Jump to content

دیوانی بێخود/ت

From Wikisource
308292دیوانی بێخود — پیتی ت1939بێخود

1

[edit]
کەی بێ تۆ بەهار بی و تۆ نیگار بیت و ویساڵ بیبینێ ڕەقیب ڕۆحی لە داخا دەرچێت

2

[edit]
مەڵێ ئەی نازەنین بۆ شاری کۆیە کاکی ئێران هات بفەرموو عەسکەری لەشکەرشکێنی شاهی گەیلان هات
مەڵێ عەسکەر، بڵێ سەرعەسکەری سوڵتانی دین یەعنی... غوڵامی شاهڕاهی بارەگاهی قوتبی یەزدان هات
چییە یا ڕەب کە ناوی «کاک» ئەبەن زاهیر دەبێ شەوقم دەڵێ بۆ زەڕڕەیێکی بێنەوا خورشیدی ڕەخشان هات
دەمێ بوو سافییا نادیدە، دڵ، بووبوو بە پەروانەت بە کامی خۆی گەیی بیستی کە وا شەمعی شەبوستان هات
دەمێ بوو چاوەڕێی موژدەی قودوومی ئێوە بوو بێخود خودا کردی نەسیمی پیرەهەن بۆ پیری کەنعان هات

3

[edit]
ئەوا ئەی شەمعی بەزم ئارایی دین، پەروانەکەی خۆت هات بە شوعلەی ئاگری ڕووت جەرگ و دڵ بوریانەکەی خۆت هات
لەبەر دەردی موخالیف بێنەوا وەک نەی ئەناڵێنم بە شۆری شەوقی تۆوە سینە پڕ ئەفغانەکەی خۆت هات
بە ئوممێدی شەکەرخەندێ لە غونچەی لێوی شیرینت بە لالەی ئەشکەوە وا دیدە پڕگریانەکەی خۆت هات
بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و گەسکی موژە قوربان لەبۆ تەنزیفی ڕێگەت خادیمی ئاسانەکەی خۆت هات
ئیتر بۆ خاتری ڕیشی سپی شێخی ضیاء الدین عیلاجێ! ڕووڕەشم، موستەغریقی عیسیانەکەی خۆت هات
لە ئیکسیری نیگاهت مشتەخاکێ من نەکەی مەحرووم کە بۆ ڕەمزێکی چاوت بێ سەر و سامانەکەی خۆت هات
ئەمن قِطميری ئێوە و ئێوە اَصحاب الرَّقيمی من لەبۆ کەهفی ئەمانت وا سەگی دەرگانەکەی خۆت هات
فیدات بم بێ خەڵاتی مەعنەوی ئەم جارە قەت ناڕۆم بە هەدیەی نەعتی تۆوە وا قەسایدخوانەکەی خۆت هات
بە فیکری ئیلتیفاتی ئاسکەکەی شێرئەفگەنی چاوت بە دەشتی شارەزوورا بێخودی دێوانەکەی خۆت هات

4

[edit]
مارت و نیسان، مایس و مانگی حوزەیران و تەمووز ئاب و ئەیلوول و دوو تشرین و دوو کانوون و شوبات

5

[edit]
کە ساڵی مەغفیرەتی حاجی ساڵحم پرسی لە شاعیرێکی وەکوو بێخودی بەدیعە نیکات
ئەویش موناسیبی ئەو جانفیدایی ساداتە وتی: شەهیدی سەحیحی موحەبەتی سادات

6

[edit]
بێخود ئەتەوێ قەسری قەناعەت بێ جێت ڕازی بە بەوەی کە وا خودا داویە پێت
گەر بچیە گەرووی تەنگی نەهەنگیشەوە، تۆ ئەو ڕزقە کە دانراوە بۆت ئەی نێرێت...

7

[edit]
لَه الثَّنا کە بە مەقسوودی دڵ دووبارە گوڵی کرد شکۆفەیێ لە درەختی ڕیازی ئیرسی نوبووەت
سوئالی مەولیدی ئەم شاهزادەیەم لە خیرەد کرد کە جێگەیان بووە هەر پایتەختی عیلم و زەکاوەت
جەوابی داوە، بەرەو قیبلە دەستی هەڵبڕی، فەرمووی: بدەی دەوامی ئیلاهی لەسەر سەریری دیانەت

8

[edit]
ئەی ساحەتی سەد جەننەت، دەشتی عەرەبوستانت نادەم بە هەزار گوڵشەن، یەک خاری موغەیلانت
بۆ لالەیی نوعمانت، داغدارە دڵ و جەرگم داغدارە دڵ و جەرگم، بۆ لالەیی نوعمانت
بێ پەڕتەوی ڕوخسارت تاریکە دڵی حیربام بەم زەڕڕەیە بنوێنە، خورشیدی درەخشانت
بۆ سەروی خەرامانت وەک قومری ئەناڵێنم وەک قومری ئەناڵێنم بۆ سەروی خەرامانت
عەقڵ و خیرەدی بردووم نەشئەی قەدەحی چاوت پێوەندی هەوای کردووم تای زوڵفی پەرێشانت
میحرابی دڵ و جانە، هێزی دەسی ئیمانە عاسایی خەتیبانە، شمشێری خوراسانت
بەو قیبلەیی ئەبرۆیە، ڕۆح گەر لە قەزای کۆیە دڵ خادیمی لای تۆیە، سەر گۆیە لە مەیدانت
خاقانە گەسک لێدەر، بۆ خادیمی بەرقاپیت خوددامە بە ڕۆح قەیسەر، بۆ بانگوشی سەربانت
ئەی سەییدی مەخلووقان ئاگات لە ئیمانی بێ ئەو ساتە کە بوو قوربان، ئەم عەبدە بە قوربانت
تۆ سیدرەنشین بازی، ساحێبی سەدئیعجازی پێغەمبەری مومتازی، دەستی من و دامانت
قورئانی نوعووتی تۆ، خەتمی بە بەشەر نایێ بێخود چییە یا حەسسان، جیبریلە سەناخوانت