دیوانی ئەحمەد موختار جاف/مەسنەوی
Appearance
1
[edit]| چییە ئەی گوڵ کە ڕەنگت ئێستە سوورە | چ وەقتی شادی و عەیش و سروورە |
| پەڕت بۆ ئاڵ و ڕەنگینن بەهاران | دوڕئەفشانن لە قەترەی ئاوی باران |
| مەگەر حیسست نییە تاکوو بزانی | لە خاکی کێ ڕواوی بۆیە جوانی |
| ئەتۆ نازانی بۆ چی ئاڵ و سووری | لە بەزما مایەیی کەیف و سرووری |
| ئەگەر ببوایە لای تۆ عەقڵ و فامی | دەماغ و مێشک و حیسسی تەمامی |
| لە جێی سووری بە ڕووزەردی ئەهاتی | گەڵاڕێزت ئەکرد ئێستا کە ماتی |
| سەرت وەقتێ کە دەرهێنابوو ئەبوا | بە ڕەشپۆشی بهاتیتایە دنیا |
| ئەترسم چونکە تۆ بێ حیسسە گۆشت | وەکوو ئینسان نییە ئەفکار و هۆشت |
| نەبی حاڵی لە مەعرووزاتی بەندە | هەتا شەرمەندە بی تۆ سەرفگەندە |
| ئەما هەر وەختێ هەنگێ یاخو مێشێ | ئەبینم من بەسەر تۆوە ئەنیشێ |
| هەڵئەبزڕکێ بەجارێ ڕەنگی ئاڵت | پەشێوی دێ بەسەرتا وەزع و حاڵت |
| کە وا بوو دیارە ئەی گوڵ تۆ ئەفامی | ئەزانی و ساحیبی عەقڵی تەمامی |
| ئەگەر بێت و بکەم عەرزت ئەزانی | کە تۆ بۆچ وا تەڕ و تازە و جوانی |
| کە وا بوو ئێستە ئەی گوڵ تۆ بزانە | سەوزبوونت لە خاکی دولبەرانە |
| لەسەر خاکێ بنی ڕیشەت ڕوواوە | بە جەرگی عاشقانا داخی ناوە |
| وە یا سەوزی لەسەر خاکی حەزینێ | کە کوژراوە بە تیری نازەنینێ |
| لەسەر قەبری شەهیدێکا ڕوواوی | بە خوێنی جەرگی ئەو تۆ ئاو دراوی |
| کە دایناوە حەیاتی خۆی بە مەردی | لەپێناوی وڵاتی قەومی کوردی |
| لە لق بۆیە کە تۆ سەر دەر ئەهێنی | بە چڵ سەوزی بە ڕەنگت میسلی خوێنی |
| بەڵام مادام کە مەحویی ئەو کەسانە | کە ئەمڕۆ مایەیی جیلوەی گوڵانە |
| لەبۆ تۆ بۆتە مایەی عەیش و خۆشی | بە سەربەرزی کە بەرگی سوور ئەپۆشی |
| ئەگەر ببوایە تۆ عەقڵت لە سەردا | ئەبوو بیکەی جلی ماتەم بە بەردا |
| وە یا خود تۆ بە یادی ڕۆحی یاران | ئەبوو بولبول بلاوێنی بەهاران |
| کە ئەو تەیرە ئەوەند مەجبووری تۆیە | شەو و ڕۆژ بۆ ویسالت ڕەنجەڕۆیە |
| کەچی ناپرسی تۆ ئەسڵەن لە حاڵی | دەمێ ناکەی بە دڵ مەیلی ویساڵی |
| بەڵێ عاشق کە ناڵەی وا حەزینە | هەموو سەرمایەیی ئاهـ و ئەنینە |
| لەلای مەعشووقە وەک دەنگی ڕوبابە | ئەگەر چی عاشقی جەرگی کەبابە |
| وەلێ مەعلوومە جەور و زوڵمی دڵدار | ئەبێ حەددێکی بێ بۆ عاشقی زار |
| خسووسەن تۆ کە خوڵقاوی لە خاکی | گەلێکی سێ کەسی سەربەرز و چاکی |
| ئەشوبهێی تۆ بە یەک لەو سیانە ئەی گوڵ | کە کونکون بوو بە غەمزەی سینە و دڵ |
| وەکوو ئەو دوانەکەی تریانە بولبول | دڵی مەشکێنە توخوا حەیفە ئەی گوڵ |
| لە دەرحەق بولبولی بێچارە و زار | ئەوەند مەغروور مەبە نیشان مەدە خار |
2
[edit]| لەو دەما ئێمە کە خوێنمان ئەڕشت | ڕۆژیش بەهای هێنابووە وجوود |
| لەو جێگا شەڕەی یەکترمان ئەکوشت | گوڵان سەوز ئەبوون ئەیانکرد سجوود |
| *** | |
| هەر چەند لاشەکان وەک پەینی بەسام | کەوتبوون لە ژێر لقی گوڵاندا |
| کەچی گوڵانی بێ هۆش و نەفام | تەڕ و تازە بوون لەسەر چڵاندا |
| *** | |
| زەوی ئەوەندە خوێنی خواردبێ | بۆ چی وەنەوشە ڕەنگی هەر شین بێ |
| خوێناوی لاوان دەشتی پۆشیبێ | هێشتاکوو بەیبوون سپی جەبین بێ |
| *** | |
| بە خوێنی ئینسان گوڵ ئاو درابێ | ئەبوا ڕەنگ و بۆی ئەوان بسێنێ |
| ئێستا کە پۆل پۆل خەیمەیان داوە | بۆچ بێ پەڵەی خوێن سەر دەرئەهێنێ |
| *** | |
| دێراوی گوڵان چۆن ڕووزەرد نابن | خوێنەخوێکانیان بەسەردا ئەڕوا |
| بۆ چی ئاو تووشی داخ و دەرد نابن | بۆ وڵاتیان عەیبە سەر تا پا |
| *** | |
| ئەبینن غەیرە ئەچنێ گوڵغونچە | کەچی هیچ کامیان گرژ ناکەن ڕوویان |
| غالبیەتی بێ و بکات لەنجە | بۆ پێنەکەنین ناکەونە خەزان |
| *** | |
| یەکێکیان جارێ ناڵێ بە هەنگێ | یا بەو «پەپولەی» هەڵیانئەسێنێ |
| ئێستا نەمماوە من بۆن و ڕەنگێ | ئیمڕۆ دڵتەنگم بیخە سبحەینێ |
| *** | |
| لەم دەشتەوشوومەی پڕ خەوف و خەتەر | کە لاشەی قەومی ئێمەی تێدایە |
| بۆ شەرمی حزوور شەعشەعەی زەفەر | کەم ناکەنەوە تاقە گەڵایە |
| *** | |
| ماتەمی ئێمە ڕەنگ و بۆی پێدان | کەچی قەت ناکەن ئیزهاری کەدەر |
| چونکی بێ حیسسن ئەسنافی گوڵان | لە حاڵی کۆندان دایم تازە و تەڕ |
| *** | |
| لە داخا گەڵای خۆ بپێچنەوە | نەفامن چونکی هێشتا نازانن |
| بۆ ناو کەوای سەوز خۆ بکێشنەوە | ئەی گوڵان ئێوە بێوەی لاوانن |
| *** | |
| موقابیلی ئەم دەرد و بەڵایە | ئازاد ئەپشکوون گوڵانی وەتەن |
| چەند بێ ویجدانن ئێوە ئەبوایە | بۆ مردووەکانمان هەر بکەن شیوەن |
لە ژمارە ٢٤٧ی ڕۆژنامەی ژیاندا بڵاوکراوەتەوە.
1930/06/26