف بڕوانە سوورەتم |
من بۆیە سەیری تۆ ئەکەم و ڕووم لە کەس نییە | تا تێ بگەی کە تۆی هەدەفی تیری حیرەتم |
12
[edit]ئەیا ڕەفیقی شەفیقم، حەریمی ڕازی نیهانم | ئەدیبی فیکری حەقیقیم، نەدیمی ڕۆحی ڕەوانم |
ئەگەر لە حاڵم ئەپرسی، بە سەنگی سورمەیی دووری | شکاوە شووشەیی وەسڵم، نەماوە نوتقی زمانم |
کە ئەچمە حوجرە ئەڵێی دەشتی شارەزوورە بەبێ تۆ | وڵاخ ئەخاتە مەلە ئاوی زەڵمی ئەشکی ڕەوانم |
بە شەو پەپوولەسیفەت خول ئەخۆم بە دەوری چرادا | کە ڕۆژ هەڵات ئیکە خورشیدپەرستی بورجی دوکانم |
ئەوەندە مەحوی غەمم ئەی عەزیزی میسری بەلاغەت! | دەهانی یۆسفی سانی سیفەت، نەماوە نیشانم |
وەری گەڵای تەرەبی باغی دڵ بە پایزی ئەندووهـ | درەنگە بێرەوە پیر بوو بەهاری عومری جوانم |
بەجێ نەمێنی لە کەرکووک، نەبیتە باعیسی خوێنم | ئەگەر نەیەیتەوە «لەوسەر»، ئەبیتە قاتیلی جانم |
وەکیل بە تۆ کە سەلامی منت گەیاند بە فەقێکان | لەپاش موسافەحە عەرزیان بکە کە بەندە فڵانم |
بفەرموو بێخودی شیرین کەلام ئەڵێ بە هەمووتان... | ئەگەرچی خوسرەوی شیعرم، بەڵام غوڵامی ئەوانم |