دانشتبووین لەگەڵ یار
Appearance
| دانیشتبووین لەگەڵ یار | من سەرمەست و ئەو هوشیار |
| بە تیلای چاوی بیمار | دڵمی فڕاند بە یەکجار |
| شوێنی دڵ کەوتم ناچار | |
| زۆری لێ پاڕامەوە | ئاوڕێکی لێ دامەوە |
| کەوتم و هەڵنەستامەوە | تێکیەوە پێچامەوە |
| ئیختیار بێ ئیختیار | |
| ئەنجا هاتە سەرینم | چاوی کەوت بە برینم |
| گیان گەیبووە بەربینم | یەخەی لادا بیبینم |
| ڕووناک بوو دەر و دیوار | |
| مانگ بە کەتان ڕازابوو | دوو دوگمەی ترازابوو |
| دوو نار لە نوور سازابوو | باڵادەستی بەیزا بوو |
| نووری لای توور تیرە و تار | |
| هاتە گفتوگۆی یاری | بە شیرینی گوفتاری |
| حەڵوای گەزۆ ئەباری | ئێجگار لێوی خاڵداری |
| ئاڵتر لە پەڕەی گوڵنار | |
| ئاخ نازانن دڵ چۆنە | لە برووسکەی سەرگۆنە |
| ئاگر بەربووە کای کۆنە | کەوتمە مەلە وەک سۆنە |
| خۆم خستە بەرپێی دڵدار | |
| بە دوو زوڵفی وەک زنجیر | پێم بەسترابوو وەک نێچیر |
| پێکەنی، وتی: ئەی پیر | وا تۆیشم هێنایە گیر |
| وەک جوانێکی بەختیار | |
| پێم وت: پیری ئازاد بووم | قەلەندەری دڵشاد بووم |
| بەند نەبووم، بەندگوشاد بووم | قارەمانی دێوزاد بووم |
| وا بۆ تۆ هاتمە ژێر بار | |
| فەرمووی ئەو ڕۆژەی یەزدان | ئێمەی هێنایە مەیدان |
| ئەوسا بووین بە بناوان | بۆ سەرپەرشتی مێردان |
| ئێمە پیاو ئەخەینە کار | |
| نەوەی پەرین لە پێشین | ڕەگی دڵ ڕائەکێشین |
| بۆ لێقەوماوان خوێشین | باری غەمتان ئەکێشین |
| هەم غەمخوارین، هەم دڵدار | |
| گەر ئێمە نەبووینایە | پیاو چۆن ئەهاتە کایە |
| جیهان هەر ئێوەی تیایە | کەچی لای ئێوە وایە |
| خودپەسەند و دڵئازار | |
| ئێمە حەز لە شەڕ ناکەین | بە هیوای خوێندن و چاکەین |
| نەتەوەی باش پەیدا کەین | وێرانەمان ئاوا کەین |
| بە خوێندن دەبین ڕزگار | |
| ئەو مژدەیە لەو دەمە | لام هەناسەی مریەمە |
| چوومە ڕیزیان ئەودەمە | خوا یار بێ ئەو سەردەمە |
| وەتەن دەکەین بە گوڵزار | |
1932
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|