دیسان ناڵەی پیری پیران
Appearance
| خوایە من زۆر جار دێمە سەر ئەوە | ئەوەی ئەیبینم پێی بڵێم خەوە |
| هەموو کردەوەی تۆ عەدالەتە | هەموو دەورێکیش زاڵم ئالەتە! |
| تا یەکێک نەدەی بە کوشت بەوی تر | کەس کورسی جاهی بۆ نابێ ئیتر |
| تا لەقە نەدات بە دارا یەکێ | توو بۆ ئەوانەی ژێر دار ناتەکێ |
| بە دیمەن ئەمە عەدالەت نییە | بەڵام بە مەعنا کەچ دیدەنییە |
| ئێمە تێناگەین لە ئەسراری غەیب | هەر خۆت ئەیزانی حاکمی بێ عەیب |
| غەیری تۆ حاکم کێیە دایم بێ | تا ئەبەد لە شوێن خۆیدا قایم بێ؟ |
| هەموو حاکمێک تابعی ئەمرن | یا عەزل دەکرێن یا هەموو دەمرن |
| کەس لە تۆ ناکا و، تۆ لە کەس ناکەی | ئەو خوداوەندە گەورە و بێ باکەی |
| ئەزەلییەتت سەرەتای نییە | ئەبەدییەتت مونتەهای نییە |
| شوێن ئەزەل کەوتین هەر سەربەرەوژوور | گەردی ڕێگەشمان نەئەدی لە نوور |
| گەڕاینەوە سەر ئەبەد سەرەوخوار | لە ڕێدا گووم بوین کەوتینە هاوار |
| داد لە دەست سڕی عیلمی ئیبتدا | بێداد لە ڕشتەی توولی مونتەها |
| کەوابوو ئێمە ڕەخنەی چی بگرین | ئێمە نازانین خۆمان کەی ئەمرین |
| کە زیندەگیمان بە ئەمری تۆ بێ | پیشەمان بۆچی هەر چڵ و چۆ بێ |
| لوتف دەربارەی خراپ بنوێنی | ماڵی هەژاری پێ بڕووخێنی |
| ئەگەر بێت کەسێک بڵێ: چی دەکەی؟ | بە زاڵم دەڵێی: تێیهەڵدە سا دەی |
| ماڵ، ماڵی خۆتە و بەندە، بەندەی خۆت | چی دەکەی بیکە خۆ وا لواوە بۆت |
| «لا يسأل» بووە بە قفڵی دەممان | هەڵدەکەین لەگەڵ شعوری کەممان |
| پیرێژن ئەڵێت: خوا خەتاپۆشە | هەرچی لای خواوە بێ پێمان خۆشە |
1938