دیسان موناجات «ناڵەی پیری پیران»
Appearance
| خوایە ئەوانەی کە بێ باوەڕن | هیچیان نەدیوە وا هەڵەوەڕن |
| ئەگینا سەیری باغێکی گوڵ کەن | تەماشەیەکی بە عەقڵ و دڵ کەن |
| ئەو ڕەنگە جوانەی پەڕەی «هەرجایی» | بە زەڕەبینی تیشکی بینایی |
| لێی ورد بینەوە کە ئەو سەنعەتە | کێ دەڵێ زادەی خووی تەبیعەتە؟ |
| گەڵای «گوڵپەسەند» کام مەقەست بڕی؟ | «پەردە عروسی» کێ پەردەی دڕی؟ |
| کێ هات «لاولاو» ی بە دارا ئاڵان؟ | کام دەست گەردنی «وەنەوشە» ی شکان؟ |
| ئەمانە نەیسا بڵێین بێ گیانن | مادەیەک ڕووی دا زۆرکەس ئەیزانن |
| ئاغای شیوەکەڵ یەکێکیان تیا بوو | کە ئاغال ئاغای قادرئاغای ناو بوو |
| پێی بریندار بوو لێی کرد بە خۆرە | ئەهاتنە سەری حەکیم بە نۆرە |
| ڕۆژێک «مەولەوی» حەکیمی بانە | پێی وت ڕەحمت بێ بەم مناڵانە |
| ئەم دەردە پیسە ئەتەنێتەوە | پیاو ئەبێ لێیان دوور کەوێتەوە |
| ئاغا لە دوور دێ چووە بن دارێک | ڕاکشا و ڕوانی بۆی کشا مارێک |
| ئەمیش بێزار بوو چاوی لێ قووچان | تا هاتە سەرپێی خۆی هیچ نەجووڵان |
| هەرچەند خەڵک و خوا لە دوور پەیدا بوو | تا ئەوان هاتن مار پێوەی دابوو |
| پێی چاک بووەوە وەک دۆخی جاردی | خۆ ناڵێن ئەمەش تەبیعەت ناردی؟ |
| بەردە زلەکەی ناو ئاوی دووکان | کە بۆ ئەندازەی ئاو بووە بە نیشان |
| شارە مێروولەی لە ناودا ئەژی | ئەویش تەبیعەت هێناویەتە دی؟ |
| ئەم ئاسمانە کە بێ ستوونە | بۆ کردەوەی تۆ بوو بە نموونە |
| چەرخی ماکینەی ئەم ڕۆژ و شەوە | بێ هەڵم و بەنزین ئەسووڕێتەوە |
| چەوری پێ ناوێ هیچ ژەنگ ناگرێ | لێک هەڵناوەشێ دەستی تێ نابرێ |
| ئاش بێ ئاش وەستا نانرێتەوە | گاجووت بێ جووتیار ناگەڕێتەوە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|