خەنجەری قانع و هەنگ
Appearance
| ئەی هەنگی بچکۆلانە! | باڵداری خاوەن لانە |
| ئەبینم بە ڕۆژ و شەو | وای لە هەوڵ و تەقڵەدەو |
| ساتێک ئارامت نییە | نازانم هەوڵت چییە؟ |
| کام باخچەی پڕ لە گوڵە | جێی گۆرانیی بوڵبوڵە |
| تیا ئەگەڕێی بە ئازاد | ئەسووڕێیتۆ بە دڵشاد |
| بچکۆلە و زەرد و سووری | خاوەن هەست و شعووری |
| تۆش وەک ئەم گشت باڵدارە | لەم هەرد و کۆهسارە |
| بۆ ناکەویتە سەیران؟ | ڕابوێری وەک ئەوان |
| تاوێ سەیرانی سەر گوڵ | ساتێ هاتوچۆی سەر چڵ |
| کام گوڵێ گەش و جوانە | بۆ تۆ جێگەی سەیرانە |
| چییە ئەم هەوڵ و هەرا | نە دایکت هەس، نە برا |
| نە خاوەنی سامانی | نە خاوەن کۆشکی جوانی |
| نە دووکان و سەرات هەس | بێ خزم و خوێش و بێ کەس |
| بۆچی بە چەشنی بوڵبوڵ | سەیران ناکەی لە ناو گوڵ؟ |
| یا وەک باقی مەلەکان | ناگەڕێی لە ڕووی ئاسمان!؟ |
| وەرامی هەنگ: | |
| کاکی کوردی دڵسووتاو! | وەڵامت بەمۆ تەواو |
| سەیران سوودێکی نییە | شتی بێسوودیش چییە؟ |
| سەیران بە کارم نایە | بۆ ژین نابێ بە مایە |
| بەهاران وەختە بمرم | بۆنی خۆشی گوڵ ئەگرم |
| بنێشتی داری قەزوان | لە گوێ چەم و لە کێوان |
| بەفراوی ناو شاخەکان | عەتری گوڵی باخەکان |
| کۆ ئەکەمۆ تا پاییز | ئەیکەم بە شانی تەمیز |
| تەمەڵ نانووم بە هاوین | زستان دەس کەم بە گرین |
| لە بەری ڕەنجی ساڵم | لە هێزی شانوباڵم |
| پاشەکەوت ئەخەم هەنگوین | هەنگوینی جوان و شیرین |
| زستان ئەحەسێمەوە | سەربەست ئەسووڕێمەوە |
| برسی ناکەوم ڕەنگزەرد | داوا ناکەم لە نامەرد |
| من بە ڕەنج و کردەوە | گۆی هونەرم بردەوە |
| ڕەنجی هێزی بازووی خۆم | زستان بەبێ خەم ئەیخۆم |
| هەرکەس تەمەڵ بێ لە کار | نابینێ پارە و دینار |
| دایم موحتاجی نانە | ماڵەوماڵ سەرگەردانە |
| ئەو کەسانە هاوینان | ڕائەبوێرن بە سەیران |
| زستان بێ جێگە و خواردن | ئەکەونە چاڵی مردن |
| خەنجەر! گوێ ڕاگرە لێم | بگرە دڵ هەرچی ئەڵێم |
| ئەگەر ئارەق بڕێژی | بۆ برسی و گێژ و وێژی؟! |
| هەستە باڵت هەڵماڵە | بۆ ئیش بیکە بە گاڵە |
| مەوێستە لە ئیش کردن | هەتاکوو ڕۆژی مردن |
| ئەبی بە خاوەنی نان | ئەحەسێیتۆ بە ئاسان |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|