دڵی دایک
Appearance
جارێکیان لاوێک سەرگەرم و مەغروور | لە ناو یارانا بە نەزان مەشهوور |
ئەیدا لە دایکی هەرتا ئەیتوانی | وتاری باوکی بە هیچ ئەزانی |
دڵی چووە سەر دراوسێ ماڵی | ژنێکی زۆرزان خۆش خەت و خاڵی |
ئیشارە بە چاو پێکەنین بە دەم | بە بەینیانا چوو لە زۆر و لە کەم |
گا شەڕە چەپۆک گا پاڵ پێوەنان | هەتاکوو ئیشیان لە ئیش ترازان |
دایکی لاوەکە بەم ئیشەی زانی | کەوتە تەدبیری زۆر بە ئینسانی |
وتی خوشکەکەم مەیە بۆ ماڵم | خرابمان مەکە و مەشکێنە باڵم |
ئەم کوڕی منە سەرسەری مەکە | لە ژینی دنیای بێبەری مەکە |
ژنی دراوسێ کە زانی وایە | تەرکی ماڵی کرد نەهات بۆ کایە |
لەپاش یەک دوو ڕۆژ کوڕە هیلاک بوو | بۆ نەهاتن یار تەواو خەمناک بوو |
شەوێک لە شەوان زۆر بە پەنهانی | چوو بۆ لای دۆسە هیچ کەس نەیزانی |
وتی گیانەکەم بۆ تەرکت کردم | بە چاوت قەسەم ئەوا من مردم |
وەرامی داوە مەعشووقەی عەییار | وتی خۆشەویست بۆ من بریندار |
دایکت زانیویە ئابڕووی بردم | نازانی پیرێ کە چی پێ کردم؟ |
تازە من و تۆ بۆ یەکتر نابین | هەتاکوو مردم بۆ لای یەک ناچین |
کوڕ هاتە وتار ئامان سەد ئامان | لێم زویر نەبی دەستم بە دامان |
تۆ چی ئەفەرموویت سەرم لە ڕێتە | پەردەی دڵەکەم خاکی ژێر پێتە |
وتی ئەتەوێ بم بە میوانت؟ | دس کەمە ملت بێمە سەر ڕانت؟ |
دایکت زگ بدڕە و دڵی دەر بێنە | مەیخە بەیانی ئەمشەو بۆم بێنە |
منیش ئەوساکە وەکوو جارانم | هەرچی بڵێی پێم بەندە فەرمانم |
کوڕ بە نەزانی ڕای کردۆ بۆ ماڵ | زگ دایکی دڕی سا بە هەر ئەحواڵ |
دڵی دەرهێنا و خستیە سەر دەستی | بردی بۆ یاری دوو دیدە مەستی |
هێندە پەلەی کرد کوڕی مل قەوی | پێی هەڵخلیسکا و کەوتە سەر زەوی |
بە زووانی حاڵ دڵ هاتە زمان | وتی ئەی ڕۆڵە ئامان سەد ئامان |
هۆشت بێ دەخیل بریندار نەبی | لە نەخۆشخانە زار و خوار نەبی |
قەزات لە گیانم لەسەرخۆ بڕۆ | ئێشت پێ نەگا بمکەی ڕەنجەڕۆ |
هەر کەس بزانێ کە دایک کامە؟ | هەتاکوو مردن چەشنی خوڵامە |
چاو بقونجێنە لە نان و ئاوت | پەڕۆ گوو شۆرین بێنە پێش چاوت |
ئەم جار ئەزانی کە دایک چییە؟ | بۆ تۆزێ ئێشت ئارامی نییە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|