داری سەرقەبرم لە پاشان دەردی دڵ ئینشا ئەکا
Appearance
| گوڵ کە مەیلی دڵبەری بێ، موشتەری پەیدا ئەکا | دڵ کە کەوتە عیشق بازی، زاهدێ ڕیسوا ئەکا |
| مەسکەنم دارولجنوونە، خەستەخانەم بۆ ئەبەن؟ | عیشق دەردێکە کە دووسەد سەر تەبیب شەیدا ئەکا |
| پێ لە خوێنی خۆم ئەنێم ڕۆحم بە قوربانی ئەکەم | هێندە بێ ڕەحمە لە کوشتەی تیری خۆی حاشا ئەکا |
| دەردی دڵ دەردی گرانە زەحمەتە شەرحی بدەم | داری سەر قەبرم لە پاشا دەردی دڵ ئینشا ئەکا |
| هاودەمێکم دەس ئەکەوت غەیری فیراقی دولبەرم | گەر ڕەقیب مەنعم بکا ئەمجا ئەزانم چا ئەکا |
| داوێنت هەڵکە و بەسەرما پێ بنێ وەک بەردەباز | چوون سەرم بۆ خاکی پێت زۆر مایلە و داوا ئەکا |
| ئەشهەد و بیللا گوڵی من بێتە مەیدانی جەماڵ | یۆسفی مەشهووری عالەم مامەڵە و سەودا ئەکا |
| گەر مەسیحا قم بٲذن الله بڵێ بۆ موعجیزە | ئەو بە ئاوی لێوی ئاڵی کوشتەکان ئەحیا ئەکا |
| داخی داخانم کە قانع خود پەرەست و هەرزەیە | گەر بڵێ وەسفی ئەزانم سەد کەڕڕەت بێجا ئەکا |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|