دنیا هەر ڕۆژە ڕەنگێ ئەنوێنێ
Appearance
| دنیا هەر ڕۆژە ڕەنگێ ئەنوێنێ | هیچیشی لەسەر بارێ نامێنێ |
| ڕۆژێ هاوارە باران نابارێ | کە باریش ئەڵێن غەرق بووین بە جارێ |
| هەر کەسە لەسەر هەوای خۆیەتی | تەنها هەژارە باوکەڕۆیەتی |
| دەوڵەمەند وا ڕێی خۆی گرتوەتە پێش | هەندێکیش بوونە یابووی سنگ هەڵکێش |
| لەگەڵ هەوساریان لەسەر داماڵا | لەگەڵ جەردەدا ئەکەن بە ماڵا |
| گۆزە و دیزەمان تێکڕا ئەشکێنن | ئاشنا و دۆستمان لێ ئەڕەنجێنن |
| هەی بژی کابرای لە خشتەی بردین | نەوجوانانی لە دەست دەرکردین |
| مەنفەعەتێکی خۆی لە ناوا بوو | بۆ ئەوە داینی بە گورگان خواردوو |
| ئەو لاوانەی وا لە کیس ئێمە چوو | ڕۆستەمی زاڵیش وا ئازا نەبوو |
| ئەڵێن مارانگاز کوێچکەی شل دەکا | لە خشەی مار و مێروو سڵ دەکا |
| ئێمە دوای ئەوەی مار پێوەی داوین | ئەنجا بۆ دووپشک زۆرتر بە تاوین |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 898
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|