داخ و جەخاری کیژی کوردستان
Appearance
داخ و جەخاری کیژی کوردستان | بەیان ناکرێ بە سەد داستان |
لە ڕیزی بەشەر دەر کراونە دەر | خوارتر لە حەیوان کز و قوڕبەسەر |
تا پازدەساڵی هەر وەکوو ڕەنجبەر | ئیشیان پێ ئەکەن لە دەشت و لە دەر |
ئەمجا کە وەختێ داواکاری بوو | بە شەرتی شەرعی زوو ئەیدەن بە شوو |
یا بە ماڵی زۆر داگیری ئەکەن | یا بە ژن بە ژن ئەسیری ئەکەن |
ئەیدەن بە پیسێ یاخود بە پیرێ | بێچارە و ناچار زوو هەڵئەگیرێ |
سەدی نەوەدی هەر نامرادە | هەرچەند لە شەرعا حوڕ و ئازادە |
ئەوانەی کە وا بەدکردار ئەبن | لەتاو دەردی دڵ شێت و هار ئەبن |
هەتا کەنیشکن بێ عەیب و لەکەن | لەکەدار ئەبن وەختێ شوو ئەکەن |
هەرکامیان کە وا تووشی خەتا بێ | ئۆباڵ بە ئەستۆی باوک و برا بێ |
دیسان ئەو کەسەیش مارەی ئەبڕێ | لە قیامەتا یەخەی ئەو ئەگرێ |
من هەر دڵسۆزم دوژمن بە کەس نیم | بۆ خزمەت نەبێ من بەتەمای چیم |
ئێمە پێویستە هەتاکوو ئەمرین | قەدری میللەتی ئەوروپا بگرین |
چونکوو عالم و خاوەن سنعەتن | بۆ هەموو بەشەر زۆر بە خزمەتن |
هەوەڵ مەکینەی شەوقی کارەبا | هەزار زەحمەتی ئێمەی دا بە با |
کۆڵان و قوژبن وا ڕووناک بۆوە | دز و شەوگەردی تەواو پاک بۆوە |
جنۆکە و دێوی کون و کەلەبەر | ناتوانن هیچیان سەر بێننە دەر |
ئەو دێوە جاران خێوی کانی بوو | سەبەب تاریکی و هیچنەزانی بوو |
ئێستاکە چونکە شەومان ڕووناکە | دێو فیراری کرد خێویش هیلاکە |
لە گرمە و هاڕە و ناڵەی تەیارە | غۆلیش لە چۆڵا زۆر بێ قەرارە |
ئەو ئەژدیهایەی چاوی وەک چرا | بە شەوی تاریک لە دوور ئەبینرا |
ئەویش وەکوو دێو بە غاز و بۆمبا | ون بوو بەجارێ عومری چوو بە با |
ئێستە ئەتوانین لە شار و لە کێو | بڕۆین نەترسین لە دێو و لە خێو |
جا ئەگەر فەن و حیکمەت نەبایە | دێو پەرەی ئەگرت لە هەموو لایە |
یاخوا قەومی وا دایم هەر بژین | گەر بیشمانکوژن حەیفە بیانکوژین |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|