خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/حکوومەتی لوڕی بچووک

From Wikisource
Jump to navigation Jump to search
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

حکوومەتی لوڕی بچووک (وەیا خورشیدی)[edit]

عەشایری لوڕ و غەیرەی شیمال و غەربی لوڕستان تا ئەواسیتی قەڕنی شەشەمی هیجری، لە حاڵی عەشایریدا بوون و هەر عێل و خێڵێک ئیدارەیەکی مەخسووسی بووە. بە گوێرەی «تاریخ گزیدە» عەشایری ئەو وەقتە ئەمانە بوون: داودی، عەباسی، محەمەد کۆماری، کروهی و جنکرویی (ئەسڵی لوڕی بچووکن و ئومەرا لەمانە بوون و ئەم عەشایرە لە شوعبەی سولغورین)، عەشایری تری: کارندی، جنکردی، فەزلی، سنوندی، ئالانی، کاهـ‌کاهی، ورجوارکی، دری، وپراوند، وماپکی، داری، ئابادکی، ئەبولعەباس، علوم مائی، کچائی، سلکی، خودکی، بندوئی ... الخ. عەشیرەتی ساهی، ئەرسان، ئەرکی، بیهی، هەرچەندە بە لوڕی قسەیان ئەکرد بەڵام لوڕ نەبوون، خەڵکی دێهاتیش لوڕ نەبوون.

ئەم عەشایرە تا نیوەی قەڕنی شەشەمی هیجری ئیدارەیەکی مەخسووسیان نەبوو و تابیعی خەلافەتی بەغدا بوون. لەم تاریخەدا (٥٥٠ هـ)، حیسامەددین سوهلی ناو، تورکێکی هەوشاری (ئەفشار)، لە تەڕەف سەلجووقییەکانەوە حاکمی لوڕی بچووک و خووزستان بوو. ئەجدادی ئەتابەکانی خورشیدی لە مەعییەتی ئەم حاکمەدا و لە عەشیرەتی «جنگردی» لوڕ بوون. لە نەتەوەی خورشید شوجاعەددین خورشید کوڕی ئەبوبەکر کوڕی محەمەد کوڕی خورشید لەگەڵ نوورەددین محەمەدی برایا، مەوقیعێکی بڵندیان بوو. شوجاعەددین خورشید، بە ناوی حیسامەددین سوهلییەوە موحافیزی بەشێکی لوڕی بچووک بوو.

١. شوجاعەددین خورشید

لە دوای وەفاتی حیسامەددین (٥٧٠ هـ)، بوو بە حاکمی سەربەخۆی هەموو لوڕی بچووک. عەشیرەتی «جنکردی» کە ئابا و ئەجدادی شوجاعەددین مەنسووبی بوون، لەو وەقتەدا لە ئیدارەی «سورخاب عەییار»دا بووە و ئەم زاتە ڕەقیب و خەسمی شوجاعەددین بوو. لە بەر ئەمە، شوجاعەددین لەشکری لێ کرد و لە قەڵای «دژی سیاهـ»دا موحاسەرەی کرد، ئەهالی هەموو «مانروود»یان بۆ بەجێ هێشت. خەلیفەی بەغدا کەوتە بەینەوە و ئەمری بە شوجاعەددین کرد کە تەنیا بە قەڵای «مانکرە» وازیان لێ بێنێ و بۆ موکافەئاتی ئەم ئیتاعەیەی، وڵاتی خووزستان و قەزای «تەرازەک»یشی درایە.

«تاریخ گزیدە» بۆ باقی دەوری شوجاعەددین ئەڵێ:

ئەم ئەمیرە زۆر پیر بووبوو، بەدری کوڕی و سەیفەددین ڕۆستەمی برازای، دایمە لە خزمەتیا بوون. لەو وەقتەدا عەشیرەتی «بەیات» بەعزێ ئەقسامی لوڕستانیان گرتبووە دەس خۆیان. بەدر و سەیفەددین ڕۆستەم لەشکریان لێ کردن و لە دوای شەڕێکی بەتوول لە لوڕستان دەریانکردن و شوجاعەددین، بەدری کردبوو بە وەلیعەهدی خۆی و سەیفەددین ڕۆستەمیشی کردبوو بە وەلیعەهدی ئەو؛ بەڵام سەیفەددین بوختانێکی بۆ هەڵبەست و بەدری کوشت. لە پاش بەینێک شوجاعەددین خەبەری ئەو جینایەتەی زانی و زۆری پێنەچوو لە ساڵی ٦٢١ هـ.دا و لە عومرێکی زیاتر لە سەد ساڵیدا، وەفاتی کرد. زۆر عادڵ و خۆشەویست بوو، قەبرەکەشی لە تەڕەفی قەومی لوڕەوە بە موبارەکی شۆرەتی هەیە و زیارەت ئەکرێ. ئەم حوکمدارە حەیاتێکی گەڕۆکی ڕابوارد. هاوینان ئەچووە «کیریت» و زستانان لە دێهلۆران (دێهلۆرانی پشتکۆهـ)دا دائەنیشت. پایتەختی، خوڕەمئاباد بوو.

٢. ئەتابەک سەیفەددین ڕۆستەم

کوڕی نوورەدین محەمەدە و عینوانی ئەتابەکی دراوەتێ. زۆر عادڵ بووە. دەرحەق بە ڕەفاهی زەمانی ئەم زاتە، بەعزێ حیکایات هەیە. لە زەمانی حکوومەتیدا مەنعی جەردەیی و خراپە کراوە، بەڵام ئەم حاڵە ئەوەندە قەومەکەی مەمنوون نەکردووە و نامەمنوونان لە دەوری شەرەفەددین ئەبوبەکری برای کۆ بوونەوە و لە وەقتێکدا کە لە حەماما بوو، چوونە سەری، هەرچەندە لەوێ خۆی نەجات دا؛ بەڵام شوێنی کەوتن و نیهایەت براکەی لەگەڵ ئەمیر عەلی کوڕی بەدردا کوشتیان.

٣. شەرەفەددین ئەبوبەکر

زەمانی ئەم ئەمیرە بە شەڕ و دەعوای ڕەقابەت و دوشمنایەتی و خیانەتی ئەعزای ئەم خانەدانە ڕابوردووە.

٤. عیززەدین گەرشاسب

برای شەرەفەددین ئەبوبەکر بوو، مەلیکە خاتوونی براژنی مارە کرد، ئەم مەلیکە خاتوونە، خوشکی سلێمانی شاهی سەرلەشکری خەلیفە موستەعسەم بوو. حیسامەددین خەلیلی کوڕی بەدر کە موددەتێک بوو لە بەغدا دانیشتبوو، کە بیستی عیززەدین گەرشاسب بۆتە حاکمی لوڕستان، لە بەغداوە چووە خووزستان و لەوێ لەشکرێکی پێکەوە نا و ڕووی کردە لوڕستان، عیززەدین گەرشاسب نەیتوانی بەرامبەری بوەستێ، بەڵام بە تەشویقی ژنی و خوشکی، موقابەلەی کرد. لەشکری لوڕ تەڕەفداری حیسامەددینیان کرد و عیززەدین گەرشاسب تەسلیم بوو و ئیدارەی موڵک کەوتە دەس حیسامەددین.

٥. حیسامەددین خەلیل

کوڕی بەدر کوڕی شوجاعەددین خەسرەوە، لە دوای کوژرانی باوک چووە بەغدا و لەوێ ساکن بوو. لە دوای ئەمە کە ئیمارەتی لوڕستانی بچووکی دەس کەوت، عیززەدین گەرشاسبی کرد بە وەلیعەهد، بەڵام ساڵی دوایە بە بەهانەیەک بانگی کردە لای خۆی و کوشتی. مەلیکە خاتوونی ژنی، کە ئەمەی بیست، سێ کوڕی عیززەدینی کە هێشتا منداڵ بوون، بە دزیەوە ناردە لای شەهابەددینی برای. ئەمە بوو بە سەبەبی دوژمنایەتیی بەینی حیسامەددین و شەهابەددین سلێمان شاهـ و لە زەرفی مانگێکا چەند جار لەگەڵ یەکتریدا شەڕیان کرد و نیهایەت سلێمان شاهـ شکا. قەڵای بەهار و بەعزێ وڵاتی کوردستان کەوتە دەس حیسامەددین. لە پاش بەینێ، سلێمان شاهـ بە یارمەتیی خەلافەتەوە لەشکرێکی زۆری هەڵگرت و چووە سەر حیسامەددین، لە دەشتی شاپورخواستدا دوو لەشکر تێک ئاڵا و لە نەتیجەدا سلێمان شاهـ غالب بوو و حیسامەددین خەلیل کوژرا (٦٤٠ هـ).

٦. بەدرەدین مەسعوود

لە دوای لەناوچوونی حیسامەددینی برای، چووە لای مەنگۆ خان و شکایەتی حاڵی کرد. لە دواییدا لەگەڵ هۆلاکۆ هات بۆ ئێران. لە وەقتی زەوتکردنی بەغدا، سلێمان شاهـ کوژرا. بەدرەددین مەسعوود عایلە و خزمانی سلێمانی شاهی لەگەڵ خۆی هەڵگرت و بردنی بۆ لوڕستان و لە دوای شانزە ساڵ حکوومەتکردن وەفاتی کرد (٦٥٨ هـ).

ئەم زاتە حاکمێکی عادڵ و عاقڵ و عالم بوو. لە فیقهی شافعیدا زۆر شارەزا بوو و زۆر دیندار و بەڕەحم بوو. لە دوای وەفاتی، لە بەینی دوو کوڕەکەی و تاجەددین شاهی کوڕی حیسامەددین شەڕ و دەعوا دەسی پێکرد. لە پاشدا ئەبقا خان، کوڕانی بەدرەددینی کوشت و حکوومەتی دا بە تاجەددین.

٧. تاجەددین شاهـ

ئەم زاتە حەڤدە ساڵ حکوومەتی کرد و ئیدارەکەی باش بوو. ساحێبی «تاریخ عالم‌آرای عباسی» لە جڵدی دووەمیدا ئەڵێ: ئەم خانەدانی خورشیدییە عەباسیشیان پێ گوتوون و ئەم عینوانەش بە سەبەبی ئەوەیە کە موڵکەکەیان لە خەواسی موڵکی خولەفای عەباسی بوو. بەڵام لە دواییدا ئەبقا خان ئەویشی کوشت (٦٧٧ هـ).

٨. فەلەکەددین و عیززەددین

لە دوای کوژرانی تاجەددین شاهـ، ئەبقا خان ئەم دوو کوڕەی بەدرەددین مەسعوودی کرد بە حاکم. بە گوێرەی ئیرادەی ئیلخانی، وەزیفەی «دلار» یەعنی ئیش و کاری ماڵییە، بە دەس فەلەکەددینەوە بوو. عیززەددین حسێنی براشی، نازری ئەملاکی خسووسییەی خان بوو. ئەم دوو برایە پانزە ساڵێک زۆر باش لوڕستانیان ئیدارە کرد و قووەتێکی موناسیبیان پەیا کرد. لەشکرێکی ١٧٠٠٠ کەسییان بوو. عەشیرەتی بەیاتیان بە تەواوی لە لوڕستان دەرکرد و حدوودی حکوومەتیان تەوسیع کرد و گەیاندیانە شووشتەر و هەمەدان و حدوودی ئەسفەهان و عێراقی عەرەب. ئەمیر فەلەکەددین زۆر عاقڵ و عالم و لەسەرەخۆ بوو، بەڵام عیززەددین، جەببار و قەههار و بێ‌ڕەحم بوو و ئەم خیلافی تەبع و تەبیعەتە، تەئسیری نەکردە ئیدارەیان. برایانە و بە عەداڵەتێکی باش خەڵک و مەملەکەتیان حەساندەوە. ئەمنییەت لە هەموو لایەکا زۆر باش بوو، لەگەڵ حوکمدارانی دراوسێیاندا موناسەبەت و دۆستایەتییەکی چاکیان بوو و لە تەسادوفاتی غەریبەیە، کە ئەم دوو برایە لە یەک ساڵیشدا عەمری خوایان بەجێ هێنا (٦٠٣ هـ).

٩. جەماڵەددین خزر

ئەم ئەمیرە کوڕی تاجەددین شاهـ بوو. بە فەرمانی گەیخاتوو خان کرا بە حوکمداری لوڕی بچووک، بەڵام دوو ڕەقیبی بۆ پەیا بوو نەیانهێشت ئیدارەی حکوومەت بکا. ئەم ڕەقیبانەشی، حیسامەددین عومەری نەتەوەی بەدری کوڕی شوجاعەددین خورشید و شەمسەددین ئیلیاسی لەکی بوو. ئەم دوو ڕەقیبە ئیتاعەتیان نەئەکرد و حەتتا بە مەعاوەنەتی لەشکری موغولی ئەو ناوە، لە وەقتی ڕاو و شکاردا جەماڵەددینیان لەگەڵ چەند خزمێکیا کوشت و بەم تەڕحە نەتەوەی حیسامەددین خەلیل بڕایەوە (٦٩٣ هـ).

١٠. حیسامەددین عومەر

ئەم ئەمیرە بە زۆریی خۆی، حکوومەتی لوڕستانی گرتە دەس، بەڵام سەمسامەددین مەحموود و نوورەددین محەمەد، کوڕانی عیززەدین گەرشاسب و باقی خزمانی، لەگەڵیا کەوتنە دوژمنایەتی. حیسامەددین بە مەعاوەنەتی لەشکری موغول پشت‌ئەستوور بوو. بەگزادەکانی خورشیدی، هەموو تەڕەفداری سەمسامەددین مەحموود بوون، چونکە ئەم ئەمیرە زۆر ئازا و ڕەشید بوو. سەمسامەددین لەشکرێکی زۆری کۆ کردەوە و لە حدوودی خووزستانەوە ڕووی کردە «خوڕەمئاباد»، لە دواییدا حیسامەددین عومەر وازی لە حوکمداری هێنا و بۆ سەمسامەددینی بەجێ هێشت.

١١. سەمسامەددین مەحموود

زەمانی ئەم ئەمیرە بە شەڕ و دەعوای بەینی خزمانی ڕابورد و نیهایەت بە ئەمری «غازان خان» کوژرا (٦٩٥ هـ).

١٢. عیززەددین ئەحمەد

کوڕی ئەمیر محەمەدی کوڕی عیززەددین حسێنی کوڕی بەدرەددین مەسعوود بوو. لە دوای سەمسامەددین کرا بە حاکمی لوڕستان. هێشتا منداڵ بوو بەدرەددین مەسعوودی کوڕی فەلەکەدین حەسەن، کە ئامۆزای عیززەددین بوو و لەو گەورەتر بوو، ئیتاعەتی نەکرد. لە دواییدا «ئولجایتۆ خان» کردی بە ئەتابەک و حاکمی دلار. بەشی «ئینجۆ»ش بە دەس عیززەددینەوە مایەوە. لە پاش بەینێک بەدرەددین وەفاتی کرد و هەموو لوڕی بچووک بۆ عیززەددین میر ئەحمەد مایەوە.

١٣. دەوڵەت خاتوون

لە دوای وەفاتی عیززەددین میر ئەحمەد ئیدارەی حکوومەت کەوتە دەس دەوڵەت خاتوونی ژنی. بەڵام ئەم مەلیکەیە ئیدارەی پێ نەکرا و نفووز کەوتە دەس موغولەکان . بە گوێرەی ڕیوایەت، لە پاش بەینێک ئەم مەلیکەیە شووی کردووە بە ئەتابەکی لوڕی گەورە کە یۆسف شاهـ بوو و تەختی حکوومەتی بۆ عیززەدین حسێن بەجێ هێشتووە.

١٤. عیززەددین حسێن

حکوومەتی ئەم ئەتابەکە لە تەڕەف سوڵتان ئەبو سەعیدەوە تەسدیق کراوە و چواردە ساڵ حکوومەتی کردووە.

١٥. شوجاعەددین مەحموود

بە گوێرەی دوقتۆر فریچ، ئەم حوکمدارە کەوتۆتە هەوای سەربەخۆیی و موغولی نەناسیوە. خەڵک بەمە ڕازی نەبوون و لەگەڵیشیا کەوتوونەتە شەڕەوە و لە ناویان بردووە. شەرەفنامە لەناوچوونی ئەم حوکمدارە حەمل ئەکاتە ئیختیلافێکی تر کە لە بەینی خۆی و ئەهالیدا پەیا بووە. خولاسە هەرچۆنێ بێ، ئەم حوکمدارە لە ٧٥٠ هـ.دا لە ناو چووە.

١٦. مەلیک عیززەددین شوجاعەددین

لە وەفاتی باوکیا هێشتا مناڵێکی ١٢ ساڵە بوو. لە ٧٨٥ هـ.دا مزەفەری شا شوجاع بە لەشکرێکەوە هاتۆتە خوڕەمئاباد و کچی مەلیک عیززەددینی مارە کرد. کچێکی تریشی دا بە سوڵتان ئەحمەد جەلایری حوکمداری بەغدا. لە ٧٨٨دا کە تەیمووری لەنگ گەیشتە ئێران، لوڕی بچووک لە حاڵی ئیختیلالدا بوو. تەیمووری لەنگ لە فیرووزکووهەوە بە عەجەلە گەیشتە لوڕستان. خوڕەمئابادی لە دوای موحاسەرەیەکی کورت زەوت و وێران کرد. وڵاتەکەی بە تاڵان و قەتڵ و عام تەواو کرد. ئومەرا و ڕوئەسای لوڕی هەموو کوشت.

بە ڕیوایەتێک مەلیک عیززەددین لە قەڵای «ڕەمیان»دا لەگەڵ سەیید ئەحمەدی کوڕیدا ئەسیر بووە و خۆی لە سەمەرقەنددا و کوڕەکەشی لە قەڵای «ئەندکان»دا حەپس کراون و دوای سێ ساڵ لەگەڵ کوڕەکەیدا نێرراوەتە لوڕستان، لە زەمانی مزەفەری زەینەلعابدیندا گەلێ فەعالیەتی نواند. لە ٧٩٥دا کە تەیمووری لەنگ گەڕایەوە ئێران، مەلیک عیززەددین لە برووجێردەوە چوو بۆ شووشتەر و تەیموور ئەم جارە بەڕاستی خاکی لوڕستانی بە توورەکە بێژا و کردی بە وێرانەیەکی پڕ لە خوێن. لەگەڵ ئەمەشدا مەلیک عیززەددین بەردەس نەکەوت و کوڕەکەشی ڕایکرد. حاکمی فارس، محەمەد سوڵتان، لەم بێ‌ساحێبییەی ئەو وڵاتە ئیستیفادەی کرد و لە ٧٩٨دا لوڕستان و خووزستانی هێنایە ژێر حوکمی خۆیەوە. بە ڕیوایەتێک مەلیک عیززەددین لە پاشدا گیراوە و لە تەڕەف تەیمووری لەنگەوە کوژراوە.

١٧. مەلیک سەید ئەحمەد

لە حادیسەی کوژرانی باوکیا، خۆی شاردبووەوە و لە دوای لەناوچونی تەیمووری لەنگ (٨٠٧ هـ) خۆی دەرخست. لە ٨١٠دا و لە لوڕستاندا حکوومەتی خۆی سەرلەنوێ دامەزراند و بە ئیستیقلال تا ٨١٥ ئیدارەی موڵکی کرد.

١٨. شاهـ حسێن

لە دوای وەفاتی مەلیک سەید ئەحمەدی برای بوو بە حوکمدار و لە ئیختیلافی داخڵی ئەحفادی تەیموور ئیستیفادەی کرد و دەسی کرد بە تەوسیعی موڵک و حدوودی خۆی تا نزیک هەمەدان و جربادگان و ئەسفەهانی برد و حەتتا سەفەرێکی بۆ سەر شارەزوور کرد بەڵام لەم سەفەرەیدا لە تەڕەف عەشیرەتی بەهارلووەوە بە دیل گیرا و لە ناو چوو (٨٧١ هـ).

١٩. شاهـ ڕۆستەم

کوڕی شاهـ حسێنە و لە دوای باوکی، بووە بە حوکمدار. شاهـ ئیسماعیلی سەفەوی لە دوای فەتحی بەغدا، ڕووی کردبووە حەویزە و لەوێوە لەشکرێکی دە هەزار کەسی لە قوماندای حەسەن بەگ ئەڵڵا و بەهرام بەگی قەهرەمانلوودا ناردە سەر شاهـ ڕۆستەم. ئەم ئەمیرە خۆی کێشایە چیاوە، بەڵام لە دواییدا تەنگیان پێ هەڵچنی و تەسلیم بوو و هاتە لای شاهـ ئیسماعیل و عەفو کرا و بە ئەمیریی لوڕستان دیسانەوە نێررایەوە.

٢٠. ئوغوز

کوڕی شاهـ ڕۆستەمە، لە تەڕەف شاهـ تەهماسبەوە کرا بە سەرداری ئۆردووی ئێران. بەڕاستی سەرلەشکری مومتاز بوو. ئوغوز خان لە ٩٤٠دا بە لەشکرێکی قورسەوە چووە سەر حوکمداری ماوەرائەننەهر، کە ئۆزبەک عەبدوڵڵا خان بوو و لەو وەقتەدا گەیشتبووە خۆراسان و ئێرانی خستبووە تەهلوکەوە.

ئوغوز خان کە چوو بۆ ئەم سەفەرە، جەهانگیری برای کردبوو بە نائیبی مەلیکی لوڕستان، بەڵام لە دوای بەینێک جەهانگیر ئیستقلالی خۆی ئیعلان کرد و ئەهالیش تەڕەفداری بوو. ئوغوز خان کە لە سەفەر گەڕایەوە، لەگەڵ جەهانگیرا کەوتە شەڕەوە و لە شەڕێکدا کوژرا.

٢١. جەهانگیر

لە دوای کوژرانی ئوغوز خان، بێ ڕەقیب و بە سەربەخۆیی چەند ساڵێک ئیدارەی حکوومەتی کرد. لەگەڵ ئەمەشدا بە تەواوی لەگەڵ حوکمداری سەفەویدا تێک نەچوو. لە ساڵی ٩٤٨دا کە شاهـ تەهماسب بۆ تەئدیبی «عەلائەددەولە ڕەعناش»ی والیی دیزفوول چووبووە ئەو ناوە، جەهانگیر هاتە لای و عەرزی تەعزیماتی کرد.

ئەسکەندەر مونشی لە جڵدی دووەمیدا ئەڵێ جەهانگیر لە دواییدا ڕووی لە ئێران وەرگێڕا و شاهـ تەهماسبی ئەووەڵ لە ئیدارەی عەبدوڵڵا خانی ئوستاجلوودا لەشکرێکی کردە سەری و لە شەڕدا جەهانگیر کوژرا و لەشکری ئێران کوشتارێکی زۆریان کرد. کوڕانی جەهانگیر، شاهـ ڕۆستەم و محەمەدی، ڕایانکردە بەغدا و لە دواییدا بە تکای سەید ئەمیر شاهـ قاسم عەفوی کردن ، بەڵام بە سەبەبی حەرەکاتی سەربەخۆیی لە ٩٤٩دا گیرا و کوژرا.

٢٢. شاهـ ڕۆستەمی دووەم

کوڕی جەهانگیرە. شاهـ تەهماسب بە نابەدڵی حکوومەتەکەی تەسدیق کرد. چونکە ئەم حاکمانەی لوڕستانە ڕاحەت دانەئەنیشتن و دایمە دەور و پشتی خۆیان بێزار ئەکرد، [بە] سەبەبی ئەمە، شاهـ تەهماسب ویستی ئەم خانەدانە بکوژێنێتەوە. زاتەن شاهـ ڕۆستەم تەنیا برایەکی بچکۆلەی بوو. خولاسە شاهـ تەهماسب یەکێ لە ئومەرای شاهـ ڕۆستەمی کە ئەمیر موسلیم گوودەرزییان پێ ئەگوت، تەفرە دا و بە واسیتەی ئەوەوە شاهـ ڕۆستەمی هێنایە تەهران و دەسبەجێ حەپسی کرد.

عەشایری لوڕ کە لە فیکری شاهـ تەهماسب تێگەیشتن، محەمەدیی برای شاهـ ڕۆستەمیان لە قەڵای «چنگولە = شنگولە»دا شاردەوە و موحافزیێکی بەقووەتیان بۆ دانا. بەم تەڕحە لوڕستان بێ حوکمدار مایەوە و چەند ساڵێک بەم نەوعە ڕابورد. لە پڕێکا کابرایەک پەیا بوو و گوتی شاهـ ڕۆستەم منم و لە حەپسخانە ڕامکردووە. ئەم کابرایە زۆر شارەزای لوڕستان بوو و زۆر ئەشوبهایە شاهـ ڕۆستەم، بە دەرەجەیەکی وا کە حەتتا ژنەکانی شاهـ ڕۆستەم فەرقیان پێ نەکرد و بەم نەوعە ئیمارەتی لوڕستانی دامەزراندەوە. شاهـ عەباس کە ئەمەی بیست، ڕقی هەڵسا و شاهـ ڕۆستەمی ڕاستەقینەی بەرەڵا کرد و فەرمانی ئیمارەتی دایە دەستی و ناردیەوە لوڕستان و درۆزنیی شاهـ ڕۆستەمی پێشوو ئاشکرا بوو، گیرا و کوژرا و شاهـ ڕۆستەمی حەقیقی، حکوومەتی خۆی دامەزراندەوە.

لەم دەورەدا محەمەدیی برای شاهـ ڕۆستەمیش گەورە بووبوو و تەڕەفدارێکی زۆری پەیا کردبوو و ئیدیعای حکوومەتی ئەکرد، لەوەدا بوو شەڕ بکەن؛ بەعزێ ئومەرا کەوتنە بەینەوە و سوڵحیان لە بەینا کردن. چوار بەشی موڵکەکە بۆ شاهـ ڕۆستەم تەخسیس کرا و دوو بەشیش درا بە محەمەدی. بەم نەوعە موددەتێک ڕایانبوارد بەڵام میر محەمەدی، ڕاحەت دانەنیشت و گەلێ شەڕی بە شاهـ ڕۆستەم فرۆشت. نیهایەت بە بەهانەی زیافەتەوە دەعوەت کرا و لە تەڕەف شاهـ ڕۆستەمەوە خۆی و ئومەرای گیران و حەپس کران .

ئەم محەمەدییە، سێ کوڕی بوو، لە سەر ئەم موعامەلەیە کە دەرحەق باوکیان کرا، عوسیانیان کرد و شاهـ ڕۆستەم و شاهـ تەهماسبیشیان زۆر خەریک و بێزار کرد. ئەهالیی لوڕستانیش تووشی زەرەر بوون و نیهایەت ڕوئەسای لوڕ کۆ بوونەوە و بۆ مەنعی عوسیان پێویست بوو کە محەمەدی بێتەوە سەر ئیدراهـ، چونکە بۆ لاچوونی خراپە، بە غەیری بەردانی باوکیان، چارەیەکیان نەدی و مەزبەتەیەکیان بۆ شاهـ نارد و شاهـ بە شەرتی ئەوە کە کوڕانی محەمەدی، بە بارمتە لە لای دابنرێ، ڕازی بوو. بەم نەوعە محەمەدی بەرەڵا کرا و زۆری پێنەچوو کوڕەکانیشی فرسەتیان دی و ڕایانکرد و محەمەدی سەرلەنوێ تەنگی بە شاهـ ڕۆستەم هەڵچنی و لوڕستانی هێنایە ژێر دەستی خۆی.

محەمەدی لە پاشدا لەگەڵ شاهی ئێرانیشدا ڕێک کەوت و لە دوای ئەو لەگەڵ شاهی ئێراندا موناسەبەتێکی باشی پەیا کرد و لەگەڵ سوڵتان مورادی سێیەمیشدا بەینی زۆر چاک بوو و لوڕستانی بچووکی خستە ژێر حیمایەی عوسمانییەوە (٩٢٢ هـ). بەم تەڕحە توانی مەندەلی، بەدرە، جەسان و تورساقیش بخاتە سەر لوڕستانی بچووک، بەڵام زۆری پێنەچوو لەگەڵ حکوومەتی عوسمانی تێکچوو. سەرلەنوێ لەگەڵ شای سەفەوی ڕێک کەوت و حکوومەتی عوسمانی بەگلەربەگی بەغدای ناردە سەر، بەڵام هیچی پێ نەکرا.

٢٣. شاهـوێردی

لە وەقتی وەفاتی محەمەدیدا شاهـوێردی کوڕی لە بەغدا بارمتە بوو. هەرچۆنێ بوو خۆی نەجات دا و گەڕایەوە لوڕستان و لە جێی باوکی دانیشت و شاهی سەفەوی، محەمەد خودابەندەش حکوومەتەکەی تەسدیق کرد و لە وەقتێکدا کە لەشکری عوسمانی، نەهاوەندی گرت، شاهـوێردی خان چوو بۆ لای قورقمز خانی حاکمی هەمەدان. کە سەنان پاشا ڕووی کردە هەمەدان، شاهـوێردی نەسیحەتی حاکمی هەمەدانی کرد کە بە لەشکرێکی کەمەوە ڕاوەستان باش نییە. ئەو حاکمە گوێی نەدایە و لە نەتیجەی شەڕدا ئەسیر بوو. شاهـوێردی گەڕایەوە لوڕستان (تاریخ عالم‌آرای عباسی، جڵدی ٢).

لەو بەینەدا کە عەشیرەتی «قەرەلووسی» کە لە تەڕەفی نەهاوەند بوو، هیجرەتی کردە لوڕستان، شاهـوێردی قەبووڵی کردن و بۆ موحافەزەی مەوقیعی خۆی، لەگەڵ حکوومەتی عوسمانی مودارای کرد و بە سەربەخۆیی لە مەملەکەتی خۆیدا ژیا، لە ساڵی ١٠٠٠ هـ.دا چونکە لە حکوومەتی تورک موعاوەنەتی نەدی، دیسانەوە لەگەڵ ئێران ڕێک کەوتەوە و حەتتا خوشکی خۆی دا بە شاهـ و خۆشی مەلیکەیەکی سەفەوی مارە کرد. ئەم تێکەڵییە زۆری دەوام نەکرد، لە وەقتێکدا کە «ئغورلی سوڵتان»ی بەیاتی، کە حاکمی ئەسفەهان بوو، بۆ کۆکردنەوەی ڕەسمی حکوومەت هاتە برووجێرد. لەگەڵ شاهـوێردی کەوتە مونازەعەوە و لە دوای شەڕێکی کورت، شاهـوێردی کوشتی. لەو وەقتەدا شاهـ عەباس چووبوو بۆ خۆراسان؛ کە ئەمەی بیست، ڕووی کردە لوڕستان و شاهـوێردی خۆی ڕانەگرت و خۆی فڕێدایە خاکی عوسمانی. شاهـ عەباس بەشێکی لوڕستان (مەنتیقەی خوڕەمئاباد)ی دا بە مەهدی قولی خانی شاملوو و حاکمییەتی باقی لوڕی بچووکی دا بە سوڵتان حسێن کوڕی شاهـ ڕۆستەم و عەشیرەتی قەرەلووسیشی نەقڵ کردەوە مەنتیقەی «علیشگر» (١٠٠٢ هـ). شاهـ عەباس لە دوای ئەمە ڕووی کردە عەشیرەتی بەیات و تەئدیبی کردن (تاریخ عالم‌آرا، جڵدی ٢).

ساڵی دوایی، شاهـوێردی بە تەوەسوتی ئیعتیمادەددەولە و فەرهاد خان، لە تەڕەف حکوومەتی ئێرانەوە عەفو کرا و هاتەوە لوڕستان. شاهـ خەڵاتی کرد و خوڕەمئابادیشی دایەوە. لە ساڵی ١٠٠٦دا شاهـ عەباس لەشکری کردە سەری بۆ خوڕەمئاباد بەڵام شاهـوێردی لە بەری ڕایکرد و خۆی هاویشتە قەڵای چەنگولە. بەشێ لە لەشکری شاهـ عەباس کە لە قوماندای ئەڵڵاوێردی خاندا بوو، گەیشتە چەنگولە و لە دوای شەڕێکی کورت، شاهـوێردی گیرا و بردیانە «صدمرە» لای شاهـ عەباس و لەوێ کوشتیان.

هەرچەند لە دوای شاهـوێردی، حسێن خانی کوڕی مەنسوور بەگ بە سەر بەشێکی لوڕستاندا کرا بە حاکم، بەڵام تەهماسب قولی (نادر شاهـ)، سایمارا، هیزماس و پشتکووهی دا بە عەشیرەتی ئینانلوو و بەم تەڕحە حکوومەتی لوڕی بچووک دوایی پێ هات (١٥٨٥ م)؛ بەڵام نەتەوەی شاهـوێردی لە پشتکووهدا حکوومەتێکی بچووکتریان بە دەس خۆیانەوە هێشتەوە و لە ئیعتیباری حسێن خانەوە ئەم ئیمارەتە بچووکە دەوامی کرد و بە ناوی والییەتەوە ئیدارەیان کرد و بەم تەڕحە لە ئیعتیباری ئەم دەورەوە حسێن خان، ئیسماعیل خان، ئەسەد خان، حەسەن خان، کەلبعەلی خان، عەلی خان، قولی خان، غوڵام‌ڕەزا خان والییەتیان کرد. لە دەوری ئاخر والی، ڕەزا خاندا، ڕەزا شاهی پەهلەوی لوڕستانی وەکوو وڵاتەکانی تر ڕەبتی مەرکەز کرد و حکوومەتی ئیرسییەی ئەم خانەدانەی لەغو کردەوە.

مولاحەزە

لە حادیساتی تاریخییەی ئەم حکوومەتە وا حاڵی ئەبین کە دەوری سەربەخۆیی ئەوەندە دەوامی نەکردووە و تەنیا لە دەوری دووەمی شوجاعەددین خورشیددا ساڵێک بە تەواوی موستەقیل بووە. بەڵام شەڕ و دەعوای ئەعزای ئەم خانەدانە بۆتە سەبەبی بێ‌هێزی و ئەم حاڵەش لە ئەغڵەبی حکووماتدا بەورەی ئەو زەمانە بووە. لە پاشدا موسیبەتی موغول و تەیموور وەکوو باقی حکوومەتەکانی تر ئەم حکوومەتی لوڕەشی داگیر کردووە و کردوویە بە تابیع. لەگەڵ ئەمەشدا چ لە داخڵدا و چ لە حدووددا زۆر باش ئیدارە و تەوەسوعی کرد و حکوومەتێکی وەکوو «مەنازیرە، غەساسنە، حەمدانی و ئەتابەکی دیاربەکر» بووە. حدوودی موڵکی لە «قاڕوون»ەوە تا شارەزوور و لە حدوودی عێراقەوە تا هەمەدان و ئەسفەهان چووە و بە نەزەری زەمانی و ئەمسالیەوە وەحدەیەکی موهیممی سیاسی بووە.