دڵ نەخۆشە ئینتیزاری هاتنی دڵدار ئەکا
Appearance
| دڵ نەخۆشە ئینتیزاری هاتنی دڵدار ئەکا | مەیلی سەیری میوەهات و سێبەری گوڵزار ئەکا |
| ڕەببەنا سا تۆ حەکیمی حازیقی چاری بکەی | وەرنە دەرمان و دوعای بێچارەکان کەی کار ئەکا؟ |
| خۆشە سووتانم بە شەمعی ڕوومەتی پەروانەوار | چونکە سفتەم دەفعی لەککەی ئایەنەی دڵدار ئەکا |
| چاوی بیماری دڵاڕامم مەگەر ڕەحمێ بکات | وەرنە دەردم سەد چوو لوقمانی حەکیم بێزار ئەکا |
| تا ئەدیبی چاوی، دەرسی سەبر و حیلمی پێ وتم | دڵ لەبەر ئەو چاوە تەحمیلی هەزار ئازار ئەکا |
| یا خودا ئەم دەردە تووشی دوژمنانیشم نەبێ | چونکە تەئیسری لە دونیا و قیامەت کار ئەکا |
| ئەی موسوڵمانینە جەللادێکە مانەندی نییە | هەر بە یەک دەم سەت هەزار ئەکوژێت و زوو ئینکار ئەکا |
| ئەڵبەتە خاکستەری پێ لازمە بۆ ئاوێنە | بۆیە ئەو دڵدارە بۆ سووتاندنم ئیسرار ئەکا |
| تورفەتولعەینێ بە ناحەق سەد برینم لێ ئەکا | تیرەکەی ئاخر لە ئەووەڵ دەفعە چاتر کار ئەکا |
| دڵ هەزار ئازاری بینی یەعنی چی خۆشحاڵە پێی | یار ئەبێ چی بیستبێ یا ڕەب کە خۆی بێزار ئەکا |
| تا لەکن دوختوری چاوی دڵ وەسیقەی وەرنەگرت | سەربەخۆ کەی عەزمی میوەی گوڵشەن و گوڵزار ئەکا؟ |
| سابیری ئەلحەمدوللیلا یار وەسیقەی داوە پێی | سەربەخۆ هەر ئەمسەر و ئەوسەر لە نێو گوڵزار ئەکا |
| سابیری بێ ئاردە باراشی خەمی ناکاتە ئاش | شەو وەکوو عارەب بە بیللاهیلکەریم دەستاڕ ئەکا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|