دڵ لە هیجرت وا لە خەمدا ماهی کەنعانم وەرە

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
دڵ لە هیجرت وا لە خەمدا ماهی کەنعانم وەرە  (1918) 
by تاھیر بەگی جاف
دڵ لە هیجرت وا لە خەمدا، ماهی کەنعانم وەرە زەخمە جەرگم بۆ فیراقت، زوو بە لوقمانم وەرە
سەد تەبیب هات و عەلاجی ئەم برینانەی نەکرد تۆ عەلاجی زەخمەکەم کە، سا بە ئامانم وەرە
گەر دەزانی چەند پەشێوە حاڵەکەم بۆ دیدەنت سەد ئەوەندەی زوڵفەکانت دڵ پەرێشانم وەرە
لوتف و تانەی تۆ لەلای من هەردوو وەک یەک ڕەحمەتە کەعبە کەچ نابێ، لەبەر لۆمەی ڕەقیبانم وەرە
هەرکەسێ هات و بەتیری غەمزەکەت سەد پارە بوو کەس نییە وەک من حەریفت، مەردی مەیدانم وەرە
کافرا، دەردی فیراقت وا لە جەرگم کارییە سا بکە ڕەحمێ بە حاڵم، ماهی تابانم وەرە
سەد کەڕەت ئیمڕۆ لە دووریت خوێن لەچاوم جارییە غەرقی دەریای ئەشکی خوێنم، شەمسی خووبانم وەرە
گا دەگریێم، گا دەسووتێم، کار و بارم زارییە زیوەری تاجی غەریبم، شاهی خووبانم وەرە
سینە ناڵان هەر وەکو بولبول لە دووری گوڵشەنت سا بە لوتفێ بمدوێنە، جانی جانانم وەرە
بەس جەفا بنوێنە قوربان، زوڵمی ناحەق چا نییە کافریش ڕەحمێ بەسە، دەی، دین و ئیمانم وەرە
سوورەتی باڵات بە دایم نەقشی قەلبی زارمە هەر وەکوو مەجنوون لە ئەشقت دیدەگریانم وەرە
دیدەمەستی، شۆخ و شەنگی، نازەنینەی شارەزوور دڵ ڕفێنی جەمعی عالەم، کەبکی کووهانم وەرە
دڵ لە دووریت پڕ لەخوێنە، شەمعی دیوانی ئەمن هەروەکوو تاهیر هەمیشە سینە بریانم وەرە

This work was published before January 1, 1929, and is in the public domain worldwide because the author died at least 100 years ago.

Public domainPublic domainfalsefalse